سەرتاوتار و شیکاری

جەدەلییەتى هەماهەنگیى نێوان دەستوورى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵ

مەبەستمانە ئەو بابەتە بە پرسیارێکی هاکەزایی بورووژێنین، ئەویش ئەوەیە ئایا خودی بابەتەکە لە خۆیدا هەستیارە و بەربەستێکە لە بەردەم داخوازییەکانى گەلی کوردستان لەمەڕ دانانى دەستوورێک بۆ هەرێمەکە؟ یان ئەم بابەتە کەم تا زۆر وەک هۆکارێکی گوشاری لایەنێک بۆ ڕێگرتن لە خواستەکانى ئەوى تر بەکاری دەهێنێ؟ دەکرێ بڵێین بە شێوەیەکى ڕێژەیی، هەردووکیان درووستن. لە حاڵەتی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتیی تەفسیرکردنى لایەنەکان بۆ چەمکەکە و، دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمى ململانێى سیاسیی دژوارى هەرێمی کوردستان کە لەسەر بنەمایەکى درووست گوزەرى پێ ناکرێ؛ کەواتە وەک ڕەهەندێکی ستراتیژى ململانێی حزبی ئەژمار دەکرێ. بەڵام حاڵەتى یەکەم لە چوارچێوەى زیهنییەتى مەرکەزیبوونى دەسەڵاتى عێراق و نەخوێندنەوەى واقعی دروستبوونى دەوڵەتى فیدراڵییەوە سەرچاوە دەگرێ؛ هەر بۆیە بۆ ئەو مەبەستە بەنیازین ئەو بابەتە لە دوو خاڵى دواتردا زیاتر ڕوون بکەینەوە.
کەواتە هەماهەنگییەکە لەو بارەیەوە، پێویستە لە نێوان هەر دوو دەستوورەکەدا هەبێ، بەڵام ئەو هەماهەنگییە ئەوە نییە و ناگەیەنێ کە دەبێ دەستوورى هەرێمی کوردستان تەواو وێنەیەکی ترى دەستوورى هەمیشەییی عێراقی فیدراڵ بێت. بۆ ئەو مەبەستەش ئەو جێگه‌ و بابەتانە دەخەینە ڕوو کە دەبێ هەماهەنگ بن، ئەوانەیش کە مەرج نییە دەقاودەق وەک دەستوورى عێراقی بن، بەڵکوو دەکرێ و مافی هەرێمە کە لەگەڵ دەستوورى فیدراڵی عێراق جیاواز بن؛ بەڵام ئەو جیاوازییە لە فقهی دەستووریدا ماناى دژبوون و پێچەوانە ناگەیەنێ.

بونیادی دەوڵەتی فیدراڵی
دەکرێ پێناسەى دەوڵەوتى فیدراڵی بە شێوەیەکی سادە بەو دەوڵەتە بکەین، کە تیایدا دەسەڵات و پرۆسەى سیاسی لە نێوان حکوومەتى فیدراڵی و حکوومەتى هەرێمەکان دابەش بووە و، کە ئەویش لەسەر دوو تایبەتمەندیى سەرەکی دروست بووە؛ ئەوانیش سەربەخۆییی هەرێمەکان و بەشداریکردنیایە لە دروستکردنى بڕیارى سیاسی لەسەر ئاستى دەوڵەتی فیدراڵ، ئەویش لە نێوه‌ندى بەشداریکردنیان لە هەرسێ دەسەڵاتى فیدراڵی (جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەرى). کەواتە فیدراڵییەت لە لایەک بەشداریپێکردنى هەرێمەکانە لە پرۆسەى سیاسی لەسەر ئاستى دەوڵەت و بوونى تایبەتمەندیی هەرێمییە بۆیان؛ ئەو تایبەتمەندییەیش لە پرۆسەى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریدا ڕەنگ دەداتەوە.

زیاتر لە 28 دەوڵەتی دونیا پەیڕەوى لە سیسته‌مى فیدراڵی دەکەن، کە نزیکەى 40%ی دانیشتووانى جیهان پێک دێنن. هەر ئەو دەوڵەتانەیش توانیویانه‌ بۆ زیاتر بایەخدان بەو سیستەمى فیدراڵی، فیدراسیۆنێکى تایبەت بە خۆیان لە ساڵی 1977وە بە ناوى فیدراسیۆنی فیدراڵیى نێودەوڵەتی (IACFS) درووست بکەن. چەندان سەنتەر و خانەى لێکۆڵینەوەیان لە ماوەى 25 ساڵی ڕابردوودا کردۆتەوە؛ لە بەناوبانگترینیان سەنتەرى لێکۆڵینەوەى فیدراڵی لە زانکۆى تمبل لە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا؛ لەسەر ئاستى دونیایش زیاتر لە 22 سەنتەریان بۆ ئەو مەبەستە هەیە لە پازدە دەوڵەتى پێنج کیشوەرەکەدا؛ ساڵانەیش لەبارەى بابەتە فیدراڵییەکانەوە کۆنفرانسى تایبەت ساز دەدەن و پشتگیریى هەر دەوڵەتێکیش دەکەن کە سیستەمى فیدراڵی جێبەجێ بکات.
لە تەواوى ئەو دەوڵەتانەدا بونیادی سیستەمی فیدراڵییەت لەسەر ئەو دوو بنەمایە بونیاد نراوە کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ئەوانیش "سەربەخۆیی و بەشداریکردنى هەرێمەکان" بوو. هەر بۆیە سیستەمى سیاسیی فیدراڵی، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و جۆرە لە سیستەمى حوکمڕانی، کە هەردوو پڕه‌نسیپی تایبەتمەندی و یەکبوون لەخۆ دەگرێ؛ هەروەک چۆن دەوڵەتێک هەیە کە هەموویان کۆ دەکاتەوە و سوود لە هەردوو پرەنسیپی یەکبوون و فرەیی دەبینێ و لە جیاتی ناکۆکی و ململانێ لەسەر دەسەڵات، لە مۆدێلێکی سیاسیی فیدراڵیدا کۆیان دەکاتەوە و لە جیاتی پەرتبوون و جیابوونەوە و جەنگ لەگەڵ یەکدی، لە نێوه‌ندى فیدراڵییەتەوە دەوڵەتێکى بەهێزتریان لێ دروست دەبێ. کەواتە فیدراڵییەت بۆ بەهێزتربوون و بەهەیبەتتربوونى دەوڵەتە نەک بۆ میکانیزمی دەستەمۆکردن. هەر بۆیە هیچ جۆرە دەستەمۆیەک لە سیستەمى فیدراڵیدا لەسەر ئاستى جیهان بەدی ناکرێ. گومانیش لەوەدا نییە کە بەدەرکەوتنى سیستەمی فیدراڵی لە زۆرێک لە ئەزموونەکانى جیهان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە سیستەمى مەرکەزی و تاکڕەوى لە حوکم بەهایەکی پۆزەتیڤى ئەوتۆى بەدەستەوە نەدا، بەڵکوو کۆمەڵگەکانى ڕەتاند و هیچ ئاکامێکی بەردەوامی باشی لێ نەکەوتەوە. هەر بۆیە ئەو دەوڵەتانەى کە سیسته‌مى فیدراڵیی ڕاستەقینەیان تێدا پیادە دەکرێ، سەرکەوتووتر لە حوکمڕانی، سەقامگیرتر، پێشکەوتووتر، بەهادارتر، سەرمایەدارتر، خۆشگوزەرانیتر، بەهێزتر و گەشەسەندووتر و... لەوانى تر کە پەیڕەوى سیستەمى سێنترالیزمین؛ چونکە فیدراڵییەت ئاماژه‌یه‌ بۆ میکانیزمى بونیادنانەوەى دەوڵەت، نەک تەنیا دابەشکردنى دەسەڵاتەکان و کارگێڕی. ئەو بابەتەیش لە دیباجەى دەستوورى عێراقیدا زۆر ڕاشکاوانە ئاماژەى پێ دراوە، بەوەى کە هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە ئەزموونە مەرکەزییە داپڵۆسێنەرەکەى پێش ساڵى 2005 سەرکەوتوو نەبووە و، پێویستە سەرلەنوێ لە نێوه‌ندى پێکەوەژیان و فیدراڵییەتەوە وڵات بونیاد بنرێتەوە و دەستوورى فیدراڵی جێبەجێ بکرێ؛ چونکە جێبەجێکردنى دەستوورى فیدراڵی، گه‌رەنتیى یەکبوونى ئارەزووومەندانەى گەل و خاکه‌ و سەروەریی وڵات دەپارێزێ.

دەسەڵاتەکان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا بە یەک شێواز دابەش ناکرێن، بەڵکوو سێ ڕێگه‌ى باومان لەو بارەیەوە هەیە، ئەوانیش: دیاریکردنى دەسەڵاتەکانى فیدراڵ و ئەوەى کە دەمێنێتەوە بۆ هەرێمەکان، دیاریکردنى دەسەڵاتى هەرێمەکان و ئەوەى کە دەمێنێتەوە بۆ حکوومەتى فیدراڵ، دیاریکردنى هەردوو دەسەڵاتەکانى هەرێمەکان و حکوومەتى فیدراڵ لە یەک کاتدا. نموونەى عێراق لە جۆرى یەکەمە؛ دەسەڵاتەکانى حکوومەتى فیدراڵ دیاریکراوە و ئەوەى کە دەمێنێتەوە بۆ هەرێمەکانە؛ بەمەیش ئەوەى کە پڕۆسەى سیاسەتى گشتى ئاڕاستە دەکات و دەیجووڵێنێ، دەبێ هەرێمەکان بن نەک حکوومەتى فیدراڵ. هەر ئەو بابەتەیش بوو کە سەرانی هەندێ لە لایەنە سیاسییەکانى عێراق لە سەروبەندى دانوستانەکانى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ لەسەر بەشە بوودجەى هەرێم، بە هەرێمی کوردستانیان ڕەوا نەدەبینی؛ هەرچەندە زۆر ڕاشکاوانە لە دەستوورى هەمیشەییی عێراقى ساڵی 2005 ئاماژەى پێ کرابوو. کەواتە فیدراڵییەت لە جیاتی ئەوەى هەمیشە زۆرینەى وڵات بڵێن ئێمە و ئەوان، دەگوترێ ئێمە و، چیتر زۆرینەى داپڵۆسێنەر و قۆرخکارى دەسەڵات و دەرامەت برەوى نابێت و هەمووان دەبنە خاوەنى وڵات نەک بەپێچەوانەوە. گه‌رەنتیى ئەو یەکبوون و پێکەوەژیانە ئارەزوومەندانەیە لە نێوه‌ندى سیستەم و دەستوورێکی فیدراڵییەوە دەبێ، کە تەواوى پێکهاتەکانى وڵات تایبەتمەندیى خۆیان پارێزراو بێت و چێژ لە مافەکانیان وەربگرن.
فیدراڵییەت بەپێی یاساى نێودەوڵەتیی، شێوازێکە لە مافی بڕیاردانی چارەنووس، کە ئەمەیش مافی گەلانە و تەنیا خۆیان دەتوانن ئەو بڕیارە دەربارەى چارەنووسیان بدەن و، پەیوەستە بە ئیرادەى ئازادی ئەوان و، کەس بۆى نییە بە ناوى ئەوانەوە لەو بارەیەوە بدوێ. بەڵام لێرە مافی بڕیاردانی چارەنووس مافی جیابوونەوە ناگەیەنێ؛ مافی بڕیاردانی چارەنووس پەیوەستە بە تەنیا تاکلایەنەى ویستى گەلان بۆ بڕیاردان، بەڵام مافی جیابوونەوە مافی دوولایەنەیە لە نێوان ئەو گەلەى کە نیازی جیابونەوەى هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەى کە تێیدا دەژى. مافی بڕیاردانی چارەنووس پڕه‌نسیپێکی یاساى نێودەوڵەتییە و لە سەرووى دەستوورى وڵاتانەوە ئەژمار دەکرێ و بە یەکێک لە بنەما یاسایییە فەرمانکەرەکان دادەنرێ و هیچ دەوڵەتێک بۆى نییە لێی لا بدات، چونکە خودى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەیەوە بە پەیماننامەى یاسادانەر و کۆمەڵ دادەنرێن؛ بەوەى ئەو دەوڵەتانەى کە پەسەندیشیان نەکردووە بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێن. کەواتە فیدراڵییەت شێوازێکە لە شێوازەکانى مافی بڕیاردانی چارەنووس.

گرفتەکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
دەستوورى عێراقی لە دوو ماددەدا باس لەو مەسەلەیە دەکات. ئەگەر بە شێوازێکی سادە سەرنج بدرێ و لە چوارچێوەى دەستوور وەک یەکەیەک شرۆڤە نەکرێ گرفت درووست دەکات، بەڵام بۆ ئه‌م بابەتە لە پەیڕەوى شرۆڤەکردنى دەستووردا هاتووە کە دەبێ لە کاتى شرۆڤەکردنى دەقەکانى دەستوور، وا دەستوور ئەژمار بکەین کە یەک بابەتى یەکانگیرە و زۆر جاران ماددەکانى دەستوور خۆیان، خۆیان شرۆڤە دەکەن و بەو بابەت دەگوترێ سەرچاوەى خودی شرۆڤەکردنى دەستوور.

لە دەروازەى یەکەم لەمەڕ بابەتى پڕه‌نسیپە بنچینەیییەکانى دەستوورى عێراقیدا لە ماددە 13 بە هەردوو بڕگەکانییەوە باس لەو بابەتە دەکات. لە بڕگەى یەکەمیدا ئاماژە بەوە دەکات کە: "ئەم دەستوورە بە باڵاترین و بەرزترین یاسا دادەنرێت لە عێراقدا؛ دەبێ تەواوى وڵات پێوەی پابەند بن بەبێ جیاوازی". لە بڕگەى دووەمی هەمان ماددەدا ئاماژە بەوە دەکات کە: "نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت کە لەگەڵ ئەم دەستوورە یەک نەگرێتەوە. هەموو ئەو دەقانە بە پووچەڵ دادەنرێن لە دەستوورى هەرێمەکان و یان هەر یاسایەکی تر کە لەگەڵیدا یەک نەگرنەوە."

بە هەمان شێوەیش سەبارەت بە هەرێمەکان لە ماددەى 120 ئاماژە دەکات بەوەى کە: "هەرێمەکان دەستوورێک بۆ خۆیان دادەنێن، هەیکەلی دامەزراوەیی و دسەڵاتەکانى هەرێمی تێدا دیاری دەکەن و ئەو میکانیزمانەیش کە ده‌سەڵاتەکان لە نێوه‌ندییەوە پیادە دەکرێن؛ بە مەرجێک دەبێ لەگەڵ ئەم دەستوورە یەک بگرنەوە."

سەبارەت بەو دوو ماددەیە، پێویستە ئاماژە بە چەند ڕوونکردنەوەیەک بدەین:
لە فەرهەنگی زمانەوانیى عەرەبیدا چوار وشەمان هەیە، کە هەندێ جار بە نزیک لە یەک ئەژمار دەکرێن، یاخود تا ئەو ڕاددەیەى کە لاى هەندێ کەس دەبنە هاوواتاى یەکدی، ئەوانیش بریتین له‌ "التضاد"، "التناقض"، "الخلاف"، "التعارض". هەر یەک لەو مانایانەیش واتاى تایبەت و "مەدلوول"ی خۆى هەیە و جیاوازە لەوى تر. بەڵام ئەوەى کە جێی مەبەستە بۆ ئێرە، زاراوەى "التعارض"ه‌، کە لە فەرهەنگ و بەکارهێنانى زمانى کوردی بە مانای یەکنەگرتنەوە دێت، نەک پێچەوانە یاخود دژبوون؛ ئەمەیش بابەتێکی زیاتر "ئوسووڵی فیقھ"ە. "تعارض" واتە یەکنەگرتنەوە لە ڕاوبۆچوون سەبارەت بە بابەتەکان، یان هەمەچەشنەبوونى ڕاى جیاواز، بەڵام هەرگیز ئەوە ناگەیەنێ کە دژ بەیەکدی بن. ئەگەر لەو چوارچێوەیە ترازا، ئەوا دەچێتە بوارى "تضاد" یان "تناقض" یان "خلاف". ئەوەى کە لە دەستوورى عێراقیشدا هاتووە بەو مانایە دێت، نەک ئەوەى کە ئێستا لە زۆرێک لە ناوەندەکان شرۆڤەى بۆ دەکەن، کە گوایە دژبوون یان پێچەوانە دەگەیەنێ.
یەکنەگرتنەوى دەقەکان لە هەندێ شوێن و بابەت، ماناى دژبوون و پێچەوانە ناگەیەنێ، بەڵکوو نیشانەى ئەوەیە کە واقعەکان جیاوازن و هەندێکیان تایبەتمەندییان هەیە و دەبێ حوکمى تایبەتیان بۆ دابنرێ؛ یاخود هەندێ جار یەکنەگرتنەوەى هەندێ دەق لەگەڵ یەکتر نیشانەى ئەوە نییە کە لەگەڵ کۆى دەقەکانى تریش وایە. کەواتە تایبەتمەندیى هەندێ بابەت، وا لە یاسادانەر دەکات کە هەندێ دەق و حوکمی تایبەتى بۆ دابنێ.

"المطلق يجري على إطلاقه، مالم یقم دلیل التقیید نصا أو دلالة." ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە دەقەکە بەڕەهایی دەمێنێتەوە ئەگەر کۆتێک یان ئاماژەیەکی نەخرابێتە بەردەم. کەواتە ئەو ماددەیە ماناى ئەوە نییە کە لە تەواوى دەستوورەکەدا بەڕەهایی بمێنێتەوە، چونکە هەر خودی دەستوورەکە لە 9 ماددەى تردا ( 110، 114، 115، 116، 120، 121، 126، 140، 141 ) ئاماژە بەو ڕاستییە دەدات و، تایبەتمەندییەک دەداتە هەرێمەکان و لە هەندێ جێگەدا دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانى هەرێمەکان پێش فیدراڵی دەخات، بەڵام لە هەندێ جێگەى تردا تایبەتمەندیی فیدراڵی پێش هەرێمەکان دەخا؛ ئەمەیش هیچ جۆرە دژایەتى، یان پێچەوانە، یان دژبەیەکبوونێکی تێدا نییە، چونکە تایبەتمەندیى بابەتەکان و جێگەکان ئەوە دەخوازێ. کەواتە لە پوختە دەتوانین ئەوە بڵێین: "المطلق لا يجري على إطلاقه، إذا قام دليل التقييد نصا أو دلالة." ئەمەیش بەڕاشکاوى لە دەستوورى عێراقیدا هاتووە، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە پێویستى بە شرۆڤەیەکی تەواوکار هەیە لە چوارچێوەى دەستووردا، نەک پەرتکردنى دەقەکان و پەیوەستنەکردنیان بە بابەت و دەقەکانى ترى دەستوورەوە.

دەستوورى هەمیشەییی عێراقى ساڵی 2005، بە دەستوورێکی فیدراڵی دادەنرێ؛ هەرچەندە حکوومەتى فیدراڵ، تەواو ڕێگرە لە بەردەم جێبەجێکردنیدا. یەکێک لە سیماکانى دەستوورى فیدراڵییش بەرچاوگرتنى تایبەتمەندیی پێکهاتەکان و دابەشکردنى دەسەڵاتەکانە لە نێوان هەرێمەکان و حکوومەتى فیدراڵ. بۆ مەبەستەیش هەرسێ شێوازە باوەکانى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانمان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا پێشتر ئاماژە پێ دا. کەواتە شرۆڤەکردنى دەقەکانى دەستوورى عێراقی، دەبێ لە چوارچێوەى ئەوەدا بێت کە دەستوورێکی فیدراڵییە نەک جۆرێکی تر.

چوارچێوەى دەستووریى دابەشکردنى تایبەتمەندییەکان
دەستوورى هەمیشەییی عێراقی ساڵی 2005 زۆر ڕاشکاوانە چوارچێوەیەکی بۆ دابەشکردنى دەسەڵاتەکان داناوە، ئەویش بەسەر سێ جۆر لە دەسەڵات: لە سەرەتادا دەسەڵاتەکانى حکوومەتى فیدراڵی لە ماددەى 110 یەکلایی کردۆتەوە و ئەوەى کە دەمێنێتەوە بۆ هەرێمەکانە. لە جۆرى دووەمدا لە ماددەى 114 باس لەو دەسەڵاتە هاوبەشانە دەکات کە پێویستە لە نێوان هەرێم و حکوومەتى فیدراڵدا هەبن. جۆرى سێیەمیش ئەو دەسەڵاتانەن کە بۆ هەرێمەکان دیاری کراون بە دوو شێواز: لە لایەک ئاماژەى بەوە داوە کە دەسەڵاتەکان چین و چۆنن و مافى هەرێمەکانە لە سنووری هەرێمی خۆیان پیادەى بکەن؛ لەلایەکی ترەوە باس لەوە دەکات کە هەرچى لە دەسەڵاتە تایبەتەکانى حکوومەتى فیدراڵی کە لە ماددەى 110 باس کراون، نەهاتبوو، ئەوە دەبێتە ماف و دەسەڵاتى هەرێمەکان.

هەرێمی کوردستان یەکەیەکی فەرمانڕەوایییە نەک کارگێڕی
ئێمە لە خاڵی پێشتر ئاماژەمان بەوە کرد، کە هەر شرۆڤەیەک بۆ دەستوورى عێراقی بکرێ، پێویستە لە چوارچێوەى بەرچاوگرتنى تایبەتمەندیى پێکهاتەکان و وەک دەستوورێکی فیدراڵی بێت، دەنا هیچ ئاکامێکی ئەرێنیی لێ ناکەوێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە پێشتر باسمان لە بونیادی سیستەمى فیدراڵی کرد کە چۆن لەسەر بنەماى بەرچاوگرتنى تایبەتمەندیى پێکهاتەکان و داننان بە مافی بڕیاردانی چارەنووس هاتووە. ئەوەشمان خستە ڕوو کە خودی سیستەمى فیدراڵی لەسەر دوو بنەما دروست دەبێ: سەربەخۆییی پێکهاتەکان و بەشداریکردنیان لە پرۆسەى سیاسیی وڵات لەسەر ئاستى حکوومەتى فیدراڵ.

هەر بۆیە ڕاستییەک هەیە کە دەبێ ئاماژەى پێ بدرێ و دواتر دەبێتە کلیلێک کە قوفڵە داخراوەکانى پێ دەکردێتەوە، ئەویش ئەوەیە، کە ئایا هەرێمەکان تەنیا یەکەیەکى کارگێڕین یان یەکەیەکی فەرمانڕەوایین؟ ئەوەندەى کە هەیە لە تەواوى دەوڵەتانى سیسته‌می فیدراڵی، هەرێمەکان یەکەیەکی فەرمانڕەواییی بچووکن لەناو یەکەیەکی فەرمانڕەواییی گەورەدا؛ بەوەى کە بچووک تەواوکەرى گەورەیە و بەپێچەوانەوە. ئەو دەسەڵات و تایبەتمەندییانەیش کە دەدرێ بە هەرێمەکان لەسەر بنەماى فەرمانڕەواییی بنیانە لە چوارچێوەى هەرێمی خۆیاندا کە لە دەستوورى فیدراڵیدا دیاری کراوە، نەک تەنیا کارگێڕی، لەو تایبەتمەندییانەش وەک: بوونى دەستوور، بوونى هەر سێ دەسەڵاتەکە، بوونى یاساى تایبەت بە خۆیان، گۆڕینى ئەو یاسا فیدراڵییانەى کە لەگەڵ تایبەتمەندیى هەرێمەکان یەک ناگرنەوە بۆ ئەو شێوازەى کە هاوتەریب بن لەگەڵ تایبەتمەندیى کۆمەڵگەى سیاسیی هەرێمەکە، بوونى هێز و...هتد چەندان تایبەتمەندیی تر کە لە دەستوورى فیدراڵیدا ئاماژەیان پێ دەدرێ.

سیستەمى حوکمڕانی لە عێراق لەسەر بونیادی سیستەمی فیدراڵی داڕێژراوە؛ لە دەستووریشدا ئەو بابەتە یەکلایی کراوەتەوە؛ زۆر ڕاشکاوانەیش باس لەوە کراوە کە ئەو دابەشکردنى دەسەڵاتانە لەسەر بنەماى تایبەتمەندییە نەک کارگێڕی. هەر بۆیە لە دەستووری فیدراڵیدا 62 جار زاراوەى فیدراڵییەت هاتووە، 37 جاریش باس لە دەسەڵاتەکانى فیدراڵ کراوە، لە بەرامبەریشدا 37 جار باس لە تایبەتمەندى و دەسەڵاتەکانى هەرێمەکان کراوە، 7جار باس لە پێکهاتە و 16 جاریش باسی گەل؛ بۆ یەک جاریش وشەى کەمایەتى نەهاتووە. تەنیا یەک جاریش باس لە مەرکەزییەت ناکات؛ هەر بۆیە زاراوەى حکوومەتى فیدراڵی، 16 جار و دەسەڵاتی فیدراڵیش 32 جار هاتووە.

لەو بارەیەوە ئەوەندەى کە بوارمان هەیە، دەتوانین ئاماژە بە چەند ڕوخسار و ئاماژەیەک بدەین سەبارەت بەوەى کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکى فەرماڕەوایییە نەک کارگێڕی، لەوانەیش: بوونی سیستەمى فیدراڵی لە عێراق، داننان بە سەربەخۆییی هەرێمەکان لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقیدا، بوونى سەروەریی ناوخۆییی هەرێمەکان، تایبەتمەندیى دەسەڵاتى جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەرى، ئەژمارکردنى هەرێمەکان لە سیاسەتى گشتیى وڵات پێش حکوومەتى فیدراڵ، هاوبەشی لەسەر ئاستى فیدراڵ، مافی بوونى هێز بۆ دابینکردنى ئاسایشی هەرێمەکە، سەروەریى هاوبەش لەسەر ئابوورى، بەشداریکردن لە دیاریکردنى یاسا و سیاسەتى داراییی فیدراڵی، داننان بە تایبەتمەندیى که‌لتووریى هەرێمەکان، بوونى زمانى فەرمیی تایبەت بە هەرێمەکە، بوونى نوێنەرایەتى لە دەرەوە و مافی پیادەکردنى دیپلۆماسییەتى جەماوەرى لە دەرەوەى وڵات.

ناکرێ پێچەوانەى یەکدی بن
تەواوى بابەتەکە ڕێژەیییە و ناچێتە قاڵبی ئەوەى درووستە یان نا، بەڵکوو چەند لە تایبەتمەندیى یان دەسەڵاتى ئەوە یان نا، چونکە دەوڵەتى فیدراڵی هەر لە بنەماوە لەسەر بنەماى مافی بڕیاردانی چارەنووس و دابەشکردنى دەسەڵاتەکان دروست بووە؛ بەوەى لە هەندێ شوێن هەرێم ناتوانێ پێچەوانەى حکوومەتى فیدراڵ یاسا و جموجۆڵی یاسایی و کارگێڕی بکات. ئەوەیش مافی دەوڵەتى فیدراڵییە لە تەواوى چوارچێوەى جوگرافیاى سیاسیی دەوڵەت، به‌تایبەت لە سەرووى هەموویانەوە کاروبارى دەرەوە، ئابووریى گشتیى وڵات، ناوخۆى گشتیى وڵات، بەرگرى، ماف و ئازادییە گشتییەکان (ماددەکانى 14 – 46)، دەستاودەستکردنى ئاشتییانەى دەسەڵات و دیموکراسییەت (ماددەى 6)، پڕه‌نسیپی کۆماریبوون م1. بەڵام بەدەر لەوانەیش، پێویستە هەرێمەکان لەو چوارچێوەیە دەرنەچن کە لە ماددەى 110ک تایبەتە بە دەسەڵاتە تایبەتەکانى حکوومەتى فیدراڵ کە خۆى لە نۆ بڕگەدا دەبینێتەوە و ماددە 114 کە حەوت بڕگە دەگرێتە خۆى، تایبەتە بە دەسەڵاتە هاوبەشەکانى نێوان حکوومەتى فیدراڵ و هەرێمەکان. هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەک هەرێمەکان ناتوانن لەو دوو جۆرە دەسەڵاتە لە تەواوى یاساکانیاندا لە چوارچێوەى دەسەڵاتی فیدراڵ دەربچن و یان تاکلایەنە بڕیار بدەن. بەڵام بێجگە لەو دوو حاڵەتە، دەتوانن تایبەتمەندیى خۆیان بەکار بهێنن و یاسا دەرکەن و بڕیاریش بدەن. ئەمەیش بەڕاشکاوى لە ماددە 115ى دەستوور باس کراوە؛ بەوەى کە هەر دەسەڵاتێک کە لەو دوو ماددەیەدا باس نەکرابوون، دەبێتە دەسەڵاتى هەرێمەکان و ئەولەوییەت بۆ هەرێمەکانە پێش حکوومەتى فیدراڵ. ئەو ماددەیەیش بە هیچ شێوەیەک لە دوور و نزیک باس لە دانانى دەستوور ناکات و ئاماژەیشى بۆ نەکردووە.

دەکرێ جودا بن
بۆ ئەو بابەتە دەتوانین ئاماژە بە چەند پێوەرێک بدەین؛ بەوەى کە هەرێم دەتوانێ لە زۆر یاسادا لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ یەک نەگرێتەوە، بەڵام نابێ پێچەوانە یان دژ بێت، لەوانەیش:
بەرچاوگرتنى تایبەتمەندیى هەرێم، بەوەى کە یەکەیەکی فەرمانڕەوایییە، دەتوانێ هەر هۆکارێک بۆ پیادەکردنى دەسەڵاتەکانى لە هەرێم بەرکار بخا، بەبێ ئەوەى چوارچێوەیەکى تایبەتى لەلایەن حکوومەتى فیدڕاڵییەوە بۆ دیاری کرا بێ؛ بەڵام ئەوەندە هەیە کە دەبێ لەگەڵ پڕه‌نسیپە گشتییەکانى دەستوورى عێراقی فیدراڵی یەک بگرێتەوە. بۆ نموونە دەستوورى عێراقی هیچ چوارچێوەیەکی بۆ جۆرى سیستەمى حوکمڕانی لە هەرێمەکان دانەناوە، چونکە خودی جۆری سیستەمى حوکمڕانی لە هەرێمەکان، دەچێتە قاڵبی تایبەتمەندیى هەرێمەکان. لە عورفی سیاسی و دەستووریدا ئاماژە بەو ڕاستییە کراوە کە دیاریکردنى جۆرى سیستەمى حوکمڕانی کە کامیان بۆ کۆمەڵگە سیاسییەکە گونجاوترە، دەبێ ئەوە بەرچاو بگیرێ، یاخود لە ڕێگەى ڕاپرسیی گشتییەوە بڕیارى لەسەر دەدرێ کە گەل کام جۆر لە سیستەمەکانى حوکمرانیی قبووڵە. دەستووریش ڕاشکاوانە لە ماددەى 120 ئاماژەى بەوە کردووە کە دەستوورێک بۆ خۆى دادەنێ، نەک بۆ گەلانى عێراق؛ بەڵام ئەوەندە هەیە کە نابێ ئەو دەستوورە دژ بە دەستوورى فیدراڵی بێت. دیاریکردنى جۆرى حوکمڕانییش پەیوەندیی بە تایبەتمەندى و ئیرادەى گشتیى گەلەوە هەیە و جۆرێکە لە سیستەمەکانى حوکمڕانی لەنێو چەند جۆرێکی تردا. ئەگەر شرۆڤەکە بەو شێوەیە بوایە، ئەوا سیستەمى حوکمڕانیی پەرلەمانى دژ بە سەرۆکایەتى و سەرۆکایەتى دژ بە نیمچەسەرۆکایەتى و دواتر ئەو جۆرانەى تر دژ بە دەستەجەمعیی سویسرا. بەڵام تەبەننیکردنى جۆرێکى تایبەت لە حوکمڕانی، ماناى دژ نایەت بەوى تر؛ بۆ نموونە ئەگەر هەرێمی کوردستان سیستەمى نیمچەسەرۆکایەتى یان سەرۆکایەتیى هەڵبژارد و ڕاپرسیی لەسەر ئەنجام دا، نیشانەى دژبوونى نییە لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ و دەستوورەکەى، بەڵکوو ئەوەندەى بەرچاوگرتنە بۆ تایبەتمەندى، هیچی تر نییە. بێ گومان پێچەوانەکەیشی هەر دروستە؛ بەوەى ئەگەر هەرێمی کوردستان تەبەننیى سیستەمى پەرلەمانیى کرد، ماناى ئەوە نییە چونکە سیستەمى حوکمڕانی لە عێراق پەرلەمانییە دەبێ هەرێمیش هەر ئەو بێت، بەڵکوو ئەوکاتیش هەر باسکردنە لەو جۆرە سیستەمى حوکمڕانییەى کە بۆ هەرێمی کوردستان گونجاوە.

ئەمە بۆ بابەتەکانى تریش هەر بەو شێوەیەیە؛ بۆ نموونە ناکرێ لەبەر ئەوەى جێکردنەوە و تەبەننیی ئایین لە دەستوورى عێراقدا هاتووە، دەبێ هەرێمیش بە هەمان شێوە بێت. ئەمە دەکەوێتە سەر واقعی کۆمەڵگه‌کە. هەرچەندە من پێشتر لەو بارەیەوە ڕاى خۆم لە بابەتى ئاڵینگارییەکانى بەردەم دانانى دەستوورى هەرێم باس کردووە. لێرە باس لە تایبەتمەندییە، نەک بوونى دەقێکی فیدراڵی. ئەوەى فیدراڵی عێراق، بۆ تەواوى عێراق دروستە بەڵام بۆ هەرێمەکان قسەیەکی ترى لەسەرە. بۆ نموونە چی دەبوو ئەگەر دانیشتووانى هەرێمی کوردستان مەسیحی یان هەر ئایینزایەکى تر بوونایە، ئایا هەر ئەو دەقە دەبوایە هەبێ، یان جیاواز دەبوو؟ لە سوودان لە سەردەمی بەرەى ڕزگاریخوازى سوودانى عومەر بەشیردا کە سیستەمى فیدراڵی پەیڕەو دەکرا، گەرچی دەستوور بەڕاشکاوى تەبەننیى ئایینى ئیسلامی کردبوو، بەڵام تایبەتمەندییەک بە ویلایەتەکانى باشوور درابوو و شەریعەت تێیدا جێبەجێ نەدەکرا، چونکە لە ڕووى نەتەوە و ئایینەوە تایبەتمەندییان جیاواز بوو.
لە ماددەى 121ی دەستوور بە هەر شەش بڕگەکەیەوە ئەو تایبەتمەندییە بۆ هەرێمەکان دەسەلمێنێ کە مافی خۆیانە پیادەى بکەن لە هەر بابەتێک کە دژ نەبێت لەگەڵ ماددەى 110و 114. تەنانەت لەوەیش زیاتر، هەرێمەکان بۆیان هەیە یاساى تایبەت بە خۆیان هەبێت کە لەگەڵ تایبەتمەندیى خۆیان بگونجێ. لەوەیش زیاتر، بۆیان هەیە تەنانەت ئەو یاسایانەیش هەموار بکەنەوە کە فیدراڵین و لەگەڵ تایبەتمەندیى هەرێمەکان ناگونجێن بۆ ئەو شێوازەى کە لەگەڵ خۆیان یەک دەگرێتەوە. ئەم یەکگرتنەوەیه‌ باس لە تایبەتمەندییە، نەک دژبوون یان پێچەوانەبوون لەگەڵ یاساکانى حکوومەتى فیدراڵ. تەنانەت حکوومەتى فیدراڵ، هەروەک لە ماددەى 141 هاتووە، ناتوانێ یاساکانى هەرێم هەموار بکاتەوە، چونکە لە تایبەتمەندیى ئەودا نییە و ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات کە ئه‌وه‌ كاری دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستانه‌؛ بەڵام ئەگەر پێچەوانەى یاساکانى فیدراڵ بوون، ئەوە بابەتێکی ترە و تا ئێتسا نەگوتراوە یاساکانى هەرێم پێچەوانەى یاساکانى فیدراڵن؛ بەڵام بەپێچەوانەوە زۆرن؛ مەبەست ئەوەیە کە حکوومەتى فیدراڵی چەندان جار ماف و تایبەتمەندیى هەرێمەکانى پێشێل کردووە.

پوختە
دەکرێ لەو بارەیەوە لە ڕوانگەى دەستوورى فیدراڵییەوە ئاماژە بە چەند ڕاستییەک بدەین (بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و زانیارییش، دەکرێ هەر کەسێک خوازیار بێ، بگەڕێتەوە توێژینەوەیەکمان لەو بارەیەوە بە ناونیشانی: الفدرالية وملامح حق تقریر المصیر فی دستور جمهوریة العراق لعام 2005 دراسة تحليلية):

دانانى دەستوور، کاروبار و بابەتێکی ناوخۆییی تایبەتى هەرێمى کوردستانە و مافێکی دەستووریى فیدراڵی عێراقە بۆ گەلی کوردستان.

دەوڵەت لە عێراقدا، دەبێ سیستەمى فیدراڵی پیادە بکا؛ هەروەک چۆن لە دەستووردا ئاماژەى پێ دراوە و هەر لەو ڕوانگەیەیشەوەیە کە تایبەتمەندییەک بە گەلى کوردستان دراوە و لە چوارچێوەى هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بووە و دەستووریش دانی بە مافەکانیدا ناوە، لەسەر هەردوو ئاستى جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسی و یاسا و هتد.
دانانى یاسایەک کە لەوەى عێراق نەچێ، ماناى دژبوون یان پێچەوانە نییە، بەڵکوو ماناى بەرجەستەبوونى تایبەتمەندیى هەرێمی کوردستانە لە نێو دەوڵەتێکی فیدرالیدا، و یەکنەگرتنەوەى یاساکانە نەک دژبوون.

چوارچێوەى دانانى دەستوور و پڕه‌نسیپەکانى، زۆربەیان لەلایەن خودی گەلەوە بڕیارى لەسەر دەدرێ؛ ئەوەى کە دەمێنێتەوە، پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە لە پرۆسەى دانانى دەستوور کە زۆربەى دەوڵەتان پێوەى پابەندن.

دیاریکردنى جۆرى حوکمڕانیی پەرلەمانى بۆ عێراق، ئەوە ناگەیەنێ کە دەبێ هی هەرێمی کوردستانیش هەر پەرلەمانى بێت، بەڵکوو ئەو بڕیارە گەلى کوردستان دەیدەن و تەواو تایبەتە بە ویستى گشتیى خەڵکى هەرێمەوە. دیاریکردنى هەر جۆرە سیستەمێکی حوکمڕانییش بەدەر لە ویستى خۆى، نەگونجاوە و لەگەڵ دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ و پڕه‌نسیپەکانى یاساى نێودەوڵەتی و مافی چارەی خۆنووسین یەک ناگرنەوە.

هەرێم ناتوانێ پێچەوانەى هەردوو ماددەى 110و 114 هیچ یاسایەک دەربکات. کەواتە هەرێمی کوردستان دەبێ پابەندی دەستوورى فیدراڵی بێت، هەروەک چۆن هەمان ئەرکیش بۆ حکوومەتى فیدراڵی هەروایە. هەرێم لە هەندێ جێگە ناتوانێ لە پڕه‌نسیپە فیدراڵییەکان دەربچێ، بەڵام ئەوەى کە پەیوەندیی بە تایبەتمەندیى خۆیەوە هەیە وەک هەرێم و لە دەستووریشدا ئاماژەى پێ دراوە دەتوانێ یاساکانى شێوازێکی تر بن و لەگەڵ حکوومەتى عێراقى یەک نەگرنەوە. دەستووریش یەکێک لەو بابەتە تایبەتمەندانەى هەرێمە کە مافی خۆیەتى لە چوارچێوەى جوگرافیاى دەوڵەتی عێراق پیادەى بکات و نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، چونکە دەستوورى هەمیشەییی عێراق ئەو مافەى پێ داوە.