سەرەتا ئینفۆگرافیک

مافی هەبوونی ناو و ناسنامە

بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان (بۆ نموونە، پەیماننامەی مافەکانی منداڵ)، هەموو کەسێک مافی خۆیەتی ناو و ناسنامەیەکی فەرمیی هەبێت. ئەوەش ئەرکێکی سەرەکیی دەوڵەت و مافێکی بنچینەیی منداڵە. هەبوونی ناسنامە ڕێگەیەکە بۆ دەستەبەرکردنی بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی مرۆڤ، گەر هەمووشیان نەبێت. بەبێ هەبوونی ناسنامە، نازانرێت ئەو منداڵە دەبێتە هەڵگری ڕەگەزنامەی کام وڵات، ئەرکی پاراستنی ئەو منداڵە لەسەر کام دەوڵەتە، ئەرکی بەخێوکردنی لەسەر کام دایک و باوکە، لە کوێ بۆی هەیە بخوێنێت، کێ بەرپرسە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆی، لە کوێ بۆی هەیە موڵک بکڕێت، لە کوێ بۆی هەیە بەشداریی سیاسیی هەبێت (لەوانەش دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە گشتی و حکومییەکان). ئەمانە و چەندانی تریش لە مافەکان، کە بەبێ ئەوانە ژیانی منداڵ چەند هێندە زەحمەت دەبێت. 

دیارترین کێشەی هەبوونی ناسنامەی منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، منداڵی ژنانی ئێزدییە. ئەو ژنانەی پاش داگیرکردنی شەنگال و دەوروبەری لە ئابی ٢٠١٤دا، کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، بەکۆیلە کران، لاقە کران و بازرگانییان پێوە کرا. واتە ڕوبەڕووی چەندان جۆری تاوانی جەنگ و جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی بوونەوە. بەهۆی لاقەکردن و دەستدرێژیی سێکسییەوە، سەدان لەو ژنانە بە ناڕەوایی دووگیان کران و دواتریش بوون بە دایک. ئێستا کێشەیەکی گەورە هەیە: بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، ئەو منداڵانەی لەو پرۆسەیەوە لەدایک بوون، ددانیان پێدا نانرێت، چونکە دایکیان موسوڵمان  (یان ئەهلی کیتاب) نین؛ هاوکات لە لایەن کەسوکاری دایکیشیانەوە ڕەت دەکرێنەوە، چونکە باوکیان ئێزدی نییە. حکومەتی عێراق (و بێگومان حکومەتی هەرێمیش)، بەو پێیەی باوکیان نادیارە تا ئێستا نەیانتوانیوە و نەیانزانیوە ڕێگەیەکی یاسایی بۆ تۆمارکردنی ئەو منداڵانە بدۆزنەوە. ئێستا ئەو ژنە ئێزدییانە لەبەر دوو ڕیانێکدان: یان کەسوکار هەڵبژێرن، یانیش مناڵەکانیان. بۆیە هەڵمەتێکی مەدەنی بە ناونیشانی "ناوم، ناوی دایکمە" بەڕێوە چوو، بۆ ئەوەی دەوڵەت ناچار بکرێت ئەو منداڵانە بە ناوی دایکیانەوە تۆمار بکات. 

پاش حەوت ساڵ لە جینۆساید و ئاوارەیی ئێزدییەکان، پەرلەمانی عێراق یاسای ژنە ڕزگاربووە ئێزدییەکان (ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢١)ی دەرکرد. سەرباری بایەخدانی بە شیاندنەوەی جەستەیی و دەروونی و پەروەردەیی و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی ئەو کەسانەی بەر هێرشەکانی داعش کەوتوون، هیچ ئاماژەیەک بە کێشەی منداڵە بێ ناسنامەکان نەدراوە. یاسای کارتی نیشتمانی (ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦)ش کردوویەتی بە مەرج کە دایک و باوکی منداڵ دیار و ناسراو بن، ئینجا منداڵ تۆمار دەکرێت. تۆمارکردنیش لەسەر ناوی باوک دەبێت. بۆ ئەو منداڵانەشی کە باوکیان نادیارە، وەک موسوڵمان تۆمار دەکرێن. واتە بەربەستەکان زۆرن و دەچنەوە سەر یەک. پێکڕاش پێویستییان بە دۆزینەوەی دەرچە و چارەسەرێکی یاساییە، بۆ ئەوەی منداڵە ئێزدییە بێ ناسنامەکان، لەوە زیاتر بەبێ ماف نەمێننەوە.