سەرەتا ئینفۆگرافیک

دادگای دادپەروەرانە

مافەکانی تۆمەتبار و مافی یەکسانیی بەردەم دادگا و دادگایی دادپەروەرانە، توخمى سەرەکیی پاراستنى مافەکانی مرۆڤن و دەساوێژێکن بۆ سەروەریی یاسا. دادگایی دادپەروەرانە لە لایەن دادگایەکی کارامە و سەربەخۆ و بێلایەن و بەپێى یاسا دامەزراو دێتە دێ. یەکسانیی بەردەم دادگاش بریتییە لە یەکسانیی دەستڕاگەیشتن بە دادگا و ڕەخساندنی هاودەرفەتی و جیاکارینەکرنى هەردوو لایەنى دادبینى لە بەردەم دادوەردا. 

کارامەیی و سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگا مافێکی ڕەهایە و هیچ ئاوارتەیەک هەڵناگرێ. مەرجی سەربەخۆیی دادگا لە مەرجى لێهاتوویی و دامەزراندنی دادوەرانەوە دەستپێدەکات، ئەمەش واتە سەربەخۆیی و بێلایەنی لە هەلومەرجەکانى پلەبەرزکردنەوە و گواستنەوە و هەڵپەساردن و وەستاندنی ئەرکەکانى دادوەر و سەربەخۆیی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی دادوەریی لە دەستێوەردانی سیاسی لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسا دانانەوە. پێویستە دادوەران لە ململانێی بەرژەوەندی و هەڕەشەکردن بپارێزرێن. هەروەها بۆ دڵنیایی سەربەخۆییان، پێویستە پێگەی دادوەران، وەک؛ ماوەی کارکردن و سەربەخۆییان و ئاسایش و پادداشتی گونجاو و مەرجەکانی خزمەتکردن و تەمەنی خانەنشینیی و ژمارەى پێویستى دادوەر، بە شێوەیەکی گونجاو و بەپێی یاسا مسۆگەر بکرێن.  
 بایەخى دادگایی دادپەروەرانە لەوەدایە کە ڕێگە لە دەسەڵاتدار و حکومڕان دەگرن، بە ویستی خۆیان کەسێک دەستگیر بکەن و ئەشکەنجە یان سزای بدەن. لێرەوەیە، لە زۆربەى سیستەمە یاسایی و ژییرییەکانى دنیادا، بە یاسای ئێراقیشەوە، بنەمای "تاوان و سزا بە یاسا دیاری دەکرێن"، دەبینرێتەوە. واتە بەدەر لەو تاوان و سزایانەی بە دەق لە یاساکاندا دیاری کراون، هیچی تر تاوان یان سزا نییە. 
لە یاساکانی ئێراق و هەرێمی کوردستاندا دەستەبەرى بەشێکی مافەکانی تۆمەتبار، هەروەک ئەوەى لە پەیماننامەى نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هەیە کراوە، لەوانە: 

دەبێت تۆمەتبار بەو زمانەی تەواو لێی تێ دەگات و قسەی پێ دەکات، لە ناوەڕۆکی تاوانبارکردنەکە ئاگادار بکرێتەوە. 
بەبێ هیچ دواخستنێکی ناڕەوایانە، دادگایی بکرێت. 
تۆمەتبار بە بێتاوان ئەژمار دەکرێت هەتا تۆمەتەکەى لە دادگا و بەپێى یاسا بە سەردا ساغ دەبێتەوە. 
دەتوانێت خۆی بەرگری لە خۆی بکات، یان بەپێی بژاردەی خۆی لەڕێی پارێزەرێکەوە بەڵگەکانی پێشکەش بکات و گەواهیدەرەکانی بانگهێشت بکات. 
کاتی گونجاوی هەبێت و لە ئامادەکردنی بەرگرینامەکەیدا کارئاسانی بۆ بکرێت، ئازادانە و بە متمانەوە لەگەڵ ڕاوێژکارەکەی گفتوگۆ بکات. 
مافی بوونی هاریکاریی یاسایی هەیە، کە لە لایەن دادگاکەوە خەرجییەکانی دابین بکرێت. 
دەبێت لە ناسنامەی گەواهیدەرانی دادگاییەکە ئاگادار بکرێتەوە و مافی ئەوەی هەیە پرسیار لە باوەڕپێکراویی ئەو گەواهیدەرانە بکات. 
بە هیچ شێویەک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان زۆری لێ بکرێت تا گەواهیی بدات، یان دان بە تاواندا بنێت، یاخود بێدەنگ بمێنێتەوە. 
نابێـت بێدەنگبوونى بە دانپێدانان بە تۆمەتەکەى لێک بدرێتەوە. 
نابێت دووجار ڕێوشوێنی یاسایی بۆ هەمان کردە بگیردرێتە بەر. 
دەتوانێت داوای ئەوە بکات داواکاری گشتیی بەڵگەی بێتاوانیی بخاتە ڕوو، کە لای داواکارى گشتیی هەیە و  تۆمەتبار پێی وایە ئەو بەڵگانە دەرخەری یاخود ویستی پیشاندانی بێتاوانیی ئەمیان هەیە، یان ڕەوایەتیی بە بێتاوانییکەى دەدات. 
تۆمەتبار مافی داواکردنى تێهەڵچوونەوە و پیداچوونەوە بە پەڕاوەکەیدا هەیە، ئەمەش لە لایەن دادگاکایەکى بەرزترەوە. 
هەموو ئەمانەش پێکڕا لە هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرن، سزادانی تاوانبار بۆ ئەوەیە چاک و پاک ببێتەوە و سزا بەشێک نەبێت لە تۆڵە، بەڵکوو بەشێک بێت لە ئاشتەوایی و بە خۆداچوونەوە و تاوانکار بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر بێتەوە نێو خەڵک.  
نابێت و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ مافی مرۆڤدا هاوئاهەنگ نیە، کە سزا لەبری ئەو وەزیفەیە، بگۆڕێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکان بە چاوی تۆڵەوە سەیری تۆمەتبار بکەن و حوکمی پێشوەختی بەسەردا بدەن، وەک ئەوەی لە ئێراق و هەرێمی کوردستاندا زۆرن و چەندان جار ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ڕەخنەیان لە هەردوو حکومەت گرتووە.