سەرتاوتار و شیکاری

بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی تورکیا لە کۆنترۆڵ و گلدانەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فۆراتدا

پوختە:
بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی هەر دەوڵەتێک بۆی هەیە سەروەری خۆی بە سەر هەموو سەرچاوە سرووشتیەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا جێبەجێ بکات. ئەم سەروەرییە هەموو بوارەکانی پلاندانان، بەرهەمهێنان و کەڵک لێوەرگرتن، چاوەدێری و کۆنترۆڵ کردن لەخۆدەگرێت. بەڵام ئەم سەروەرییە رەها نیە و مەرجدارە بەوەی کە زیان بە دەوەڵەتەکانی دیکە و جیلەکانی داهاتوو نەگەیەنێ و ئەرک و پابەندییە نێودەوڵەتیییەکانی بپارێزێ. سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان لە سەر زەوی و لە ژێر زەوی لەو جۆرە سەرچاوە سرووشتییانەن کە وەکوو سەرچاوە نەوتی و گازییە هاوبەشەکان سیستەمی یاسایی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەرک و مافی دەوڵەتەکان لە بەکارهێنان و کۆنترۆڵ کردن و بەڕێوەبردنیاندا لە یاسای نێودەوڵەتییدا بە شێوەیەکی بەرچاو دیاریکراوە. رووبارەکانی دیجلە و فۆرات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە تورکیاوە سەرچاوەدەگرن سنووری تورکیا دەبڕن و بە ئێراق و سووریا تێپەڕدەبن و تەنانەت وڵاتی ئێرانیش دەگرنەوە، بەشێک لەو سەرچاوە سرووشتییە هاوبەشانەن کە لە لایەن تورکیاوە خراونەتە خزمەتی سیاسەتی ئاوی ئەم دەوڵەتەوە و بە مەبەستی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسی و کۆمەڵێک بەنداو و پرۆژەی گەورەی لە سەر جێبەجێکردوون کە دەکرێت بە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین پرۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دابنرێن. ئەم سیاسەت و کردارەی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو و مەترسیدار ژینگەی سرووشتیی و جڤاکیی و ئابووریی و سیاسیی دەوڵەتانی دراوسێی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی. سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا مافی سەروەری خۆی هەیە بە سەر ئەم سەرچاوە سرووشتییانەوە، کۆمەڵێک ئەرک و پابەندی نێوەدەوڵەتیشی لە سەرشانە کە مافەکانی ئێراق و سووریا دەگرێتەوە. پشتگوێ خستنی ئەم مافانە بەرپرسیاریەتی نيودەوڵەتی تورکیای لێدەکەوێتەوە کە لەم وتارەدا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئاخۆ تورکیا بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەرشان و بنەماکانی ئەو بەرپرسیاریەتییە چین، پشت بە یاسای نێودەوڵەتیی ئاو و ژینگە و پەیماننامە و یاسایی نێودەوڵەتی نەریتیی و هەروەها رێچکەی کرداری دادگا نێودەوڵەتیییەکان دەبەسرێت و رووندەکرێتەوە کە تورکیا لە بەرانبەر کردارەکانی خۆیدا لەم بوارەدا بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی لە سەرشانە.

دەسپێک:
گلدانەوە، کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوی رووبارەکان بووتە هۆی تێکدانی رێڕەو و سیستەمی سرووشتی گەڕی ئاو لە بەشێکی گەورەی ئاوەڕێژەی رووبارەکاندا و هەروەها پێکهاتە و پرۆسەی پێویست بۆ پاراستنی ژینگەی سرووشتی گرێدراوی رووبارەکان تووشی تێکچوون بووە و هەموو جۆرە پێکهاتەیەکی رووەکیی و گیاندار و پەلەوەریی و گیانلەبەری خۆجێی و کۆچەری کەوتوونەتە مەترسییەوە. بەڕێوەبردنی ناتەندروستی سەرچاوە ئاوییەکان بە پێی لێکدانەوەی کۆمەڵێک لە شڕۆڤەکارانی سیاسیی و پێوەندییە نێودەوڵەتیییەکان وادەکات کە شەڕ و پەڤچوون لە سەر سەرچاوە ئاوییەکانی لێبکەوێتەوە. ئەم بابەتە خەریکە شەڕی نەوت بخاتە پەراوێزەوە. لە بەرانبەردا کۆمەڵێکی دیکە لە توێژەران وەکوو ئەوانەی پێشوو رەشبین نین و بە گەشبینییەوە روودانی شەڕی ئاو بە دوور دەزانن و وابۆێدەچن کە ئاو کەشێکی لەبار دەڕەخسێنێ بۆ هاوکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتیی. دەکرێ بۆ ئەم گەشبینییە ئاماژە بە هاوکاری نێوان سوودان و میسر لە سەر ناوچەی رووباری نیل، مالی و مووریتانی و سنێگاڵ لە سەر بەڕێوەبردنی رووباری سەنگان بکرێت. هەروەها رێککەوتنی نێوان ئێران و ئێراق لە سەر شەتۆلعەرەب لە ساڵی 1975 ئاماژەیەکە بۆ هاوکاریی نێوان دەوڵەتەکان. رووباری دیجلە و فۆرات وەکوو دوو رووباری نێودەوڵەتیی سنووری چەند وڵات دەبڕن و کۆمەڵێک پرۆژە و بەنداوی جۆراوجۆری لە سەر بنیاتنراوە کە لە نێوان دەوڵەتان هەرێمی ئەم دوو رووبارە، ئەگەری رێککەوتن و بەریەککەوتنیش لە سەریان هەیە.

بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی جیهانی بەنداوە گەورەکان تا کۆتایی 2010 نزیکەی 52000 بەنداو بە بەرزایی زیاتر لە 15 مەتر لە جیهاندا سازکراوە. تورکیا ساڵانێکی دوور و درێژە لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە یەکێتی ئەورووپا ببێت بە ئەندام. بۆ ئەم مەبەستەش و هەروەها بۆ دابینکردنی پێوەرەکانی ئەورووپا، دەستی داوەتە کۆمەڵێک پرۆژە و گەڵاڵەی گرنگ و بەشێکی زۆری لەم پرۆژانە جێبەجێ کردووە یان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەک لەم پرۆژانە لە تورکیا پرۆژەی ئاناتۆلیای باشوری رۆژهەڵاتە کە بە گەورەترین پرۆژەی گەشەی سەرچاوە ئاوییەکانی تورکیا ئەژمار دەکرێت.

گاپ یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە 9 پارێزگای تورکیا بە رووبەری 74000 کیلۆمەتری دووجار دەگرێتەوە و بە گشتی 90 بەنداو و 60 وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە خۆدەگرێت. پاش جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە بە رێژەی 1700000 هێکتار زەوی کشتوکاڵی دەخرێتە بەر ئاو و لە دەیمەوە دەکرێتە ئاویی. جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، هایدرۆپاڵتیکی ناوچەکەی گۆڕیوە و خەریکە هاوکێشەکانیش دەگۆڕێت. باڵادەسبوونی تورکیا لە کۆنترۆڵکردنی ئاودا هەموو مێزۆپۆتامیا دەگۆڕێت. تورکیا بێجگە مەبەستی ئابووری، زیاتر باری ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بابەتە رەچاو دەکات. زیاتر لە 70٪ ژمارەی گەلی کورد لە ناوچەی ئاوی دیجلە و فۆراتدا دەژین. سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا بەشێک لە ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە.

گومانی تێدا نیە کە تورکیا سیاسەتی ئاوی خۆی لە پرۆژەی گاپدا بۆ سەلماندن و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆدا و کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستاندا بەکاردێنێ و هەروەها بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت بۆ مەرامی سیاسی و ئابووری وەکوو پلانی گواستنەوەی وزە و نەوت و گاز کەڵکی لێوەردەگرێ.

گاپ و سیاسەتە ئاوییەکانی تورکیا
یەکەم بەنداوی پرۆژەی گاپ بەنداوی ئەتاتورک بوو کە لە ساڵی 1992دا تەواوکر. ئەم بەنداوە 4 میلیاردمەتری سێجار ئاو لە خۆی دا گلدەداتەوە و رووبەری 338 مایلی چوارگۆشەی داپۆشیوە. بۆ ئەوەی لە خەسارەکانی ئەم پرۆژەیە لە کاتی پڕکردنی بەنداوەکە و گلدانەوەی ئاودا لە سەر سووریا کەم بکرێتەوە تورکیا بە پێی پرۆتۆکۆلی 1987 سەبارەت بە هاوکاری ئابووری پابەند بووە بەوەی کە لە درێژەی پڕکردنی بەنداوەکەدا بە شێوەی مامناوەند 500 مەتری سێجار لە چرکەیەکدا ئاو بەرەو سووریا و ئێراق بەربداتەوە. دەوڵەتی ئێراق چەندین جار داوای لە تورکیا کردووە کە رێژەی ئەم ئاوە بۆ 700 مەتری سێجار لە چرکەیەکدا بەرزبکاتەوە بەڵام هەر جارە رووبەڕووی دژایەتی تووندی تورکیا بووەتەوە. لە ئەگەری ئەوەی کە تورکیا نەتوانێ ئەم رێژە ئاوە بەربداتەوە پابەندبووە بەوەی کە لە مانگی داهاتوویدا قەرەبووی بکاتەوە. لە 1989ـدا تورکیا رایگەیاند کە بە مەبەستی پڕکردنی بەنداوەکە بۆ ماوەی یەک مانگ ئاوی فۆرات رادەگرێت. ئەم هەنگاوە لە 13 ژانویە تا 12 فێڤریەی 1990ی خایاند و بوو بە هۆی ئەوەی کە لە بەشەکانی خوارووی فۆراتەوە ئاو کەم بێتەوە. سووریا پەرچەکرداری تووندی بەرانبەر ئەم کردارەی تورکیا نواند، لە بەر ئەوەی کە کەوتە بەردەم وشکەڵانیی و بێ ئاوییەکی بێوێنەوە. لە بەرانبەردا تورکیا ئاماژەی بە پرۆتۆکۆلەکە کرد و پێی وابوو لە درێژەی ئەو مانگەدا لانیکەم 750 مەتری سێجار ئاوی بەرداوەتەوە و لە راستیدا لە بەر تووانەوەی بەفر ئەم رێژەیە بۆ 1000 مەتری سێجاریش بەرزبووتەوە. بەنداوی ئیلیسوو بەشێکی دیکەیە لە پرۆژەی ئەناتۆلیای باشووری رۆژهەڵات(گاپ) بە مەبەستی بەرهەمهێنای 27300 گیگاوات وزەی کارەبای ئاویی، لە سەر رووباری دیجلەدا سازکراوە و ساڵی 2019 تەواوکرا و دەستیکرد بە گلدانەوەی ئاو.

تورکیا بە سازکردنی بەنداوی ئیلیسوولە سەر رووباری دیجلە بەشێکی زۆری ئاوی دیجلەی گرتووتەوە و رێگری کردووە لەوەی کە بڕژێتە ناو باشووری کوردستان و ئێراقەوە. لە ئاکامی ئەم پرۆژەدا بەشێک لە هەرێمی کوردستان و ئێراق و تەنانەت ئێرانیش تووشی کەم ئاوی یان بێئاوی و بە بیابانبوون و گەردەلوولی تۆز و خۆل و خاک دەبن. ئەم بابەتە تەنانەت ئەبێتە هۆی سوێربوونی ئاوی کەنداو. بێجگە لە زیانە ژینگەییەکان و سوێر بوونی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی لە داهاتووشدا ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسی ناخۆیی و نێودەوڵەتیی. لە راستیدا رەگی ژیانی ئێراق دیجلە و فۆراتن و گەورەترین خاڵی لاوازی هایدرۆپاڵێتیکی ئێراق ئەوەیە کە ئەم رووبارانە لە تورکیاوە سەرچاوەدەگرن. بەردەوام مەترسی ئەوە هەیە کە تورکیا ئەم بابەتە وەکوو چەکی گوشار بەکاربێنێت.

سەرچاوە یاساییەکانی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئاوی دیجلە و فۆرات
لە ساڵەکانی 70ـوە و دوای گەیشتنی حێزبی بەعس بە دەسەڵات لە ئێراقدا، ناتەبایی و کێشەکان لە سەر سەرچاوە ئاوییەکان لە نێوان ئێراق و تورکیا چڕبووەوە. لە ساڵی 1923 بۆ 1930 کۆمەڵێک رێککەوتن لە نێوان فەرەنسا و تورکیا هاتە ئاراوە و واژۆکرا کە هەندنێک لە بابەتەکانی تایبەتن بە کەڵکوەرگرتن لە ئاوی دیجلە و فۆرات. ڕێکەوتنامەى ساڵی 1930 حەلەب جەخت لە سەر مافی سووریا دەکاتەوە لە سەر ئاوی دیجلە. لە ساڵی 1946دا ڕێکەوتنامەى دۆستایەتیی و نیازپاکیی دراوسێیەتی لە نێوان ئێراق و تورکیا واژۆکرا کە 6 پرۆتۆکۆل لە خۆدەگرێت. پرۆتۆکۆلی یەکەمیان ئاماژە بە بابەتی رێکخستنی بەڕێوەبردنی هاوبەشی رووباری دیجلە و فۆرات دەکات.

سووریا و ئێراق بەردەوام تورکیا بەوە تۆمەتباردەکەن کە زیاتر لە مافی خۆی و رادەی پێویست ئاوی دیجلە و فۆرات بەکاردێنی و پێچەوانەی مافە ڕەواکانی سووریا و ئێراق لەم بوارەدا هەڵسووکەوت دەکات. تورکیا لە ڕێکەوتنامەى لۆزان لە ساڵی 1923دا پابەندبووە بەوەی کە رێز لە مافە مسۆگەربووەکانی پێش هەڵوەشاندنەوەی ئێمپراتۆری عوسمانی بگرێت. ماددەی 109ی ئەم ڕێکەوتنامەیە ڕایدەگەیەنێت کە سنووری نوێ و هەر جۆرە چالاکیەک لە سەر ئاوی رووبارەکان نابێت کاریگەری هەبێت لە سەر ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی کە پێشتر بەدەستهاتوون. بۆیە سووریا و ئێراق کە پاش رووخانی ئێمپراتۆری عوسمانی لەدایکبوون، مافی ئەوەیان هەیە پشت بە بڕگەکانی ئەم ڕێکەوتنامەیە ببەستن بۆ داکۆکی لە مافەکانی خۆیان لە ئاوی دیجلە و فۆرات کە بە درێژایی مێژوو بۆیان مسۆگەربووە.

پرۆتۆکۆلی ساڵی 1987 تورکیای پابەندکردووە بەوەی کە لە کاتی گلدانەوەی ئاوی فۆرات بۆ پڕکردنی بەنداوی ئەتاتورک ئەبێ بەشە ئاوی سووریا بەربداتەوە. لە ساڵی 1990 سووریا و ئێراق لە چوارچێوەی یادداشتێکی هاوبەشدا رێککەوتن کە سووریا 48٪ و ئێراق 52٪ ئاوی ساڵانەی فۆرات وەربگرن. هەروەها سووریا لە ساڵی 2002 رێککەوتننامەیەکی لە گەڵ ئێراقدا واژۆکرد کە تایبەتە بە سازکردنی وێستگەیەک بۆ پۆمپاژی ئاوی رووباری دیجلە. تورکیا ساڵی 2009 یادداشتی لێکتێگەیشتنی لە گەڵ ئێراق و سووریا سەبارەت بە کەڵکوەرگرتن لە ئاو و رووبەڕووبوونەوی بەبیابانبوون واژۆ کردووە.

بنەمای بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی
لە یاسادا بەرپرسیاریەتی بریتییە لە ئەرکی یاسایی کەسێک بۆ لابردنی زیانێک کە لە کەسێکی تری داوە. لە یاسای نێودەوڵەتییدا بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی دەوڵەت بریتییە لە ئەرکێک کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی دەخرێتە سەرشانی دەوڵەتێک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانێک کە لە ئاکامی کردارێک یان خۆبواردن لە جێبەجێکردنی ئەرکێک لە دەوڵەتێکی دیکەی داوە.

ماددەی 1ـی رەشنووسی 2001ی کۆمیسیۆنی یاسای نێودەوڵەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی دەوڵەتەکان لە ئاکامی کرداری سەرپێچیکارانەی نێودەولەتییدا دەڵێت هەر کردارێکی سەرپێچیکارانەی نێودەوڵەتیی لە لایەن دەوڵەتێکەوە، دەبێتە هۆی بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی ئەو دەوڵەتە. جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیاریەتییە کاتێک دەکرێت کە رێسایەک لە یاسای نێودەوڵەتیی پێشێلکرابێت. بۆیە پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کردارێکی نارەوا روویدابێت. سەرەڕای ئەمە دەکرێت بەرپرسیاریەتی بخرێت سەرشانی دەوڵەتێک بە بێ ئەوەی سەرپێچی کردبێت. ئەم بابەتە کاتێک دەکریت کە دەوڵەتێک کردارێکی یاسایی بەڕێوەدەبات و هیچ سەرپێچییەکی یاسای نێودەوڵەتیی نەکردووە بەڵام لە ئاکامی ئەو کردارەدا زیانێک دەدرێت لە دەوڵەتێکیتر. ئەم جۆرە بەرپرسیاریەتیە لە کردارێکی قەدەغەنەکراوەوە سەرچاوەدەگرێت. بەپێی ئەم بیرۆکەیە هەر ئەوەی کە خەسارێک دەدرێت یان دەوڵەتێک زیانێکی بەرئەکەوێت، بۆ مسۆگەربوونی بەرپرسیاریەتی تەواوە، هەرچەندە کردارێک کە کراوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی کردارێکی درووست و رێگەپێدراو بووبێت. لەم روانگەیەوە خەسارە ژینگەییە سنووربڕەکان دەبنە بنەما و هۆکارێک بۆ درووستبوونی بەرپرسیاریەتیی.

لە بابەتی پاراستنی ژینگەدا لە ئەگەری پێشێلکردنی رێسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و پیسکردن و تێکدانی ژینگەی دەوڵەتێک لە لایەن دەوڵەتێکیترەوە، ئەو دەوڵەتە ئەبێ پابەند و ملکەچ بێت بە قەرەبووکردنگەوەی زیان لە سەر بنەمای رێسا گشتییەکانی بەرپرسیاریەتی نێەونەتەوەیی. ئەم بابەتە پرەنسیپێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ژینگە. بۆیە لە پرەنسیپی 22ی جارنامەی ستۆکهۆڵم و 13 جاڕنامەی ریۆ داوا لە دەوڵەتەکان دەکات کە هاوکاری یەکتر بن بۆ پەرەپێدانی یاسای نێودەوڵەتیی سەبارەت بە بەرپرسیاریەتیی و قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیانیانى پیسبوونی ژینگە و هەر چەشنە خەسارێکی ژینگەیی دیکە. سەبارەت بە پرۆژەی گاپ و سیاسەتە ئاوییەکانی تورکیا و لێکەوتە و کاریگەرییەکانی لە سەر ئێراق و سووریا دەکرێت بە پشتبەستن بەم بنەمایانە بەرپرسیاریەتی تورکیا بسلمێندرێت.

بەرپرسیاریەتی تورکیا سەبارەت بە پرۆژەی گاپ
 بۆ ئەوەی کە تورکیا لە سەر جێبەجێکردنی پرۆژەی گاپ بە بەرپرسیار دابنرێت پێویستە بەپیی یاسای نێودەوڵەتیی پابەندییەکی پابەندکەر لەم بوارەدا هەبێت. دەکرێت ئەم پابەندییە لە پەیماننامەییەکی تایبەت یان گشتی نێودەوڵەتیی، یان یاسای نێودەوڵەتیی نەریتیی، یان پێزە گشتییەکانی یاسایی نێودەوڵەتیی و یان لە بڕیار و رێچکەی دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەبگرێت. دواتر دەبێت ئەم بابەتە پشتڕاست بکرێتەوە کە سەرپێچی یان پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی کردارێکی سەرپێچیکارانە یان خۆبواردن و خۆدزینەوە لە ئەرکێک لە لایەن تورکیاوە روویدابێت و لە ئاکامی ئەم کردارەشدا زیانێک بەر دەوڵەتێکی دیکە کەوتبێت. بە پێێ یاسای نێودەوڵەتیی هەر دەوڵەتێک بەرپرسی کردارەکانی خۆیەتی.

سەبارەت بە پرۆژەی گاپ دەکرێت ئەم بابەتە لە دوو قۆناغدا لێکبدرێتەوە. سەرەتا ئەوەیە کە دەبێت سەرچاوەی مرۆیی کردار یان خۆبواردنی سەرپێچیکارانە دیاریبکرێت و دواتر هەبوونی پێوەندی نێوان دەوڵەت و بکەری ئەو کردارە یان خۆبواردنەکە بسەلمێندرێت. لە کۆتاییشدا دەبێ ئەوە بسەلمێندرێت کە ئەو کردار یان خۆبواردنە پێشێلکردنی پابەندییەکی دەوڵەتی تورکیایە. لەم روانگەیەوە بەرپرسیاریەتی دەوڵەتی تورکیا هەم لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی لە ئاکامی کردارە قەدەغەنەکراوەکان و هەم لە سەر ئەساسی پێشێڵکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بەپێی رێسا و پێزە سەرەکیەکان و یاساى نێودەوڵەتی مرۆیی و رێچکەی نێودەوڵەتی دادگەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت دەسەلمێندرێت.
پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و ژینگە کە بۆ تورکیا پابەندی هێنەرن وەکوو جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، پەیماننامەى نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان، پەیماننامەى نێودەوڵەتیی مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان و پرۆتۆکۆلە هاوپێچەکانی، پەیماننامەی مافی منداڵان، پەیماننامەکانی تایبەت بە تاڵاو و بە بیابانبوون و پاراستنی فرەجۆری ژیان (تورکیا بە بێگوێدانە بەڵێنەکانی خۆی لەم سەرچاوە یاساییانە هەڵسووکەوتی کردووە).

کۆمەڵێک لە پەیماننامە و رێککەوتننامە و پرۆتۆکۆلە پەسندکراوەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی دراوسێ.
پەیماننامەی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە بەکارهێنانی هاوبەشی رووبارە نێودەوڵەتیییەکان بەتایبەت پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان سەربارەت بە کەڵک لێوەرگرتنی ناکەشتییەوانی لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتیییەکان (کۆمەڵێک پابەندی نێودەوڵەتیی تێدایە کە پرەنسیپە گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی لەخۆدەگرێت و بووەتە بەشێک لە یاسای پابەندکەر بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نەریتیی) وەکوو: ئەرکی ئاگەدارکردنەوەی وڵاتانی خوارووتر یان قەراخی رووبارەکە یان ئەو وڵاتانەی کە ئەکەونە بەر کاریگەری، ئەرکی هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی خوارووتر یان قەراخی رووبارەکە یان ئەو وڵاتانەی کە ئەکەونە بەر کاریگەری، ئەرکی دانووستان و راوێژ لە گەڵ وڵاتانی خوارووتر یان قەراخی رووبارەکە یان ئەو وڵاتانەی کە ئەکەونە بەر کاریگەری، هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ژینگەییەکان.

پێڕەوی باشترین شێواز بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بەنداو لە رووبارە هاوبەشەکاندا بە تایبەت ئەوانەی کە لە لایەن رێکخراوە ئابوورییە نێودەوڵەتیییەکانەوە دانراون وەکوو بانکی جیهانیی، کۆمیسیۆنی جیهانی بەنداوەکان، کۆمیسیۆنی جیهانی ئاو و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی بەنداوە گەورەکان.
لە هایدرۆپاڵێتیک و سیاسەتە ئاوییەکانی تورکیادا هیج جێگەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی لێکەوەتە ژینگەییەکان و بابەتە سنووربڕەکان نەدیتراوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانی دۆخی ژینگەی پشت بەنداوەکە و ناوچەکانی خوار بەنداوەکە کە تێکدانێکی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە. بۆیە سیاسەتە ئاوییەکانی تورکیا پێچەوانەی پەیماننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی فرەجۆریی ژیانە کە تورکیا تێیدا ئەندامە. بەپێی ماددەی 5ی ئەم پەیماننامەیە هەر یەک لە دەوڵەتانی ئەندام دەبێت بۆ پاراستن و بەکارهێنانی سەقامگیر لە فرەجۆری ژیان لەگەڵ یەکتر هاوکاری بکەن.

بێجگە پەیماننامە گشتییە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵێک رێککەوتننامەی هاوبەش هەن سەبارەت بە ئاوی رووباری دیجلە و فۆرات کە یەکێک لە لایەنەکانی تورکیایە، وەکوو رێککەوتننامەی لۆزان، پرۆتۆکۆلی تۆرکۆ – فرانکۆ ، پرۆتۆکۆلی هاوکاری تەکنیکی و ئابووریی، پەیماننامەی هاوڕێیەتی و دۆستایەتی 1920 کە لە نێوان تورکیا، ئێراق و سووریا بە شێوەی سێ لایانە هەیە کە لە سەرجەمیاندا باس لە پێویستی هاوکاری و راوێژ سەبارەت بە ئەو پرۆژانە کراوە کە لە سەر رووباری دیجلە و فۆرات جێبەجێدەکرێن. بۆ نموونە بەپێی ماددەی 109ی رێککەوتننامەی لۆزان دەبێت تورکیا پێش دەسپێکردنی هەر جۆرە کارێکی هایدرۆلۆژیکی راوێژ بە دەوڵەتی ئێراق بکات. تورکیا ئەم بابەتەی بەردەوام پێشێلکردووە.
دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە کەیسی کارخانەی هەویری کاغەز لە ساڵی 2010دا بۆ یەکەمین جار رایگەیاند کە هەڵسەنگاندنی دەرهاویشتە ژینگەییە سنووربڕەکان بووەتە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی نەریتیی. دەوڵەتی تورکیا لە بەندی 3 ماددەی 4ی ڕێکەوتنامەى بەرشلۆنا 1976 سەبارەت بە پاراستنی دەریای سپی ناوەڕاست لە بەرانبەر پیسبوون و هەروەها لە پرۆتۆکۆلی 1994ی مەدریددا رەزامەندی و پابەندبوونی خۆی بۆ پێویستی جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ژینگەییە سنووربڕەکان دەربڕیووە. ئەمە بابەتێکە کە تورکیا هەرگیز پابەندی نەبووە لە پرۆژەی گاپدا.

لە ساڵەکانی 1930دا داوەرەکان لە ناکۆکی نێوان کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند کە هیچ دەوڵەتێک بۆی نیە بە شێوەیەک کەڵک لە وڵاتی خۆی وەربگرێت کە ببێتە هۆی زەرەر و زیان بۆ سەر وڵاتێکی دیکە یان مڵک و ماڵی کەسانی دیکە. بۆ یەکەمجار لەم کەیسەدا پرەنسیپێکی یاسای ناوخۆیی دەگوازرێتەوە بۆ یاسای نێودەوڵەتیی و جەخت لە سەر بەرکاربوونی ئەو پێزە یاساییە لە پێوەندی نێوان دەوڵەتەکاندا دەکرێتەوە. داوتر ئەم پرەنسیپە لە لایەن دادگای دادی نێودەوڵەتی لە کەیسی کەناڵی کۆرفۆ، گۆلاوی لانۆ و ڕەوایی بوونی بەکارهێنانی چەکی ناوکی جەختی لەسەرکراوەتەوە. کۆمەڵێک پەیماننامەی نێودەوڵەتیی دواتر ئەم بابەتەیان لە خۆیاندا جێکردووتەوە. جاڕنامەی کۆنفرانسی ژینگەی ستۆکهۆڵم 1972 و جاڕنامەی کۆنفرانسی ریۆ سەبارەت بە ژینگە و گەشەپێدان جەختیان لەسەر ئەم بابەتە کردووتەوە. سەرجەم ئەم بابەتانە لە لایەن تورکیاوە پێشێلکراون. بۆیە بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتیی بۆ دروستدەبێت. کردارەکانی تورکیا لە پرۆژەی گاپدا سەرجەمیان خەسارێکی لە رادەبەدەری ژینگەیی، مرۆیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کولتووری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووتەوە کە دەبنە ئاساسی بەرپرسیاریەتی تورکیا.

دەرەنجام:
تورکیا ناتوانێ کەڵک لە پرۆژەیەک وەربگرێ کە دەرهاویشتەکانی پڕ بن لە خەسار و زیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە بواری ژینگەدا. بەنداوەکانی دەرهاویشتەی تێکدەرانەی بە سەر سرووشت و ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێراقدا هەیە. ئەم زیان و لێکەوتە زیانبەخشانەش پێچەوانەی بەڵێنە نێودەوڵەتیییەکانی تورکیایە سەبارەت بە رێگری کردن لە خەسارە ژینگەییە سنووربڕەکان و هەروەها پێشێلکردنی پرەنسیپی بەکارنەهێنانی خەسارمەندانەی خاکی وڵات و بەکارهێنانی گونجاو و دادپەروەرانەی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانە کە بەشێکن لە یاسای نێودەوڵەتیی نەریتیی.

رێساکانی هێلسینکی لە بەشی دووهەمدا باس لەوە دەکات کە وڵاتانی نێو هەرێمی هەر رووبارێک تەنیا مافی ئەوەیان هەیە کە بەشێک یان پشکێکی گونجاو و دادپەروەرانە لە ئاوە نێودەڵەتییەکان بۆ خۆیان بەکاربهێنن کە ئەم رادەیەش بۆ کەڵک لێوەرگرتنی بەسوود رێگەپێدراوە. دابەشکردنی دادپەروەرانە بە مانای ئەوە نیە کە هەموو دەوڵەتەکانی ناو هەرێمی رووبارێک وەکوو یەک بەشی هاوسان وەربگرن، بەڵکوو بەشی هەر دەوڵەتێک بە پێی تایبەتمەندی هەر وڵاتێک دیاری دەکرێت. تورکیا هێشتا پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە دیجلە و فۆرات رووباری نێودەوڵەتیی نین.

بەپێی پێناسەی رووباری نێودەوڵەتیی وەکوو ئەوەی کە لە بڕگەی 1ی ماددەی 1ی پەیماننامەی هێلسینکی 1992 و پەیماننامەی تایبەت بە یاسای بەکارهێنانی ناکەشتییەوانی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتیییەکان 1997 نیۆیۆڕک، دیجلە و فۆرات وەکوو رووباری نێودەوڵەتیی ئەژماردەکرێن. بۆیە ئەخرێنە ژێر سەروەری هاوبەشی وڵاتانی ئاوەڕێژەی ئەم رووبارانەوە. ئەم پەیماننامەیە لە سەر بەکارهێنانی گونجاو و دادپەروەرانە جەخت دەکاتەوە و کۆمەڵێک مەرج و پێوەر بۆ ئەم بابەتە دیاری دەکات کە بریتین لە تایبەتمەندی جۆگرافیایی، هیدرۆگرافی، هیدرۆلۆژیکی، کەشووهەوا، ژینگە و هەر فاکتەرێکی دیکەی پێوەندیدار بە دۆخی سرووشتی هەر ناوچەیەک، پێداویستییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی وڵاتانی پێوەندیدار، ژمارەی دانیشتوانی گرێدراوی ئاو لە هەر وڵاتێکی ناو هەرێمی رووبارەکە، کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ئاوی رووبارەکە لە هەر وڵاتێکدا لە سەر وڵاتانی دیکەی ناو هەرێمی رووبارەکە، رادە و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئێستا و داهاتوو، بەڕێوەبردن، پاراستن، گەشە و ئابووری بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی رێڕەوە ئاوییەکە و تێچووی پرۆژە ئاوییەکان، بەردەست بوونی بژاردەی جێگرەوە بۆ هەر پلان و پرۆژەیەک. یەکێکی دیکە لە بابەتە گرینگەکانی ئەم پەیماننامەیە پابەندکردنی دەوڵەتەکانە بە نەگەیاندنی هەر جۆرە زەرەر و زیانێک بە دەوڵەتانی ناو هەرێمی رووبارەکە و قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێکە لە ئاکامی کردارەکانی هەر دەوڵەتێکدا. وشیارکردنەوە و ئاگەدارکردنەوەی خێرا و پێشوەختە لە ئەگەری روودانی هەر شتێک کە کاریگەری لە سەر چەندایەتی و چۆنایەتی ئاوەکە هەبێت. پاراستن و بەڕێوەبردنی سەرجەم بەشەکانی رووبارەکە مژارێکی دیکەیە کە لە پەیماننامەکەدا جەختی لەسەرکراوە. هەرچەند تورکیا ئەندامی ئەم پەیماننامەیە نیە بەڵام لە بەر ئەوەی زۆربەی بەشەکانی ئەم پەیماننامەیە رەهەندی یاساى نێودەوڵەتیی نەریتییان هەیە، بۆیە بۆ ئەو دەوڵەتانەش کە تێیدا ئەندام نین پابەندیهێنەرن.

دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە بڕیاری خۆیدا سەبارەت بە کەیسی گابچیکۆ _ ناگیماروس کە تێیدا سلۆڤاکیا بە شێوەی تاکلایەنە رێڕەوی ئاوی رووباری دانووبی گۆڕیبوو و ببووە هۆی تێکدانی تاڵاوەکانی ناوچەکە، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و وشکبوونی گیاجاڕ و لەوەڕگە و دارستانەکان، بە پێی پرەنسیپی بەکارهێنانی گونجاو و دادپەروەرانە، رادەگەیەنێت کە سلۆڤاکیا کردارێکی نایاسایی کردووە و کۆنترۆڵی تاکلایەنەی سەرچاوەیەکی هاوبەش بووەتە هۆی بێبەشبوونی هەنگاریا لە مافی خۆی لە پشکێکی گونجاو و دادپەروەرانە لە سەرچاوەی سرووشتی دانووب. دادگە لێرەدا جەخت لەسەر گەشەسەندنی سەقامگیر دەکاتەوە. هەروەها دادگە لە کەیسی کارخانەی هەویری کاغەزی قەراخی رووباری مایلز لە نێوان ئەرژەنتین و ئۆرۆگۆئەدا دیسان ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکات. دەڵێت دەبێت هاوسەنگی نێوان ماف و پێداویستی لایەنەکان سەبارەت بە ئاوی ئەم رووبارە بۆ مەبەستی ئابووری و بازرگانی و هەروەها پابەندبون بە پاراستنی لە هەر جۆرە خەسارێکی ژینگەیی لە ئاکامی هەر چالاکییەک دەستەبەربێت.

لە سەر ئەم بنەمایانە سەبارەت بە دیجلە و فۆرات ئەوەی کە پشڕاست دەکرێتەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا ناتوانێ بە شێوەی تاکلایەنە و بە بێ راوێژ و رەزامەندی سووریا و ئێراق وەکوو وڵاتانی خوارووتر دەستبەرێت بۆ تێکدان و بەکارهێنانی زەرەرمەندانە ئاوی ئەم رووبارانە. هەر کردارێک لە سەر ئەم رووبارانە، کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بەم وڵاتانە بە پێی پێزی پابەندبوون بە چاوەدێری و رێگریکردن لە روودانی خەساری ژینگەیی، هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ژینگەییەکان، بەکارهێنانی گونجاو و دادپەروەرانە، ئاگەدارکردنەوەی پێشوەختە و زیان نەگەیاندن، بەرپرسیاری نێودەوڵەتیی تورکیای لێدەکەوێتەوە.

ئەوەی کە تا ئێستا روویداوە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە تورکیا بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی لە بەرانبەر شێواز و چۆنیەتی و رێژەی بەکارهێنان و گلدانەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فۆراتدا بەرپرسیاری نێودەوڵەتیی لە سەرشانە بەڵام بە هۆی ئەو دۆخەی کە ئێستای سووریا و ئێراقی پێدا تێدەپەڕیت نەکراوە شێلگیرانە بەرپەرچی یاسایی تورکیا بدرێتەوە یان داوای یاسایی بەرانبەری بجوڵێندرێت یان سنوورێک بۆ زێدەڕەوییەکانی دابنرێت.

وێنەى وشکبوونى یەکێک لە زەلکاوەکانى شارى ناسریەى ئێراق