سەرەتا ئینفۆگرافیک

ژینگەی پاک و تەندروست

پاکی و پیسیی ژینگە کار دەکاتە سەر ئاست و ڕێژەی بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ. گەر ژینگە پیس و ژەهراوی بێت، وەک ئەوەی ئێستا زۆر وڵات وان، ئەوکات مافی ژیان کە سەرەکیترین مافە، هەروەها مافەکانی وەک سەلامەتیی جەستەیی و دەروونی، مافی کارکردن و پشوو، خۆراک، ئاو، گەشەکردن و چەندانی تریش دەکەونە بەر مەترسی. گەر دەوڵەت و حوکمڕانی و سیستەمی ئیداری، پێویستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ بن، ئەوکات ژینگەی پاک و تەندروست، سەرباری دووپاتکردنەوەی ئەوانە، دەکرێت پێویستیی لایەنی مادی و سروشتیی مافەکانی مرۆڤ بێت. بەبێ ئەم دوو ڕەهەندەش پێکەوە، مافەکانی مرۆڤ بە تەواوی مسۆگەر نابن. 

بەپێی پێویستی و گۆڕانکارییەکانی سەردەم، یاساکانیش دەگۆڕێن. بەو پێیەی پرسی ژینگە و هۆشیاریی ژینگەیی زۆر نوێن و لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بوون بە بابەتی گشتی و نێودەوڵەتی، لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەکانی دواتری مافەکاندا، باسێکی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاو لەسەر مافی هەبوونی ژینگەی پاک و تەندروست نەکراوە. لەبەر ئەو هۆیەشە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دواتریش کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تەموزی ٢٠٢٢دا هەبوونی ژینگەی پاک و تەندروست و بەردەوامیان وەک مافێکی مرۆڤ ناساند. بۆیە دەکرێت بڵێین یەکێکە لە نوێترین مافەکانی مرۆڤ، یان نوێترین داهێنراو لە مافەکانی مرۆڤدا بەگوێرەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پەنجا ساڵی ڕابردوو. هەرچەندە پێش ئەو دوو دەزگایە، لە دەستوور و یاساکانی زۆربەی وڵاتاندا، ددان بە هەبوون و بایەخی ئەو مافەدا نراوە. 

پێکهێنەرەکانی ئەو مافە چەند بەشێکن، لەوانەش کەشی تەندروست، هەوای پاک، ئێکۆسیستەمی تەندروست و هەمەجۆریی بایۆلۆجی، ئاوی پاک، خۆراکی تەندروست، لەگەڵ ژینگەیەکی ناژەهراوی. بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بایەخی تەواو بە پاراستنی ئەو مافە بدەن. بۆ ئەو مەبەستەش گرنگە دەریاچە و ڕووبارەکان پاک ڕابگرن، سەوزایی نێو شارەکان زیاد بکەن، سامانی ئاژەڵی وشکانی و دەریایی بپارێزن، ڕاوی هەڕەمەکی قەدەغە بکەن، ڕێوشوینی پێویست بۆ بنیاتنانی شار و گوندە مۆدێرنەکان بەپێی پێودانگە ژینگەییەکان توندتر بکەن. چونکە ژینگە موڵکی گشتییە، ناکرێت ببێتە سەرچاوەی سوود و داهات بۆ کەمینەیەک لەسەر حسابی هەموو خەڵک.