سەرەتا چالاکییەکان

خوێندنگەی هاوینە بۆ خوێندکارانی یاسا سەبارەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی سەرکەوتوانە بە کۆتا هات

ناوەندی کوردستان بۆ یاسایی نێودەوڵەتیی (KCIL) بە هەماھەنگی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی IFA و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، خوێندنگەی هاوینەی بۆ خوێندکاران کۆلێژی یاسا لە دە زانکۆى کوردستان ڕێکخست.  خوێندنگەکە بۆ ماوەی هەفتەیەکەو لە ٨ هەتا ١٣ـى تەمووزى ٢٠٢٣ بوو. ئامانجی بنەڕەتی ئەم دەستپێشخەریەش ئاشناکردنی بەشداربوان بوو دەربارەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی و سیستەمی یاسای نێودەوڵەتیی و گرێدانەوەی بە یاسای ناوخۆى کوردستان.

 لەدەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، بەشداربوان پاش یەکترناسین و وەرگرتنی زانیاری دەربارەی KCIL و میکانیزمی کارکردنی لە ئێستا و ڕابردوودا. لەمیانەی زنجیرە وانەیەکی پڕبایەخدا کە لەلایەن هەریەکە لە بەڕێزان د. محمد ڕەشد و د.توانا عەبدولڕەحمان پێشکەشکران، خوێندکاران زانیاری گرنگ و پڕبایەخیان وەرگرت لەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی، دادگای تایبەتی نێودەوڵەتیی بۆ یوگۆسلافیا و ڕواندا. هەروەها لەلایەن بەڕێز حاکم ڕزگار ئەمین مێژووی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ دادگای سەرانی ڕێژمی پێشوی ئێراق بۆ بەشداربووان خرایەڕوو، کەتێیدا باس لە سەرجەم لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دادگاکە و سیستەمی دادوەری ئێراقی کرا لە چۆنێتی دادگایی کردنی تاوانبارانی ڕژێمی بەعس و گرنگیدان بە ڕۆڵی قوربانیان لە میانەی پرۆسەی شایەتیدان و وەرگرتنی بەڵگە یاساییەکان.

ڕۆژى دووەمى خوێندنگەکە تایبەت بوو بە ئاشنابوون بە لایەنە سەرەکیەکانی تاوانی نێودەوڵەتیی، کە تێیدا کردەی تاوانی جینۆساید لەلایەن هاوڕێ ئەحمەد پێشکەشکرا و گفتوگۆیەکی هەمەلایەن دەربارەی تاوانی جینۆساید و شیمانەکردنی ئەگەرەکانی پشت هەر کردەیەکی جینۆساید درایە بەرباس. پاشان دەروازەیەک بۆ کاروچالاکیەکانی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە لەلایەن حەسەن خالید پێشکەشکراو کە تێیدا خوێندکاران ئاشناکران بە مێژووی کارکردنی هاوپەیمانیەکە لە ئێراق و چۆنیەتى پاڵپشتی قوربانیانی تاوانەکانی داعش و سازدانی ژینگەیەکی دەروونی لەبار بۆیان. پاش نێوەرۆى هەمان رۆژیش د.ئاوارە حسێن بە پێشکردنی بابەتێک سەبارەت بە تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتیی بیرکردنەوەی بەشداربوانی ڕەنگڕێژکرد، کە تێیدا چەندین زانیاری گرنگ سەبارەت بە تاوانە نێودەوڵەتیەکان و چۆنێتی مامەڵەی دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان گفتوگۆی چڕى لەسەر کرا.

لەمیانەی ڕۆژی سێیەم و چوارەمی خوێندنگەدا، کۆمەڵێک مژاری گرنگ خرانە بەرباس لەوانە لایەنەکانی شاتاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانی جەنگ کەلەلایەن د. عیباد ڕۆحی پێشکەشکران. هەروەها  بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی لەلایەن د. محمد ڕەشید پێشکەشکرا. لەدەستپێکی ڕۆژی چوارەمیشدا،  د.شیراز ئیبراهیم بابەتێکی بەناونیشانی بەناوخۆیکردنی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستاندا پێشکەشکرد. ئامانج لە خستنەڕووی ئەم بابەتە فەراهەمکردنی تێگەیشتنێکی نوێ بوو لە پرۆسەی بەناوخۆییکردن یاسایی تاوانی نێودەوڵەتیی و ئاڵانگاریەکانی بەردەم پرۆسەکە. هاوتەریب کۆمەڵێک گفتوگۆی بەرهەمدار بە ئاراستەی ڕەنگرێژکردنی کۆمەڵێک بیرۆکەی  ئایندەیی لەلایەن خوێندکاران تاکو بە گرنگیەکی زیاترەوە لە پرۆسەی بەناوخۆیکردن بڕوانن و ڕەنگبداتەوە لە کاروانی ئەکادیمی و ڕێکخراوەییاندا. لەپاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارەمیشدا، نوێنەری کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی هۆشیار مستەفا باسی گرنگی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی کرد لەساتەوەختی جەنگەکاندا لەپاڵ ئەو کاروچالاکیانەی کە کۆمیتەی خاچی سور نێودەوڵەتیی ئەنجامی ئەدات لە بەدواداچوون و دیاریکردنی گرفتەمرۆییەکان لەو وڵاتانەی کەتێیدا ئەرکدارە، پاشان بە شێوەیەکی گشتی دەستکەوت و ئاڵانگاریەکانی کۆمیتەکەی خستەبەرباس تاکو خوێندکاران سودی لێوەرگرن وەک وانەیەکی ئەزموونی. لەکۆتایی ڕۆژی چوارەمدا د.عیباد ڕۆحی باسی لە ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە شاتاوانەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرباز و فەرماندەکانی کرد لەساتەوەختی جەنگەکاندا بە گوێرەی یاسای نیودەوڵەتیی و گرێدانەوەی بە یاسا ناوخۆیەکانەوە.

 لەدەستپێکی ڕۆژی چوارەمیشدا، خوێندکاران سودمەندبوون لە ئەزموونى تیمی لێکۆڵینەوە بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش UNITAD.  کە تیمێکی سەربەخۆن و  لەسەر ڕاسپاردەی نەتەوەیەگرتووەکان ئەرکدارکراون بە لێکۆڵینەوە لە شاتاوانەکانی داعش. خوێندکاران لە چێوەی ئەم گێڕانەوە ئەزموونیەدا توانیان سودمەندبن لە میکانیزمە نێودەوڵەتیەکان لەمیانەی کۆکردنەوەی بەڵگەی یاسایی و گوێگرتن لە شایەتی قوربانیانی جینۆساید.

 پاش نیوەڕۆی هەمان  ڕۆژ بەڕێز دادوەر: د. سەردار عەزیز لەمیانەی وانەیەکی گرنگی ئەکادیمیدا باسی لە ناکارامەی سیستەمی یاسایی کوردستان کرد بۆ لێپێچینەوە لە شاتاوانە نێودەوڵەتییەکان. ئەویش بە ئاماژەدان بە چەندین بابەتی یاسایی و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئەو یاسایانەی کە لەهەرێمی کوردستان و ئێراق بەرکارن لە ڕێڕەوی دادگای کردنی شاتاوانەکاندا. پاشان د. سۆران بەرزنجی ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بابەتێکی پڕبایەخی لەسەر گرنگی بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، میکانیزم و شێوازەکانی بەناوخۆیکردنی یاساکەی لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد. هەروەتر باسی لەهەوڵەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پرۆسەی بەناوخۆیکردندا. د.سۆران بە پێشکەشکردنی ئەم مژارە بەشداربوانی کەمەرکێش کردە ناو گفتوگۆیەکی چڕ و هەمەلایەن بە ئاراستەی ڕەنگڕێژکردنی ڕێڕەوی خۆئەرکدارکردن و تێگەیشتنێکی دووربینانە لە پرۆسەی بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی و دەرچواندنی یاسای نیشتیمانی کە پرەنسیبی یاسای نێودەوڵەتی لەخۆبگرێت لە لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە سروشتی تاوانی نێودەوڵەتیان هەیە.

ڕۆژی حەوتەم و کۆتا ڕۆژی خوێندنگە هاوینە فەراهەمکردنی زەمینەیەک بوو بۆ خوێندکاران تاکو ڕۆڵی ڕاستەقینە بگێڕن لە شیکارکردنی کەیسێکی خەیاڵى کە لەماوەی خوێندنگەدا پێی ئەرکدارکرابوون بەشێوەی گروپ. کەیسەکەش بابەتێک بوو پەیوەست بە کەیسێکی جینۆساید و چۆنێتی مامەڵەکردنی بەگوێرەی یاسایی تاوانی نێودەوڵەتی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان. ئەم چالاکیەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ جوڵاندنی هزری خوێندکاران و سود وەرگرتنی ئەو زانیارانەی کە لەماوەی خوێندنگەکەدا فێری بووبوون، تاکو بتوانن بە دیدگایەکی جیهانیەوە خوێندنەوەبکەن بۆ دۆسیە یاساییەکان و سیستەمی یاسای نیشتیمانی. لەکۆتایشدا بەئامادەبوونی بەشێک لە مامۆستای خوێندکارانی بەشداربووی خوێندنگای هاوینە، بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرایە خوێندکاران و جۆشدران بە ئاراستەی خۆئەرکدارکردن لە پرۆسەی بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی لە کاروانی خوێندنی ئەکادیمی و کاری ڕێکخراوەیاندا.