ناوەند دووەمین کۆنفرانسى ساڵانەى خۆى لە سلێمانى ئەنجامدا

لەڕێکەوتی 16-12-2023 ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی بەهاوکاری دارایی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی (ئاى ئێف ئەى) و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لەسلێمانی دووەم كۆنفرانسی ساڵانەی بۆ یاسای نێودەوڵەتی بەناونیشانی “دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتیی لەكوردستان و رێكارەكانی چەسپاندنی” بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتیی و دادوەر و داواکارى گشتیی و ئەكادیمی و چالاكوانانی کۆمەڵی مەدەنی و نوێنەری وەزارەتی پێشەمەرگە و وەزارەتى شەهیدان و پەرلەمانی کوردستان سازدا.

دەستپێکی کۆنفرانس بە خوێندنەوەی وتاری ئەنجوومەنى بەرێوەبەرانی ناوەند و خستنەڕووی خەرمانی کارکردنی دوو ساڵى ناوەند لە هەوڵ و کۆششەکانی بۆ بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبوان خرایەڕوو. پاشان بەنیشاندنی ڤیدۆی کۆتایی پڕۆژەکە سەرنجی ئامادەبوان زیاتر ڕاکێشرا بۆ چۆنێتی و میکانیزمی کارکردنی ناوەند لەمەڕ جەوهەری بەناوخۆیکردنی یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی و بیرۆکەی بەگەڕخستنیان. هەروەتر سەرنجی سودمەندبوانی پڕۆژەکە لەساڵی ٢٠٢٣ بۆ گرنگی بابەتی ناوبراو و ئەنگیزە و سەرنجەکانیان لە پێویستی کاراکردنی ئەم پرسە لەناو دامەزراوەکانی یاسادانان و دادوەری و کایەی حوکمڕانی لەدوتوێی ڤیدۆی کۆتای نیشاندرا.

پانێڵی یەكەم بەناونیشانی بەرەو دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان بوو، هەریەك لە د.عیباد روحی و د.سۆران بەرزنجی و دادوەر هاوارد مۆریسن بەشدارییان تێداكرد، سێ ناونیشانی جیاواز گفتوگۆ و شیمانەی لەبارەوە كرا، یەكەمیان بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی وەك میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەكوردستان، دووەم هەوڵەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێم و سێیەم گرنگی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستاندا خرایە بەرباس. 

پانێڵی دووەمی کۆنفرانس بەناونیشانی “ئاڵۆزی پرسی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی و سیستەمی دادوەریی كوردستان “ بوو.  کە هەریەك لە ئازاد وەڵەتبەگی و د.حەسەن مستەفا بەشدارییان تێدا كرد، دوو تەوەری لەخۆگرتبوو، یەكەمیان مۆدێلی دادگای تێكەڵاو بۆ لێپێچینەوە لەچەكدارانی داعش لەكوردستان و دووەمیان بەرپرسیارێتی تاوانی تاكەكەسی لەبەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەچوارچێوەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا.

دوابەدوای هەردوو پانێڵی ناوبراو بە ئامادەبوونی ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانى ناوەند وەڵامی سەرنج و پێشنیاری ئامادەبوانی کۆنفرانس درایەوە. بەگشتی سەرنجەکان خستنەڕووی پێشنیار و پرسیار و ئارگۆمێنتسازی بوو لەهەمبەر پرسی بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و چۆنێتی سود لێوەرگرتنی لە گەڕانی زیاتر بۆ دادپەروەرری و بەرپرسیارکردنی تاوانبارانی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد کراوە لە سەردەمی ڕژێمی پێشودا هەتاکو جینۆسایدی یەزیدیەکان لە چوارچێوەی سیستەمی دادوەری نێوخۆیی و بونیادنانی پاڵپشتی نیشتیمانی بۆی. هاوتەریب بە گفتوگۆکان، تیمی ناوەند سەرجەم سەرنج و تێبینەیەکانیان یاداشتکرد تاکو دواتر ناوەند لەچوارچێوەی ڕاسپاردەنامە هاوبەشی پێبکات لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە خستەنەسەرپێی و بەرەو ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری کایەی دادپەروەریی و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی جینۆساید و تاوانی دژبەمرۆڤایەتی و تاوانى جەنگ لەهەرێمی کوردستاندا.