پێشەکی
وەک بنەما، هەقی خۆیەتی پرسی جینۆساید و کۆیلایەتی و
جیاکاریی ڕەگەزی، بەجددی وەربگیرێت، تا چیتر لە ڕێگەی بەکۆیلەکردنی خەڵکی ترەوە،
مرۆڤبوونی خۆمان نەخەینە ژێر پرسیارەوە. چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە، دەبێت کەسێتی و
کەرامەتی خۆی هەبێت، نەک ئەوەی هیرارکی و جیاکاری لە نێویاندا برەوی پێ بدرێت.
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) کە لە 2014دا
سەری هەڵدا و بەشێکی بەرچاوی سنوور و خاکی عێراق و سوریای بە دەستەوە بوو، تاوانی
جۆراوجۆریان کردووە. زۆر دەزگا و ڕێکخراوە و دەوڵەتیش، سەرکۆنەی ئەو کارانەی
داعشیان کرد و هەوڵی جۆراوجۆر درا تا لە هەنگاوی یەکەمدا تاوانکارانیان سزا بدرێن
و، لە هەنگاوی دواتریشدا ئاسەواری تاوان و شێواندنەکانیان نەهێڵرێن و دۆخی قوربانی
و ڕزگاربووانی بندەستی داعش ئاسایی بکرێتەوە. لەو نێوەندەدا کۆمسیۆنی مافەکانی
مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی سەروەریی تیرۆر: ژیان لە سایەی داعشدا لە سوریا، بە وردی باسی پێشێلکارییەکانیانی کردووە. لەوانەش
پەلاماردانی خەڵکی سیڤیل، پەلاماردانی منداڵان. لە بەشێکیدا باسی نەهامەتیی مێینە
ئێزدییەکان دەکرێت، کە چۆن داعش و جەنگاوەرانی هەندێکیان وەک کۆیلەی سێکسی
دەفرۆشنەوە و هەندێکی تریشیان لە نشینگەی زۆرەملێدا دەهێڵنەوە بۆ ئەشکەنجەدان و
سێکسی بەزۆر. بەپێی ڕاپۆرتەکە، داعش پێشوازیی لەو تاوانانەی جەنگاوەرانی دەرهەق بە
ئێزدییەکان کردووە و، لاقەکردن و بەکۆیلەکردنی ئەو مێینانەی، بەوەی "کاتێک
کەنیزەکێک منداڵی لە ئاغاکەی دەبێت"، وەک یەکێک لە نیشانەکانی کۆتایی دنیا
لێک داوەتەوە. بەکارهێنانی سێکسی سیستەماتیک، واتە کاتێک یەکێک لە لایەنەکانی
جەنگێک، پەلاماری مێینە و نێرینەی گرووپی بەرامبەر دەدەن و لەو ڕێیەوە هەم
دەیانشکێنن و هەم دەشیانەوێت کۆتایی بە تۆو و بنەچەیان بهێنن، تاوانێکی جەنگە و لە
یاسای نێودەوڵەتییدا سزای بۆ بڕاوەتەوە. داعشیش یەکێک لە مەبەستەکانی پشتەوەی
پەلاماردانی ئێزدییەکان، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا باس کراوە، ئەوەیە: لە ڕێی لاقەکردنی
مێینە ئێزدییەکانەوە ڕێ لە وەچەخستنەوەیان بگرێت. لە لێدوانێکی بان کی موون، سکرتێری گشتیی پێشووی نەتەوە
یەکگرتووەکانیشدا، کاری گرووپە تیرۆریستییەکان، لە نێویشیاندا داعش، خراوە بەر چاو
و بەر باس. موون جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو گرووپانە لەگەڵ ژن و کچاندا وەحشیین و
کەمینەکانیش پاکماڵ دەکەن.
داعش زۆری کردووە، کە پێویستیی بە ڕێکخستن و پۆلێنکردن و
خەمخواردنی سیستەماتیک و شێلگیرانەیە. ئەزموونی تاوانەکانی پێشوو، لەوانەش شاڵاوی
ئەنفال و کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە، جگە لە دەیان و سەدان کەیسی تاکەکەسی کە
کوژراون، بریندار کراون، بێسەروشوێن کراون، پێمان دەڵێن کە دەبێت پەلاماری داعش بۆ
سەر ئێزدییەکانی شینگاڵ و شوێنەکانی تریش، بەهەند بگیرێن و کاری بەکۆمەڵیان بۆ
بکرێت تا ئەو دوو ئامانجەی سەرەوە (سزادانی تاوانکاران و ئاساییکردنەوەی دۆخ و
باری ژیانی ڕزگاربووەکان) بەدیبێت. من لێرەدا، کەیسی بەکۆیلەکردنی ئێزدییەکان باس
دەکەم، بەو پێیەی ڕووماڵکردنی گشت تاوانەکانی داعش، تەنانەت ئەوانەشی دەرهەق بە
ئێزدییەکان کردوونی، ڕووبەرێکی زیاتریان دەوێت و لە ئاستی وەها نووسینێک بەدەرە.
بەکۆیلەکردن لە سیاقی یاسایی عێراقدا
عێراق هەردوو پەیماننامەی کۆیلایەتی (1926) و پەیماننامەی تەواوکاریی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی و
بازرگانیکردن بە کۆیلە و هەر کارێکی تر کە لە کۆیلایەتی بچێت (1956)ی پەسەند کردووە و بەو پێیەش دەبێت پابەندی
حوکمەکانیان بێت. هەروەها هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسیەکان
و پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیشی، پەسەند کردووە. لە
دەستووری 2005(مادەی 37، بڕگەی 3)دا هەموو جۆرەکانی کاری زۆرەملێ (بێگاری)،
کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان و
بازرگانیکردن بۆ مەبەستی سێکسی (لەشفرۆشی)، قەدەغە کراون.
لە یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969(مادەی 13)دا، هەر
کەسێک ئەگەر لە دەرەوەش بازرگانیی بە ژن و منداڵ و کۆیلەوە بکات، بەڵام لە عێراقدا
دەستبەسەر بکرێت، حوکمەکانی یاساکەی بەسەردا دەچەسپێت. بەپێی هەمان یاسا هەر
فەرمانبەرێک بە زۆر کار بە کەسێکی تر بکات بەدەر لەو حاڵەتانەی یاسا بۆ
بەرژەوەندیی گشتی بڕیاری لێ داون، سزا دەدرێت(مادەی 325). ئەگەر هاوسەرگیریی لەگەل
ژنێک، بەهۆی یەکێک لە هۆکارە شەرعی یان یاساییەکان پووچەڵ بێت، پیاوەکەش بزانێت
پووچەڵە و هەر لەسەریشی سوور بێت، تاوانە. ئەگەر ئەو زانیارییانە لە ژنەکەش
بشارێتەوە، سزاکەی توندتر دەبێت(مادەی 376). هەر مێردێک هانی ژنەکەی بدات بۆ زینا
و ئەویش لەسەر ئەو هاندانە وەها کارێک بکات، مێردەکە سزا دەدرێت(مادەی 380).
هەروەها سێکسکردن لەگەڵ مەحرەمی خۆ، تاوانە، تەنانەت ئەگەر تەمەنی یاساییشی تەواوکردبێت
و بە کارەکەش ڕازی بێت(مادەی 385). هەڵنانی منداڵ بۆ سواڵکردن، تاوانە(مادەی 392).
ئیستیغلالی سێکسی، تاوانە؛ ئەگەر قوربانییەکەش منداڵ یان ژن بێت و بەو هۆیەوە سکی
پڕ بێت، ئەوە سزاکەی قورستر دەبێت(مادەی 393، بڕگەی 2). مادەکانی دواتری یاساکەش
(تا مادەی 438) کە تایبەتن بە پاراستنی ئەخلاقی گشتی و ژیان و سەلامەتیی
هاووڵاتییان، بەشێکن لەو سیستەمی بەرگرییە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە عێراق زنجیرەیەک یاسای تر
دەرچووێنراون، کە خزمەتی هەمان ئامانج دەکەن. لەوانەش یاسای بانکی چاو ژمارە 113ی
ساڵی 1970؛ یاسای چاندنی گورچیلە ژمارە 60ی ساڵی 1981 بەمەبەستی ڕێکخستنی چۆنێتیی
مامەڵەکردن بە ئەندامانی جەستەوە؛ یاسای چاودێریی ناکامان ژمارە 78ی ساڵی 1980؛
یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە 76ی ساڵی 1983، بەمەبەستی پاراستنی ناکام و
نەوجەوان لە هەموو جۆرەکانی ئیستیغلال و لادان؛ پەسەندکردنی پەیماننامەی
قەدەغەکردنی تاوانی ڕێکخراو لە 2007 و پرۆتۆکۆلەکەی، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی
بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان؛ پەسەندکردنی پەیماننامەی
نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی؛ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی کاری
هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوەی کۆچی نێودەوڵەتی لە 2011دا، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی
بەرنامەیەکی هاریکاری لە بوارەکانی کۆچ و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە؛ پەسەندکردنی
پەیماننامەی تایبەت بە قەدەغەکردنی بەبارمتەگرتنی خەڵک لە 2012دا؛ لەگەڵ
دەرچوواندنی یاسای نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە ژمارە 28ی ساڵی 2012.
بەپێی ئەم یاسایەی دوایی، لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بە ناوی "لیژنەی
ناوەندیی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە" پێکدەهێنرێت. هاوکات لە هەر
هەرێم و پارێزگایەکیش، لیژنەیەکی ناوچەیی بە سەرۆکایەتیی پارێزگار و ئەندامێتیی
وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تریش، دروست دەکرێت و لەگەڵ لیژنەی
ناوەندیدا کۆدەبنەوە و تاووتوێ دەکەن، کە چۆن بە باشترین شێوە یاساکە جێبەجێ بکەن.
ئەم یاسایە بەگشتی لە یاسایەکی پێشکەوتوو دەچێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم، جگە لە عێراقی، حسابی بۆ غەیرە عێراقییش کردووە و
ڕێوشوێنی پاراستنی بۆ داناون (مادەی 11).
دووەم، حسابی بۆ تەکنۆلۆجیا و تۆڕی پەیوەندییە
دیجیتاڵییەکانیش کردووە و سزای بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە، کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە
وەها کارێک دەکەن (مادەی 7).
سێیەم، حسابی بۆ تەمەنی قوربانییەکە نەکردووە و ڕەزامەندیی
بە هیچ شێوەیەک بەهەند نەگرتووە (مادەی 10)، واتە گەورە و منداڵ بە هەمان شێوە
پارێزراون.
چوارەم، ئەگەر کاری بەکۆیلەکردنەکە ببێتە هۆی مردنی
قوربانییەکە، بەبێ گوێدانە تەمەن یان جێندەری، سزاکەی لەسێدارەدان دەبێت (مادەی
8).
بەوەش دەردەکەوێت، کە یاسادانەری عێراقی لە پرسی نەهێشتن
و سزادانی تاوانی بەکۆیلەکردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤدا، جددییە و هەنگاوی چاکی
هاوێشتووە. هێندەی پێی کراوە، دەرکەوتە و جۆرە جیاوازەکانی کۆیلایەتیی ڕووماڵ
کردووە و ڕێکخستووە. بەڵام خاڵێکی لاوازی زەق لە سیستەمی یاسایی عێراقیدا هەیە،
ئەویش هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسییە، بە جۆریک، کە هەر مەزەبە و یاسای
تایبەت بە خۆی پێڕەو بکات. وەها یاسایەک جگە لە پەرتەوازەکردنی زیاتری پێکهاتە
ئاینییەکانی عێراق، قوربانیی یەکەمیش تێیدا ژنان و کچان دەبن، بەو پێیەی بواری
مامەڵە پێوەکردن و پێشێلکردنی مافەکانیان و زەوتکردنی ئازادییان، فراوانتر دەکات.
کۆیلایەتی لە واقیعی عێراقدا
سەرباری هەر تێبینییەک لەسەر ئاستی یاسا و پێڕەوەکان،
هێشتا واقیع شتی ترمان پێ دەڵێت. بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، عێراق لە ڕیزی پێشەوەی
وڵاتانی جیهان و عەرەبییشە لە ڕووی زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەی بەکۆیلە کراون و
بازرگانییان پێوە دەکرێت، بەتایبەتیش بۆ مەبەستی سێکسی. لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2016دا، کە لە لایەن چەند خانە و دەزگایەکەوە
ئامادە کراوە، لەوانەش خانەی وۆڵک فری(Walk Free)، ئاماژە بەوە
کراوە، کە زیاتر لە 40 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا، بەکۆیلە کراون یان وەک
کۆیلە دەژین. ڕاپۆرتەکە ئەو حاڵەتانەشی وەک کۆیلایەتیی نوێ (modern slavery) ناساندووە. لەو ژمارەیەش نزیکەی 25 ملیۆن کەس کاری زۆرەملێ دەکەن
و 15 ملیۆنیش بەزۆر هاوسەرگیرییان پێ کراوە. لە ڕووی جێندەریشەوە، ژنان زیاتر لە
پیاوان بەکۆیلە کراون (71% ژن و 29% پیاو). هەروەها 99%ی ئەوانەی لە ڕووی
سێکسییەوە ئیستیغلال کراون، 84%ی ئەوانەی بەزۆر هاوسەرگیرییان پێ کراوە، 59%ی
ئەوانەشی کاری زۆرەملێیان پێ کراوە، ژنانن. لە ڕووی تەمەنیشەوە، زۆرینەی
قوربانییەکان منداڵن. لە ڕووی شوێنیشەوە، زۆربەیان دانیشتووی ئاسیان.
لە عێراقیشدا، زیاتر لە 400 هەزار بەکۆیلەکراو هەن (کە
دەکاتە 1.13%ی کۆی ژمارەی دانیشتووان). هەرێمی کوردستانیش لەو ژمارەیەدا پشکی خۆی
هەیە، ئەوەش بەهۆی شەڕەکانی داعشەوە، کە تێیدا چەندان شاری گەورە کەوتنە دەست ئەو
گرووپە و لەوێشەوە جگە لە کوشتن و بەکۆیلەکردن، خەڵکانێکی زۆریان بردە ڕیزەکانی
خۆیانەوە. لە هەرێمی کوردستاندا دیارترین گرووپە بەرکەوتووەکانیش، وەک لە ڕاپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم و ڕێکخراوەی
دۆکیومێنتاریی ئێزدیی لە 2016دا هاتووە، زیاتر لە 3700 ژن و پیاو و منداڵی
ئێزدیین، کە داعش لە 2014ەوە ڕفاندوونی. هەروەها کرێکارە بیانییەکانیش، بەتایبەتی
ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتوون، کە ئەوانیش چەندان جار هەوڵی ڕفاندن و
بازرگانی پێوەکردنیان دراوە. ئەو ئێزدییانەشی داعش ڕفاندنی، هەموو جۆرەکانی
کۆیلایەتی و کۆیلایەتیی نوێیان بەسەردا سەپێنراوە؛ هەر لە بردنی منداڵ، کارکردنی زۆرەملێوە
بیگرە، تە دەگاتە ئیستیغلالی سێکسیی ژنان و کچان، بازرگانی پێوەکردن و هاوسەرگیریی
بەزۆر لەگەڵیان.
دادگاییکردنی داعش
عێراق ئەندامی نیزامی ڕۆمای تایبەت بە دادگای تاوانی
نێودەوڵەتی (1998) نیە، واژۆی نەکردووە و پێوەی پابەند نیە. ئەوەش وا دەکات ئەگەری
دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی،
کەم یان سفر بێت. هێندەی هەیە و وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو بۆشاییە، عێراق لە دوای
2003وە نەریتێکی تایبەت بە خۆی داهێنا، ئەویش دادگاییکردنی تاوانە گەورەکانە لە
ڕێی دادگای باڵای تاوانەکانەوە، کە لە ئەزموونی یەکەمیدا تۆمەتبارانی ڕژێمی بەعسی
دادگایی کرد و سزا دا (سەدام و عەلی کیمیایی بە لەسێدارەدان و هەندێکی تریش بە
زیندانیکردن). ئەو نەریتەش پەیوەندیی بە ئەمەریکییەکانەوە هەیە، کە پاش جەنگی
جیهانیی دووەم ئەزموونی هەردوو دادگای نۆرێمبێرگ (تایبەت بە تۆمەتبارانی ڕژێمی
نازییەکانی ئەڵمانیا) و دادگای تۆکیۆ (تایبەت بە تۆمەتبارانی شانشینی یابان)ی
هەیە. ئەو دادگایانەش لە سەردەم و سیاقێکدا بوون، دادگایەکی تاوانی نێودەوڵەتی
نەبوو، نیزام، پەیماننامە یان یاسایەکی وەک ئەوەی ڕۆما نەبوو، بکرێت لە ڕێیەوە تۆمەتبارانی
تاوانە گەورەکان، کە ئێستە پێیان دەوترێت تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دادگایی بکات.
ئێستە وەها پەیماننامە و دادگایەک هەن، بەڵام عێراقی تێدا نیە.
بەگشتی وا دەبینرێت، کە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی و بگرە ناوخۆییش، مەیلیان لە دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی تاوانەکانی
داعش بێت. بۆ نموونە، لە پێشهاتێکی نوێدا دادگای باڵای فرانکفۆرت، ئەڵمانیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، بە تۆمەتی
پەیوەندیی بە داعش و کوشتنی کیژۆڵەیەکی ئێزدی لە عێراق، دەستی کرد بە دادگاییکردنی
پیاوێکی عێراقی و هاوسەرەکەی. لەسەر ئاستی ناوچەیی و ناوخۆییش، چەند مانگێکە هەم
لە سوریا و ڕۆژاڤا، هەم لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، جۆرێک ئامادەکاریی بەو
ئاقارەدا سەر پێ کەوتووە. ئەوەتا لە ڕۆژاڤا، هۆڵ دروست دەکرێت و هەنگاو بۆ دەستکردن بە پرۆسەی
دادگایی و دادبینی دەنرێت. عێراقیش پرۆژە یاسا ئامادە دەکات و لە ئەنجوومەنی
نوێنەراندا دەخوێنرێتەوە. هەرێمی کوردستانیش، وەک ئەوەی لە زاری بەرپرس و
وتەبێژەکانەوە دەیبیستین، بەنیازە بەشداریی کارای لەو پرۆسەیەدا هەبێت. ئەوەش
کارێکی ڕەوا و بگرە پێویستیشە، چونکە کورد، بەتایبەتیش ئێزدییەکان، زیانمەند بوون
و مافی خۆیانە بە هەموو جۆرێک قەرەبوو بکرێنەوە. جگە لەوەش، گرنگە هەمان هەڵە
یاسایی و تەکنیکییەکانی سەردەمی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕژێمی بەعس لەسەر دۆسیەی
کیمیاییبارانی هەڵەبجە و شاڵاوی ئەنفال، دووبارە نەکرێنەوە، وەک ئەوەی نەیانتوانی
تەنانەت ستافێکی باش بۆ وەرگێڕانی کوردی بۆ عەرەبی و بەپێچەوانەشەوە، دابین بکەن. ڕاستە
گرنگە تاوانکارانی داعش دادگایی بکرێن و بیر لە بەجێهێنانی دادپەروەریی بکرێتەوە،
بەڵام وەک نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق، جەختی لێ دەکاتەوە، دواجار لەسەرخۆیی و
وردبوونەوە لە هەمووی گرنگترن، تا هەمووان (هەم تاوانلێکراو و هەم تاوانکاریش)
مافی خۆیان وەربگرنەوە و دادگاییەکان بە ڕێچکەی "هەڵەشەیی" و
"هەڵەکردن"دا نەبرێن. ئەمانەش کۆمەڵێک ترسن، کە بنچینە و پێشخانی
ڕەوایان هەیە، چونکە زیاد لە جارێک دادگایی خێرا و ماوەکورتمان لە عێراقدا دیوە،
کە زیاتر بۆ مەبەستی تۆڵەکردنەوە و لەناوبردنی سیاسی بەگەڕخراون، نەک بیرکردنەوە
لە پرسی داد و دادپەروەری. لە هەنگاوی یەکەمدا، بەگشتی جۆرێک ئامادەباشی دەبینرێت.
بە وتەی حکومەتی هەرێم بێت، ژمارەیەکی بەرچاو (2400) کەیسی ڕفێنراوان ئامادە
کراون و چاوەڕوانن تا ناوەڕاستی ساڵی 2021 کە بڕیارە دادگاییکردنی داعش دەست پێ
بکات، کەیسەکانی تریش ئامادە بکەن. زۆرینەی کەیسەکانیش، بێگومان، ڕفێنراو و
بەکۆیلەکراو(فرۆشراو)ە ئێزدییەکانن، کە ژمارەیان لە 3000 زیاترە. کورد زیانی
جۆراوجۆری لە جەنگی دژ بە داعشەوە لێ کەوتووە، بەڵام دەکرێت بڵێین زەقترین و
گەورەترینی کەیسەکان، تاوانەکانی دەرهەق بە ئێزدییەکانە.
هەنگاوی یەکەمی دادگاییکردنی داعش بە بڕیاری 2379ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەستی پێ کرد. لەو
بڕیارەدا داوا لە سکرتێری گشتی کراوە، کۆمسیۆنێکی تایبەت بە لێوەکۆڵین و کۆکردنەوەی
بەڵگە لە پێشێلکارییەکانی داعش لە عێراق، پێک بهێنێت. بەپێی بڕیارەکە، کۆمسیۆنەکە
"سەربەخۆ و بێ لایەن دەبێت"، "هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هەوڵەکانی
ناوخۆ بەو ئاقارەدا، دەکات" و "ڕێزی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقیش دەگرێت".
کۆمسیۆنەکە پێکهێنرا و لە ئێستادا سەرقاڵی کارەکانیانن. ئەنجوومەنی نوێنەرانی
عێراقیش، پێش چەند هەفتەیەک بۆ یەکەمین جار، ڕەشنووسی هەموارکردنی یاسای دادگای
باڵای تاوانەکانی عێراقی خوێندەوە. عێراق پشت بە یاسای دادگای باڵای تاوانەکان ژمارە 10ی ساڵی 2005 دەبەستێت. لەو یاسایەدا (مادەکانی 11، 12، 13، 14) جۆری
تاوانەکان، کە دادگاکە دەتوانێت دۆسیەکانیان ببینێت، دیاری کراوە. ئەو تاوانانەش
بریتیین لە تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و هەندێکی تریش.
بۆ سێ جۆری یەکەم، لە ڕووی پێناسە و دیاریکردنی خەسڵەتە
گرنگ و جەوهەرییەکانی تاوانەکانەوە، پشتی بە یاسای نێودەوڵەتی بەستووە، بەتایبەت
پەیماننامەی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید (1948) و پەیماننامەکانی ژنێڤ
(1949). بەپێی پرۆژەی هەموارکردنی یاساکەش، "تاوانەکانی داعش" کە دەشێت
"جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بن" خراونەتە لیستی ئەو
تاوانانەوە کە دەکەونە چوارچێوەی تایبەتمەندیی یاسایی دادگاکەوە. بەکۆیلەکردن و
لاقەکردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کوشتنی بەکۆمەڵ و بەزۆر وەدەرنان و سەرنوقمکردن،
دیارترین تاوانەکانی داعشن. ئەوانەش دەشێت تاوانی جینۆساید، تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی و یانیش تاوانی جەنگ بن. ئەمانەش لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێگەی تایبەتیان
هەیە و سیستەمێکی تایبەتیان بۆ چێ کراوە. کەچی هێشتا لە عێراقدا وەک پرسێکی
ناوخۆیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەک هەر تاوانێکی تری ناوخۆیی کە کەسێک دژی
کەسێکی تر دەیانکات. ڕەنگە لە هەندێک وردەکاریدا مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا بکرێت،
بەڵام ئەنجامگیریی کۆتایی و بێ گومان ئەوەیە، عێراق وەک تاوانی ناوخۆیی سەیریان
دەکات. وەک پێشتریش بینیومانە، دواجار عێراق، وەک لە پرۆژەی هەموارکردنەوەکەشدا
جەختی لێ کراوەتەوە، یاسای سزادان (ژمارە 111ی ساڵی 1969) و یاسا سزاییەکانی تر،
لەوانەش یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جێبەجێ دەکات. ئەو یاسایانەش سزای بەندکردن
و زیندانیکردنی هەتا هەتایی و زیندانیکردنی تا مردن و لەسێدارەدانیشیان تێدایە.
ئەنجام
کەیسی ئێزدییەکان شایەنی ئاوڕلێدانەوەی زیاترە، لەبەر
ئەوەی لە چەند ئاستێکدا مافەکانی تێدا پێشێل کراوە، هەم وەک تاکەکەس، هەمیش وەک
گرووپ و کەمینەیەکی ئاینی. بەوەش ڕەگەزی چەند تاوانێکی تێدا پەنهانە، لە جینۆسایدەوە
تا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییش. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی دەستەی سەربەخۆی
مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، ڕفاندن و ڕاگواستنی زۆرەملێ؛ هاوسەرگیری و سێکسی
زۆرەملێ؛ کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان؛ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، چ لە ناوەوەی
عێراق و چ لە دەرەوەش (سوریا)؛ ئیستیغلالی سێکسی؛ بێگاری و کاری زۆرەملێ، گرنگترین
ڕەگەز یان پێکهێنەرەکانی تاوانی بەکۆیلەکردن و بازرگانیکردنن بە مرۆڤەوە لە کەیسی
ئێزدییەکاندا ڕوویاندابێت. دەکرێت هەموو ئەم تاوانانەش لە دەستەواژەیەکدا کورت
بکەینەوە، ئەویش "زەوتکردنی ئازادی"ی کەسەکانە. لەکاتی وەها مامەڵە و
لێکدانەوەیەکدا بۆ مرۆڤەکان، پێش هەموو شتێک ویستی ئازادیان داگیر دەکرێت و لەوە
دەخرێن، کە کەس و کەسێتی بن، بەڵکو زیاتر وەک شمەکێک سەیر
دەکرێن، کە وەک هەر شمەکێکی تر ئاساییە بجووڵێنرێن و بازرگانییان پێوە بکرێت.
کەیسی ئێزدییەکان لەکاتێکدا ڕوودەدات، کە پێمان ناوەتە هەزارەی سێیەمی دوای
زایینەوە، دەیان ساڵە (لە پاش دووەمین جەنگی جیهانییەوە) هەوڵی چڕ بۆ گەڕاندنەوەی
شکۆ و کەرامەت بۆ مرۆڤەکان بەردەوامە، بەڵام بە حوکمی ئایدیۆلۆجیای گرووپی
باڵادەست (داعش)، کوشتن و لاقەکردن و بازرگانیکردن بە ئێزدییەکانەوە (وەک کەمینەی
لاواز یان ژێردەستە) دەبێتە شتێکی ئاسایی و ڕەوا. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە
کۆیلایەتی، وەک زۆریکی تر لە پرسەکانی پەیوەست بە مرۆڤ و مافەکانییەوە، پرسێکی
زەینی و ئایدیۆلۆجییشە. دەبێت لە ڕیشەوە دەست بۆ هۆکارەکانی بەکۆیلەکردن لە
سەردەمی نوێدا، ببرێت و لە ڕەهەندە جیاواز و فرەکانییەوە هەڵبسەنگێنرێت؛ ئابووری،
سیاسی، ئایدیۆلۆجی، کۆمەڵایەتی.
گرنگە کورد و حکومەتی هەرێم، گرنگیی زۆر بە ئەرشیڤکردن
بدەن: ئەرشیڤ و ئەرشیڤ و ئەرشیڤ. پێشتر و لە چەندان بۆنەدا، حکومەتی هەرێم نەرمیی
نواندووە و کەمتەرخەم بووە لەوەی لە بایەخی ئەرشیڤ تێبگات و بەهەندی بگرێت. دەبێت
ئەم کەیسانە بچووک سەیر و مامەڵە نەکرێن، گرنگە هەرچی زیاترە بە ئاگایی و بایەخ و
سەرنجی وردەوە ئەرشیڤ بکرێن، بەڵگەکان کۆبکرێنەوە و لەگەڵ کەسانی زمانزان و
پسپۆڕدا تاووتوێ بکرێن، پارێزەری لێهاتوو بۆ ڕزگاربووان و مافخوراوان دابین بکرێت،
تا کەمترین هەل بۆ دووبارەبوونەوەی وەها ڕووداو و مەرگەساتێک، جێبهێڵرێت.
ئایا دادگاییکردنی تاوانکارانی داعش و سزادانیان، دەبنە
ڕێگر لە دووبارەبوونەوەی وەها تاوانەیلێک؟ ئایا دەتوانین خۆمان لە هەمان هەڵەی
مامەڵەکردنمان لەگەڵ کەیسی بەعسیزم و بەعسییەکان بپارێزین، بەوەی تەنیا بایەخمان
بە گۆڕینی ڕووخسارەکان دا، لەبری گۆڕینی بیرکردنەوە و زەینییەتی دەسەڵاتداری و
بەڕێوەبردن؟ ئایا کەیسی ئێزدییەکان، بەراورد بەو وەحشییەتە زۆر و گەورەیەی دژیان
پێڕەو کراوە، وا دەکات جارێکی تر بیر لە چەمکی دیموکراسی و دەلالەتەکانی بکەینەوە؟
نازانم، دڵنیا نیم، بگرە گومانم هەن. ویستی دەسەڵاتدارانی ئێستا، چ لە بەغدا و چ
لە هەولێر، هێندە سەرپێیی بیر لە شتەکان دەکەنەوە، ڕێگە بۆ پشکنینی وردی دیاردە و
پێشهاتەکان خۆش ناکەن. ئەگینا بە هەموو پێوەرێک، پرسی داعش و توندڕەویی ئاینی و
ئەو لێشاوەی تاوانی گەورە و نێودەوڵەتی، لە بنەوە پەیوەستە بە پرسگەلێکی وەک
حوکمڕانیی باش، دەوڵەتی یاسا، دەوڵەتی ماف، دیموکراسی و هتد. گەر دادگایی تەنیا لە
ئاستی سزادانی کۆمەڵێک "تاکەکەس"دا بمێنێتەوە و نەپەڕێتەوە بۆ
دادگاییکردنی "تەرزی بیرکردنەوە"ی ئەو کەسانە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەو
دیاردە و تاوانانە هەر دەمێنن.