سەرتاوتار و شیکاری

دەسکەوتە یاساییەکانی دادگەی لاهای لە دۆسیەی فرانس ڤان ئانرات دا

دادگەی شاری لاهای لە وڵاتی هۆلەند لە رۆژی 18 مانگی ئاڤریلی 2005 دەستی کرد بەدواداچون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی خۆی سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە خرابوونە پاڵ کەسێک بە ناوی "فرانس ڤان ئانرات" کە گوایە ناوبراو لە تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆساید گلاوە لە مەودای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دا. لە کۆتایی دا پاش داگایی کردنی ناوبراو و سەلماندنی تاوانەکانی لە بەڕواری 23 دێسەمبری 2005 رێکەوت لە گەڵ 2 بەفرانباری 1384 کۆچی بە هۆی دابین کردنی مادە و ماکی خاو و سەرەتایی بۆ سازکردنی بۆمبی کیمیاوی لە لایەن رێژیمی بەعسی لە ناوچوو مەحکووم کرا و تۆمەتەکانی پشتڕاست کرانەوە و وەکوو تاوانبار ناسێندرا. لە پێش دا تۆمەتی تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆسایدی خرابووە پاڵ بەڵام پاش دادگایی کردنی تەنیا تاوانی شەڕی بە سەردا شکایەوە، ئەگەر چی دادگا بە پشت بەستن بە ڕووداوەکان و  ئەو فاکت و داکەوتانەی لە بەر دەستی دا بوون و لە سەر بنەمای یاسای نێونەتەوەیی و هەروەها پەیماننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید دەسەلمێنێت کە گەلی کورد کۆمەڵکوژ کراوە، بەڵام ئەم تاوانە بە سەر "فرانس ڤان ئانرات" دا ساغ نابێتەوە. لە حوکمی دادگا باس لەوە کراوە کە تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆساید لە هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق دا رووی داوە.
بڕیاری کۆتایی بەشی تاوانکاری دادگای لاهای هەندێک رەهەندی تێدایە کە بۆ یەکەم جارە لە دادگایەکی نیشتمانی و ناوخۆیی وڵاتێک دا باسی لێوە دەکرێ و بە بڕوای نووسەر داهێنانێکی جێ بایەخە و بە گشتی بۆ سەرجەم ئەو کەسانی کە زەرەرمەندی هێرشە کیمیاویەکانی رێژیمی "سەددام"ن و بۆ خەڵکی هەڵەبجە و سەردەشت بە تایبەتی گرینگی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەمەش، بڕیارەکە باسی جیاوازی هێزە کوردیە دژبەرەکانی سەددام لە گەڵ گرووپ و تاقم و دەستەی ئاژاوەگێڕ و هێزی تێکدەر و تێرۆریستی دەکات و هەندێک پێوەری یاسایی ئەخاتە بەرچاو بۆ تەوفیر دانان لە نێوان ئەم دوو هێزە. هێزە کوردییەکان بە رزگاریخواز و بەرهەڵستکار و خۆڕاگر و بەرخۆدێر ناو دەبات و پێوەری یاسایی دەخاتە بەرچاو بۆ ئەم مژارە.
شۆپاندنی یاسایی بڕیاری دادگەی لاهای و لێکدانەوەی بە پێی یاسای نێونەتەوەیی ئامانجی ئەم وتارە نیە و پێشتر لە زۆر شوێنی دیکە دا لە لایەن نووسەر و کەسانی دیکەوە شتی لە سەر نووسراوە و لە زۆر کۆڕ و کۆمەڵ دا بە چڕی باسی لێوە کراوە، بۆیە لەم وتارە دا باسی دەسکەوتەکانی داگاکە ئەکرێت و لایەنە گرینگەکانی بڕیاری دادگا ئەخرێتە بەرچاو کە کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە.


ژینۆساید
ژینۆساید یان کۆمکوژی لە بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکان و لە دەستووری دادگەی تاوانکاری نێونەتەوەیی دا باسی لێوە کراوە و لە ماددەی 6 ئەم دادگایە دا بەم شێوە باسی ئەم تاوانەی کردووە:
مەبەست لە جینۆساید هەر کام لەم کردەوانەی خوارەوەیە کە بە "مەبەستی لە ناوبردن"ی هەموو یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوی، ئەتنیکی، ڕەگەزی یان ئایینی جێبەجێ دەکرێت:
کوشتنی ئەندامانی گرووپ یان دەستە
لێدانی دەربەی گران (خەسار و برینی قورس) لە لەش و گیانی ئەندامانی دەستە
خستنە ناو دۆخێکی نالەباری ژیانەوە کە لە ناوچوونی هێزی لەش و جەستەی بە گشتی یان بە وردی لێ بکەوێتەوە.
سەپاندنی کردەوەگەلێک بە مەبەستی رێگری کردن لە زاووزێ دەستە
گواستنەوەی زۆرەملی منداڵان لە دەستەیەکەوە بۆ دەستەیەکی دیکە
ئەم تاوانە بۆ یەکەم جار لە لایەن "رافائێل لێمکین" یاساناسی لەهێستانی لە ساڵی 1933 دا هاتە ئاراوە و هەر بۆ خۆی لە ساڵی 1945 دا هێنایە ناو وێژەی یاساییەوە دواتر لە ساڵی 1948 لە پەیماننامەی رێگری کردن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ناسێندرا و تاوەکوو ئەمڕۆ وەکوو مەترسیدارترین و قێزەونترین تاوانی ناونەتەوەیی ناوزەد کراوە و بە تاوانی تاوانەکان دەیناسێنن.
دادگەی لاهای باس لەوە دەکات کە کردەوەکانی بکەرەکان کە بەرپرسانی رێژیمی بەعس و "فرانس ڤان ئانڕات" ن، لە گەڵ کردەوەکانی ناو پەیماننامەی جینۆساید یەک دەگرێتەوە و وەک یەکن؛ واتا، کوشتنی رێبەرەکان و سەرۆکەکانی دەستەیەک و لێدانی زام و برینی قورسی جەستەیی و گیانی لە ئەندامانی دەستە.
دادگە بە پێی پەماننامەی جینۆساید ئەم مژارە دەخاتە بەرباس کە جینۆساید کاتێک روو دەدات کە کردارێک راشکاوانە و بە مەبەسەتی لە ناوبردنی گشت یان بەشێک لە دەستەیەک یان تاقمێکی تایبەت جێبەجێ بکرێت. دادگە ئاماژە بە هەندێک پێوەر دەکات بۆ ناسینی تاقمێکی تایبەت وەکوو دەستەیەک کە دەبێت بپارێزرێن و دەڵێ ئەو دەستەیەی کە بوونەتە قوربانی دەبێ هەڵگری ئەو پێوەرە بن و ئەگەر وا بێت دەبێت پارێزراو بن. دادگە ئەو گرووپەی بوونەتە قوربانی بە گرووپێکی "کورد"ی ناو دەبات و رادەگەینێ کە هەڵگری ئەم پێوەرانەی خوارەوەن کە هەر یەک لەم پێوەرانە بەسە بۆ جێگای داکۆکی و پارێزگاری لێکردنیان:
ئەندامانی دەستەکە زمان و چاندی هاوبەشیان هەبووە؛
یان ئەندامانی دەستەکە خۆیان بە گرووپێکی نەتەویی بزانن؛
کەسانی دیکە، بە تایبەت بکەرانی تاوانی کۆمکوژی، گرووپەکە بە گرووپێکی نەتەوی بزانن.
لە سەر ئەو بنەمایە دادگە رادەگەینێ بە شێویەکی راشکاو و باوڕپێکراو و ئەرخایەن سەلمێندراوە کە جەماوەر و حەشیمەتی کوردەکان ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەیان هەیە کە لە پەیماننامەی کۆمکوژی دا ئاماژەی پێ کراوە. بۆیە دادگە بە لەبەرچاو گرتنی قورسایی و قووڵی کارەساتەکە و هەروەها بەربڵاوی تاوانەکە و هەژماری کوژراو و بریندارەکان و هتد... رادەگەینێ کە کوردەکان لە عێراق کۆمەڵکوژ کراون. سەبارەت بە هەڵەبجە و سەردەشت و گوند و ناوچە کوردیە سنووریەکان و بە کارهێنانی چەکی کیمیاوی دەڵێ: "ناکرێ هیچ مەبەستێکی دیکە بێجگە کۆمەڵکوژی بۆ کردەوەکانی دەوڵەتی عێراق بوونی هەبێت." هەروەها دادگە شتێکی سەیرتر باس دەکات و رادەگەینێ کە تێرۆری سیاسی سیستەماتیک و رێکخراو دژی کوردان رووی داوە.
بایەخی ئەم بەشەی بڕیاری دادگە لەوە دایە کە بۆ یەکەمجارە دادگەیەک لە وڵاتێکی بیانی دا باسی کۆمەڵکوژی کورد دەکات. ئەمە لە حاڵێک دابوو کە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق تەنانەت بە یەک وشەش قەت باسی شتی وای نەکرد. بۆ ئەوەی کورد وەکوو نەتەوە و دەستەیەکی نەتەوی بناسێندرێ باسی زمان و چاندی هاوبەش و ویستی خۆیان بۆ خۆ بە نەتەوە زانین و هەروەها بە نەتەوە ناسینیان لە لایەن کەسانی دیکە و بە تایبەت لە لایەن بکەرانی تاوانی کۆمکوژی دەکات.


جیاوازی نێوان گرووپی تێرۆریستی و بزووتنەوەی رزگاریخواز و بەرهەڵستکار
دادگەی لاهای باسی ئەوە دەکات کە لە ساڵەکانی 1980 تا 1988 شەڕێکی چەکداری لە نێوان ئێران و عیراق دا رووی داوە کە هەڵگری پێوەری شەڕی چەکدارانەی نێودەوڵەتیە. هاوکات لە نێوخۆی عێراقیش دا لە نێوان ئەرتەشی عێراق و گرووپە بەرخۆدەرە چەکدارەکانی کورد شەڕی چەکداری ناوخۆیی (لە چوارچێوەی یاسای شەڕی چەکداری) دا بوونی هەبووە؛ ئەم شەڕە نانێونەتەوەییە(ناوخۆیی)ە لە مێژ بوو دەستی پێکردبوو و لە کاتی شەڕی دوو دەوڵەتیش دا هەر درێژەی هەبوو. ئەو راستیە کە هێزە کوردیە بەرهەڵستکارەکان هەندێک جار لە گەڵ هێزەکان ئێران هاوڕێ بوون و وێکڕا هێرشیان دەکرد نابێتە هۆی ئەوە کە شەڕەکەیان لە شەڕی ناوخۆییەوە بگۆڕدرێ بۆ شەڕی نێودەوڵەتی یان بەشێک لەو شەڕە. لە بەر ئەوەی کە ئێران هیچ هێز و کۆنترۆڵێکی بە سەر ئەوانەوە نەبوو و هێزەکانی بەرهەڵستکار (مقاومەت) بەردەوام بە دوای ئامانجی خۆیانەوە بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی بەربڵاوی هێرش و پێکدادانەکانی نێوان گرووپە بەرهەڵستکارەکان و هێزەکانی دەوڵەت و ئەو چەکانەی بە کار دەهێندران و ئەو راستیەی کە هێزە کوردییەکان توانای رێکخستنی هێرشی چەکداری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە هەبوو، شێوازی رێکخستنی ئەم گرووپە بەرخۆدەرە لە رێکخستنە بەرپەرچدەرەکانی خۆیان، هیچ ئاماژە یان نیشانەیەک لە ناڕێکی ناوخۆیی و ناڕێکخراوەیی پێوە دیار نیە و کردەوەی تووندوتیژی و بێ سەرەوبەرەیان لێ نەکەتووتەوە. بۆیە شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی بەو مانایەی کە لە یاسای شەڕی چەکداری دا هاتووە، بوونی هەبووە.
ئەو پێوەرانەی دادگە بۆ تەوفیردانان لە نێوان هێزێکی رزگاریخواز و بەرهەڵستکار لە گەڵ هێزێکی تووندئاژۆ و تێرۆریستی و تێکدەر یان ئاژاوەگێر ئاماژەیان پێ دەکات لە یاسای نێونەتەوەیی شەڕی چەکداریەوە وەرگیراون کە بۆ هەر دۆخێکی هاوشێوە و وەکهەڤ دەکرێ کەڵکیان لێ وەربگیرێ بە پێ ئەم پێوەرانە دەکرێ هێزێکی چەکداری رزگاریخواز و بەرهەڵستکاری رێژیمی رەگەزپەرست و ئاپارتاید لە هەڵچوونێکی بێ سەرەوبەرە یان گرژی و ئاڵۆزی و تێرۆر جیا بکرێتەوە. ئەم جیاوازیە دەبێتە هۆی بە فەرمی ناسینی هێزی رزگاریخواز لە روانگەی یاسای نێونەتەوەیی و یاسای مرۆڤدۆستانەی ناڤنەتەوییەوە. بۆ ئەم مژارە دادگە ئاماژە دەکات بە فەرماندەری و سەرۆکایەتی بەرپرسیار و لێپرسراوی ئەم هێزانە، رێکخستن و سازی بوون، هێز و توانای هێرش و بەرپەرچدانەوە، خاوەن پرەنسیپ و کردار و هەڵسووکەوتی نیزامی، هەڵگری ناسنامە و جل و بەرگی تایبەت، لێدان لە ئامانجی نیزامی، خۆبواردن لە کوشتن و خەسار گەیاندن بە خەڵکی ئاسایی و مەدەنی. بنەمای ئەم پێوەرانە لە پەیماننامەکانی ژێنێڤ 1948 و پرۆرۆکۆلەکانی 1977ی دان. بە تایبەت پرۆتۆکۆلی دووهەمی هاوپێچ لە بڕگەی 4 ماددەی 1 دا باسی خەباتی ئازادیخوازنەی نەتەوەیی و دژە ئێستێعماری و دژەداگیرکەرانە و هەروەها دژی رێژیمە رەگەزپەرستەکان دەکات کە لە سەر بناغەی مافی دیاری کردنی چارەنووس بە پێی مەنشووری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها پێوەندی دۆستانە و ئالیکاری نێوان دەوڵەتەکان بنیات نراوە.


رەخساندنی دەرفەتێک بۆ داواکردنی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان
لە بڕیاری کۆتایی دادگە، تاوانبار بە بڕە پارەیەکی رەمزی وەکوو قەرەبووی زەرەر و زیان حوکم درا و تەنانەت لە بەشەکانی کۆتایی بڕیارەکە دا تێچووی پارێزگاریش لە بەرچاو گیراوە. ئەمە دەتوانێ وەکوو خاڵی بنەما چاوی لێ بکرێت و بە هەند وەربگیرێت بۆ داواکاری قەرەبوو کردنەوە لە دۆز و دۆسیەی نوێ دا کە بە داخەوە هەتانووکە بە گوێرەی پێویست تیشکی نەخراوەتە سەر. بە دڵنیایەوە دەکرێ داوا و سکاڵای تازە هەر لە سەر ئەو بنەما و دەسکەوتانە بجووڵێندرێ. دەکرێ ئەم هەنگاوە بۆ قوربانیانی کیمیابارانەکانی رێژیمی نگریسی بەعسی لە ناوچوو شتێکی لێ شین بێت. بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی دام و دەزگا دەوڵەتیەکان زۆر پێویستە. کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێ قووڵایی ئەم زامە بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان زۆرتر بخاتە ڕوو و هانیان بدات بۆ هەنگاوێکی کرداری.