سەرتاوتار و شیکاری

مافەکانی ژن: تیۆریا و پراکتیک

سەرەتا: دوالیزمی نێر/مێ

  گەر بپرسین ددانپێدانان و بەرجەستەکردنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژن بەتایبەتی، لە چ ئاستێکدایە؟ بەگشتی و لە ڕووی مافەکانی ژنەوە بەتایبەتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای سەرجەمی ناوچەکانی تری جیهانەوەیە. وەک لەم توێژینەوەیەدا دەخرێتە ڕوو، سەرباری هەندێک هەنگاوی گرنگ و پێویست لە سۆنگەی چەسپاندنی یەکسانیی جێندەرییەوە، بەڵام هێشتا زۆرترمان دەوێت و دەبێت لەوە قووڵتر شەڕی وەها جیهانێک بکەین و بە چاوی ڕادیکاڵییەوە، لە پرسی پێگە و مافەکانی ژن نزیک ببینەوە. گرنگە لەوەی تا ئێستە کراوە، زیاتر بکەین و نەوەستین، تا لای کەمی ئەفسانەی دوالیزمی جێندەریی نێر/مێ تێپەڕێنین، بەو پێیەی وەها دوالیزمێک، بووەتە ڕیشەی زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تر. بۆیە دەستبردن بۆ ئەو دیاردانە بەبێ دەستبردن بۆ ڕیشەی بابەتەکە، کە جیاکاریی جێندەرییە، ئەگەری سەرکەوتنمان کەمتر دەکاتەوە.

لەم توێژینەوەیەدا بە وردیی تیشک دەخرێتە سەر پێگە و مافەکانی ژن لە زۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتی و عێراقییەکاندا، بەوانەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤاشەوە. بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت، کە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی بەتەنیا، نامانگەیەنێتە ئامانج، هەڵبەتە وەها ئامانجێکیش بەبێ ڕێکارە یاساییەکان سەرناگرێت. پێش یاسا، دەبێت دەست بۆ نەریت و کەلتوور ببەین؛ ئێمە شۆڕشێکی کەلتوورییمان پێویستە. وەک دەزانین، بەهۆی دووەمین جەنگی جیهانییەوە زۆر وڵات گەیشتنە ئاستێکی وەها لە ماڵوێرانی، کە لە لێواری قڕبوون نزیک ببنەوە؛ ملیۆنان مرۆڤ کوژران و کەمئەندام بوون. پێداچوونەوەی سیستەمی یاسایی و زەینییەتی زاڵی ئەوکات، پێویستیی بوو. لێرەوە دەتوانین ئەو زنجیرە یاسا و بڕیارانەی لە دوای ئەو جەنگەوە دەرچووێنران، وەک پیادەکردنی وەها پێداچوونەوەیەک لەقەڵەم بدەین. ئیتر باسی مافەکانی مرۆڤ، مافی دیلەکان، مافی خەڵکی مەدەنی، مافی کرێکار و هەژاران، باسی مافەکانی ژنان و منداڵان دەکرا. وەها یاساگەلێک، هەرچەندە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەندێکماندا نەبن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوکات و ئێستای مرۆڤایەتییش، لای کەمی ئەو مافانە جەخت لێ دەکەنەوە کە دەبێت هەر مرۆڤێک، بەوانەی ژنانیشەوە، هەیبێتن. جگە لەوەش، ئەوەی ئێستا زیاتر مرۆڤایەتی پێویستییەتی، پێداچوونەوەی نەریت و سیاسەتە باوەکانە، واتە دیوە کەلتوورییەکەیە، تا هیچ نەبێت لەگەڵ پرسی پێگە و مافەکانی ژندا بگونجێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر دیقەتی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان بدەین، دەبینین نێر و مێ بە درێژایی مێژوو، لە گۆڕانکاری و شوێنگۆڕکێدا ژیاون. قۆناغەکانی سەرەتای ئەم پەیوەندییە هەرچییەک و هەرچۆنێک بن، ئەوەی لە ئێستادا باڵادەستە، سیاسەتی پیاو یان نێرە و ئەوەشی خەبات دژی ئەم دۆخە باوە دەکات و ئاواتی بەرقەرارکردنەوەی یەکسانییە، ژنە. لە ئێستادا دەسەڵاتی پیاو، پێی ناوەتە قۆناغێکەوە، کە دەشێت بە قۆناغی دەسەڵاتی ڕەق و نەرمیش ناوی ببەین. ئەمەش واتە بەهۆی ئەنجامە لاوەکییەکانی مۆدێرنەی ڕۆژئاواییەوە چیتر پیاو، تەنیا کوتلەیەکی ڕەق و فیزیکیی نییە، تەنیا جەستە نییە، تەنیا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ مێینەدا، دەسەڵاتی خۆی پیادە ناکات. بەڵکو ئەو دەسەڵاتە، پێی ناوەتە قۆناغێکی سیمبوڵییشەوە. واتە پیاو/نێر لە ڕیگەی نەرمەهێزیشەوە، خۆی دەسەپێنێت و دەیەوێت هەر لە پێگەی باڵای خۆیدا، بمێنێتەوە (بۆ نموونە، لە سینەما و میدیا بڕوانە).

دەسەڵاتی پیاو، گشتگیرە. بەو مانایەی کە تەنیا لە ماڵ و تەنیا بەسەر ژنەکەی خۆیدا و تەنیا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیاندا قەتیس نەبووە. بەڵکو وەک ئاو، وەک هەوا، چووەتە هەموو کون و قوژبنێکی ژیانەوە و سەرلەبەری شارستانێتیی مرۆڤی بەرمەبنای وەها دەسەڵاتێک، داڕشتووە: هەر لە شێوەدان بە ئاینەکانەوە، چ ئاسمانی و چ غەیری ئەوانیش؛ لە ئاسمان و وێناکردنە ئەفسانەیی و خەیاڵییەکانی؛ لە یاساکانی؛ لە دەوڵەت؛ لە ململانێ و جەنگ و پێکدادانەکانی؛ لە فەلسەفە و هونەر و زانستی؛ لە سینەما و شانۆیی و شیعرەکانی؛ لە زمان و جلک و بابەتەکانی تری نەریت و کەلتوور؛ لە شار و شارسازی و بیناسازی؛ لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی تریش؛ لە شێوازی بیرکردنەوە و نووسین و هەستان و دانیشتنەوە؛ تا بە ئادابی سەر سفرە و خواردن و خواردنەوەش دەگات. لەناو ئەم هاوکێشەیەشدا، هەمیشە سەرەوە و پێشەوە و لای ڕاست و ژوور، هیی پیاون، ژێرەوە و دواوە و لای چەپ و خوارووش، هیی ژنن: بۆ نموونە، لە وێناکردنی ئاینیی بەگشتی و ئیسلامییدا بەتایبەتی، ئاسمان نێرە و زەوییش مێیە، لەکاتێکدا بەپێی ئەفسانەی دێرینی بابلییەکان، ئاسمان و زەوی لە جەستەی پارچەکراوی دایکەخواوەند دروست کران. لە کوردستانیشدا، لە زۆرێک لە ماڵەکاندا و لەکاتی خواردندا، سەرەتا دەبێت پیاو و میوان نان بخۆن، دواتر سەرەی ژن و منداڵەکان دێت (لەکاتی خواردنی مریشکیشدا، زۆرجار ڕانەکەی بۆ پیاو/باوک دادەنرێت).

ڕیشەی وەها وێناکردنێک دەربارەی ژن، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری جێهێشتنی قۆناغێکی شارستانێتیی مرۆڤ، کە بە سەردەمی کۆمۆنەی سەرەتایی ناسراوە، بەرەو قۆناغێک، کە زیاتر مۆرکی بنیاتنانی دەوڵەت و شار و ئاینی یەکتاپەرستی و موڵکدارێتیی پێوە دیارە. وەک عەبدوڵا ئۆجەلان باسی دەکات، لە سەردەمی کۆمۆنە سەرەتاییەکاندا، شتێک نەبوو بەناوی ناوەندێتییەوە، لای کەم لەو ئاستەی دواتری سەردەمی دەوڵەت و پاشا بێدەربەست و ئاینە یەکتاپەرستییەکاندا نەبوو. دواتر و لە پاش دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەت لە مێژوودا، کە دەوڵەتی سۆمەرییەکانە لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکەدا، پیاوانی دەربار و ئاین دەبوو هەموو پاساوێک بۆ هێشتنەوە و بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی پاشا، بهێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، وردە وردە مێژووی پێشووتری باڵادەستیی ژنیان سڕییەوە، کە خۆی لە فرەخودایی، باڵادەستیی خواوەندی دایک، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، نەبوونی چینایەتی، نەبوونی دەوڵەت و ناوەندێتییدا، دەبینییەوە. لەو ساتەوە تا ئێستە، ئەو هەوڵەی پیاوان لە کەنارگیرکردن و لاوازکردنی ژنان و هەوڵی ئەمانەی دواتریش لە گەڕاندنەوەی خەونی دزراویان لە بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەرییدا، بەردەوامە.

لە هەموو قۆناغەکانی دواتردا، پیاو ژنی سەرکوت کردووە و بە هەر نرخ و شێوازێک بێت، هەوڵی پاراستنی پێگە و هێزی خۆی داوە. تەنانەت زۆرێک لە فەیلەسوفانیش، هاوشێوەی پیاوەکانی تر، نەیانتوانیوە گرێی جیاکاریی جێندەریی تێپەڕێنن و باری لاسەنگی ژن، ڕاست بکەنەوە. بۆ نموونە، ئەگەر هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە لە یۆنانی کۆنەوە سەیری بکەین، دەبینین هەریەکە لە ئەفلاتون و ئەریستۆ، جیاکاریی جێندەریی دژ بە ژنیان وەک دیفاکتۆ قبوڵ کردووە. بگرە لەوەش زیاتر، بە کاری خواوەند و سروشتیان داناوە و لەوێشەوە، ئەرکی گۆڕین و دەستکاریکردنیان نەخستووەتە ئەستۆی خۆیان؛ ئەریستۆ پێی وا بووە کە ژن ددانیشی لە پیاو کەمترە! ئەم دۆخە تا دوای سەرهەڵدانی مەسیحییەت و ئیسلام و بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاستیش، بەردەوام بووە. هەموو سیاسەتوان و مەلا و بیرمەند و فەیلەسوفانی مەسیحی و موسوڵمانیش، ژنیان بە کەمتر لە پیاو داناوە و ئامادە نەبوون وەک دروستکراوێکی کامڵی دەستی خودا، سەیری بکەن. بگرە لە پلەیەکی نێوان پیاو و کۆیلەکاندا دایانناوە: لە پیاو کەمتر، بەڵام لە کۆیلە زیاتر. جگە لەوەش، بێزیان لە جەستەی ژن هاتووەتەوە و بە سەرچاوەی هەموو هەڵخەڵەتان و هەڵنووتان و گوناهێکی پیاویان زانیوە؛ وەک ئەوەی لە حیکایەتی ئادەم و حەوادا دەردەکەوێت.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتی لیبراڵیی لە فیکری سیاسییشدا، کە بە زەقی خۆی لە نووسین و تێزەکانی جۆن لۆکدا دەبینێتەوە، بەڵێنی یەکسانیی بە ژن درا و باسی پێکەوە ژیانی هەموو مرۆڤەکان، دەکرا. بەڵام وەک هەندێک توێژینەوە دەری دەخەن، جۆن لۆکیش تەنیا باسی پیاوی کردووە و ناکرێت وەک بیرمەندی یەکسانیی جێندەری و ڕزگاریی ژن، سەیر بکرێت. لەوەش زیاتر، خودی لیبراڵیزمی سەرمایەداری بە قۆرخکردنی لەلایەن پیاوان و پتەوترکردنی پایەکانی چەوساندنەوەی ژن، لەوانەش دەوڵەت، کۆتایی هات. لە شۆڕشی ئەمەریکی و فەرەنسییشدا وەها هەوڵێک درا، بەڵام لە بنچینەدا و بەهۆی زاڵیی زەینییەتی نێرسالارییەوە، زۆرێک لە مافەکانی ژن پێشێل کران. جۆن ستیوارت میل، بەتایبەتیش لە کتێبی بەکۆیلەکردنی ژناندا، هەوڵێکی تا ڕادەیەک جددیی دا، کە ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسان بن و ئەوانیش مافی دەنگدانیان هەبێت. بەڵام دۆخی گشتیی بەریتانیا و جیهانی ئەوکات، زەمینەی بۆ وەها ئامانجێک خۆش نەکرد. یەکەمین هەوڵی ڕادیکاڵی تیۆریایی لە ڕوانگەی یەکسانیی جێندەری و مافەکانی ژن لە سەردەمی مۆدێرنەدا، ئەوەی کارڵ مارکس و فرێدریک ئێنگڵسە. هەر ئەوکاتە هێرش کراوەتە سەر ئەم دوو بیرمەندە، بەوەی هانی خەڵک بەگشتی و ژنان بەتایبەتی بۆ بەدڕەوشتی، دەدەن. ئەوەش دۆخێکی زۆر نزیکە لەمەی ئێستای کۆمەڵگەی عێراقی و کوردییشەوە، کە هەموو بانگەوازێک بۆ ئازادی بە تۆمەتێکی پێچەوانە، کە گوایە ئەمە بانگەوازی بەرەڵایی و بەدڕەوشتییە، تەواو دەبێت. لە ڕووی پراکتیکی مێژووییشەوە، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری کۆمۆنیستەکانی ڕوسیادا بوو، کە ژن بوو بە خاوەنی کۆمەڵێک مافی گرنگی یاسایی، هەرچەندە لە ڕووی پراکتیکییەوە کۆمۆنیستەکانیش نەگەیشتنە ئاستی یەکسانیی تەواو، وەک لە سروشتی دەوڵەت و شێوازی بەڕێوەبردنی و ڕۆڵی پیاو تێیدا لە قۆناغەکانی دواتردا، دەردەکەوێت.

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بوو، کە ڕەوتێکی ڕادیکاڵ بە ناوی فێمینیزمەوە سەری هەڵدا و چەندان هەوڵی گرنگیان لە بەرپەرچدانەوەی بەناو ڕاستییە مێژووییەکان دەربارەی جیاکاریی جێندەریی، دا. لە ڕێگەی ئەوانەوە بوو هەندێک لەو ئەفسانانەی دەربارەی زاڵیی پیاو تا ئەوکات هەبوون، هەوڵی پووچەڵکردنەوەیان درا. هەر بۆ نموونە، چیتر ژن هەر بە سروشت "ژن" نەبوو، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگە، دۆخی بابەتی و مێژوویی و پەروەردەی خێزانییە، کە مرۆڤێک دەکات بە ژن و هاووڵاتیی و مرۆڤی پلە دوو. هەروەها چیتر بایۆلۆجیا وەک زانست و جەستەی ژنیش وەک بابەتێکی ئەو زانستە، بارتەقای پاساودانی جیاکاریی جێندەری، وەڵامی پرسیارەکانی نەدەدایەوە و ئەفسانەی "لاوازیی سروشتیی جەستەیی ژن" پووچەڵ کرایەوە؛ چیتر حەتمییەتی بایۆلۆجی ئەو ڕەواجەی پێشووی نەما و سەلمێنرا، وەک لە سەرەوە باسی قۆناغی کۆمۆنە سەرەتاییەکان کرا، کە ژن لە دوای ئەو قۆناغەوە هەندێک ئیمتیاز و خەسڵەتی خۆی لەدەست داوە. هۆکارەکەش جەستە و بایۆلۆجیا بووە و پەیوەندیی بە زاتی ژنەوە نییە؛ هەندێک خەسڵەتی جەستەیی پیاو کرانە داردەست بۆ پاساودانی بەکۆیلەکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ناوەندەکانی ژیان و بڕیاردان.

ئێستاشی لەگەڵ بێت پیاو لە خوڵقاندنی ئەفسانەکانی خۆی بەردەوامە، ئەوەتا سوپەرمان، باتمان و سپایدەرمان دەخوڵقێنێت، جارجاریش بۆ تێرکردنی ئارەزووی جەماوەرەکەی، 'ژنەی پشیلە - کات وومێن'ێک دەخاتە بازاڕەکەوە. ئەگەر بە دیاریکراوی باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکەین، لە شێوازی بنیاتنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەرچوواندنی یاساکانەوە بیگرە، تا بە مزگەوت و کڵێسا و نەخۆشخانە و ناوبازاڕەکانیشی دەگات، هەمووی مۆرکی پیاوانەیان بەسەرەوەیە. ژنیش هەر لە دواوەوە و وەک سەیرکەرێک، ماوەتەوە: بۆ نموونە، بڕوانە مزگەوت و چایخانەکانی کوردستان، کە چۆن تەنیا پیاوان تێیاندا ئامادەن.

بێگومان ئەوەی لە زەینی مرۆڤدا بێت، دێتە زمانیشەوە، یان لە ڕێی زمانەوە خۆی مانیفێست دەکات. هەر بۆ نموونە، دیقەتی زمانەکانی دنیا بدەن و لە کاریگەریی زەینییەتی نێرسالاری بەسەریانەوە، ڕابمێنن. تا پێش چەند ساڵێک لە زمانی ئینگلیزیدا، بە وتەبێژیان دەوت (spokesman) و بە بازرگانیشیان دەوت (businessman). تا لەم دواییانەدا و پاش وەرگرتنی ئەو جۆرە کار و پۆستانە لەلایەن ژنانەوە، ناچار کردیان بە (spokespersons) و وشەی (businesswoman)یشیان زیاد کرد. لە زمانی عەرەبییشدا، سەدان و هەزاران وشە و ناو هەن، کە لە بنەڕەتدا پۆی ئاژەڵیان پێوە بووە و دواتر کراون بە ناو و خەسڵەتی ژنان. تەنیا وەک نموونە، لە مانای بنەڕەتیی ناوەکانی 'هەیفا' و 'شەهلا' و خەسڵەتی 'کەحلا' وردبەوە. لە زمانی کوردییشدا، هەمان دۆخ بەرقەرارە. زۆرن ئەو پەندانەی پێشینان کە مەدحی پیاوان دەکەن و ژنان دەشکێننەوە. هەر بۆ نموونە "بەرخی نێر بۆ سەربڕینە". ئەمەش جگە لە چەندان دەستەواژەی تری وەک "پیاوەتییەکم لەگەڵ بکە"، "پیاو لەشی ساغ بێت"، "هەی لە ژن کەمتر" و هیی تریش، کە ئەولەوییەتی پیاو لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا جەخت لێ دەکەنەوە. بۆیە بێگومان، چاکسازیی یاسایی، نابێت لە وەها چاکسازیی و پاکسازییەکی زمانەوە دوور بێت، کە ئەویش گۆڕینی نەریتەکان و شێوازی بیرلێکردنەوە و وێناکردنی ژن، دەخوازێت. لێرەوە دەردەکەوێت، کە دەستبردن بۆ بابەتێکی وەک مافەکانی ژن، سەر بۆ چاککردنەوە و بنیاتنانەوەی زۆرێک لە بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تریش، دەکێشێت.

گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە، کە تەرکیز دەخاتە سەر یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای عێراقی، بەڵام لە هەمان کاتدا یاساکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا و هەندێک دەوڵەتی تریش، فەرامۆش ناکات. جگە لەوەش، تەنیا بە باسکردنی یاساوە ناوەستێت، بەڵکو ئاوڕ لە سیاسەت و کەلتوور و نەریت و زمانیش دەداتەوە. واتە کۆی زەینییەت (مێنتاڵێتی)ی پیاوسالارانە بەر نەشتەری ڕەخنە دەدات و هەوڵی هەڵتەکاندن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەش دەدات. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە، هۆشیارکردنەوەی پیاوان و ژنانیشە دەربارەی واقیعێکی ئێستای جیهان و ناوچەکە، واقیعێک، کە زۆرجار و بە لای زۆر کەسەوە، شاراوەیە و ڕاستەوخۆ درکی پێ ناکرێت. هۆکاری ئەمەش، نەریتە. نەریت سروشتی وایە، بەبێ هۆشیاری دەربارەی واقیعەکە و ویستی تێپەڕاندن، تێناپەڕێنرێت. نەریت بۆیە هەیە تا جێبەجێ بکرێت؛ مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە باری نەریتێکی دیاریکراو بدزێتەوە، هەر دەبێت نەریتەکە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو نەریتەوە، جارێکی تر دۆخەکە هەڵسەنگێنێتەوە. بەو ئومێدەی ڕۆژێک مرۆڤایەتیی بگاتە ئاستێک لە هۆشیاری، کە بار و واقیعی دوالیزمی نێر/مێ تێپەڕێنێت، هەر ئەمەشە ئامانجی وەها توێژینەوەیەک.

مافەکانی ژن لە یاسای نێودەوڵەتیدا
وەک سەرەتا، دەبێت بزانرێت کە مافەکانی ژن، سەرباری هەندێک جیاوازیی و تایبەتمەندییان، دواجار بەشێکن لە مەنزوومە و بزاوتی مافەکانی مرۆڤ، کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە، سەرپێ کەوتووە. مافەکانی مرۆڤ ئەرکێک دەخەنە ئەستۆی دەوڵەتانی دنیا، کە کار بۆ بەرجەستەکردنی ئەو مافانە بکەن. لەم سۆنگەیەوە، مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک گەرەنتیین کە تاکەکەس لە بەرامبەر هێز و زەبری دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا، دەپارێزن. وەک لە سەرەتاوە وترا، مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی پێداچوونەوەی شارستانێتیی مۆدێرنی مرۆڤن، کە بە پلەی یەکەم لەسەر دوو پایەی دەوڵەتی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی هێز، بنیات نراوە. ئاستی جێبەجێکردن و بەرجەستەکردنی مافەکانی مرۆڤیش لە سەرانسەری دنیادا، مایەی ناکۆکی و سەرئێشەیە. بێگومان لە هەموو دەوڵەتێکدا ڕێژەیەک لەم مافانە، بە فەرامۆشکراوی ماونەتەوە. چونکە وەک وتم، کێشە لە ڕێوشوێنی سەپاندن و بەرجەستەکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەیە.

ئەگەر ئەمە دۆخی مافەکانی مرۆڤ بێت بەگشتی، بێگومان مافەکانی ژنیش هەمان چارەنووسیان هەیە. لە سەردەمێکدا کە زەینییەتی باو، تێڕوانینی باو، دەسەڵاتی پیادەکراو و تەنانەت سیمبۆڵیزەکردنیش، لەسەر بنچینەیەکی پیاوانە و پیاوسالارانە بیناکرابێتن، مافەکانی ژن دوو جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی جددیی دەبنەوە ئەمەش وای لە هەندێک کردووە بڵێن، کە هەندێک لە مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش مافەکانی ژن (یەکسانیی جێندەری)، هێشتا لە ڕووی گەردوونییەوە و قبوڵ نەکراون لە پراکتیکدا وەک پێویست نەچەسپیون. بەڵام با سەرەتا بپرسین: مافەکانی ژن، چیین؟ مافەکانی ژن بە پلەی یەکەم لە پەیماننامەی تایبەت بە نەهێشتنی شێوازەکانی جیاکاری دژی ژنان (پەیماننامەی مافەکانی ژن)دا، پێکهاتوون. بەڵام جگە لەوەش چەند بڕیارێکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەن، کە هەوڵ دەدەم لەسەریان بوەستم.

پەیماننامەی مافەکانی ژن
 یاسای نێودەوڵەتییش هەروەک یاسای ناوخۆیی دەوڵەتان، فرە سەرچاوە و دەوڵەمەندە. بۆ مافەکانی ژنیش، مەسەلەکە دوو جار ئاڵۆز دەبێت، چونکە مەسەلەکە تەنیا بە یاساوە ناوەستێت، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ نەریت و کەلتووریش. بەم پێیە ئەگەر شەڕی چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ قورس و گران بێت، شەڕی چەسپاندنی یەکسانیی جێندەری دوو هێندە قورسە.

ئامانجی سەرەکیی پەیماننامەی مافەکانی ژن، نەهێشتنی ئەو جیاوازییانەی نێوان پیاو و ژنە، کە لەسەر بنەمای سێکس و جێندەر دروست بوونە و دەبنە هۆکاری پەکخستن، دوورخستنەوە، یان بێڕۆڵکردنی ژنان لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، مەدەنی، یان هەر بوارێکی تردا. بەپێی مادەکانی دواتری پەیماننامەکە، دەوڵەتانی ئەندام هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی و سیاسیی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەوەی جیاکاریی نێوان پیاو و ژن بنبڕ بکەن. هاوکات دەبێت دامودەزگای پێویست و لەبار بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەرجەستەکردنی ئەو ئامانجە، بنیات بنێن. ئەگەر پێویستیش بکات، سزای سەرپێچیکاران بدرێت.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە پەیماننامەی مافەکانی ژندا، مادەکانی دووەم و پێنجەمن. بەپێی ئەم دوو مادەیە: دەوڵەتانی ئەندام، بەمەبەستی هەموارکردنەوە و گونجاندنی ڕەفتاری باوی کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی ژنان و پیاوان لەگەڵ ئامانجی بەرقەرارکردنی یەکسانیدا، ڕێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر. ئەمەش واتە ئەرکی دەوڵەتان، تەنیا دەرچوواندنی یاسا و ڕێسا و هەنگاوە فەرمییەکانی تر نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی ئیجابیی زیاتر بنێن و بەجۆرێک دەستکاری زەینییەت و نەریتی دانیشتووانەکانیان بکەن، کە یەکسانیی جێندەری پێ بپێکێت. وەک دواتریش زیاتر ڕوون دەبێتەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی تری جیهانیش، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی ئیسلام تێیاندا ئاینی زۆرینەی دانیشتووانە، لەم ئەرکەی دووەمدا شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە دەستکاری دیدی خەڵکی خۆیان لەسەر ژن و ئەرک و مافەکانی، بەرەو باشتر بگۆڕن. ئەگەر دیقەتی تەحەفوز و کۆمێنتی دەوڵەتان لەسەر مادەکانی پەیماننامەکە بدەین، دەبینین: جەزائیر، بەحرەین، بەنگلادیش، میسر، ئیسرائیل، ئوردن، کوەیت، لوبنان، مالیزیا، ماڵدیڤ، ماڵتا، مۆریتانیا، مۆناکۆ، مەغریب، عومان، پاکستان، قەتەر، سعودیە، سینگاپورە، سوریا و ئیمارات، تەرکیزیان لەسەر مادەکانی 2 و 16ی پەیماننامەکەیە و پێیان قبوڵ ناکرێت. پاساویشیان نەگونجانی ئەم مادانەیە لەگەڵ بنەماکانی دەستور و یاساکانی خۆیاندا، بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەکیی دەستوور و یاسای باری کەسییان، ئیسلام و یەکێک لە مەزەبەکانییەتی. بەڵام ئیسرائیل و ماڵتا و ماڵدیڤ پاساویان ئەوەیە، کە ناتوانن وەها مادە و مەرجێک بەسەر کەمینە ئاینییەکانیاندا، بسەپێنن. ئێران و سودان هێشتا پەیماننامەکەیان واژۆ و پەسەند نەکردووە. هەرچی عێراقیشە، تەحەفوزی لەسەر مادەی (2)، بڕگەکانی (f) و (g) و مادەی 16 هەیە: بەپێی ئەو دوو مادەیە، وەک لە سەرەوەش ئاماژەی پێ درا، دەبێت دەوڵەتی ئەندام ڕێوشوێنی پێویست بۆ هەموارکردنەوە یان سڕینەوەی ئەو یاسا، ڕێسا، نەریت و کردارانەی جیاکاری دژی ژن پەرە پێ دەدەن، بگرێتە بەر. هەروەها دەبێت ئەو بڕگانەی یاسای سزادان و یاسا جەزائییەکانی تریش هەڵبوەشێنێتەوە، کە دەچنە خزمەتی جیاکاریی جێندەرییەوە. بەپێی مادەی شازدەش ژن و پیاو لە پێش، لەکات و لە دوای هاوسەرگیرییش، یەکسانن. ئەمەش واتە ژن دەتوانێت مافی تەڵاقدان و جیابوونەوە و مافی لەباربردنی منداڵیشی هەبێت. لەم خاڵەوە دەگەینە ئەوەی، کە دەوڵەتانی ئیسلامی، لەسەر جیاکاریی جێندەری بنیات نراون و لە ئێستاشدا نایانەوێت هەوڵێک بە ئاراستەی نەهێشتنی وەها جیاکارییەکدا، بدەن. ئەوەشی ئەم خاڵە دەسەلمێنێت، تەرکیز و تۆقینی ئەوانە لە مادەکانی 2، 15، 16ی پەیماننامەکە، کە ژن و پیاو لە مەسەلەیلی خێزان، هاوسەرگیری، بەخێوکردنی منداڵ، جیابوونەوە و تەڵاق، پێدانی ڕەگەزنامە بە منداڵانی ژنەکە و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی جیاکاری دژی ژنان، یەکسان دەکەن.

بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
 کۆمەڵەی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایش دوو کاریگەرترین دەزگا و ئاژانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، کە گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە. بە خوێندنەوەی چارتەری ڕێکخراوەکەش، دەبینین کە کۆمەڵەی گشتی زیاتر وەک پەرلەمانی ڕێکخراوەکە و ئەنجوومەنی ئاسایشیش وەک حکومەت، یان پۆلیسی نێودەوڵەتی، دەردەکەوێت. بۆیە نابێت ڕۆڵی ئەم دووانە لە پرسی یەکسانی/جیاکاریی جێندەریدا، نادیدە بگیرێت.

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە 48/104 و لە شەش مادەدا، جەخت لە بنبڕکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەرهەق بە ژنان، دەکاتەوە. لەوانەش:
یەکەم، توندوتیژیی جەستەیی، سێکسی، یان دەروونی لەنێو خێزاندا، توندوتیژیی پەیوەندیدار بە بەشوودان و مارەیی، خەتەنەکردن و توندوتیژیی کەسوکاریش؛
دووەم، توندوتیژیی کۆمەڵگەیی، وەک لاقەکردن، سوودوەرگرتنی سێکسی، گێچەڵی سێکسی، بازرگانیکردن بە ژن و ناچارکردنی بە لەشفرۆشی؛
سێیەم، هەر کردەوەیەکی توندوتیژانەی تر، کە لەلایەن دەوڵەت خۆیەوە ئانجام بدرێت، یان چاوپۆشیی لێ بکرێت. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە، کە بەراورد بە پەیماننامەی مافەکانی ژن، هەنگاوێک دەڕواتە پێشەوە و ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش نادیدە ناگرێت. بەڵکو داوای هەماهەنگییان لەگەڵ دەکات، تا هەمووان پێکەوە توندوتیژیی دژ بە ژنان بنبڕ بکەن.

یەکێکی تر لە بڕیارە گرنگەکان، بڕیاری ژمارە 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشە بە ناوی "ژن، ئاشتی، ئاسایش"ەوە لە تشرینی یکەمی 2000دا. مەبەستی سەرەکیی بڕیارەکە، پاراستن و گرنگیدانی زیاترە بە ژن لە کاتی جەنگ و پێکدادانی سەربازیدا. بڕیارەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئەندامیش دەکات، کە ژمارە و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بڕیاردان و بەشداریی سیاسیدا، زیاتر بکەن. دوای بڕیارەکەش، زۆرێک لەو هێزە ئاشتیپارێزانەی بە بڕیار و لە سایەی ئانجوومەنی ئاسایشدا ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکان کران، ڕاوێژکاری تایبەتیان بە پرسی جێندەر دامەزراندووە. چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و چەند دەوڵەتێکیش، بڕیارەکەیان تێکەڵ بە یاسای ناوخۆیی خۆیان کردووە. لە ئەفغانستان و عێراق و چەند دەوڵەتێکی ئەفریقیشدا (وەک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دیتمان)، ڕێژەی 25%ی کورسییەکان بۆ ژنان تەرخان کرا. بەڵام ئەم بڕیارە و سێ بڕیاری دواتری ئەنجوومەنی ئاسایشیش، خاڵێکی لاوازیی گەورەیان تێدایە، ئەویش نەبوونی ڕێوشوێنی جێبەجێکردن و شێوازی سزادانی ئەو دەوڵەتانەیە، کە بڕیارەکان جێبەجێ ناکەن. بەڵام گومانم لەوەش نییە، کە دەرکردنی وەها بڕیارێک لەلایەن دەزگایەکی وەک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، قورسایی و گوڕێکی زیاتر بە پرسی یەکسانیی جێندەری دەدات.

پێگە و مافەکانی ژن لە دەوڵەتە ئەمەریکی و ئەوروپییەکاندا، سەرباری هەر بەرەوپێشچوونێک، هێشتا ماویەتی. بۆ نموونە، بڕوانە دیاردەی بازرگانیکردنی سێکسی بە ژنانەوە، بەتایبەتی لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، کە ڕێژەیەکی ترسناکی تۆمارکردووە و زۆرێک لە قوربانییەکانیش ژنان و کچانی بێدەرامەت و هەژارن و هاوکات پێش کڕین و فرۆشتنیش، لێیان دەدرێت و مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەو برەوەشی پیشەسازیی پۆرنۆگرافی لە ئەمەریکا و ئەوروپا هەیەتی، لە پارچەکانی تری دنیادا نییە. هەمووشمان دەبێت بزانین، کە وەها پیشەسازییەک لە بەشێکی زۆریدا، لە بنەڕەتدا لەسەر جیاکاریی جێندەری دژ بە ژنان بنیات نراوە و دەجووڵێت؛ تێیدا ژن، دەگاتە ئەوپەڕی بێڕێزی و تەنیا وەک ئامێرێکی خزمەتکردنی پیاو لێی دەڕوانرێت و هیچی تر. خۆ ئەگەر ئاماژەیەکیش بە پێگە و مافەکانی ژن لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین، دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتانە، لە پرسی یەکسانیی جێندەریدا، زۆر لە دواوەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و ئەوروپاوەن. لە سعودیە، بۆ نموونە، جگە لەوەی کە بەپێی شەرعی ئیسلام ژن بۆی نییە پۆستی سیادی (ویلایەت) وەربگرێت، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2017دا بوو، کە ڕێگەی پێ درا ئۆتۆمبیل لێبخوڕێت و لە بۆنە و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا ئامادە بێت. لە ئێرانیش بە هەمان شێوە، لە کۆتاییەکانی 2015دا یاسایەکی تایبەت بە باری خێزانی دەرچووێنرا، کە تێیدا ئەولەوییەتی دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تایبەتیشدا، بە ڕیزبەندی، دەدات بە پیاوی مناڵدار، پیاوی بێمناڵ، ئینجا ژنی مناڵدار. هەروەها ئەوانەی بەبێ هاوسەرن، بۆیان نییە ببنە پارێزەری بواری باری کەسی. جگە لەمانەش، یاساکە تەڵاق وەک شتێکی نەخوازراو و ناحەز وێنا دەکات و، دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانی، لەبریی یاسا و دادگا و دادوەر، دەداتە دەست گرووپێکی پیشەیی و ڕاهێنراو بۆ ئەو مەبەستە. واتە هەنگاوێک گەڕاوەتە دواوە و لەبریی دامەزراندنی دامودەزگای جەماوەری و دیموکراسیی بێلایەن و نیشتمانی، هانا بۆ کەسانێک دەبات، کە هیچ گەرەنتییەک نییە باوەڕیان بە یەکسانیی جێندەری هەبێت. ئەمەش خاڵی لاوازیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ لە زیاتر لە ڕێگە و کەناڵێکەوە، هەوڵی هێشتنەوەی دۆخی باو دەدەن و دژی تەوژمی مافەکانی ژنان و لاوان، دەجووڵێنەوە.

مافەکانی ژن لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤادا
هەڵبەت، وەکچۆن لە باسی بەشێک لە یاسا و پراکتیکی نێودەوڵەتیدا دیتمان، یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش زەینییەتی نێرسالارییان بە ئاراستەی بەرقەرارکردنی یەکسانی تەواودا، تێنەپەڕاندووە. وەک پرەنسیپ، چەند ساڵێکە هەوڵێک هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی تەرازووی لاسەنگی جێندەری، لە هەرێمی کوردستاندا پاش ڕاپەڕینی 1991 و لە عێراقیشدا پاش کەوتنی حکومەتی سەدام لە 2003دا. تا ڕادەیەکیش هەوڵەکان سەرکوتوو بوون، وەک دواتر دەیبینین، بەڵام هێشتا دۆخەکە هەوڵی جددیتر و زیاتری پێویستە.

یاسا عێراقییەکان
دەستووری عێراقی
لە هەموو دەوڵەتێکی دەستووریدا، دەستوور باڵاترین یەکەی یاساییە و لە سەرەوەی پلەبەندیی یاسایی وڵاتەوە دێت. بۆیە پێویستە یاسادانەر لەکاتی دانان و نووسینەوەی دەستووردا، دیدێکی ڕوونتری بۆ پرسەکان هەبێت، تا بتوانێت مامەڵەیەکی ڕوونتر و بێگرفتیان لەگەڵدا بکات. کەچی دەستووری عێراقی لەمەسەلەی مافەکانی ژندا، کەوتووەتە چەند دژیەکییەکەوە. لەلایەکەوە نابێت ئەو یاسایانەی لە وڵاتدا دەردەکرێن، دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی و هاوکات دژی بنەماکانی دیموکراسی و ماف و ئازادییەکانی نێو دەستوورەکەش بن. وەک لە تەحەفوزی دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا دەربارەی مادەکانی پەیماننامەی مافەکانی ژن بینیمان، بەشێک لە پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلامی، بەتایبەتی پرسەکانی یاسای خێزان و باری کەسی، دژ یان پێچەوانەی مافەکانی ژنن لە یاسای نێودەوڵەتیدا. جگە لەوەش، دەستووری عێراق ڕێگە بە ڕێکخستنی کاروباری کەسیی خەڵکی سەر بە مەزەبە جیاوازەکان، هەریەکە و بەپێی مەزەب و ڕێبەری ئاینیی خۆیان، دەدات. ئەمانە لەکاتێکدان، کە هەر بەپێی دەستوورەکە، عێراقییەکان بەبێ گوێدانە سێکس و جێندەریان، لەبەردەم یاسادا یەکسانن.

بەگشتی، تێکەڵییەک لە مەسەلەکەدا هەیە و دەتوانین بڵێین، یاسادانەری عێراقی لە مسۆگەرکردنی مافەکانی ژن و خوڵقاندنی یەکسانییەکی یاسایی ڕاستەقینەدا، ڕاستگۆ نەبووە و نەیپێکاوە. ئەینا وەها پشێوییەک لەنێو مادەکانی دەستووردا، ڕێگەی لێ دەگیرا و چارە دەکرا.

یاسای سزادانی عێراقی
 لە مادەی 41 بڕگەی (1)دا، وەک بەشیک لەو توندوتیژییانەی سزایان لەسەر نییە، مێرد بۆی هەیە بەمەبەستی تەمبێکردنی ژنەکەی، لێی بدات. مەسەلەی خیانەتی هاوسەرییش گرنگە، کە ئاشکرا یاساکە بە لای بەرژەوەندیی پیاوەکەدا شکاوەتەوە. چونکە بەپێی مادەی 409 ئەگەر پیاو، ژنەکەی یان یەکێک لە مەحرەمەکانی لەکاتی سێکس (زینا)دا بگرێت، دەتوانێت هەردووکیان یان بکوژێت، یان بە سەختی سزایان بدات. توندوتیژیی پیاوەکە لەم حاڵەتەدا بە بیانوویەکی یاسایی بۆ تاوانکار لەقەڵەم دەدرێت و سزاکەی بۆ سووک دەکرێت، واتە لە هەردوو حاڵەتی کوشتن و لێدانیشدا، کارەکە وەک کوشتن و لێدانی ئاسایی بەپێی مادەکانی تری یاساکە لێک نادرێتەوە و تاوانکاریش حوکم نادرێت. بەڵکو بەپێی یاساکە خۆی، مەسەلەی شەرەف وەک بیانوویەک بۆ سووککردنی سزا ئەژمار کراوە. لەکاتێکدا ژن ئەم مافەی نییە یان بەو ڕەهاییە نییە. بەپێی مادەی 398 ئەوانەی لاقەی مێینەیەک دەکەن، ئەگەر ڕازی ببن هاوسەرگیریی لەگەڵ بکەنەوە، سزا نادرێن. لەمەشدا هیچ حسابێک بۆ ڕا و ڕەزامەندیی مێینەکە نەکراوە. جگە لەوەش، هیچ مادەیەک تەرخان نەکراوە بۆ سزادانی خەتەنەکردن، تا هیچ نەبێت لەو ڕێگەیەوە پراکتیکی وەها کارێک، کەمتر بێتەوە.

یاسای مەدەنیی عێراقی
 لە مادەی 102دا هاتووە: "سەرپەرشتیاری منداڵ، باوکییەتی، ئینجا ڕاسپێردراوی باوکی، دواتر باپیرەی، پاشان ڕاسپێردراوی باپیرەی، دواجاریش دادگا، یان ڕاسپێردراوی دادگا". واتە دوور و نزیک باسی دایکی نەکردووە. مادەی 588یش تەنیا ددان بەو کڕین و فرۆشتنەدا دەنێت، کە باوک یان باپیرە بە ناوی منداڵەکانەوە دەیکەن. مادەی 1327یش باسی ڕەهنکردنی موڵک و ماڵی منداڵ دەکات لەلایەن باوکەوە و ڕەوایەتیی پێ دەدات. واتە هیج باسێک لە دایکەکە، نییە.

یاسای هەڵبژاردنی عێراقی
 بەپێی مادەی 11، دەبێت هەموو لیستێک، لای کەم یەک لەسەر سێی کاندیدەکانی مێینە بن. بەپێی مادەی 14یش، ئەگەر ژنێک کشایەوە و کشانەوەیشی کاری لە ڕێژەی بەشداریی ژنان کرد، ئەوکات هەر دەبێت ژنێک لە جێگەی دابنرێتەوە. سیستەمی کۆتای ژنان، وەک لەم یاسایە و ئەوەی هەرێمی کوردستانیشدا دەبینرێت، لەوانەیە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبێت، بەڵام هیچ نەبێت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، کارێکی باشە و هەنگاوێکی پێویستە.

یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی
 وەک لە مادەی 9ی پەیماننامەی مافەکانی ژندا هاتووە، ژن و پیاو لە ڕووی بەخشینی ڕەگەزنامەی وڵاتەکانیان بە منداڵەکانیانەوە، یەکسانن. یاسای ڕەگەزنامەی عێراقییش، لە مادەی 3دا هەر کەسێک لە باوکێک یان دایکێکی عێراقی بێتە دنیاوە، بە عێراقیی داناوە. ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیڤە و لەمەدا عێراق، پێشی زۆربەی دەوڵەتانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داوەتەوە. جگە لەمەش، بەپێی یاساکە ژنیش وەک پیاو، مافی خۆیەتی شان بە شانی ڕەگەزنامەی عێراقی، ببێتە خاوەنی ڕەگەزنامەی دەوڵەتێکی تریش.

یاسای باری کەسی
 لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، عێراق خاوەنی یاسایەکی یەکگرتووی سەراپاگیری باری کەسی بۆ سەرجەمی دانیشتووانەکەی، نەبوو. بەڵکو پەیڕەوکارانی هەر مەزەبێک، یاسا و شەریعەتی تایبەت بە خۆیانیان هەبوو. تا ئەوەی دوای شۆڕشی 14ی تەمووز و لە 1959دا، ئەم یاسایە دەرچووێنرا. ئەم یاسایە وەک کۆکەرەوەی هەموو مەزەبە جیاوازەکان بوو، بەسەر هەموو پەیڕەوکارانیشیاندا جێبەجێ دەکرا. بەڵام هەر لە سەرەتاوە لایەنە شیعییەکان، یاساکەیان پەسەند نەکرد و هەوڵی جددییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی، دا، بەڵام هەوڵەکانیان سەری نەگرت.

لە پێناسەی خودی هاوسەرگیریدا، جیاکاری هەیە. بەپێی مادەی 3 و لە پێناسەی هاوسەرگیریدا هاتووە: "هاوسەرگیری، گرێبەستێکە لەنێوان ژن و پیاوێکدا، کە بەپێی شەرع یەکەمیان بۆ دووەمیان حەڵاڵ بێت". واتە زیاتر لە گۆشەی پیاوەکەوە سەیری کارەکە کراوە و، ژن لە خەیاڵدانی یاسادانەردا نەبووە. بەپێی هەمان مادە ڕێگە بە پیاو دراوە لەگەڵ زیاتر لە ژنێکدا هاوسەرگیری بکات. بۆ ئەمەش چەند مەرجێکی بۆ دانراوە، کە زیاتر پشت بە باری دارایی پیاوەکە و لێکدانەوە و بڕیاری دادوەر دەبەستێت. واتە ڕەزامەندیی ژنەکە وەک مەرجێک، ئەژمار نەکراوە. بەپێی مادەی 8، کەسانی تەمەن پازدە ساڵ، ئەگەر سەرپەرشتیار و دادوەر ڕازی ببن و کەسەکەش شیاو بێت، دەتوانن هاوسەرگیری بکەن. واتە لە پازدە ساڵ کەمتر، ناتوانێت هاوسەرگیری بکات. بەپێی مادەی 9، ئەگەر کەسێک بەزۆر هاوسەرگیریی پێ بکرێت، چ ژن و چ پیاو، ئەوا هاوسەرگیرییەکەی پووچەڵ دەبێتەوە ئەگەر سێکس نەکرابێت. واتە ئەگەر سێکس کرابێت، بۆیان نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان بکەن. بەپێی مادەی 17، پیاوی موسوڵمان بۆی هەیە لەگەڵ ژنی غەیرە موسوڵمانیش (مەسیحی و جوو)دا هاوسەرگیری بکات، بەڵام ژنی موسوڵمان ئەمەی بۆ نییە. بەگشتی، یاساکە زمان و گوتارێکی نێرسالارانەی بەسەردا زاڵە و لە ڕوانگەی باڵادەستیی پیاوەوە بەسەر ژندا، نووسراوە. وەک ئەوەی لە مادەی 26ی تایبەت بە ئەرک و مافی هەردوو لا لەنێو ماڵدا، دەیبینین. هەروەها وەک ئەوەی لە مادەکانی 47 و 48دا ئاشکرا دەردەکەوێت، کە عیددەی تەنیا لەسەر ژن واجب کردووە، لەکاتێکدا پیاو هەرکاتێک ویستی، دەتوانێت دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە. هەروەها لە مادەکانی 89 و 91دا، پشکی مێرد لە میراتیی ژن، لە پشکی ژن لە میراتیی مێرد، زیاترە. چەندان مادە و بڕگەی ئەم یاسایە، وەک حاڵەتەکانی تەڵاقدان و جیابوونەوە، پێویستییان بە هەموارکردنەوەیە، کە ئەوەش دواتر و لە باسی هەموارکردنەوەی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا، ڕوون دەبێتەوە.

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2017وە، پرۆژە یاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، چووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەک پرەنسیپ ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و دەنگی زۆرینەی هێناوە. بەڵام وەک هەندێک لە پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند: "هەموارکردنەکە هیچ پێویست نییە و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنی تێدا ڕەچاو نەکراوە. لەوەش زیاتر، گورزێکی کوشندەیە لە کەرامەتی ژنی عێراقی. هەروەها جیاکاری لەنێوان پەیڕەوکارانی مەزەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات و بەوەش، نەک تەنیا زیان بە ژن دەگەیەنێت، بەڵکو کۆمەڵگەش لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە". بەڵام تا ئیسە وەک پرۆژە ماوەتەوە. زۆربەی تەحەفوزەکانی عێراقیش لە پەیماننامەی مافەکانی ژن، لەبەر حوکمەکانی ئەم یاسایەیە، چونکە لە بنەڕەتدا یاساکە لە مەزەبە جیاوازەکانی شەریعەتی ئیسلامەوە، هەلهێنجراوە.

 یاساکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا (باکووری سوریا)
هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی
 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2002دا، مادەکانی 128، 130، 131، 409ی یاسای سزادانی عێراقیی هەموارکردەوە. بەو پێیەش چیتر کوشتن بە بیانووی شەرەف، بە بیانووی یاسایی سزاسوککەر لەقەڵەم نادرێت. بەمەش هەنگاوێک لە بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەری نزیک بووەوە. بەڵام ئەوەی پێویستە، چەسپاندنی وەها پرەنسیپ و هۆشیارییەکە لای هاووڵاتییان، بە ژن و پیاویشەوە، تا لە واقیعیشدا جێی خۆی بگرێت.

یاسای دەرماڵەی مناڵبوون و دایکایەتی هەرێمی کوردستان
 بەپێی یاساکە، ژن بە درێژایی مۆڵەتی مناڵبوون یان دایکایەتی، مووچە و دەرماڵەی تەواو وەردەگرێت. ئەمەش خاڵێکی ئیجابییە و زیاتر لەگەڵ مادەی 11 بڕگەی 2ی پەیماننامەی مافەکانی ژندا دێتەوە. چونکە مناڵبوون بارێکی سروشتییە، بۆیە نابێت وەک ئامرازێک بۆ سزادانی ژنان، بەکاربهێنرێت. بەڵکو تەواو هەقی خۆیەتی، کە لەو کاتانەدا ماف و مووچە و ئیمتیازەکانی خۆی وەربگرێت.

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی هەرێمی کوردستان
 بەپێی ئەم یاسایە، هەموو جۆرە ئازاردانێکی جەستەیی، سێکسی و دەروونی لەلایەن ئەندامانی خێزان و خزمانی تا پلە چوارەوە، بە توندوتیژی دادەنرێت و سزای لەسەر دەدرێت. هێندەی پەیوەندیی بە ژنەوەیە، هەریەکە لە هاوسەرگیریی ژن بە ژن، مناڵ بەشوودان، بەشوودان لەجیاتی خوێن، ناچارکردنی ژن بە کاری بەدڕەوشتی و داوێنپیسی لەلایەن مێردەوە، خەتەنەکردنی مێینە، لێدان و لەباربردن و خۆکوشتن بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە، بەسووک سەرنجدان و بەزۆر سەرجێییکردن، وەک کردەوەی توندوتیژ لەقەڵەم دراون. بەڵام تا ئێستا ئەم کردەوانە دەبینرێن و هەن، ڕۆژانەش بەر هەواڵی لەم جۆرە دەکەوین، کە ئەوەش شتێکی ئاساییە. بەڵام دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە جێبەجێکردنی یاساکاندا جددیتر بن و سزای سەرپێچیکار بدەن.

یاسای دەستەی گشتیی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان
ئەم جۆرە یاسایانە پێشوەخت ئەوە دەسەلمێنن، کە لە وڵاتدا گەندەڵییەکی زۆر هەیە و زۆرێک لەو گەندەڵییانەیش، تا ئێستا بەپێی پێویست و یاسا کارپێکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە. لە مادەکانی 6، 9، 11، 12ی یاساکەدا، کە تایبەتن بە چۆنێتیی هەڵبژاردن و دامەزراندنی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی دەستەکە، هیچ ئاماژەیەک بە دانانی کۆتایەکی تایبەت بە ژنان نەکراوە. هەڵبەتە یاساکە نەشیوتووە ئەو کەسانە هەر دەبێت پیاو بن، بەڵام باشتر بوو وەها کۆتایەک لە دەستەکەدا بۆ ژنان تەرخان بکرایە، وەک ئەوەی لە خاڵی دواتردا دەردەکەوێت.

یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان
 ئەم یاسایە، بەراورد بەوەی دەستەی گشتیی دەستپاکی، زیاتر لەگەڵ مافەکانی ژندا دێتەوە. بەو پێیەی لە مادەی 5ی یاساکەدا کراوە بە مەرج، کە لەکاتی پێکهێنانی ئەنجوومەنی کۆمسیاراندا، نوێنەرایەتیی ژنان مسۆگەر بکرێت. یاساکە ڕێژەی ئەو نوێنەرایەتییەی ژنانی دیاری نەکردووە، کە ئەگەر بیکردایە باشتر دەبوو. بەڵام بەراورد بەوەی دەستەی دەستپاکی، پێشکەوتووترە.

یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی هەرێمی کوردستان
 ئەم یاسایە ڕاستەوخۆ باسی ژن و مافەکانی نەکردووە، بەڵام بەگشتی گرەنتییەکی یاسایی بۆ ژنان دابین دەکات، تا لەکاتی هەراسانکردن و گێچەڵپێگرتندا، بتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. بەڵام دەکرێت لایەنی زمانیی یاساکە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە، کە زیاتر باڵانسی نێوان هەردوو ڕەگەز لەلایەک و، باڵانسی نێوان پاراستنی دۆخی باو و هێنانە کایەوەی دۆخێکی جیاواز و باشتر لەلایەکی ترەوە، ڕابگرێت. چونکە هەمیشە یاساکان باسی پاراستنی 'نیزام و ئادابی گشتی' دەکەن، کە ئەوەش، وەک لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەبینرێت، سیستەم و ئادابێک نییە جێی یەکسانیی جێندەری لە خۆیدا کردبێتەوە. واتە هێندەی پەیوەندیی بە ژنەوەیە، یاساکان نابێت هێندەش خەمی پاراستنی نیزام و ئادابی گشتییان هەبێت.

یاسای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
 لەم دوو یاسایەدا، بەراورد بە یاساکانی عێراق، هەنگاوێکی باشتر بە ئاراستەی مافەکانی ژندا هاوێژراوە. وەک ئەوەی لە مادەکانی چوارەم و حەوتەمی هەردوو یاساکەدا دەردەکەوێت، مەرجە لیستی هەڵبژاردن بۆ هەردوو دەزگاکە بەجۆرێک ڕێکبخرێت، کە ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژن تێیدا لە 30% کەمتر نەبێت، لەکاتێکدا لە عێراقدا 25%ە. بەهیوام ڕۆژێک بگەینە ئاستێک، کە چیتر پێویستیمان بە سیستەمی کۆتای ژنان، نەمێنێت. بەڵام لە ئێستا و لەم قۆناغەدا، دانانی وەها کۆتایەک بە سوودی بەشداریی زیاتری ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا، دەشکێتەوە.

 بەڵام وەک تێبینییەکی گشتی لەسەر یاساکانی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لایەنی پراکتیکیی حیزبەکان، ئەم کۆتایە وەک ڕێژەی نەگۆڕ لێک دراوەتەوە. واتە حیزبەکان تەنیا 25% و 30%ی پاڵێوراوان و ئەندامانیان ژنن. لەکاتێکدا لۆجیکی پشتەوەی یاساکان شتێکی ترە؛ یاساکان دەڵێن لەو ڕێژەیە کەمتر نەبێت، ئیتر زۆر ئاساییە ئەگەر زیاتر بێت. بەڵام حیزبەکان تەنیا بەو دوو ڕێژەیە کار دەکەن، نە زیاتر و نە کەمتر.

یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی
 یاسای باری کەسیی عێراقی (ژمارە 188ی ساڵی 1959)، دوو جار لە هەرێمی کوردستاندا هەموار کراوەتەوە و، زیاتر لەگەڵ یەکسانیی جێندەرییدا گونجێنراوە. بەپێی ئەم هەموارە، چیتر گرێبەستی هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسدا نابێت، کە بەو پێیە ژنەکە بۆ پیاوەکە حەڵاڵ بێت، بەڵکو هەردوو لایەن بۆ یەکتری حەڵاڵ دەبن. لە مادەی دووەمیشدا، مەرجی زیاتر بۆ فرەژنی دادەنێت و ڕەزامەندیی ژنی یەکەم وەک یەکێک لەو مەرجانە، دانراوە. هەر بەپێی ئەم هەموارە، شایەتیی ژن و پیاو لەسەر گرێبەستی هاوسەرگیری، وەک یەکە؛ ژن دەتوانێت مافی تەڵاقدان لە پیاوەکە وەربگرێت؛ لای کەمی تەمەن بۆ هاوسەرگیری کراوە بە 16 ساڵ؛ دایکیش وەک سەرپەرشتیاری منداڵ ئەژمار کراوە؛ ژنیش دەتوانێت لە خەرجیی ماڵدا بەشدار بێت؛ چیتر لاساریی (نشوز) تەنیا ژن نایکات، بەڵکو پیاویش دەشێت لاسار بێت؛ لە حوکمەکانی تەڵاق و میراتیشدا، باڵانسی جێندەریی ڕاگرتووە. بەم هەنگاوانەش، هەرێمی کوردستان پلەیەک پێشی عێراق دەکەوێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی یەکسانیی تەواو.


یاساکانی ڕۆژاڤا
 پاش دروستبوونی قەوارەیەکی دیفاکتۆی کوردی لە ڕۆژاڤا (باکووری سوریا)، هەوڵی جددیتر بۆ گۆڕینی یاسا کۆنەکانی ئەو وڵاتە درا. بنچینەی ئەو هەوڵانەش، بنبڕکردنی جیاکاریی جێندەرییە دژی ژنان. ئەوەتا لە دیباجەی دەستووری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سوریادا هاتووە: "سیستەمی فیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕۆژاڤا-باکووری سوریا، پشت بە کەلتوور و کەلەپووری خواوەندی دایک... دەبەستێت". بەپێی مادەکانی 15، 16، 17، 29، 31ی دەستوورەکەش، ژن و پیاو لە ئەرک و ماف و بەشداریی سیاسیشدا، یەکسانن و هەموو جیاکارییەک دژی ژنان، بە تاوان لەقەڵەم دراوە.

بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ژنیش لە ڕۆژاڤا، ژن و پیاو لە هەموو بوارە تایبەتی و گشتییەکاندا یەکسانن؛ لە دەنگدان و خۆکاندیدکردن؛ کارکردن و کرێی کار؛ لە شایەتیدا؛ قەدەغەکردنی بەزۆر بەشوودانی کچان؛ هەڵوەشاندنەوەی مارەیی بەو پێیەی ئامرازێکە بۆ بەموڵککردنی ژنان؛ قەدەغەکردنی فرەژنی؛ یەکسانیی تەواو لە مەسەلەکانی میراتیدا؛ قەدەغەکردنی ژن بە ژن و ژن لەجیاتی خوێن؛ قەدەغەکردنی کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە؛ قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە ژنەوە؛ قەدەغەکردنی جیاکاری و توندوتیژی دژی ژنان. بەم پێیەش بێت، یاساکانی ڕۆژاڤا، تەواو لە یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنەوە نزیک دەبنەوە. لەم ڕووەشەوە، سەرجەمی سیستەمە یاساییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆڕ دەدەن. دیارە وەها واقیعێکیش لەخۆوە نییە، بەڵکو هەم دید و تێڕوانینێکی ڕوونی لە پشتەوەیە، هەمیش هەوڵ و ماندوبوونی دەوێت تا بپارێزرێت.

ئەم یاسایانەی ڕۆژاڤا، بەشێک لە بەرپرسانی سوریای تووڕە کردووە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە لە داهاتووی سوریادا جێگەی وەها یاساگەلێک نابێتەوە. هۆکاری ئەوەش نەگونجانی ئەم یاسایانەیە لەگەڵ یاسای باری کەسیی سوریدا، کە وەک دەوڵەتانی تری موسوڵمان، ئەو یاسایەش لە شەریعەتی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو یاسایانەی ڕۆژاڤا ئیلهامی خۆیان لە تێزەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانەوە وەرگرتووە، کە هەمیشە جەخت لە بەهای ژن و بنبڕکردنی جیاکاریی جێندەریی دەکاتەوە. ئەمەش ئەو تێزە دەسەلمێنێت، کە دەبێت لە پرسی پێگە و مافەکانی ژندا، یاسا و سیاسەت پێکەوە هاوئاهەنگ بن؛ دەبێت یاسا و واقیعی کۆمەڵایەتی پێکەوە بگونجێنرێن. ئەمەش نەک تەنیا بۆ مافەکانی ژن، بەڵکو بۆ هەموو بەشەکانی تری مافەکانی مرۆڤیش هەر ڕاستە.

پێگە و مافەکانی ژن لە پراکتیکدا: جیهان، عێراق، هەرێمی کوردستان
سەرباری سەرجەمی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژن، هێشتا لە واقیعدا ژنان بە دەست جیاکاریی جێندەرییەوە دەناڵێنن. هێشتا لە هەندێک دەوڵەتی گەورە و زلهێزی جیهاندا، وەک ئەمەریکا و فەرەنسا، ژن نەیتوانیوە ببێتە سەرۆککۆمار. وەک لە سەرەوەش باس کرا، بازرگانیکردن بە ژنەوە، تەنانەت لە دەوڵەتە ئەوروپی و ئەمەریکییەکانیشدا، هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ژنان. بەکۆیلەکردنی ژنان لە ڕێی پیشەسازیی پۆرنۆگرافییەوە، بە ناوی ئازادیی تاکەکەسییەوە، گەڕانەوە و داکشانێکی مەترسیدارە لە خەباتی چەسپاندنی مافەکانی ژندا. جگە لەو وێنە ناشرینەی پۆرنۆگرافی لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆ ژنی دادەتاشێت، دەشێت کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دەروونی مرۆڤەکانیش هەبێت.

ساڵانێکی زۆرە و وەک ئەنجامێکی زەینییەتی پیاوسالاری، تەنانەت لەگەڵ هەبوونی کەمترین و بچووکترین گوماندا لەسەر ڕازیبوونی ژن لەکاتی لاقەکردندا، شایەتیی ژنەکە پووچەڵ دەکرێتەوە و، کەیسەکەشی بەهای نامێنێت. بۆ نموونە، بەهۆی زاڵیی زەینییەتی نێرسالارییەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لەکاتی دەستبردن، گێچەڵپێگرتن، یان لاقەکردندا، دەستبەجێ پەنجەی تۆمەت بۆ ژنەکە درێژ دەکرێت و لۆمەی ئەو دەکەن، وەک ئەوەی ژن سەرچاوەی هەموو تاوان و گوناهێک بێت.

دەربارەی لەباربردنیش، پێش چەند مانگێک لە کۆریای باشوور، داواکارییەکی ژنان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی دژ بە لەباربردن، ڕەت کرایەوە. لە بەرازیلیش، کۆنگرێسی ئەو وڵاتە پرۆژەی هەموارکردنەوەیەکی دەستووری پەسەند کرد، کە لەباردبردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات. ئەندامانی ئەو لیژنەیەی بۆ ئەو کارە ڕاسپێردرابوون، هەموو پیاو بوون و بە 'بەڵێ' دەنگیان بۆ هەموارکردنەوەکە داوە. بەو پێیەش، لەباربردنی منداڵ لە حاڵەتەکانی وەک لاقەکردن، یان کاتێک ژیانی ژنەکەش لە مەترسیدا بێت، هەر قەدەغە دەبن. بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، حاڵەتەکانی لەباربردنی منداڵ بە شێوەی نایاسایی و ناسەلامەت، لەو وڵاتانەی لەباربردن تێیاندا قەدەغەیە یان کۆتی زۆریان لەسەر داناوە، چوار هێندەی ئەو وڵاتانەیە، کە لەباربردن تێیاندا یاساییە و ڕێکخراوە. بەپێی ڕاپۆرتی 2017ی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن حاڵەتی لەباربردنی ناسەلامەت لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار دەکرێن، کە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی یاسا و ڕێسای پێشکەوتووەوە، کە لەگەڵ مافەکانی ژندا بێنەوە، لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیادان، بەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە.

لە ئاستی جیهاندا و بەپێی ڕاپۆرتی 2017ی مونتەدای ئابووریی جیهانیی تایبەت بە ژنان، لە ڕووی بەشداری و دەرفەتی ئابووری، پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی و مانەوە، بەشداری و بەهێزکردنی سیاسیدا، دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دواوەی ڕیزبەندییەکەوەن. لەکاتێکدا هەریەکە لە ئایسلاند، نەرویج، فینلەندا، ڕواندا، سوید، نیکاراگوا، سلۆڤینیا، ئێرلەندا، نیوزیلاند و فلیپین، لە یەکەم تا دەیەمی ڕیزبەندییەکەیان گرتووە. دواجار، ئەمەش تەنیا دەربارەی ئاستەنگ و هەنگاوەکانی داهاتووە دەربارەی پێگە و مافەکانی ژن و دەشیسەلمێنێت، کە کاری زۆرترمان لە پێشە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە ساڵی 2017دا، مافەکانی ژن گۆڕانێکی بەرچاویان بەخۆوە نەدیوە. گەرمترین بابەتی ڕۆژ لە بارەی مافەکانی ژنەوە لە عێراقدا، هەموارکردنە نوێیەکەی یاسای باری کەسی (ژمارە 188ی ساڵی 1959)یە. وەک نەیارانی پرۆژە تازەکە جەختی لێ دەکەنەوە، وەها پرۆژەیەک مەترسییە بۆ سەر ژنان و مافەکانیان. سەلماندنی ئەوەشی، کە ژنان قوربانیی یەکەمی وەها پرۆژەیەکن، هەوڵی زۆری ناوێت.

لە هەرێمی کوردستان و لە ماوەی یازدە مانگی 2017دا، 24 ژن کوژراون، 32 ژن خۆیانیان کوشتووە (16 ژن خۆیانیان سووتاندووە). لە سلێمانی، 1923 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان، 10 حاڵەتی کوشتن و 18 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمار کراون.

جگە لەمانەش، بەشداریی سیاسی و ئابووری ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی، جێی دڵخۆشی نییە. بەهۆی جەنگەکانەوە ژمارەی بێوەژنان هەڵکشاوە، ئەوەش لە وڵاتێکدا، کە ژن خاوەنی بڕیاری ئازادانە نەبێت لە ژیانی خۆیدا و دەوڵەتیش خەمی دابینکردنی بیمەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەبێت، قورس دەکەوێتەوە. هەر بۆ نموونە، وەک بینیمان، لەوانەیە سەربکێشێت بۆ لەشفرۆشی و ئیستیغلالی سێکسی لەلایەن پیاوانەوە. هەر ئەوەندەی ژنان دەنگ هەڵدەبڕن و داوای چەسپاندنی زیاتری مافەکانیان دەکەن، زۆرێک لە مەلاکان بانگەوازی پێچەوانە دەکەن و ئەو داواکارییانە بە مەترسیی بۆ سەر "پیرۆزیی پیاو"، لەقەڵەم دەدەن. هەرچەندە ئەوان ڕاستەوخۆ وا ناڵێن، بەڵام ئەوەی ئەوان بە دژایەتیکردنی ئاین و بنەما پیرۆزەکانی ناودەبەن، هیچ نییە جگە لە دەنگدانەوەی باڵادەستیی پیاو و سیمبوڵی پیاوسالاری بەسەر کۆی مێژووی مرۆڤایەتییەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ڕۆژاڤا شۆڕشێکی لە بواری پێگە و مافەکانی ژندا بەرپا کردووە، یەکسانیی یاسایی تەواوی لەنێوان ژن و پیاودا چەسپاندووە و لە هەوڵەکانیشیان بەردەوامن.

ئەنجامگیری
چاکسازیی یاسایی یەکەمین هەنگاوە لە ڕێگەی بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەریدا، بەڵام بێگومان وەها هەنگاوێک بەتەنیا، نامانگەیەنێتە ئامانج. پرسی جیاکاریی جێندەری تا ئێستە، مێژوویەکی تەواوی سەرجەمی مرۆڤایەتی لەسەر هەڵچنراوە. بۆیە پێویستیمان بە چاکسازییە لە ئاستێکی وادا، کە هەموو بوار و کەلێنەکانی وەها جیاکارییەک بگرێتەوە. هەڵبەتە هەنگاوەیلی یاسایی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، پیاوان، ژنان، منداڵان و لاوان، کارێکی گرنگە. بەڵام لەمەش گرنگتر، دروستکردنی ویستی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە و چەسپاندنی ئەو مافانەیە.

بۆ ئەوەش دەبێت دەست بۆ نەریت و کەلتوور ببرێت؛ شۆڕشێکی کەلتووری دەتوانێت پاڵپشتێکی تۆکمە و بگرە پێشەکییەکی بەهێزی ڕیفۆرمی یاسایی بێت. وەک دەزانین، یاسا بەبێ هێزی لایەنێکی جێبەجێکار، دەشێت وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمینێتەوە. ئەمەش فاکتە و ناتوانین خۆمانی لێ نەبان بکەین. لە خوڵقاندنی دنیایەکی باشتردا، نابێت تەنیا چاومان لە دەستی دەوڵەت، حکومەت، سیاسەتوان و دەسەڵاتدارانی سیاسی بێت. بەڵکو گرنگە هەر تاکەکسێک لای خۆیەوە، بکرێتە داینەمۆی وەها شۆڕش و گۆڕینێک. پێویستە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانیش نادیدە نەگرین. لە ئێستادا و لە زۆر ئاستدا، دەوڵەت بۆ خۆی بووەتە بەشێک لە کێشەکان، بۆیە هانابردنی ڕەها بۆ دەوڵەت لە چارەسەرکردنی وەها ئاریشەیەک، ئەگەری سەرکەوتن کەم دەکاتەوە. گرفتی دەوڵەت، بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوەدایە، کە تا ئێستا وەک باوک و پیاوێک مامەڵە دەکات؛ تا ئێستا نەیتوانیوە سیاسەتێکی دایکانە و ژنانە ڕەچاو بکات. مەبەست لە سیاسەتی دایکانە و ژنانە، هەوڵدانە بۆ لێکردنەوەی کەوڵی زەبروزەنگ لەو دەوڵەتە و پۆشینییەتی بە جلکێکی نەرمتر و خستنییەتی لەو ڕۆڵە مەرکەزییەی تا ئێستا هەیبووە. هەڵبەت کە ئەمانەش دەڵێم، ئەو راستییەم لەبیر ناچێت، کە دواجار بەبێ دەوڵەت، هیچ پەیماننامەیەکی مافەکانی مرۆڤ واژۆ و پەسەند ناکرێت و ناچەسپێنرێت.

لە پرسێکی وەهادا، نابێت کاریگەریی ئاینمان لەبیر بچێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەهۆی نەبوونی هێزێکی ڕادیکاڵی گۆڕانخوازەوە لە ناوچەکەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگەرمی باوەشی بۆ هێزەیلێکی کۆنزێرڤاتیڤ کردووەتەوە و، تا دێت بەهێزتریش دەبن. لە نموونەی ئەو هێزانەش، دەتوانین ئاماژە بە سەلەفیزمی ئاینی بکەین، کە بەهۆی شەڕی پاوانخوازانە و دەمارگیرانەی هەردوو جەمسەری شیعەگەرایی و سوننەگەراییەوە لە ناوچەکەدا، واتە ئێران و سعودیە، لە برەودان. هەڵبەت دەشێت ئاین ڕیفۆرم بکریتەوە و ڕۆڵەکەی سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە، لای کەم بەوەی لە ژێر دەستی پیاوەیلێکی دەسەڵاتخواز دەربهێنرێت و بخرێتەوە خزمەتی خەڵک و دیموکراسییەوە؛ چیتر داری دەستی دەوڵەت نەبێت بۆ چەوساندنەوەی خەڵک. جگە لەوەش، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژن بەتایبەتی،  ڕۆڵێکی پۆزەتیڤانەی دەبێت. دەبێت خەڵک بە چوارچێوە یاساییەکان ئاشنا بکرێن، باسی چۆنێتیی بنیاتنان و پاراستنی دنیایەکی باشتر لەوەی ئێستایان بۆ بکرێت. دەبێت هەموو ئەکتەرەکان، بە دەوڵەتیشەوە، لە وەها کارێکدا بەشدار بن.

جگە لەوەش، هەندێک بەشی خودی یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان، پێویستییان بە داڕشتنەوە هەیە. هەر بۆ نموونە، وەک میراندا ئالیسن دەڵێت، دەبێت زاراوەی لاقەکردن پێناسە بکەینەوە، بەتایبەتی لە دەستدرێژییەکانی کاتی جەنگدا، تا هیچ نەبێت ئەگەری ئەوەی ژنێک دەستدرێژی بکاتە سەر پیاوێک و ئەو پیاوەش بتوانێت داوای مافەکانی خۆی بکات، دروست ببێت. هەمان شت بۆ دەستدرێژیی پیاوان بۆ سەر یەکتری، هەر ڕاستە. دەبێت وێناکردنی پیاو وەک تاوانبار/ئەنجامدەری وەها تاوانێک و ژنیش وەک قوربانی، کۆتایی بێت. بە هەمان لۆجیک، دەبێت بە زەین و زمانیشماندا بچینەوە، تا لەوێوە باڵانس و یەکسانیی جێندەری بگەڕێنینەوە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، هەنگاوی جددیترمان پێویستە. کار کراوە و کەسانێکیش بەردەوامن، بەڵام لەوە زیاتری دەوێت. ئەوەتا ڕۆژانە لە ناوچەی جیاواز و بە هۆکاری جیاوازەوە، گوێمان لە کوشتن و بریندارکردنی ژنان دەبێت. بەشوودانی منداڵ، خەتەنەکردنی کچان، ژن لەجیاتی خوێن، ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵکشانی بڕ و جۆری مارەیی، پەراوێزخستنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و شێوازەکانی تری بەکاڵاکردنی ژن، زاڵیی زەینییەت و زمانی خێڵەکییانە بەسەر سیاسەت و میدیا و یاسا و دادگا و دادوەرەکاندا، دەست و ویستێکی پۆڵایین و جددییان دەوێت تا بنبڕ بکرێن.

هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی، بەجۆرێک، کە ئەولەوییەت بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی نێو دەستوورەکە بێت، پێویستییە. ئەوەش واتە هەموارکردنەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی مادەی دووەم تا وڵات لە کۆمەڵێک دژیەکیی یاسایی، دوور بێت. هاوکات دەبێت ئاوڕ لە یاساکانی تریش بدرێتەوە، لەوانە یاسای سزادان، یاسای مەدەنی، یاسای باری کەسی و ئەوانی تریش. بەجۆرێک، کە یەکسانیی جێندەری مسۆگەر بکەن و چیتر ژن، هاووڵاتیی پلە دوو نەبێت. عێراق هێندەی خەریکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و کێشەی سیاسی/دەسەڵاتە، هێندە نایپەرژێت ئاوڕێکی جددی لە گوزەران و باری کەلتووریی دانیشتووانەکەی، بداتەوە. چونکە ڕاستکردنەوەی پرسێکی وەک جیاکاریی جێندەری، لەوە زیاتری دەوێت، کە تا ئێستا کراوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، کە دەبێت عێراق تەحەفوزەکانی خۆی لەسەر مادەکانی پەیماننامەی مافەکانی ژن، بکشێنێتەوە و لەوێشەوە، سیستەمی یاسایی وڵات لەسەر بنەمای ئەو پەیماننەمەیە دابڕێژێتەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە. دەبێت لە دەستووری داهاتووی هەرێمەکەدا، سوود لە هەڵە و دژیەکییەکانی یاسادانەری عێراقی ببینن، تا وەها هەنگاوێک دووبارە نەنێنەوە. جگە لەوەش، دەبێت ئەو هەنگاوە یاساییانەی تا ئێستا نراون، زیاتر بکرێن، بەوەی بە یەکسانیی ڕێژەییەوە نەوەستن و کار بۆ بەرقەرارکردنی یەکسانیی تەواوەتی، بکەن.
پرسێکی جددیی وەک یەکسانیی/جیاکاریی جێندەری، تەنیا ئەرکی دەوڵەت و حیزبەکان نییە، چونکە ئەو دووانە لە کۆمەڵە کەسێک پێکدێن، کە زۆرجار خۆیان باوەڕیان بە وەها دیاردە و پێویستییەک نییە. ئەوەی گرنگە، هۆشیارکردنەوەی تاکەکەس و گرووپە جیاوازەکانە، تا فشاری سیاسی دروست بکەن. هاوکات جەماوەریش لە وەها بابەت و پرسێک، ئاگادار بکەنەوە: پرسێک کە هەمووان تێیدا بەشدارن و دەبێت هەمووانیش لە ڕاستکردنەوەیدا، بەشدار بن، تا چیتر لە ناوچەکانی ئەم وڵاتەدا ژنان، تەنیا لەبەر ژنبوونیان، نەچەوسێنرێنەوە.

 

 

ڕۆژى دەستپێکى کۆنفرانسى نووسینەوەى پەیماننامەى مافەکانى ژن، ١٩٧٥ - مەکسیک