سەرەتا ئینفۆگرافیک

جیاکارى ڕەگەزیی دژى ژنان

جیاکاریی ڕەگەزی, مەبەست لێی هەموو هەڵاواردن و مامەڵە و هەڵسەنگاندنێکی هاوڵاتییانە، تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی. واتە کاتێک مرۆڤ ڕوبەڕووی دۆخێک دەبێتەوە، تێیدا ڕەگەز دەبێتە سەنگی مەحەک و فاکتەری بڕیاردان و حوکمدان بەسەریدا. بەبێ ئەوەی هیچ خەسڵەت و لێهاتوویی و پێدراوێکی تری کەسی و کۆمەڵایەتی، لە بەرچاو بگیرێت. 

وەک پرەنسیپ، دەشێت پیاو و ژنیش ڕوبەڕووی ئەو جۆرە لە جیاکاری ببنەوە و بە دەستییەوە بناڵێنن. بەڵام لە باری واقیعیدا و بە وردبوونەوە لە مێژووی گەلان دەردەکەوێت، زیاتر ژنان قوربانیی ئەو جۆرە مامەڵەیەن. جیاکاریی ڕەگەزی تەنیا لە بوارێک و پنتێکدا نەبووە و نابێت، بەڵکوو لە هەموو بوار و لایەنێکی ژیانی کۆمەڵگەدا خۆی بەیان کردووە. لەوانە:  

کوشتن بە بیانووى شەرەف، خەتەنەکردن، بە منداڵى بە شوودان، بەزۆر بەشوودان یان ڕێگریکردن لە شووکردن، ژن بە ژن، ژن بە خوێن، فرەژنى، گەورە بە بچووک، لەباربردن بە ناچاری یان ڕێگریکردن لەباربردن، بەزۆر منداڵبوون یان ڕێگریکردن لە منداڵبوون، گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسى، بازرگانیکردن بە ئافرەت، هەڕەشەى ئابرووبردن، ڕێگری لە جیابوونەوە، ڕێگری لە وەرنەگرتنى میرات، نەبوونى ئازادیی خۆپاڵاوتن، نەبوونى ئازادیی ڕادەربرین، نەبوونى ئازادى پۆشین، نەبوونى یەکسانى لە بەردەم دادگا و نەبوونى یەکسانى لە هەلی کار و نەبوونى یەکسانى لە مافى خاوەندارێتی، سووکایەتی و توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی. 

بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی نەهێشتنی شێوازەکانی جیاکاری دژی ژنان، کە ئێراقیش تێیدا ئەندامە، دەبێت دەوڵەت جگە لە دانانی یاسای نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکان بۆ نەهێشتنی جیاکاریی سیستەماتیک، ئاوڕ لە دابونەریت و کولتوور و باوەڕی ئایینی و و بەهای خێڵەکی، کە ڕێگەخۆشکەر و پاڵنەرن بۆ هێشتنەوەی دۆخی نەخوازراوی ئافرەتان بداتەوە و ئەو لایەنانەی کولتووری باوی کۆمەڵگە، کە جیاکارییان تێدا زەقە و ڕۆژانە پێڕەو دەکرێت، بنبڕ بکات. 

دەوڵەتی ئێراق و هەرێمی کوردستان، نەک گۆڕانی ڕیشەییان بەسەر یاساکاندا نەهێناوە و کارپێکردە کۆمەڵایەتییەکانی دژی ژنانیان بنبڕ نەکردووە، بەڵکو تا ئێستا ئامادەش نین هەندێک بڕگەی پەیماننامەی مافەکانی ژنان جێبەجێ بکەن، بە تایبەت لە بواری یاسای باری کەسیدا، بەو پاساوەی کە دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامن.  
لە دواى هەڵکشانى ڕێژەى تووندوتیژى دژى ژنان لەسەر بنەماى جیاوازیى ڕەگەزی لە هەرێمى کوردستاندا، لە ساڵی ٢٠٠٧دا (بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان) دامەزرا کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستانە و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستان لق و بەشیان هەیە. بەپێى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە، تەنها لە ساڵى ٢٠٢٢ـدا، ١٦,٦٠٤ سکاڵا بەپێى یاساى ژمارە ٨ـى بەڕەنگاربوونەوەى تووندوتیژیی خێزان تۆمار کراون، هەروەها بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوەکانى مافى ژنان، ساڵانە نزیکەى ٥٠ ژن لە هەرێمى کوردستاندا بە بیانووى جیاجیا و پاکردنەوەى شەرەفەوە دەکوژرێن.  

بۆ کەمکردنەوەى توندوتیژی و جیاکاریى ڕەگەزی دژى ژنان، پێویستە دەزگاکانى دەوڵەت بە هەماهەنگى ڕێکخراوەکان، بە پلانێکى چڕ و هەمەلایەن لە ناوەندەکانى خوێندن و ناو کۆمەڵگەدا بجەنگن دژى کولتورباوی و پیاوسالاری و جیاکاری وگوتارى رقاوى دژى ژنان. 

ئەگەر تۆ ژنیت و توندووتیژیت بەرانبەر دەکرێت، دەتوانیت لە ڕێگەى هێڵى گەرمى ژمارە ١١٩ کە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانە، داواى یارمەتی و بەهاناوەچوون و پێدانى ڕاوێژى یاسایی و خێزانى بکەیت.