سەرتاوتار و شیکاری

کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی و جینۆساید

 

لە کاتى نووسینەوە و گفتوگۆى پڕۆژەڕەشنووسەکاندا پرسیارى زۆر لە سەر مژارى پابەندێتیی ڕێگریی لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید ورووژێنرا. یەکێک لەو پرسە ڕژدانە ئەوەیە ئاخۆ سنوورى ئەم پابەندبوونە تا کوێیە؟ گەلۆ دەوڵەتان لە ڕێگریی ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدی نێوخۆى خۆیان بەرپرسن، یان پێویستە بۆ ڕێگریی لە ئەنجامدانى ئەم تاوانە لە دەرەوەى سنوورى دەوڵەتەکەى خۆیان ئەرکدار بکرێن؟ ئایا نەتەوەیەکگرتووەکان چ ڕۆڵێک سەبارەت بە ڕێگریی و بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید دەگێڕێ؟ وەڵامى هیچ یەکێک لەو پرسیارانە بە ڕوونیى لە پەیماننامەکەدا نییە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەو کاتەدا سەرەتای دامەزراندنی بوو، سەرجەم گفتوگۆ سیاسییەکانى دامەزراندنى نەتەوەیەکگرتووەکان بەو ئاڕاستەیەدا بوو کە پێویستە ئەم ڕێکخراوە نوێیە خۆى لە دەستێوەردانى کاروبارى ناوخۆى دەوڵەتان بپارێزێ، هەروەها بەپێى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان پێویستە دەوڵەتان دەست لە کاروبارى ناوخۆى یەکتر وەر نەدەن و سەروەریى دەوڵەت پارێزراو و ڕێزلێگیراو بێت. بنەماى سەربەخۆیی و دەستوەرنەدان لە کاروبارى ناوخۆى دەوڵەتان، سەرومڕ دژى ئەوەیە دەوڵەتان ئەرکدار بکرێن تا ڕێگریی لە ڕوودانی جینۆساید لە وڵاتێکی تردا بکەن. لیمکین سەبارەت بە پابەندێتیى دەوڵەت بۆ ڕێگریی پێیوایە پێویستە سەرجەم دەوڵەتان بۆ ڕێگریی لەم تاوانە ئەرکدار بکرێن، ئەمەش بێ گوێدانە سنوورەکانى دەوڵەت. واتە لە دۆخی ڕوودانى تاوانى جینۆسایددا، تەنها ئەو دەوڵەتەى تاوانەکەى لێ ئەنجام دەدرێت، بەرپرسی ڕێگریی و بەرلێگرتنى تاوانەکە نییە، بەڵکوو سەرجەم دەوڵەتان و مرۆڤایەتیى بە گشتیى بەرپرسیارن بۆ ڕێگریی لە جینۆساید، لیمکین ساڵى ١٩٤٧ لە وتارێکیدا، پاش ئەوەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان، جینۆسایدى وەک تاوانێک ناساند و پێش ئەوەى پەیماننامەکە بە سەرتاپێ چێوەمەند بێت و دەربکرێ، نووسی:

"بە ناساندنى تاوانى جینۆساید وەک تاوانێک لە ژێر یاساى نێودەوڵەتیدا، ماف بە کۆمەڵى نێودەوڵەتیی و دەوڵەتانى تر دەدرێت تا دەستێورەدان لە کاروبارى ناوخۆى دەوڵەتێکى تردا بکەن، لە پێناو پاراستنى ئەو کەمینانەى وا بوونەتە قوربانیى تاوانى جینۆساید."

بەپێى ئەو ڕوونکردنەوەیەى لیمکین بێت کۆمەڵى نێودەوڵەتیی بەرپرسە لە ڕێگریی تاوانى جینۆساید، بەمەش ئەرکى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییە پابەندی ڕیگریی لە تاوانى جینۆساید بێت، بەم پابەندێتییەی کۆمەڵى نێودەوڵەتیی بە ڕێگریی لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ماف بە دەوڵەتەیل دەدرێت دەست لە کاروبارى ناوخۆى دەوڵەتێک وەر بدەن، ئەمە پێى دەوترێت بنەماى دەستێوەردانى مرۆیی (Humanitarian Intervention). ئەمەش پێچەوانەى بنەماى سەروەریى دەوڵەت (State Sovereignty) و پاراستنێتى لە دەستێوەردانى دەرەکیى. بەرپرسیارێتیى کۆمەڵى نێودەوڵەتیی بۆ بەرلێگرتن لە ئەنجامدانى تاوانە گەورەکان بەهۆى جەنگى ساردى نێوان هەردوو بلۆکى ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتەوە، لە پەنجاوپێنج ساڵ پاش دامەزراندنى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تا ساڵى ١٩٩١، بێ جێبەجێکردن مایەوە. چونکە لەو کاتەدا ئاسایشى نیشتیمانى (National Security) جێگاى بایەخ بوو، وەلێ دواتر و دواى شکستى بلۆکى ڕۆژهەڵات ئاسایشى مرۆڤ (Human Security) جێگەى گرتەوە. ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری ٦٨٨ـی لە ساڵى ١٩٩١ دەركرد، بۆ یەكەم جار بەندی حەوتی بنەڕەتنامەى نەتەوەیەكگرتووەكانی بۆ دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتێك بەكار هێنا، بنەڕەتنامەکە دەڵێت:

"ئەنجوومەنى ئاسایش بۆى هەیە بڕیار لە گرتنەبەرى ڕێکارى ئاسمانیى، زەمینیى و دەریایی بۆ پاراستن و بەرقەرارکردنى ئاشتیى و ئاسایشى نێودەوڵەتیی، بدات. دەکرێت ڕێکارەکان لە شێوەى دەربڕین بن، یان گەمارۆی ئابووریى و سەربازیى، یان ئۆپراسیۆنى سەربازیى."

بڕیارى ٦٨٨ـى ئەنجوومەنى ئاسایش سەرجەم ئەندامانی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەركدار دەكات، تا بە هەر شێوەیەك بێت، ئەو مەرگەساتە ڕابگرن وا بە سەر كورددا هاتووە. ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى ئاسایش دەبێت بە یەکەم هەنگاو بۆ دەستێوەردانى مرۆیی لە ناوخۆى دەوڵەتێکدا، چونکە پێش ئەو بڕیارە کۆمەڵى نێودەوڵەتیی لە ڕێى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەستى لە کاروبارى هیچ دەوڵەتێک وەر نەدابوو. لە ئۆپەڕاسیۆنى گەردەلوولى بیابان بۆ دەرکردنى هێزە ئێراقییەکان لە وڵاتى کوەیت، هێزی هاوپەیمانان لەسەر داخوازی وڵاتى کوەیت و هێزەکانى ئێراقیان لە کویت تێکشکاند و دەرپەڕاند، ئەم دۆخە بەپێى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان ناچێتە چوارچێوەى دەستێوەردانى مرۆییەوە، بەڵکوو زیاتر دەچێتە چوارچێوەى بەرگریى ڕەوا یان جەنگى نێوان وڵاتانەوە. دەستێوەردانى مرۆیی پێناسە و تایبەمەندیى خۆى هەیە.

بۆ یەکەم جار لە کاتى گفتوگۆکانى بڕیارى ٦٨٨ـى ئەنجوومەنى ئاسایشدا، مژارى دەستێوەردانى مرۆیی زۆرترین قسەوباسى لێ کرا، بڕیارى ٦٨٨ بڕیارێکى ئەنجوومەنى ئاسایشە تایبەت بە پاراستنى کورد لەو مەرگەساتەى لە لایەن دەوڵەتى ئێراقەوە ئەنجام درا، پڕۆژەبڕیارەکە فەڕەنسا ئامادە و باربۆی کرد و بردییە ئەنجوومەنى ئاسایشەوە، هەر ئەویش سەرسەختانە بەرگریى لە مافەکانى کورد کرد. لە کۆبوونەوەى ژمارە ٢٩٨٢ـی ئەنجوومەنى ئاسایشی تایبەت بە پەسەندکردنى بڕیارەکە فەڕەنسا سەرسەختانە بەرگریى لە مەینەتییەکانى کورد کرد. فەڕەنسا پڕۆژەکەى بردە ئەنجوومەنەکە و دەنگی پێویستى بۆ کۆ کردەوە و دەریچواند، فەڕەنسا بۆ بەرگریى لە بڕیارەکە دەڵێت:

"بەڕێزان، بنەڕەتنامەى نەتەوەیەگکرتووەکان چیمان پێ دەڵێت؟ بنەڕەتنامەکە دەڵێت: ئێمەى گەلانى نێو نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارمان داوە نەوەى داهاتوومان لە هەموو جەنگێک بپارێزین و مافەکانى مرۆڤ و شکۆى مرۆڤ پارێزراو بێت. ئەم وشانە جێى بایەخە، بەڵام گەر نەچێتە چوارچێوەى کارى شێلگیرانەوە، ئەوا لە وێنەی بنەڕەتنامەى کۆمەڵەى گەلان تەنیا وەک خەونێک دەمێنێتەوە. ئەم ئەنجوومەنە (ئەنجوومەنى ئاسایش) زیاتر لە دەیان بڕیارى بۆ چەسپاندنى ئاشتیى لەو وڵاتەدا دەرکردووە، بەڵام دەبینین هێشتا کوشتار و قڕکردن بەردوامە و هاووڵاتییانى مەدەنیى و لە ناویاندا منداڵان لە کڵۆڵییەکی گەوەردان. هاووڵاتییانى مەدەنیی، زۆر بە تایبەتیش کوردەکان، هێشتا ڕابردوویان پڕە لە ئازار، کەچی جارێکی تر بوونەوە قوربانیى. پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو کوشتار و شەڕەنگێزییەی بەرانبەریان بهێنرێت و مافى ئەوەشیان پێ بدرێت ڕێز لە ماف و شووناسى نەتەوەییان بگیرێت.
پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ، ئەوەى ئێستا لەو هەرێمە ڕوو دەدات، ئەوەمان لێ دەخوازێت، وەک بابەتێکى جیهانیى بیبینین و بەپێى پێوەرەکانیش دەچێتە چوارچێوەى تاوانى دژەمرۆڤایەتییەوە. ئەو شەپۆلى ئاوارەییە، ئەو کوشتارانەى سەر سنوور، ئەو هەموو کۆمەڵکوژیەى لەوێ ڕوو دەدات، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامیگریى جیهانیی و ناوچەکە. هەر بۆیە فەڕەنسا ئەم دەستپێشخەریەى کردووە و ئەم پڕۆژەبڕیارەى ئامادە کردووە، ئەم بڕیارە هاوکات بۆ ئیدانەکردنى هەموو ئەو سەرکوتکاریی و چەوساندنەوانەیە وا دژى گەلانى ئێراق و زۆر بە تایبەتیش دژى کوردان ڕوو دەدات. فەڕەنسا هیوادارە کۆتایی بەم ناسۆریی و کڵۆڵییەی ئەو گەلەى لەسەر خاکەکەى خۆى دەیچێژێت، بهێنرێت."

بڕیارى ٦٨٨ دۆزى کورد لە بابەتێکى ناوخۆیى ئێراقەوە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکى نێودەوڵەتیی و ئەو مەینەتییانەى وا دەوڵەتى ئێراق بەسەر کوردەکاندا هێناوێتی، وەک بابەتێکى جیهانیى و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیى جیهان پێناسە دەکات. بەپێى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکانیش هەر مژارێک گرێدراوی ئاسایش و ئارامیى جیهانیی بێت، دەچێتە ژێر بەندى حەوتەمى بنەڕەتنامەکەوە. ئەمەش کۆمەڵى نێودەوڵەتیی و لە ناویاندا ئەنجوومەنى ئاسایش ئەرکدار دەکات تا دەستێوەردانى مرۆیی ئەنجام بدات. ئەو بڕیارە بۆ یەکەم جار سەروەریى دەوڵەت بەهۆى ئەنجامدانى تاوانى گەورەوە دەخاتە ژێر پرسیار و ڕێ بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی دەدات بەپێى بنەماى "پابەندێتیی بە ڕێگریی"ـەوە بنەماى "دەستێورەدانى مرۆیی" ئەنجام بدات. لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشی پەیوەست بە بڕیارى ٦٨٨، ئێراق سەبارەت بەم بنەمایە دەڵێت؛ ئەمە مژارێكی ناوخۆییە و پەیوەندیی بەكاروباری ناوخۆی ئێراقەوە هەیە و هەر دەستێوەردانێک لە کاروبارى ناوخۆى ئێراق پێشێلى بنەماى سەروەریى دەوڵەتە، کە بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێبەندی کردووە. چین بە شێوەیەک لە شێوەکان دژى دەستێوەردانى مرۆییە و دەڵێت ئێمە بۆیە پشتگیریی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشمان دژی هێزەكانی ئێراق لە کوەیت كرد، چونكە وڵاتی کوەیت دەوڵەتێكی ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكانە و ئێراق پێشێلی سەروەرییەكەی كردووە، بەڵام پشتگیریی ئەم بنەمایە ناكەین و شتێكی نوێیە لە مێژووی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بێین دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان وەر بدەین. لە کاتی دەنگاندا خۆى دەپارێزێت و دەنگی بەڵێی ناداتێ، بەڵام مافى ڤیتۆشى دژ بەکار ناهێنێت. فەڕەنسا پێداگریی دەكات و دەڵێ چۆن دەبێت مرۆڤایەتیی گۆڤانی مردنی دەیان هەزار کەس بێت و دەستەوەستان دابنیشێت، پێویستە دەرچەیەك هەبێت تا خەڵك لە دێوەزمەی دەوڵەتەكەی خۆی بپارێزرێت، دواتر دەیچەسپێنێ.

جارێکی تر و لە پاش ساڵى ١٩٩٣ـەوە مژارى پابەندێتیى لە ڕێگریی دەبێتەوە ڕۆژەڤی گفتوگۆ، چونکە لەو کاتەدا سێ دادگاى نێودەوڵەتیی سەرقاڵى کەیسەکانى تاوانى جینۆساید بوون، ئەوانیش دادگاى دادى نێودەوڵەتیی لە کەیسى بۆسنا دژى سڕبیا تایبەت بە پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزاخستنە سەر تاوانى جینۆساید، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگووسلاڤیا، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا. ئەم دوو دادگایەى دواتر لە لایەن ئەنجومەنى ئاسایش و لە ژێر بەندى حەوتى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا دامەزران و تایبەت کران بە دادبینیی تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیی لە سەر خاکى ئەو دوو دەوڵەتە. بە دامەزراندنى ئەو دوو دادگایە لە لایەن ئەنجوومەنى ئاسایشەوە خۆبەخۆ واتای ئەوەیە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی ئەرکدارە بە پابەندبوون لە ڕێگریی تاوانى جینۆساید و پابەندبوون بە سزادانى تاوانبارانى تاوانى جینۆساید.

پاش جەنگى ناوخۆیى یوگووسلافیا، کاتێ ناتۆ لە ساڵى ١٩٩٩ دەستێوەردانى سەربازیى لە کۆسۆڤۆ کرد، جارێکی تر مژارى دەستێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى دەوڵەتێک، کە تاوانە گەورەکانى لێ ئەنجام دەدرێت، بووەوە بابەتى گفتوگۆى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی و نەتەوەیەکگرتووەکان. لەو کاتەدا چەمکى جیاواز، بەپێى دنیابینیى و سیاسەتى دەوڵەتان بۆ دەستێوەردانەکان بەکار دەهێنرا. هیچ بنەمایەکى یاساى نێودەوڵەتیی لە گۆڕێ نەبوو تا لە پاى ئەنجامدانى تاوانە گەروەکان ڕەوایەتیى دەستێوەردانى پێ وەربگیرێت. بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە چەند شوێنێکدا ئاماژەى بۆ پاراستن و بەرقەرارکردنى ئاشتیى و ئاسایشى نێودەوڵەتیی لەلایەن ئەنجوومەنى ئاسایشەوە کردووە. بەڵام بنەڕەتنامەکە ئاماژەى بە پاراستن و بەرقەرارکردنى ئاشتیى و ئاسایشى ناوخۆى دەوڵەتان نەکردووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵى ٢٠٠٠ و بە پێشنیارى دەوڵەتى کەنەدا کۆمیتەیەک بە ناوى "کۆمیتەى نێودەوڵەتیی بۆ دەستێوەردان و سەروەریى دەوڵەت" بۆ بە یاساییکردن و گفتوگۆکردن لەسەر دەستێوەردانى مرۆیی درووست دەکات. لەوکاتەوە چەمکێکى تر شوێنى دەستێوەردانى مرۆیی گرتەوە. بەرپرسیارێتیى پاراستن (Responsibility to Protect) چەمکێنراو و کۆدێنراوەکەی بریتییە لە (R2P). وەک بنەما بەرپرسیارێتیى پاراستن جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەڵ دەستێوەردانى مرۆییدا نییە، تەنها ئەوە نەبێت لە ڕووى زمانەوانییەوە یارییەکى بچووکى پێکراوە. دەستێوەردان زیاتر وەک هێرش دەردەکەوێت، بەڵام پاراستن وەک بەرگریی و ئەرکێکى ئەخلاقیى. کۆمیتەکە ڕاپۆرتى خۆى ئامادە دەکات و پێشکەشى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانى دەکات. پاشان بۆ یەکەم جار و ساڵى ٢٠٠٥ و بە ئامادەبوونى سەرجەم دەوڵەتان لە کۆبوونەوەى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەرپرسیارێتیى پاراستن دەبێت بە بڕیارێکى نوێ و ڕەوایەتیى وەردەگرێت، بڕیارەکەى ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت:

"پێویستە هەموو دەوڵەتان هاووڵاتییانى خۆیان لە تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیى و پاکتاوى ڕەچەڵەکیى بپارێزن. ئەم بەرپرسیاریەتییە دەوڵەتان بە بەرلێگرتنى ئەو تاوانانە و ورووژاندن بۆ ئەنجامدانیان ئەرکدار دەکات. پێویستە کۆمەڵى نێودەوڵەتیی یارمەتیى دەوڵەتان و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنى ئەم بەرپرسیاریەتییە بدات.
کۆمەڵى نێودەوڵەتیی لە ڕێى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەرپرسە لە بەکارهێنانى ڕێکارەکانى ئاشتیی وەک دیبلۆماسى و یارمەتییە مرۆییەکان، ئەویش بۆ بە ئامانجگەیاندنى بەرپرسیارێتیى پاراستن و ڕێگریی لە تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و دژەمرۆڤایەتیى و پاکتاوى ڕەچەڵەکیى، ئەمەش بەپێى بەندى شەش و هەشتى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان. هەروەها کۆمەڵى نێودەوڵەتیی لە ڕێى ئەنجوومەنى ئاسایشەوە بەپێى بەندى حەوتى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە دۆخی بێئەنجامیی هەوڵەکانی ئاشتیی، بەرپرسە لە پاراستنى خەڵکیى لەو تاوانانە.
ئێمە سەرومڕ پشتگیریى کارەکانى ڕاوێژکارى تایبەتمەند بۆ بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید دەکەین."

لە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکاندا بۆ یەکەمجار ناوى هەرسێ تاوانە نێودەوڵەتییەکە و لە پاڵیدا پاکتاوى ڕەچەڵەکیش دەهێنێت، پاکتاوى ڕەچەڵەکیى بە تەنها خۆى تاوانێکى سەربەخۆ نییە و یەکێک نییە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. لە جەنگى ناوخۆى یوگووسلافیاوە ئەم چەمکە پتر وەک چەمکێکى سیاسیى بۆ ئەو کوشتار و پاکتاوە ڕەچەڵەکییانەى نێو یوگووسلافیا بەکار دەهات، دواتر و ساڵى ٢٠٠٩ سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێى ئەنجوومەنى گشتییەوە پەیڕەونامەیەک بۆ وردکردنەوەى بەرپرسیاریەتیى پاراستن دەردەکات و ئەم تاوانەشى خستووەتە لیستى ئەو سێ تاوانە و پێیوایە ڕاستە پاکتاوى ڕەچەڵەکیى بەپێى یاساى نێودەوڵەتیی تاوان نییە، بەڵام بەپێى هەلومەرجەکان دەکرێت یەکێک لەو سێ تاوانەى تر پێک بهێنێت. سەرەتا بڕیارەکەى ئەنجوومەنى گشتیى و پەیڕەونامەکەى سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان، خودى دەوڵەتەکە ئەرکدار دەکات بۆ گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست، ئەویش بۆ پاراستنى خەڵک لە تاوانەکان؛ دواتریش کۆمەڵى نێودەوڵەتیش بەرپرسیار و ئەرکدار دەکات.

سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان هاوشان لەگەڵ دامەزراندنى ڕاوێژکارى تایبەتمەند بۆ بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید، ڕاوێژکارێکى تایبەتمەند بۆ بەرپرسیارێتیى پاراستن دادەمەزرێنێت و ئۆفیسێک بە ناوى "ئۆفیسى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و بەرپرسیارێتیى پاراستن" درووست دەکات. ساڵى ٢٠٠٩ بەرپرسیارێتیى پاراستن زیاتر پێناسەى خۆى وەردەگرێت و جێبەجێکردنەکەى بەپێى پەیڕەونامەکەى سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەر سێ کۆڵەکەدا دابەش دەکرێت: یەکەم. بەهێزکردنى تواناى دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنى بەرپرسیارێتیى پاراستن، دووەم. یارمەتیدانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی بۆ ئەو دەوڵەتەى تاوانەکە لەسەر خاکەکەى ئەنجامدراوە، سێیەم. وەڵامدانەوە و بڕیارى یەکلاکەرەوە دژى دەوڵەتەکە لە پێناو پاراستنى خەڵکیی لە تاوانەکان.

یەکەم لایەن کە بەرپرسیارێتیى پاراستنى لە ئەستۆیە، خودى دەوڵەتە. بەپێى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزاخستنە سەر تاوانى جینۆساید و بنەماکانى یاساى نێودەوڵەتیی نەریتیى، دەوڵەت ئەرکدارە خۆى تاوانەکان ئەنجام نەدات، لە دۆخی ڕوودانى تاوانیشدا، پێویستە دەوڵەت بەری لێ بگرێت. پەیڕەونامەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنى بەرپرسیارێتیى پاراستن، قووڵتر باسى پابەندییەکانى دەوڵەت دەکات و پێیوایە سەروەریى دەوڵەت خۆى بە واتای پاراستن و سەلامەتیى هاووڵاتییانى دێت. کاتێک هاووڵاتییەکانى تووشی کڵۆڵیی و چڕووسانەوە بکات، ئەوا سەروەرییەکەى دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ بەهێزکردنى سیستمى ناوخۆى دەوڵەت و بەهێزکردنى تواناکانى بۆ جێبەجێکردنى بەرپرسیاریەتییەکانى، پەیڕەونامەکە لە دەوڵەتان دەخوازێ واژۆى پەیماننامەکانى مافەکانى مرۆڤ، بەبێ هیچ خۆبواردنێک، پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزاخستنە سەر تاوانى جینۆساید و پەیماننامەکانى ژنێڤ و پڕۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانى بکەن، هەروەتر واژۆى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی بکەن و ببنە ئەندامی. پەیڕەونامەکە دەگەڕێتەوە سەر پێدراوەکانى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزاخستنە سەر تاوانى جینۆساید و جەخت لە سێ جۆرەکەى جینۆسایدى تەواونەکراو "پیلانگێڕیى و ورووژاندن و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید" دەکاتەوە، کە پێش ئەوەى تاوانەکە ڕوو بدات پێویستە دەوڵەت بەریان لێ بگرێت و نەهێڵێت ڕوو بدەن. هەروەها داوا دەکات دەوڵەت ڕاهێنان و خولى هۆشیاریى بۆ سەرباز و چەکدارەکانی بکاتەوە و سرووشتى ئەو تاوانانەیان پێ بناسێنێ و ڕێکاری بەرلێگرتنی بڕەخسێنێ.

کۆڵەکەى دووەمى بەرپرسیارێتیى پاراستن بریتییە لە گرتنەبەرى ڕێکار و دەستاوێژەکانی ئاشتیی بۆ بەهێزکردنى تواناکانی دەوڵەت لە جێبەجێکردنى بەرپرسیارێتیى پاراستن، بەڵام ئەم کۆڵەکەیە کاتێک کار دەکات کە دەوڵەت خۆى تاوانەکانى ئەنجام نەدابێت، ئەگەر دەوڵەت خۆى ئەنجامدەرى ئەو تاوانانە بێت، ئەوا کۆڵەکەى سێیەم بەرکار دەبێت. کۆڵەکەى دووەم کاتێک کار دەکات کە میلیشیا و چەکدارەکان بەشێکى خاکى دەوڵەتیان لە دەست بێت و تاوانى جینۆساید و تاوانەکانى تریان ئەنجام دابێت، یان بیانەوێ ئەنجامى بدەن، یان دەوڵەت تواناى شەڕى ناوخۆ و پێکدادانە چەکدارییە ناوخۆییەکانى نەبێت، لەم دۆخەدا کۆمەڵى نێودەوڵەتیی ئەرکێتى هاوکار و هەمانگى دەوڵەت بێت بۆ پاراستنى هاووڵاتییانى لە تاوان، جا چ بە یارمەتیى لۆجستیى و دارایی بێت یان سەربازیى. باشترین نموونە یارمەتیدانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییە لە ڕێى درووستکردنى هاوپەیمانیى دژى داعش لە ئێراق.

کۆڵەکەى دووەم، یارمەتییە درێژخایەنەکان و ڕێکارەکانی پەرەپێدانى تواناکانى دەوڵەتیش دەگرێتەوە، لەوانە؛ تێبینیى و ڕەخنەى ئەندامانى ئەنجومەنى مافەکانى مرۆڤ لە کاتى خوێندنەوەى ڕاپۆرتى مافى مرۆڤی تایبەت بەو دەوڵەتە. هەوڵە دیپلۆماسیى و سیاسییەکان لەپێناو ناچارکردنى دەوڵەت بە گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ ڕێگریی لە ڕوودانى تاوان. یارمەتیدانى دەوڵەت بۆ دامەزراندن و سەرپێخستنى دەزگاکانى بەهێزکردنى دەسەڵاتى دادوەریی. ڕێنوێنیى دەوڵەت بۆ ڕەخساندنی ڕێکاری پێکەوەژیانى ئاشتییانەى نێوان ئایین و ڕەچەڵەک و هۆز و تیرە جیاوازەکان. چاودێریی و یارمەتیی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێخەوش. گەر پێویستی کرد، ئەوا نەتەوەیەکگرتووەکان هێزە ئاشتپارێزەکان بۆ ڕێگریی لە تاوان لەو وڵاتە دادەمەزرێنێت.

کۆڵەکەى سێیەمى بەرپرسیارێتیى پاراستن بریتییە لە وەڵامدانەوەى خێرا و بەپەلەى کۆمەڵى نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنى خەڵکى مەدەنیى لەو تاوانانە. ئەم ستڕاتیژە کاتێک بەرکار دەبێت، کە هەوڵەکانی دوو کۆڵەکەى دووەم شکست بهێنن، واتە هەم دەوڵەت پابەندییەکانى پێشێل بکات و ملکەچى بەرپرسیارێتییەکانی نەبێت، هەم بە گوێى کۆمەڵى نێودەوڵەتیی نەکات و هەوڵە ئاشتییخوازانەکان پەرچ بداتەوە. لەم دۆخەدا سەرەتا کۆمەڵى نێودەوڵەتیی هەوڵى نێوەندگیریى لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەدات، تا چیتر قوربانیى زیاترى لێ نەکەوێتەوە و پانتاییەک بۆ ئاشتیى بمێنێتەوە، هاوشان لەگەڵ ئەوەشدا گەر پێویست بکات ئەوا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی لە ڕێگەى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کۆمیتەکانىگەڕان بۆ ڕاستییەکان (Fact-Finding Missions) دادەمەزرێنێت بۆ زانینى ئەوەى چ تاوانێکى نێودەوڵەتیی و لە کۆێ و بەرانبەر کێ ئەنجام دراوە و کێ ئەنجامى داوە لە ناو ئەو دەوڵەتەدا. بۆ ئەو وڵاتانەى ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی نین، بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاکە، ئەنجوومەنى ئاسایش دەتوانێ دادگاکە ڕابسپێرێت تا دەستێوەردانى یاسایی بکات و تۆمەتباران دادگایی بکات و پاشان سزایان بدات. ئەگەر ئەو هەوڵانە مەیسەر نەبوون و سوودى نەبوو، ئەوا کۆمەڵى نێودەوڵەتیی لە ڕێى ئەنجوومەنى ئاسایش و لە ژێر بەندى حەوتى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەسەڵاتى هەیە و پێویستیشە دەستێوەردانى مرۆیی بکات و خەڵک لەو کوشتار و شاتاوانانە بپارێزیت و لە دەستى دەوڵەتەکەى خۆى ڕزگاریان بکات.

 

-------------------

دی لا سابرێلى، نوێنەرى ئەوکاتى فەرەنسایە لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە وتارى پشتگیریی کردنى فەرەنساى لە بڕیارى ٦٨٨ى ئەنجوومەنى ئاسایش لە بەرواری ٥ی ئەپریلی ١٩٩١ خوێندەوە.

 

بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى سێیەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى حەوتەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى هەشتەم کرتەى ئێرە بکە.


دی لا سابرێلى، نوێنەرى ئەوکاتى فەرەنسایە لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە وتارى پشتگیریی کردنى فەرەنساى لە بڕیارى ٦٨٨ى ئەنجوومەنى ئاسایش لە بەرواری ٥ی ئەپریلی ١٩٩١ خوێندەوە.