ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له عێراق و شام ناسراو به داعش، به‌لانى كه‌مه‌وه سێ تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجامداوه، تاوانه‌كانى جه‌نگ، تاوانى دژه مرۆڤایه‌تى و تاوانى جینۆساید. كۆمسیۆنى سه‌ربه‌خۆى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێكۆڵینه‌وه له سوریا كه له ساڵى 2011 به بڕیاری ژماره (S-17/1)ى ئه‌نجوومه‌نى مافه‌كانى مرۆڤى سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دامه‌زرا، هه‌روه‌ها تیمى لێكۆڵینه‌وه‌ى سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت به تاوانه‌كانى داعش ناسراو به یونیتاد (UNITAD) كه به بڕیارى ژماره (2379)ى ساڵى (2017)ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش و له‌سه‌ر داواى ده‌وڵه‌تى عێراق دامه‌زرا، هه‌ردوو ده‌سته‌كه له راپۆرته‌كانى خۆیاندا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه داعش ئه‌و سێ تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى ئه‌نجامداوه و یونیتادیش له دواین راپۆرتى خۆیدا كه راپۆرتى (ژماره چوار)ه له مانگى پێنجى ئه‌مساڵدا پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکانى كردووه ده‌ڵێ "سه‌ره‌ڕاى بوونى به‌ڵگه‌ى پێویست له ئه‌نجامدانى تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له لایه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه، به‌ڵام هێشتا هیچ كه‌سێك له چەکدارانى داعش له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه دادگایی نه‌كراوه"، كۆمسیۆنى لێكۆڵینه‌وه له سوریاش له گرنگترین راپۆرتیدا كه له‌ژێر ناوى (ئه‌وان هاتن بۆ وێرانكاری) کە له ساڵى 2016 به شێوه‌یه‌كى ورد ئه‌و سێ تاوانه‌ى داعشى تۆماركردووه‌و پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى مافه‌كانى مرۆڤى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان كردووه كه داواده‌كات دادگایه‌كى تایبه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دادگایکردنى چەکدارانى داعش دابمه‌زرێت.
له مێژووى درووستكردنى دادگا تایبه‌ته‌كان بۆ دادگایكردنى تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌م جۆره تیم و كۆمسیۆنانه رۆڵێكى گرنگیان هه‌بووه، له بوارى یاساى تاوانى نێوده‌وڵه‌تیدا به چه‌ند ناوێك ناسراون و له هه‌مووى به‌ربڵاوتر ده‌سته‌ى گه‌ڕان به‌دواى راستییه‌كاندا (Fact Finding Mission)، كه ئه‌م جۆره ده‌ستانه به مه‌به‌ستى زانینى راستییه‌كان له‌دواى پێكدادانى سه‌ربازى و پێشێلكاری گه‌وره‌ى مافه‌كانى مرۆڤه‌وه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه دروستده‌كرێت. له‌دواى دامه‌زراندنى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ژماره‌ى ئه‌م ده‌ستانه نزیكه‌ى په‌نجا ده‌سته ده‌بن و دواترینیان ده‌سته‌ى گه‌ڕان به دواى راستیه‌كان له لیبیا كه مانگى شه‌شى ئه‌مساڵ دامه‌زرا به مه‌به‌ستى لیكۆڵینه‌وه له‌و تاوانانه‌ى كه له دواى ساڵى 2016ه‌وه له لیبیا‌و له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه ئه‌نجامدراوه هه‌روه‌ها هاوشانى تیمه‌كانى لێكۆلینه‌وه‌ى دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى كه له‌ساڵى 2011 به بڕیارى ژمارە (1970)ی ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش ئه‌و دادگایه راسپێردرا بۆ دادگایكردنى تاوانبارانى حكومه‌ته‌كه‌ى قه‌زافى، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى گه‌ڕان به دواى راستیه‌كانى یوگسلافیاو و میانمار كه یه‌كه‌میان له‌ساڵى 1992و ئه‌وه‌ى دووه‌میان له ساڵى 2017 دامه‌زرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و بنكۆڵكارى له ئه‌گه‌رى روودانى تاوانى جینۆساید و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژه‌مرۆڤایه‌تى، دوو به ناوبانگترینى ئه‌و ده‌ستانه‌ن، كه یه‌كه‌میان دادگاى یوگسلافیاى له‌سه‌ر دامه‌زراو ئه‌وه‌ى دووه‌میش له دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى و دادگاى دادى نێوده‌وڵه‌تى میانمار درایه دادگا. ئه‌و دوو ده‌سته‌یه‌ى سوریا‌و عێراقیش له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما و وه‌كو بناغه‌یه‌ك بۆ دامه‌زراندنى دادگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى دروستكران. به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ ئه‌م دوو ده‌سته‌یه دانراوه كه‌سى به ناوبانگ و به ئه‌زموونن له بوارى یاساى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى، یه‌كێك له كۆمیسیارهكانى ده‌سته‌كه‌ى سوریا (كارلا دیل پۆنتى) بوو كه له ساڵى 2017 پاش ئه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنى دادگایه‌كى تایبه‌ت به تاوانه‌كانى ئه‌سه‌د و گرووپه چه‌كداره‌كانى تر شكستى هێنا ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه، پۆنتى دادوه‌رێكى سویسرییه‌و پێشتر داواكارى گشتى هه‌ردوو دادگای تایبه‌ت به یوگسلافیاو رواندابوو، سه‌رۆكى ده‌سته‌كه‌ى عێراقیش (كه‌ریم خانى)ى به ره‌چه‌ڵه‌ك پاكستانییه كه شاره‌زاییه‌كى دیارى بوارى یاساى تاوانى نێوده‌وڵه‌تییه.
چه‌كدارانى داعش له ئێستادا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواڤادا به یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و دادگایی ده‌ركرێن و هیچ یه‌كێك له‌و وڵات و هەرێمانە یاسایه‌كى په‌یوه‌نداریان به تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه، رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاودێرى مافه‌كانى مرۆڤ (Human Rights Watch) له راپۆرتێكى 82 لاپهرییدا له ساڵى 2017و له‌ژێرناوى (عه‌داله‌تێكى خهوشدارو دادگایكردنى داعش له عێراق)، هه‌روه‌ها نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكارى عێراق ناسراو به یونامى (UNAMI) له راپۆرتێكى ئه‌مساڵیدا له ژێرناوى (دادگایكردنى داعش له‌به‌ر رۆشنایی یاساكانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر)، هه‌ردوو رێكخراوه‌كه ره‌خنه له‌و شێوه دادگاییه ده‌گرن كه ئێستا به‌رانبه‌ر چهكدارارنى داعش به‌رێوه‌ده‌چێت و به دادگایه‌كى لایه‌ندارو پڕخه‌وش وه‌سفی ده‌كه‌ن و له‌به‌ر نه‌بوونى هیچ یاسایه‌كی ناوخۆ بۆ تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وان داواده‌كه‌ن چه‌كدارانى داعش له‌به‌رده‌م دادگاییه‌كى نێوده‌وڵه‌تیدا دادگایی بكرێت.
بۆ دادگایكردنى تاوانه‌كانى داعش له‌به‌رده‌م دادگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تیدا سێ گریمانە هه‌یه.
گریمانەى یه‌كه‌م دادگایكردنى داعش له‌به‌رده‌م دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ناسراو به (ICC)، گریمانەى دووهه‌م له‌به‌رده‌م دادگایه‌كى تایبه‌ت ناسراو به (Ad Hoc Tribunal)، گریمانەى سێهه‌م له‌به‌رده‌م دادگایه‌كى تێكه‌ڵ ناسراو به (Hybrid Court)، هه‌ر یه‌كێك له‌و دادگایانه پرۆسه‌و رێساى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه.
گریمانەى یه‌كه‌م: دادگایكردنى داعش له‌به‌رده‌م دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تیدا
(ICC)
ئه‌م دادگایه له ساڵى 1998 دامه‌زراوه‌و له ئێستادا تاكه دادگای هه‌میشه‌یی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ دادگایكردنى تاوانه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، دادگاكه كۆمه‌ڵیك تایبهتمهدى و رێساى هه‌یه بۆ دادگایكردنى تۆمه‌تباران، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: ده‌بێت تۆمه‌تباره‌كه یان تۆمه‌تباره‌كان یه‌كێك له تاوانه‌كانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ئه‌نجامدابێت ئه‌وانیش به پێى ماده‌ى پێنجى یاساكه چوار تاوانه (تاوانى جینۆساید، تاوانى دژه مرۆڤایه‌تى، تاوانى جه‌نگ و تاوانى شه‌ڕه‌نگێزى) كه داعش سێ تاوانى له‌و تاوانانه ئه‌نجامداوه‌و (Subject Matter Jurisdiction)ى ئه‌م دادگایه بۆ تاوانه‌كانى داعش كێشه‌ى یاسایی نییه‌و به ته‌واوى ده‌یگرێته‌وه.
دووه‌م: ده‌بێت تاوانه‌كان له دواى به‌روارى بهركاربوونى یاساى دادگاكه‌وه ئهنجامرابێت كه به‌روارى 1-7-2002ه، لێره‌شدا (Temporal Matter Jurisdiction)ى دادگاكه تاوانه‌كانى داعش ده‌گرێته‌وه.
سێهه‌م: ده‌بێت تاوانه‌كان له‌سه‌ر خاكى یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كانى ئه‌م دادگایه، یان دژى یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كان یان یه‌كێك له هاوڵاتیانى ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كان ئه‌نجامیاندابێت، كه ئه‌مه كێشه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى دادگایكردنى داعشه له‌به‌رده‌م ئه‌م دادگایه‌دا، چونكه هیچ یه‌كێك له عێراق و سوریا كه داعش تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه ئه‌ندامى ئه‌م دادگایه نین، هه‌ر بۆیه دادگاكه ناتوانێت سه‌ربه‌خۆیانه لێكۆڵینه‌وه له‌و تاوانانه له عێراق و سوریادا بكات، ئه‌مه كۆتایی چیرۆكه‌كه نییه، به‌ڵكو به پێى یاساى ئه‌م دادگایه، له حاڵه‌تى ئه‌ندام نه‌بوونى ده‌وڵه‌تێك ئه‌وا دوو رێگاى تر هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش به پێى به‌ندى حه‌وتى په‌یره‌وى نهتهوهیهگكرتووهكان ده‌توانێت داوا له دادگاكه بكات (سه‌ره‌ڕاى ئه‌ندام نه‌بوونى ده‌وڵه‌ت له‌م دادگایه) پرۆسه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایكردن له ده‌وڵه‌تێكى دیاریكراودا ده‌ست پێ بكات، وه‌كوو ئه‌وه‌ى له ساڵى 2005 له سودان دژى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى عوومه‌ر به‌شیر و ساڵى 2011 له لیبیا دژى حكوتهكهى موعه‌مه‌ر قه‌زافى بینرا، كه هیچ یه‌كێك له‌و دوو ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامى دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بوون و نین، لێره‌دا بابه‌ته‌كه ده‌چێته ناو ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش و به ده‌نگدان یه‌كلاده‌بێته‌وه كه ده‌بێت له كۆى پانزه ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش نۆ ئه‌ندام به به‌ڵێ ده‌نگبدات و له ناویاندا نابێت هیچ ئه‌ندامێكى هه‌میشه‌یی مافى ڤیتۆ به‌رانبه‌ر پرۆژه بڕیاره‌كه به‌كاربهێنیت، له‌م حاڵه‌تدا له ترسى تێوه‌گلانى زیاترى لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كان و ئه‌گه‌رى تێوه‌گلانى حكومه‌ته‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د، رووسیاو چین ڤیتۆى هه‌موو جۆره هه‌وڵێكى له‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك له به‌كارهێنانى ڤیتۆى ئه‌م دوو زلهێزه بینرا بۆ پرۆژه بڕیاره‌كه‌ى فه‌ره‌نسا كه له ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش له ساڵى 2014 بۆ دادگایكردنى حكومه‌ته‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د له‌م دادگایه، هه‌تا ئێستا چوارده جار ئه‌و دوو زلهێزه مافى ڤیتۆیان له به‌رژه‌وه‌ندى به‌شار ئه‌سه‌د به‌كارهێناوه‌و به دڵنیاییه‌وه له داهاتووشدا ڤیتۆى هه‌ر هه‌وڵێكى تری له‌و چه‌شنه‌ش ده‌كه‌ن، رێگاى دووه‌م ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌ته‌كه (ده‌وڵه‌تى نا ئه‌ندام له‌م دادگایه) خۆى داوا له دادگاكه بكات پرۆسه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایكردن له تاوانه نێودهوڵهتهكانى سه‌ر خاكه‌كه‌ى ئه‌نجامبدات، هه‌روه‌ك ده‌وڵه‌تى ئۆكرانیا له ساڵى 2014 داواى له دادگاكه كرد لێكۆلێنه‌وه له تاوانى دژه‌مرۆڤایه‌تى له‌كاتى سه‌ركوتكردنى خرپیشاندانهكانى (مه‌یدان)ى شارى كیفى پایته‌خت ئه‌نجامدات، لێره‌دا ده‌بێت عێراق یان سوریا وه‌كو ده‌وڵه‌تى خاوه‌ن سه‌روه‌رى داوا له دادگاكه بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه بۆ تاوانه‌كانى داعش له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكى دووره.
ته‌نها رێگایه‌ك بۆ دادگاییكردنى داعش له‌به‌رده‌م دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تیدا كه وه‌كو هیوایه‌ك مابووه‌وه ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و هه‌زاران چه‌كداره بیانیانهى ناو داعش بوون كه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه هاتبوون كه ئه‌ندامى ئه‌م دادگایه‌ن، هه‌وڵێكى زۆردرا له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌وه كه‌یسى داعش ببرێته به‌رده‌م دادگاكه، به‌ڵام خانمه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك گامبی خاتوو (فه‌توه بن سه‌وده) كه دواكارى گشتى دادگاكه‌یه له ساڵى 2015 له راگه‌ینراوێكدا به‌یانى ئه‌وه‌یكرد ئه‌و كه‌سانه‌ى بیانین و چه‌كدارى داعشن و تاوانیان ئه‌نجامداوه له كه‌سه پله‌دارو پله باڵاكانى داعش نین، به‌ڵكو ته‌نها چه‌كدارى ئاساین و به پێى بنه‌ماى ته‌واوكارى دادگاكه‌ش (Principle of Complementarity) به‌رپرسیارێتى یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كان، ئه‌وان خۆیان دادگایی چه‌كداره ئاساییه‌كانى داعش له وڵاتى خۆیان بكه‌ن و له ئه‌گه‌رى بهرێوهنهچوونى ئه‌و دادگاییه‌دا ئه‌وا دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى پرۆسه‌كانى لێكۆلینه‌وه‌و دادگایی ده‌ستپێده‌كات.
گریمانەى دووه‌م: دادگایكردنى داعش له‌به‌رده‌م دادگایه‌كى تایبه‌ت
(Ad Hoc Tribunal)
له ناوڕاستى ساڵى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى بیستدا بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى دادگایه‌كى تاوانى نێودەوڵەتى تایبەتمەند بۆ دادگاییكردنى تۆمه‌تبارانى تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ببووه جێگاى گفتوگۆى ناوه‌نده ئه‌كادیمى و سیاسیه‌كانیش، چونكه له دواى دادگاى (نۆرمبێرگ)ه‌وه كه له دواى كۆتای هاتنى جه‌نگى جیهانى دووه‌م کە هێزى هاوپه‌یمانان وه‌كوو براوه‌ى جه‌نگ دایانمه‌زراند بۆ ددگایكردنى تاوانبارانى به‌ره‌ى شكستخواردوو (نازى)؛ هیچ جۆره دادگایه‌كى له‌و چه‌شنه دانه‌مه‌زرابوو سه‌ره‌ڕاى زۆرى ڕوودانى تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بوونى یاساى پێویست به قه‌ده‌غه‌كردنى ئه‌و تاوانانه وه‌كوو رێكهوتنامهكانى جنێڤى ساڵى 1949 و په‌یمانامه‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى تاوانى جینۆسایدى ساڵى 1948.
میكانیزمى جێبه‌جێكردنى یاساكانى تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌تا ساڵى 1993 بوونى نه‌بوو، وه‌كوو وه‌ڵامێك بۆ دادگاییكردنى تاوانبارانى جه‌نگى ناوخۆیى یوگسلافیاى پێشوو كه بووه هۆى پێكدادانى سه‌ربازى له نێوان نه‌ته‌وه‌و دینه جیاوازه‌كان و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژه‌مرۆڤایه‌تى و تاوانى جینۆسایدی تێدا روویدا، هه‌روه‌ها له ساڵى 1994 له رواندا كه (هووتوو)ه‌كان هەڵمەتێکى سه‌د رۆژه‌یان دژى (تووتسى)یه‌كان ئه‌نجامداو له ده‌رئه‌نجامدا نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن هاوڵاتى (تووتسى)یان كوشت؛ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش به بریارى ژماره 827ی ساڵى 1993 دادگاى یوگسلافیاو به بڕیارى ژماره 955ی ساڵى 1994 دادگاى روانداى دامه‌زراند و تۆمه‌تبارانى تاوانه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى تێدا دادگاییكرا.
بۆ دادگاییكردنى داعش هه‌وڵى زۆردرا بۆ دامه‌زراندنى ئه‌م جۆره له دادگا، چونكه ده‌توانرێت یاساكانى به پێى جۆرى تاوانه‌كان و ناسنامه‌ى هاوڵاتیبوونى تۆمه‌تباره‌كان و به پێى سیستمى یاسایی ناوچه‌كه بگونجێنریت و پله‌دارو به‌رپرسه یه‌كه‌مه‌كان له‌م دادگاییه و پله مامناوه‌ند و بچووكه‌كانیش ره‌وانه‌ى دادگا ناوخۆییه‌كان بكرێت بۆ دادگایكردن، هۆڵه‌نداو فه‌ره‌نسا به‌جیا پرۆژه‌ى دامه‌زراندنى دادگای تایبه‌ت به داعشیان پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش كرد به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له كۆكردنه‌وه‌ى پشتگیرى پێویست، كێشه‌ى سه‌ره‌كى بۆ دامه‌زراندنى دادگایه‌كى له‌م چه‌شنه، دووباره پێویستى به‌ده‌نگى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش هه‌یه، كه ره‌نگه له‌م كاته‌دا هه‌ر هه‌وڵێك له ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش به ڤیتۆى چین و روسیا شكست بهێنێت له‌به‌ر هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌ى پێشوو.
گریمانەى سێهەم: دادگایكردنى داعش له‌به‌رده‌م دادگایه‌كى تێكه‌ڵ
(Hybrid Court)
میژووى ئه‌م جۆره دادگایه نوێیه‌و یه‌كه‌م دادگا دادگاى (SCSL) له ساڵى 2002 له وڵاتى سیرالیۆن به پێى رێكه‌وتنێكى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تى سیرالیۆن دامه‌زرا بۆ دادگایكردنى (چارلس ته‌یله‌ر) سه‌رۆكى لیبریاو سیانزه كاربه‌ده‌ستى تر‌ى پله باڵا، دووه‌م دادگای تێكه‌ڵ دادگاى (ECCC)ه له كه‌مبۆدیا كه له‌ساڵى 2004 به هه‌مان شێوه به پێى رێكه‌وتنێكى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تى كه‌مبۆدیا بۆ دادگایكردنى سه‌رۆكى پێشوترى كه‌مبۆدیا (كمهر رۆگ) بۆ لێكۆلینه‌وه‌و دادگایكردنى ئه‌و تاوانانه‌ى له نێوان ساڵى 1975 بۆ 1979 ئه‌نجامیدابوو، له لوبنانیش پاش تیرۆركردنى (ره‌فیق حه‌ریرى) له ساڵى 2005 حكومه‌تى لوبنان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دادگاى (SCL) بۆ دادگایكردنى تۆمه‌تبارانى كرده‌وه تیرۆریستیه‌كه دامه‌زراند و بریار وه‌هابوو دواین بریاڕى دادگاكه له رۆژى حه‌وتى مانگى هه‌شتى ئه‌مساڵ بڵاوبكرێته‌وه به‌ڵام به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى به‌یرووته‌وه دواخرا بۆكاتێكى تر.
له ئێستادا وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌رۆن كه دادگایه‌كى تێكه‌ڵ بۆ دادگایكردنى داعش دابمه‌زرێت، چونكه ئه‌م جۆره دادگایه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له یاساى ناوخۆى وڵات و یاساى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ى دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى كه تۆمه‌تباران ده‌برێنه شارى لاهاى وڵاتى هه‌ڵه‌ندا، له‌م شێوه دادگایه‌دا ده‌كرێت باره‌گاى سه‌ره‌كى دادگاكه له‌و وڵاته بێت كه تاوانه‌كانى تێدا ئه‌نجامدراوه كه ئاسانكارى زۆر بۆ به‌رێوه‌چوونى دادگاییكردنه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها له تێكه‌ڵه‌یه‌كى دادوه‌رى بیانى و ناوخۆى ده‌بێت كه ئه‌مه‌ش تێچووى دادگاكه كه‌مده‌كاته‌وه، بۆیه له كۆبوونه‌وه چرهكانى یونیتاتدا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانى كوردى و عێراقیدا جه‌خت له‌م جۆره دادگاییه ده‌كرێته‌وه، له مانگى حه‌وت و هه‌شتى ئه‌مساڵدا (كه‌ریم خان)ى سه‌رۆكى یونیتاد به‌جیا سه‌ردانى سه‌رۆك كۆمارى عێراق و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌و به پێى راگه‌ینراوى كۆبوونه‌وه‌كان هه‌ردوولا رازیبوون به هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى دادگاى باڵاى تاوانه‌كان له عێراق كه ساڵى 2005 بۆ دادگاییكردنى (سه‌دام حسێن) و هاوه‌ڵه‌كانى دامه‌زرا، به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سروشتى ئه‌م جۆره دادگایه‌دا بگونجێت و پله‌دارو ئه‌میره‌كانى داعش (هه‌ر رهگهزنامهیهكیان هه‌بێت) له دادگایه‌كى وه‌هادا بۆ تاوانه‌كانى جینۆساید و تاوانى دژه‌مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ دادگایی بكرێن و چه‌كداره‌كانى خواره‌وه‌ش ئه‌وانه‌ى هه‌تا ئێستا دادگایی نه‌كراون ره‌وانه‌ى دادگا ناوخۆییه‌كان بكرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌وڵه چڕانه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌یده‌ن به‌ڵام له دواجاردا ده‌كه‌وێته سه‌ر بڕیارى سیاسى عێراق كه ئایا ئاماده‌یه بڕیارێكى له‌م جۆره بدات بۆ دامه‌زراندنى دادگاكه.