ساڵ: 2024
هەرێمی كوردستان - عێراق، بە
ڕەچاوكردنی ڕووبەر و شوێن و مێژووەكەی، بە بەراوردكرنی دراوسێ و چواردەورەكەی،
نیشتمانێكی فرە ئاینییە، چەندان ئاین و باوەڕی تێدا ژیاوە و دەژی، ڕیشەی هەندێک
ئاین لەم هەرێمەوە چەكەرەی كردووە و هەندێ ئاینیش تەنیا لەم سنوورەدا هەن و پەرستشە
ئاینییەكانیان دەكەن. پەیوەندیی ئەم ئاینانە پێكەوە، پەیوەندییەكی ئاڵۆزە، لە زۆر
كاتدا پێكەوە هەڵیان كردووە و ژیاون، لە هەندێک كاتیشدا بەریەك كەوتوون و
ململانێیان بووە. لە ناوخۆی ئاینەكانیشدا، هەر ئاینێكی ئەم ناوچەیە تایبەتمەندیی
خۆی هەیە و هەر هەمووشیان بە شێوەیەك ماتەوزەی یار و نەیاریی ئازادیی ئاین و
باوەڕیان تێدایە.
ناوەندی كوردستان بۆ یاسای
نێودەوڵەتی (KCIL)، لە چوارچێوەی پرۆژەیەكدا مەبەستییەتی كار
بۆ فراوانكردنی زیاتری ئازادیی ئاین و باوەڕ لە هەرێمی كوردستاندا بكات. بۆ ئەم
مەبەستەش ئەم ڕێبەرەی ئامادە كردووە و دەیكاتە هەوێنی زنجیرەیەك كار و چالاكیی تر.
ئەم ڕێبەرە بە شێوەیەكی سەرەكی لەلایەن دوو پسپۆڕەوە نوسراوەتەوە و تەریب بە
نووسینەكەش، لە پێناو دەوڵەمەندتركردن و جێكردنەوەی سەرنج و بۆچوونی ئەوانی تر،
گرووپێكی كاركردنی بۆ دامەزراوە. ئەم گرووپە كە پێك هاتبوون لە دادوەر و پارێزەر و
چالاك و كەسانی ئاینی لە ئاینە جیاوازەكان، بە سەرنج و بۆچوون و
پێداچوونەوەكانیان، ڕێبەرەكەیان گشتگیرتر و مانادارتر كرد. ئەم ڕێبەرە وەك یەكەم
ڕێبەر لەسەر ئازادیی ئاین و باوەڕ بە زمانی كوردی، ڕەنگە بێ خەوش نەبێت، بەڵام
دەستپێكێكی گرنگ دەبێت بۆ قسەكردن لەسەر ئازادیی ئاین و باوەڕ لە هەرێمی كوردستاندا.