هەوڵە
شکستخواردووەکان بۆ بە دادگایی گەیاندنى فەرماندارە ئێراقییەکان
دەوڵەتى ئێراق
بە نمایندەى حیزبى بەعس و بە سەرکردایەتى سەدام حسێن لە ساڵانى هەشتاکاندا ژمارەیەکى
ئێگجار زۆر شاتاوانى ئەنجامدا، لە تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتییەوە بگرە
هەتا تاوانى جینۆساید، لە ڕووى یاساییەوە سیستمى ئەوکاتى جیهانیی هیچ میکانیزمێکى
بۆ بە دادپەروەرى گەیاندنى سەرکردە و فەرماندارە باڵاکانى دەوڵەتان نەبوو، لەهەمان
کاتدا لە ڕووى سیاسییەوە ئەو کات سیستمێک بوونى نەبوو بۆ رێگرییکردن لە
ئەنجامدانى ئەو تاوانانە و بنەماى دەستێوەردانى مرۆیی هێشتا ڕیشەى خۆى نەئاژوو بوو
و سەروەرى دەوڵەت تیۆرەیەکى پیرۆز و شایەنى دەستلێدان نەبوو هێشتا. هەر جۆرە
هەوڵێک لە ماوەى ئەو چوار دەیەی دواى جەنگى جیهانیى دووەم بۆ سەرپێخستنى
دادپەروەریی جیهانیى لە لایەن ئەمەریکا و یەکێتى سۆڤیەتەوە پەرچ دەدرایەوە، ئەوان
بە ساردى لەگەڵ یەک لە جەنگدا بوون و تەقەلاى سەپاندنى هەژموونى خۆیان و
سنووردارکردنى ئەوی دییان دەدا.
لە هەمان ساڵى
هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت و کۆتایی جەنگى سارد و بردنەوەى ئەمەریکا لە
جەنگەکەدا، ئێراق پەلامارى دەوڵەتی کوەیتى دا و داگیریکرد، لە رۆژى ٢ى ئابى ١٩٩٠
سەربازەکانى ئێراق چوونە وڵاتى کوەیتەوە، لەهەمان ڕۆژدا و پاش چەند کاتژمێرێک
ئەنجوومەنى ئاسایش لەسەر داواى ئەمەریکاى تاکە پاڵەوانى دواى جەنگى سارد کۆبووەوە
و بە تێکڕاى دەنگ بڕیارى ژمارە (٦٦٠)ى دەرکرد و پەلامارەکانى ئێراقیان سەرکۆنەکرد
و داوایان لە ئێراق کرد هێزەکانى بۆ ئەو شوێنانە بگێڕێتەوە کە لە ١ى ئابى ١٩٩٠، واتە ڕۆژێک پێش هێرشەکان، لە
ناو خاکى خۆیدا جێگیریی کردبوون. سەدام
حسێن پەرچى داواکەى ئەنجوومەنى ئاسایشى دایەوە و بەردەوام بوو لە داگیرکردنى کوەیت
و هێزەکانى پاشەکشە پێ نەکرد. چوار ڕۆژ دواتر و لە ٦ى ئابى ١٩٩٠ دیسانەوە لەسەر
بانگهێشتى ئەمەریکا، ئەنجوومەنى ئاسایش کۆبوونەوە و ئەمجارە لەژێر بەندى حەوتى
بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بریارى ژمارە (٦٦١)یان دەرکرد و ئابلۆقەى
ئابوورییان خستە سەر ئێراق. سێ ڕۆژ دواتر و لە بەروارى ٩ى ئابى ١٩٩٠ دیسانەوە
ئەنجوومەنى ئاسایش لەسەر هەمان مژار کۆبوونەوە و بڕیارى (٦٦٢)یان دەرکرد، لەم
بڕیارەدا داوایان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد دان بە
پێوەلکانى کوەیت بە ئێراقدا نەنێن. ئێراق پێملى هیچ یەکێک لەو بڕیارانە نەبوو و
بەردەوام بوو لە شەرەنگێزییەکەى دژى سەروەرى کوەیت، لە ١٨ و ٢٥ى ئابى ١٩٩٠ دوو
کۆبوونەوەى ترى ئەنجوومەنى ئاسایش لەسەر داگێرکردنى کوەیت لەلایەن ئێراقەوە
ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەى یەکەمدا بڕیارى (٦٦٤)یان دەرکرد و داوایان لە ئێراق کرد
دیپلۆماتە بیانییەکانى ناو عێراق بپارێزێت و ڕێگەیان بدات بە سەلامەتى بەغداد بە
جێ بهێڵن، لە کۆبوونەوەى دووەمدا بڕیارى (٦٦٥)یان دەرکرد و داوایان لە کۆمەڵگەى
نێودەوڵەتیی کرد بەشدار بن لە کۆتایی پێهێنانى داگیرکردنى کویت لەلایەن ئێراقەوە
لە رێگەى هێزیی چەکدارییەوە. بازنەى ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان تا دەهات
فراوانتر دەبوو و ئێراقیش بەردەوام بوو لە پاشەکشە نەکردنى لە کوەیت. لەو ماوەیەدا
ئەنجوومەنى ئاسایش دوانزە بڕیارى تایبەت بە داگیرکارییەکانى ئێراق دەرکرد و ئێراق
پێملى هیچ یەکێک لەو بڕایارانە نەبوو. لە بەروارى ٢٩ى تشرینى دووەمى ١٩٩٠
ئەنجوومەنى ئاسایش بڕیارى (٦٦٧)ى دەرکرد و ڕەوایەتى بە دەستێوەردانى مرۆیی دا
ئەگەر ئێراق تا بەروارى ١٥ى کانوونى دووەمى ١٩٩١ هێزەکانى لە کوەیت پاشەکشە پێ
نەکات، ئێراق تا ئەو بەروارە پاشەکشەى نەکرد و ڕۆژى دواتر و لە بەروارى ١٦ى
کانوونی دووەم هێزى هاوپەیمانان کە لە سی دەوڵەت پێکهاتبوون بە سەرکردایەتى
ئەمەریکا جەنگى کەنداوى دەستپێکرد و لە ماوەى نزیکەى مانگ و نێوێکدا و تا بەروارى
٢٨ى شوباتى ١٩٩١ هێزە ئێراقییەکانیان لە کوەیت وەدەرنا.
پاش ئەو هەموو
شەرەنگێزییەى ئێراق و ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە داگیرکردنى کوەیتدا، دەرفەتێکى
لەبار ڕەخسا بۆ بە دادگایی گەیاندنى فەرماندارانى ئێراق، جۆرج بۆشى سەرۆک و
کاربەستانى ئەمەریکا و هەندێ لە وڵاتە ئەوروپییەکان لەپێش جەنگەکەدا چەند جارێک
ئاماژە بە دادگاییکردنى سەدام حسێن ئەکەن، لە ٢٣ى کانوونى دووەمى ١٩٩١دا و هەفتەیەک
دواى دەستپێکردنى جەنگى کەنداو کۆنگرێسى ئەمەریکا پرۆژە یاسایەک بەرباس دەداو و
داوا لە ئیدارەى جۆرج بۆش دەکات تاوانبارانى ئێراق دادگایی بکرێن. لەبەر ئەوەى
هەتا ئەوکات جگە لە هەردوو دادگاى سەربازیی نێودەوڵەتیی لە نۆرمبێرگ و دادگاى
سەربازیی نێودەوڵەتیی لە تۆکیۆ - ساڵى ١٩٤٥، هیچ نموویەکى ترى دادگاى تایبەت بە
تاوانى نێودەوڵەتیی لە گۆرێ نەبوو، بۆیە لە گفتووگۆکانى ناو ئەنجوومەنى پیران (سێنات)دا سێ
شێوەى دادگا پێشنیار دەکرێت، یەکەمیان ئەمەریکا لە رێگەى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە
دادگایەکى تایبەت بە تۆمەتبارانى جەنگى کەنداو دابمەزرێنێت، دووەمیان هێزیی
هاوپەیماننان بە سەرکردایەتى ئەمەریکا دادگایەک دابمەزرێنێت هەر وەک هەردوو
دادگاکەى نۆمبێرگ و تۆکیۆ. سێییەمیان تۆمەتبارانى جەنگەکە بهێنرێت لە دادگاکانى
ناو ئەمەریکادا دادگایی بکرێت. کۆنگرێس پرۆژەکە لە بەروارى ١٨ى نیسانى ١٩٩١ جارێکى
تر هەمواردەکاتەوە و ناوەکەى لە (جێبەجێکردنى پەیماننامەکانى ژنێڤ)ەوە دەگۆڕێ بۆ
(دادگاى تاوانبارانى جەنگى کەنداو) و بەزۆرینە دەنگى لەسەر دەدرێت و پێشکەشی کۆشکى
سپی دەکرێت، بەڵام کۆشکى سپى کارى لەسەر ناکات. هەرچەندە لە پرۆژەکەدا باسى
جینۆسایدى کوردى تێدا نییە بەڵام لە گفتووگۆکانى ناو ئەنجوومەنى پیراندا چەندین
جار جەخت لە میحنەتیی و جینۆسایدى کورد دەکرێتەوە.
ساڵى ١٩٩٢ ویلیەم کلینتۆن دەبێت
بە سەرۆکى ئەمەریکا و دواى دامەزراندنى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ
یوگوسلاڤیا لە ساڵى ١٩٩٣ و دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا لە ساڵى
١٩٩٤ لە لایەن ئەنجوومەنى ئاسایشەوە، جارێکی تر مژارى درووستکردنى دادگایەک بۆ
تاوانەکانى فەرماندارانى دەوڵەتی ئێراق دێتەوە بەرباس، ئەمجارە ئیدارەى کلینتۆن
دەیەوێ لە رێگەى ئەنجوومەنى ئاسایشەوە کۆمیتەیەکى گەڕان بە دواى ڕاستیدا بۆ ئێراق
درووستبکرێت هەر وەک ئەوەى پێش درووستکردنى دادگاکە بۆ یوگوسلاڤیا درووستکرا،
بەڵام هەوڵەکانى شکست دەهێنن، چونکە لەو کاتەدا زۆرێک لە ئەندامە هەمیشەییەکانى
ئەنجوومەنى ئاسایش بەرژەوەندى ئابوورى و سیاسییان لەگەڵ ئێراقدا هەبوو. لە ٢ى مارسى ١٩٩٨ جارێکى تر ئەنجوومەنى پیرانى
ئەمەریکا پرۆژە یاسایەک لەژێر ناوى (پرۆژە یاساى دادگاى تاوانە جەنگیەکان بۆ سەدام
حسێن) گەڵاڵە دەکات و لە ١٦ى مارسى هەمان ساڵ و لە دەیەمین ساڵیادى
کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا بە تێکڕاى دەنگى ئەنجوومەنەکە پرۆژەکە تێدەپەرێت و داوا
لە ئیدارەى کلینتۆن دەکات لە رێگەى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دادگایەک بۆ سەدام حسێن
و فەرماندارەکانى ترى ئێراق دامەزرێنێت، ئەمجارە ئەم پرۆژەیە زۆر چڕوپڕ ترە و بە
دوورو درێژى لەسەر تاوانەکانى فەرماندارەکانى ئێراق هەڵوەستەى کردووە، سەرجەم ئەو
تاوانانەى سەدام حسێن ئەنجامى داون و ڕێکارى یاسایی بۆ دامەزراندنى دادگایەکى
تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ئێراق بەرباسداوە، لەم کاتەدا هەردوو دادگاى
تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا و ڕواندا سەرپێ کەوتبوو، هەوڵەکان
ئارگومێنتى یاسایی پتەوی لەپشت بوو، لە پاڵ تاوانەکانى ترى فەرماندارەکانى ئێراق
لە چەشنى داگیرکردنى کویت و مووشەک بارانکردنى ئیسرائیل و بە بارمتەگرتنى
دیپلۆماتە بیانییەکانى ناو ئێراقدا، لە بەشێکى پرۆژەکەدا دەڵێت؛
"سەدام
حسێن و فەرماندارەکانى ترى ئێراق شاڵاوێکى سیستماتیکییان دژى کوردەکان بە مەبەستى
سڕینەوەیان ئەنجامداوە، چەکى کیمیاوییان لە دژى خەڵکى بێ تاوانى کورد بەکارهێناوە،
لە شاڵاوەکانى ساڵانى ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ زیاتر لە سەدوپەنجا هەزار
هاوڵاتى کورد بێ سەروشوێن کراون، چوار هەزار گوندیان تەفروتوونا کراوە. دە ملیۆن
مین لە خاکەکەیاندا چێنراوە، لە شارى کەرکووک پاکتاوى ڕەچەڵەکى کراون."
لە پرۆژە
بڕیارەکەى ساڵى ١٩٩٨ بۆ یەکەمجار تاوانى جینۆساید ناوى هێنراوە و داوا دەکەن لە
پاڵ تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیدا، سەدام حسێن و فەرمارندارەکانى ترى
ئێراقیش لە پاى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دادگایی بکرێن. لە ساڵى ١٩٩٧ ئەمەریکا ئۆفیسێک
بە ناوى باڵوێزى گەورە بۆ دادپەروەریى و تاوانى نێودەوڵەتیی دادەمەزرێنێت، ئەم ئۆفیسە
ئەرکى کۆکردنەوەى بەڵگە و دۆزینەوەى ڕێگاچارەى یاسایی و دیپلۆماتییە بۆ
شاتاوانەکان، دێڤد شیفەر وەک یەکەم باڵوێز سەرپەرشتى ئەو ئۆفیسە دەکات، لە ساڵى
١٩٩٨ تیمێک بە سەرپەرشتى خودى باڵوێز سەردانى هەرێمى کوردستانى ئێراق دەکەن بە
مەبەستى کۆکردنەوەى بەڵگە و دۆزینەوەى ڕێگاچارەى یاسایی بۆ دادگاییکردنى سەدام
حسێن و فەرماندارەکانى ترى ئێراق. پاش گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانى ترى ئەنجوومەنى
ئاسایشى نێودەوڵەتیی و بە تایبەت چوار ئەندامە هەمیشەیەکەى ترى ئەنجوومەنەکە،
ئەمەریکا دەگاتە ئەو بڕوایەى هەر هەوڵێکى لەم چەشنە لە لایەن ئەندامانى ئەنجوومەنى
ئاسایشەوە ڤیتۆ دەکرێت و دەستبەردارى هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى دادگایەک بۆ
تاوانەکانى فەرماندارانى ئێراق لەو کاتەدا دەبێت.
شکستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی و نەگەشتنە دەرئەنجامى
ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ کۆتایپێهێنانى دەسەڵاتی سەدام حسێن لەو کاتەدا، سەرەڕاى ئەوەى
ڕەوایەتیییەکى گەروە لە پشتى ئەو کۆتایی پێهێنانەوە هەبوو و کۆدەنگییەکى تا
ڕادەیەک گرنگیش لەناو ئەنجوومەنى ئاسایشدا مسۆگەر بووبوو، پێکڕا سەرى کێشتا بۆ
داگیرکردنى ئێراق بەشێوەیەکى نایاسایی لە دەرەوەى ڕەوایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە
لایەن ئەمەریکاوە و دامەزراندنى دادگایەکى پڕ مشتومڕ و جێگاى پرسیار.
دامەزراندنى
دادگاى باڵاى تاوانەکان لە ئێراق
پاش هێرشەکانى
یانزەى سێپتەمبەرى ساڵى ٢٠٠١، ئەمەریکا جەنگى دژ بە تێرۆر ڕاگەیاند، ئەمەریکا نەیتوانى بڕوا بە
ئەنجوومەنى ئاسایش بهێنێت بۆ رەوایەتیدان بە جەنگەکە، بەدەر لە ڕێگەپێدانى
ئەنجوومەنى ئاسایش و تاکلایانە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ساڵى ٢٠٠٣ هێرشى کردە
سەر ئێراق، پاش پرۆسەى داگیرکردنى عێراق و لابردنى سەدام حسێن و حزبى بەعس لە فەرمانڕەوایەتیی
عێراق و دەستگیرکردنى سەدام حسێن و فەرماندارەکانى ترى ئێراق، مژارى دامەزراندنى
دادگا هاتەوە گۆڕێ. وڵاتە داگیرکەرەکانى ئێراق و بەشێک لە چینى سیاسیی و چالاکوانى
ئێراقى داواى دامەزراندنى دادگایەکیان بۆ فەرماندارەکانى ئێراق دەکرد، وەلێ
بەرەیەکى فراوانترى نێودەوڵەتیی دژى دامەزراندنى دادگاکە بوون، بەرەى دژ بە
دامەزراندنى دادگاکە ئارگومێنتى ئەوەیان دەکرد کە داگیرکردنى ئێراق نایاساییە و
بەدەر لە دەسەڵاتپێدانى ئەنجوومەنى ئاسایش ئەنجامدراوە، ئەمەش وەها دەکات هەر
دادگایەک هێزى داگیرکار درووستى بکات ڕەوایەتى یاسایی نییە، لە پاڵ ئەو
ئارگومێنتانەدا، بەشێک لە یاسا ناسان دژى دامەزراندنى دادگاکە بوون، چونکە ئەو
هۆکارەى کە واى لە هێزە داگیرکارەکان کرد ئێراق داگیربکەن و دەسەڵاتەکەى سەدام
حسێن بڕوخێنن ئەو هۆکارانە نەبوون کە دواتر سەدام حسێنى لەسەر دادگایی کرا و هیچ
جۆرە چەکێکى کۆکوژیان نەدۆزییەوە. لە کۆتایدا ئەو بەرەیەى لەگەڵ دامەزراندنى
دادگاکە بوو، دادگاکەى دامەزراند و نە نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیی پیشاندا بۆ هاوکارى
دامەزراندنى دادگاکە و نە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی، جگە لە هەر چوار وڵاتى داگیرکەرى
ئێراق (ئەمەریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵەندا) ئەوا تەنها دوو دەوڵەتی تر
(ئیسپانیا و چیک) زۆر سنووردار ئامادەییان نیشاندا لە ڕووی لۆجیستى و شارەزاییەوە
یارمەتى دامەزراندنى دادگاکە بدەن. کە بڕیارى دامەزراندنى دادگاکە درا، جارێکى تر
جۆر و شێوەى ئەو دادگایەى وا پێوێستە بۆ دادگاییکردنە دابمەزرێت بووەوە جێگاى
مشتومڕ، لەو کاتەدا چەند بژاردەیەک خرانە بەرباس.
یەکەم.
دادگایەکى سەربازیی نێودەوڵەتیی و وەک دادگای سەربازیی نۆرمبێرگ کە دەسەڵات بە
هێزە داگیرکارەکانى ئێراق (ئەمەریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵەندا) بدات
دادگایی بەرەى دۆڕاوى جەنگەکە بکەن.
دووەم.
دادگایەکى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی وەک هەردوو نموونەکەى یوگوسلاڤیا و رواندا
دابمەزرێت.
سێیەم.
دادگایەکى ناوخۆى ئێراقیی کە ڕەچاوى سیستمى یاسایی ئێراق و لە دادوەرى ئێراقى
پێکهاتبێت، دابمەزرێت.
هەرچەندە لەو
کاتەدا دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی دامەزرابوو و چووبووە بوارى کارپێکردنیشەوە،
بەڵام ئەو دادگایە بژاردەیەکى گونجاو نەبوو بۆ دادگاییکردنەکە، چونکە بە پێى
بنەڕەتنامەى دادگاکە مەوداى کاتی دەسەڵاتى دادوەریی دادگاکە ڕێگەى بە دادبینى ئەو
تاوانانە نادات وا پێش ١ى تەمووزى ساڵى ٢٠٠٢ ئەنجامدراون. ئەمەش لەمپەرە گەورەکەى
بەردەم ئەم دادگایە بوو، هەرچەندە گەر رێگەشى بدایە لەبەر ئەوەى ئەمەریکا ئەندامى
دادگاکە نەبوو (تا ئێستاش ئەندام نییە) و یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانى ئەو
دادگایە، مەحاڵ بوو ئەمەریکا تۆمەتبارە ئێراقییەکان ڕەوانەى ئەو دادگایەى بکردایە.
لە هەمان کاتدا ئێراق ئەندامى ئەو دادگایە نەبوو (تا ئێستاش ئەندام نییە)، ئەمەش
رێگەى لە دادگاکە گرت خۆویستانە دەستێوەردانى یاسایی بکات، لەو کاتەشدا ئێراق
سەروەرییەکەى لەدەست دابوو تا بتوانێ بانگهێشتى دادگاکە بکات وەک دەوڵەتێکى نا
ئەندامى دادگاکە ڕێگە بە دادگا بدرێت لێکۆڵینەوە و دادبینییەکانى دەست پێ بکات،
سەرەراى بەربەستى مەوداى کاتی دەسەڵاتی دادوەریی دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی.
لە ڕووی یاساییەوە
مۆدێلى دادگاى سەربازیی نێودەوڵەتى نورمبێرگ و تۆکیۆ کۆتایی هاتووە، چونکە
پەیماننامەى چوارەمى ژنێڤ ڕێگە دەگرێت لە دامەزراندنى دادگا لەلایەن دەوڵەتى
داگیرکەرەوە بۆ دەوڵەتیی داگیرکراو، جگە لەوەش لە دواى دامەزراندنى
نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دادپەروەرى تاوانى نێودەوڵەتیی (International Criminal Justice) بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆوە بینیوە و بژاردەى دادپەروەرى براوە (Retributive Justice) بژاردەیەکى گونجاو نەبوو لە ساڵى ٢٠٠٣ و دواى زیاتر لە نیو سەدە
لە دامەزراندنى دادگاکەى نۆرمبێرگ و تۆکیۆ جارێکى تر زیندوو بکرێتەوە. لە هەمان
کاتدا لە رووی سیاسییەوە دەستبردن بۆ دادگایەکى لەو چەشنە نەیارە نێودەوڵەتیی و
بەرهەڵستکارە ئێراقییەکانى دژى ئەمەریکا زیاتر دنە دەدا تا دژایەتیی ئەمەریکا
بکەن.
بژاردەى
دامەزراندنى مۆدیلى هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ یوگوسلاڤیا لە
ساڵى ١٩٩٣ و دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا لە ساڵى ١٩٩٤ بەربەست
و ئەستەمیی خۆى هەبوو، چونکە بۆ دامەزراندنى ئەم جۆرەى دادگا کە ناسراون بە (Ad Hoc) پێویستی بە
ڕەزامەندى ئەنجوومەنى ئاسایش هەیە، وەلێ ئەمەریکا بێ ڕێگەپێدان و گەرانەوە بۆ
ئەنجوومەنى ئاسایش ئێراقى داگیرکرد، ئەمەش هەر هەوڵێکى لەو چەشنە ڕەنگە لە لایەن
کۆمەلگەى نێودەوڵەتیی و ئەندامە هەمیشەیەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشەوە پەرچ
بدرایەتەوە، چونکە سێ ئەندامى هەمیشەیی ئەنجوومەنى ئاسایش (فەرەنسا و چین و ڕوسیا)
کە خاوەنى مافى ڤیتۆن، لە ڕاگەیاندنێکى هاوبەشدا دژایەتى خۆیان بۆ داگیرکردنى
ئێراق لەلایەن ئەمەریکاوە دەربڕی بوو.
بژاردەى دادگا تێکەڵەکان (Hybrid) لە چەشنى
دادگاى تایبەت لە وڵاتى سیرالیۆن (SCSL) و دادگاى
ناوازەى کەمبۆدیا (ECCC) گونجاوترین بژاردە بوو بۆ
دادگاییکردنى سەدام حسێن و فەرماندارەکانى ترى ئێراق، ئەم چەشنەى دادگا پێویستى بە
هەمانگى دەوڵەت و نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە و سەنگى دەسەڵاتى دادگاکە هەمیشەى بەلاى
نەتەوەیەکگرتووەکاندا پارسەنگە و ئەو دەسەڵاتێکى زیاترى تێدا هەیە، وەلێ ئەم
بژاردەیە لاى ئەمەریکییەکان کارى لەسەر نەکراو ئەوان دادگایەکى ئێراقیان لا پەسەندتر
بوو.
ئەمەریکا و
بەریتانیا پاش داگیرکردنى ئێراق، بە نامەیەک لە بەروارى ٨ى ئایارى ٢٠٠٣ داوایان لە
ئەنجوومەنى ئاسایش کرد کە ستاتوسى ئێراق وەک دەوڵەتێکى داگیرکراو و ئەمەریکا و
بەریتانیا وەک داگیرکەر بەپێى یاساى نێودەوڵەتیی بناسێنن، ئەنجوومەنى ئاسایش لە
بەروارى ٢٢ى ئایارى ٢٠٠٣ کۆبوونەوە و لەژێر بەندى حەوتى بنەڕەتنامەى
نەتەوەیەکگرتووەکاندا بڕیارى (١٤٨٣)یان دەرکرد، لە بڕیارەکەدا ئەمەریکا و
بەریتانیایان وەک دەوڵەتێکى داگیرکەر ناساند و دەسەڵاتى دەرکردنى بڕیار و حکومڕانى
ئێراقیان بەخشى بە "دەسەڵاتى کاتیى هاوپەیمانان" (Coalition Provisional Authority - CPA) تا ئەوکاتەى ئێراقییەکان
حکومەتێکى دیموکراتى بە هەڵبژاردن دادەمەزرێنن. لە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشدا
جەخت لەسەر بە دادپەروەرى گەیاندنى فەرماندارەکانى پێشووى ئێراق کراوەتەوە و داوا
لە دەوڵەتە ئەندامەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە مافى پەنابەرى بە
تۆمەتبارەکان نەبەخشن. ئەمەریکا ئەم بڕیارەى ئەنجوومەنى ئاسایشى پێویست بوو بۆ
ئەوەى ڕەوایەتى بەو یاسایانە بدات کە دەریدەکات، چەند ڕۆژى دواتر دەسەڵاتى کاتیى
هاوپەیمانان لەبەر ڕۆشنایی دەسەڵاتپێدانى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشدا یەکەم
بڕیارى خۆى دەردەکات و دەسەڵاتە سیاسیی و ئیداریى و یاساییەکانى خۆى دیاریدەکات. دواتر
دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان "ئەنجوومەنى ئیداریی ئێراق" (Iraqi Governing Council -مجلس الحكم العراقى) لە بەروارى ١٣ى تەمووزى ٢٠٠٣ دادەمەزرێنێت
کە پێکهاتبوون لە ٢٥ ئەندام، لە ٩ى کانوونى یەکەم ساڵى ٢٠٠٣ دەسەڵاتی کاتیی
هاوپەیمانان دەسەڵات بە ئەنجوومەنى ئیداریی ئێراق دەبەخشن بۆ دامەزراندنى دادگایەک
بۆ فەرمانڕەواکانى پێشووى ئێراق. هاوپێچ بە بریارەکە ڕەشنووسى بنەڕەتنامەى
دادگاکەى تێدایە کە پرۆفیسۆر شەریف بەسوونى سەرپەرشتیی تیمى نووسینەوەکەى کردبوو و
ڕۆژى دواتر لە بەروارى ١٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠٠٣ ئەنجوومەنى ئیداریی ئێراق پرۆژەکە
دەردەچوێنێت، هەر هەمان ڕۆژ پۆل برێمەرى حاکمى دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان واژۆى
لەسەر دەکات. لەم پرۆژەیەدا ناوى دادگاکە "دادگاى تاوانى تایبەت بە تاوانی
دژەمرۆڤایەتیی لە ئێراق"ە.
لە ٢٨ى
حوزەیرانى ٢٠٠٤ حکوومەتى کاتیی ئێراق دیاریدەکرێت و لە هەمان ڕۆژدا دەسەڵاتیی کاتى
هاوپەیمانان و ئەنجوومەنى ئیداریی ئێراق هەڵدەوەشێنەوە، پاشان لە ٣ى ئایارى ٢٠٠٥
حکوومەتى راگوزەرى ئێراق شوێنى حکوومەتى کاتیی ئێراق دەگرێتەوە. دواى نزیکەى
دووساڵ لە نووسینەوەى بنەڕتنامەى دادگاکە لەلایەن دەسەڵاتى کاتیی هاوپەیمانانەوە،
ئەنجوومەنى نیشتیمانى ئێراق لە ئەیلوولى ٢٠٠٥
جارێکى تر بە پرۆژەى بنەڕتنامەى دادگاکەدا دەچێتەوە و ئەمجارە ڕەوایەتییەکى یاسایی
لە ناو ئەنجوومەنى نیشتیمانى ئێراقدا پێ دەدرێت و لەو ڕەخنانەى وا لەسەر ڕەوایەتیی
دادگاکە دەگیرا کە لەژێر دەسەلاتی داگیرکەردا دەمەزراوە، رزگاری دەکەن. بنەرەتنامە
نوێیەکە بە نزیکەیی هەمان بنەڕتنامەى پێشووە و بێ گۆڕانکارییەکى گەوهەرى وەک خۆى
دەمێنێتەوە، بەڵام ناوى دادگاکە دەگۆڕێت بۆ "دادگاى باڵاى تاوانەکان لە ئێراق"
و لە ڕۆژى ١٨ى تشرینى یەکەمى ٢٠٠٥ لە رۆژنامەى (وەقایعى) ئێراقى بڵاودەبێتەوە و
ڕۆژى دواتر دادبینى لە کەیسى "دوجەیل"دا دەستپێدەکات.
پێش دادبینى
کەیسى ئەنفال، کەیسى دوجەیل دادبینى تێدا کرا بوو. ڕاوێژکارە بیانییەکان پێشنیارى
ئەوەیان کرد کە دادگاکە لە کەیسە بچووکەکانەوە و بە تۆمەتبارە پلە مامناوەندەکان
دەست بە کارەکانى بکات، ئەمەش بۆ ئەوەى تا دەگاتە کەیسە ئاڵۆز و گەورە و
فەرمانڕەوا پلە باڵاکانى ئێراق، دادگاکە ئەزموونى باشى کۆکردبێتەوە. لە سەرەتادا
تا ناوڕاستى ساڵى ٢٠٠٥ ئەم ستراتیژە کاری لەسەرکرا، بەڵام بەهۆى فشارى سیاسیی
شیعەکانەوە، حکومەتى ئێراق چەند مانگێک پێش دەستپێکردنى دادبینییەکەى دوجەیل بڵاوى
کردەوە کە سەدام حسێنیش یەکێکە لە تۆمەتبارەکان لە کەیسى دوجەیلدا و دەهێنرێتە
بەردەم دادگاکە. هەرچەندە شارەزا ئەمەریکییەکان دژى ئەوەبوون سەدام حسێن لەپاى
ئەنجامدانى تاوانى دوجەیل دادگایی بکرێت و وایان دانابوو یەکەم دەرکەوتنى لەبەردەم
دادگاکەدا لە دادبینى تاوانى ئەنفالدا بێت.
پێش ئەوەى سەدام
حسێن لە پاى ئەنجامدانى تاوانى دژەمرۆڤایەتیی لە کەیسى دوجەیلدا لە بەروارى ٣٠ى
کانوونى یەکەمى ٢٠٠٦ لە سێدارە بدرێت، لە کەیسى ئەنفالدا وەک یەکێک لە تۆمەتبارە
سەرەکییەکان لە پاڵ شەش تۆمەتبارى تردا ئامادەى دانیشتنەکانى سەرەتا دەبێت.
دادبینى لە کەیسى ئەنفالدا لە بەروارى ٢١ى ئابى ٢٠٠٦ دەستپێدەکات و بیستوسێ
دانیشتن تەرخاندەکات بۆ گوێگرتن لە سکاڵاکارەکان و دواى گوێگرتن لە حەفتاوحەوت
سکاڵاکار لە بەروارى ٢٧ى تشرینى دووەم قۆناغى سکاڵا دادەخات و لە بەروارى ٢٨
تشرینى دووەمەوە، واتە ڕۆژێک دواى قۆناغى سکاڵاکاران، قۆناغى گوێگرتن لە گەواهیدەر
و پزیشکى دادوەریی دەستپێدەکات و دواى پێنج دانیشتن لە بەروارى ٧ى کانوونى یەکەم
ئەم قۆناغەش دادەخات. قۆناغى سێیەمى دادبینییەکە تەرخانە بە کنەوپشکنینى دۆکۆمێنت
و بەڵگەکان، لە بەروارى ١٨ى تشرینى یەکەم دەست پێدەکات و دواى نۆ دانیشتن و لێکۆڵینەوە
لە نزیکەى پێنج هەزار بەڵگە، لە بەروارى ٢٩ى تشرینى دووەمى ٢٠٠٧ ئەم قۆناغەش
کۆتایی پێ دێت و قۆناغى گوێگرتن لە تۆمەتباران دەستپێدەکات و لە بەروارى ٢٠ى
شوباتى ٢٠٠٧ دادگا تۆمەتبارەکانى تۆمەتبار کرد لە پاى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید
و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى، پاشان تیمى پارێزەرانى بەرگریکار لە پێنج
دانیشتندا بەرگرى لە تۆمەتبارەکان دەکەن و تیمەکە ڕەخنە لە ڕەوایەتیی دادگا و
گومان لە بەڵگەکان و نایاسایی بوونى یاساکە بەپێى بنەماى (عدم الرجعیە Non-retroactivity) و پێنەدانى دەرفەتى گونجاو بە پارێزەرانى بەرگریکار، دەگرن.
دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق لە ٢٤ى حوزەیرانى ٢٠٠٧ دواین بڕیارى دادبینییەکە
دەردەکات و دادگاى پێداچوونەوەکەشى لە ٤ى ئەیلولى هەمان ساڵ بڕیارەکە پەسەند
دەکات.