ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی
لەبەر ڕۆشنایی بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەت یاسای نێودەوڵەتیی
مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی کار بۆ
بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە کوردستاندا دەکات، کە بریتیین لە:
یەکەم:
پاراستن و پێشخستن و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ بە لەبەرچاوگرتنی
جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەی تایبەت بە مافە مەدەنی و
سیاسییەکان، پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان،
پەیماننامەکانی مافەکانی ژنان و منداڵان و کەمئەندامان، پەیماننامەکانی دژی ئەشکەنجەدان
و دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دژی جیاکاریی ڕەگەزی، پەیماننامەی پاراستنی
کەمینە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکان.
دووەم:
جێبەجێکردنی بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە کاتی
ململانێ و پێکدادانی چەکداری، ئەوەش بە ڕەچاوکردنی پەیماننامەکانی ژنێڤ،
پەیماننامەی پاراستنی شوێنەوارە کەلتوورییەکان، پەیماننامەی تایبەت بە چەکی
کیمیایی و بایۆلۆژی و چەکە قەدەغەکراوەکانی تر و پرۆتۆکۆلە زیادکراوەکانیان.
سێیەم:
دەستگەیشتن بە دادپەروەری بۆ قوربانییان و تۆمەتبارانی تاوانە
نێودەوڵەتییەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی بە ڕەچاوکردنی نیزامی
ڕۆمای تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی پەیوەست بە جینۆساید، تاوانی جەنگ،
تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕەنگێزی.