سەرتاوتار و شیکاری

مافەکانی مرۆڤ لە 'ناوچەی شین'ی ئیماراتیدا

زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەر نەڵێین هەموویان، دەچنە خانەی تاکڕەوی و زۆردارییەوە. لای ئەو دەوڵەتانەی ناوچەکە، شتێک بە ناوی مافی خەڵک و مافی هاوڵاتییەوە نەبووەتە واقیع و پێویستی. لای ئەو دەوڵەتانە تا ئێستا شانازییەکە ئەوەیە، کە لە خەڵکی خۆیان هەڵدەدەن، دەنگی ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی کپ دەکەن، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسیی نەیار بە ڕژێمە سیاسییەکە، دەخەنە زیندانەوە و بەبێ پێدانی هەلی بەرگری و دادگایی ڕەوا و دادپەروەرانە، حوکمیان دەدەن.

نموونەی ئەوەش زۆرە. لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستانەوە بگرە، تا دەگاتە میسر و یەمەن و ئیمارات، گەورەترین دیاریی ئەو دەوڵەتانە بۆ دنیا و بۆ مێژوو، سەرکوتکردن و بڕینی زمانی ناڕەزایان و نەیارانە. ئازادیی دەربڕین، یەک لە مافە گرنگەکانە، لە جەوهەریشدا گرێدراوی خودی ئازادییە. ئازادی بە مانا فراوانەکەی، بەبێ ئازادیی دەربڕین، ڕەنگە مانایەکی نەبێت. چونکە گەر مرۆڤ ئازادیش بێت لەکوێ کار دەکات، لەکوێ دەژی، لەگەڵ کێ دەژی، چی دەپۆشێت، چی دەخوات، بەڵام بۆی نەبێت دید و بۆچوونی خۆی ئازادانە دەرببڕێت، مانای وایە سەرتۆپی ئازادییەکان لە مرۆڤ گیراوەتەوە و بۆی نیە مومارەسەی بکات. یەک لە نموونە زەقەکانی سەرکوتکردنی فرەحیزبی، هەڵبژراردن و ڕیفراندۆمی خەڵک، کپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، ئیماراتە.

ئەو وڵاتە لە ڕووی دابینکردن و پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤەوە، لە خواری خوارەوەی لیستەکاندایە. هەر بۆ نموونە، بەپێی یاساکانی وڵات، شتیک بە نێوی ئازادیی دەربڕین و ئازادیی گردبوونەوەوە، نیە. دەوڵەت لە چەند ساڵ و مانگی ڕابردوودا هەموو ئەو کەسانەی هەوڵی ڕێکخستنی گردبوونەوە و نیشاندانی واقیعی تاڵی مافەکانی مرۆڤیان داوە، دەستگیر کردوون. نزیکەی حەفتا چالاک و رۆژنامەنووسی ئیماراتی لە زیندانن. دەیان چالاک و لێکۆڵەری بیانی، بە پاساوی ئەوەی بۆ نموونە ویستوویانە دۆخی خراپی مافەکان و یاساکانی وڵات بۆ دنیا ڕوون بکەنەوە، ڕێیان پێ نەدراوە بچنە وڵاتەکەوە و گەر ڤیزاشیان هەبووبێت، هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەوەش جگە لەو ڕاستییەی، ئیمارات وڵاتی فرەحیزبی و هەڵبژرادنی ئازاد و شەفاف و کێبڕکێی سیاسی و ... نیە، بەڵکو حوکمڕانییەکی تەقلیدی و کلاسیکی و کۆنەپارێزانە و پیاوانە و بنەماڵەیی و بۆماوەیی هەیە. کۆمەڵێک خێزان، هەریەک لە میرنشینێک، بە شێوەی بۆماوەیی حوکمڕانییان بۆ دەمێنێتەوە. هەمووی پێش یەک دوو ساڵ بوو، هاوژینی حاکمی دوبەی، کە هاوکات خوشکی شا عەبدوڵای ئوردنە، لە دەستی مێردەکەی هەڵهات و لە بەریتانیا وەک پەنابەر گیرسایەوە و لەوێوە داوای جیابوونەوەی لێ کرد. پێش ئەویش کچی هەمان حاکم، لەبەر ئەوەی هەوڵی ڕاکردنی لە دەست ستەمی باوک و برا و دەوروبەر دابوو و پلانی ڕاکردنی ئاشکرا بوو، گیرا و تا ئێستاش هەواڵی نەزانراوە. سەرۆکی یەکێک لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بانگەوازکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ، چونکە هەوڵی دابوو دۆخی نامرۆیی گوزەران و ژیانی کرێکارانی بیانی لە ئیمارات بپشکنێت، ڤیزای هەڵوەشێنراوەتەوە و ئەمساڵیش کە داوای کردووە بە بۆنەی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەواوە لە دوبەی، سەر لەو وڵاتە بداتەوە، داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.

ئەوانە و چەندانی تریش، پێش هەر شتێک، پێمان دەڵێن کە بابەتی سەرمایەداری و باڵاخانەکان و کۆمپانیا و ژمارەی پێوانەیی کرێنەکانی دوبەی و بورجی خەلیفە و دوورگە ئاوییەکان، دەکرێت چاوبەست و ڕووکەش و مرۆخەڵەتێنە بن. ئەگینا واقیعی ژیانی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی، بەتایبەت بۆ ژنان، گەنجان، بیانییان، کرێکاران و هەژاران، نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، سەخت و دژوارە. لێرەوەیە کە بایەخی 'ناوچەی شین' دێتە سەرێ: ناوچەی شین چیە و بۆچی گرنگە؟ چ پەیوەندییەکی بە دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە ئیماراتەوە هەیە؟ پێش هەر شت و زۆر بە کورتی، ناوچەی شین تەنیا چەند کیلۆمەترێک چوارگۆشەیە و تاقە جێگەیە لە ئێستادا کە گردبوونەوە و خۆنیشاندان تێیدا ڕێگەدراوە.

بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی دەوڵەتان (COP28)ی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا (Climate Change) لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) لە دوبەی (ئیمارات) بەڕێوە دەچێت.  چەند ڕۆژێکە دەستی بە کارەکانی کردووە و سبەینێ کۆتایی دێت. کۆنفرانسەکە ساڵانەیە و هەر جارە و دەکرێت لە وڵاتێک بێت. پار لە میسر بوو، ساڵی دادێش لە ئازەربایجان دەبێت. کۆنفرانسەکە تایبەتە بە تاووتوێکردنی دوایین پێشهات و زانیاریی زانستیی باوەڕپێکراو لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا و دۆزینەوەی چارەی سیاسی و یاسایی بۆ ئەوەی زووتر و زیاتر لە ئامانجەکانی پەیماننامەکە نزیک ببنەوە و سنوورێک بۆ گۆڕانی خێرا و وێرانکەری کەشوهەوا دابنرێت (بەراورد بە چاخی پێش-پیشەسازی). دەستکەوتی گرنگی ئەمساڵ ڕێککەوتن بوو لەسەر پرەنسیپی "بەرپرسیارێتیی پیسکەر" یان "پرەنسیپی زیان و لەدەستدان". واتە ئەو دەوڵەت، یان ئەو کۆمپانیایەی ژینگەیەک پیس دەکات، ئێکۆسیستەمێک تیک دەدات، یان بەگشتی کە بەشدار دەبێت لە گەرمترکردنی کەشوهەوادا، بەپێی ڕێژەی پیسکردن و گەرمکردن و بەرپرسیارێتییەکەی، لە ڕێی ئەو فەندەی بۆ ئەو مەبەستە دروست دەکرێت، قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە (کە بەزۆری دەوڵەتانی تازە-گەشەسەندوو و دانیستووانی ئەو دەوڵەتانەن، بەو پێیەی کەمترین بەشداری و جێدەستیان لە گەرمکردنی کەشوهەوادا هەیە و لەو لاشەوە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و توانایی دارایی و مرۆیی ئەوەشیان نیە خۆیانی لێ بپارێزن). بۆ نموونە، هەندێک لە چالاکوانان داوای دابینکردنی ٢.٥٪ی داهاتی کۆمپانیا ئاسمانییەکان دەکەن، بەو پێیەی پیشەسازی و کەرتی بازرگانیی فڕۆکەوانی و گەشتیاری، لە ڕیزی پێشەوەی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆنەوەن بە نزیکەی ٣٪ی کۆی دوانۆکسیدی دەردراو. ئەمەش خاڵێکی مێژوویی و گرنگە و یەکەم جارە کۆدەنگی لەسەر ئەو کاراکردنی ئەو فەندە دروست دەبێت (لە کۆنفرانسەکەی پاردا، لەسەر ئەوەی کە کارا بکرێت، ڕێک کەوتن. مابوو لەسەر ئەوەی چۆن بکرێت). هەڵبەت کۆنفرانسەکە لە ناوچەیەکی شاری مۆدێرنی دوبەی ئێکسپۆ دەبێت، کە پێی دەوترێت ناوچەی شین (Blue Zone). پێش چەند مانگێک، کاتێک نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ئیمارات ڕێککەوتنی کۆتاییان لەسەر میوانداریکردنی کۆنفرانسەکە واژۆ کردووە، باسی دۆخی ناهەمواری مافەکانی مرۆڤیش کراوە. یەک لە مەرجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێگەدان بووە بە گردبوونەوە و خۆنیشاندانی ئاشتییانەی نەیارانی دەوڵەت و چالاکانی ژینگەیی.

خاڵی سەرنجڕاکێش بە لای منەوە، خەسڵەتی یاسایی ناوچەی شینە. ئەو ناوچەیە، بەو پێیەی جێی فەرمیی کۆنفرانسەکە و چالاکییەکانی کۆنفرانسەکەیە و بەوەش کۆدی ڕەفتاری پەیماننامەکە دەیگرێتەوە، یاسای نەتەوەیەکگرتووەکانی بەسەردا دەچەسپێت، نەک یاساکانی ئیمارات. لە نزیک ناوچەی شین، ناوچەی سەوز هەیە. لەوێدا هەندێک چالاکیی تری تا ڕادەیەک نافەرمی بەڕێوە دەچن و یاسای ئیماراتیی دەیگرێتەوە. هەرچەندە بۆ ئەوێش بەڵێنی کارئاسانی بۆ چالاکیی ئاشتییانەی چالاکان دراوە، بەڵام هەموو کەس ناوێرێت لەوێدا هەڵوێست بنوێنێت، بەو پێیەی ئەگەری گرتن و ڕاوەدوونانی یاسایی هەیە. لەبەر هەمان هۆکار، چالاکان و رۆژنامەنووسان و نەیارانی حکومەت و هەندێک لەوانەشی پەیامی ژینگەیی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوایان هەیە، بە هەلیان زانیوە و لەو شوێنەدا سەرقاڵی گردبوونەوە و ناردنی پەیامە سیاسی و مرۆییەکانیانن. هەندێکیش پشتیوانیی خۆیانیان بۆ خەڵکی غەزە دووپات کردەوە. لێرەدا هەندێک دژیەکی خۆیانیان مەڵاس داوە: لە لایەکەوە، ئیمارات یەکێکە لە دەوڵەتە نەوتییەکان و سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزەی بەردین (fossil fuel) و لەوێشەوە دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن و گازە گەرمکەرەکانی تر و میوانداریی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەواشی کردووە، لە لایەکی تریشەوە فایلی مافەکانی مرۆڤ و کرێکارانی بیانی و ژنان بەو جۆرەیە کە هەندێک باس کرا و دەوڵەتیش نیازی نیە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە.

گەر لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا و لە دۆسیەی مافی مرۆڤ لە ئیماراتدا عیبرەتێک هەبێت، ئەوەیە کە پشتگوێخستنی ژینگە، خۆبەخۆ کوشتنی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تریشە، بۆیە دەبێت ڕێوشوێنەکان لەوە توندتر و جدیتر بن، بۆ ئەوەی بۆ نموونە گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر بکرێت. هەروەها پشتگوێخستنی ماف و کەرامەت و بەهای مرۆڤ و زەوتکردن و پێنەدانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، یان مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بە هەرکام لە چینەکانی کۆمەڵگە و نکۆڵیکردنی سروشت و واقیعی دیموکراتیکی کۆمەڵگە، سەرچاوەی زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەردەکێشن بۆ کاولکاریی ژینگەیی (بەهۆی دووانەی پەیوەندی-دەسەڵاتەوە). مرۆڤ و ژینگەگەی بە جۆرێک پێکدا چوون، جیاکردنەوەی هەر یەکێکیان، وەک ئەوەی هیچ پەیوەندی و کارلێکیان پێکەوە نەبێت و نەبووبێت، هیچ نیە جگە لە جۆرێک هەڵەتێگەشتن کە دەبێت هەرچی زووە ڕاست و هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دۆسیەی 'ژیان' لەسەر هەسارە شینەکە، لەوە زیاتر ئاڵۆز و مەترسیدار نەبێت.