لەڕێکەوتی
16-12-2023 ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی بەهاوکاری دارایی ڕێکخراوی
نێودەوڵەتیی (ئاى ئێف ئەى) و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا،
لەسلێمانی دووەم كۆنفرانسی ساڵانەی بۆ یاسای نێودەوڵەتی بەناونیشانی “دادپەروەری
تاوانی نێودەوڵەتیی لەكوردستان و رێكارەكانی چەسپاندنی” بە
ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتیی و دادوەر و داواکارى گشتیی و ئەكادیمی
و چالاكوانانی کۆمەڵی مەدەنی و نوێنەری وەزارەتی پێشەمەرگە و وەزارەتى شەهیدان و پەرلەمانی کوردستان سازدا.
دەستپێکی
کۆنفرانس بە خوێندنەوەی وتاری ئەنجوومەنى بەرێوەبەرانی ناوەند و خستنەڕووی خەرمانی
کارکردنی دوو ساڵى ناوەند لە هەوڵ و کۆششەکانی بۆ بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانی
نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبوان خرایەڕوو. پاشان بەنیشاندنی ڤیدۆی کۆتایی پڕۆژەکە سەرنجی
ئامادەبوان زیاتر ڕاکێشرا بۆ چۆنێتی و میکانیزمی کارکردنی ناوەند لەمەڕ جەوهەری
بەناوخۆیکردنی یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی و بیرۆکەی بەگەڕخستنیان. هەروەتر سەرنجی
سودمەندبوانی پڕۆژەکە لەساڵی ٢٠٢٣ بۆ گرنگی بابەتی ناوبراو و ئەنگیزە و
سەرنجەکانیان لە پێویستی کاراکردنی ئەم پرسە لەناو دامەزراوەکانی یاسادانان و
دادوەری و کایەی حوکمڕانی لەدوتوێی ڤیدۆی کۆتای نیشاندرا.
پانێڵی
یەكەم بەناونیشانی بەرەو دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان بوو، هەریەك لە
د.عیباد روحی و د.سۆران بەرزنجی و دادوەر هاوارد مۆریسن بەشدارییان تێداكرد، سێ
ناونیشانی جیاواز گفتوگۆ و شیمانەی لەبارەوە كرا، یەكەمیان بەناوخۆییكردنی یاسای
تاوانی نێودەوڵەتی وەك میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەكوردستان،
دووەم هەوڵەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسی بەناوخۆییكردنی
یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێم و سێیەم گرنگی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی
نێودەوڵەتی لەكوردستاندا خرایە بەرباس.
پانێڵی
دووەمی کۆنفرانس بەناونیشانی “ئاڵۆزی پرسی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی و سیستەمی
دادوەریی كوردستان “ بوو. کە هەریەك لە ئازاد
وەڵەتبەگی و د.حەسەن مستەفا بەشدارییان تێدا كرد، دوو تەوەری لەخۆگرتبوو، یەكەمیان
مۆدێلی دادگای تێكەڵاو بۆ لێپێچینەوە لەچەكدارانی داعش لەكوردستان و دووەمیان
بەرپرسیارێتی تاوانی تاكەكەسی لەبەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەچوارچێوەی یاسای
تاوانی نێودەوڵەتیدا.
دوابەدوای
هەردوو پانێڵی ناوبراو بە ئامادەبوونی ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانى ناوەند
وەڵامی سەرنج و پێشنیاری ئامادەبوانی کۆنفرانس درایەوە. بەگشتی سەرنجەکان
خستنەڕووی پێشنیار و پرسیار و ئارگۆمێنتسازی بوو لەهەمبەر پرسی بەناوخۆیکردنی
یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و چۆنێتی سود لێوەرگرتنی لە گەڕانی زیاتر بۆ دادپەروەرری
و بەرپرسیارکردنی تاوانبارانی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد کراوە لە
سەردەمی ڕژێمی پێشودا هەتاکو جینۆسایدی یەزیدیەکان لە چوارچێوەی سیستەمی دادوەری
نێوخۆیی و بونیادنانی پاڵپشتی نیشتیمانی بۆی. هاوتەریب بە گفتوگۆکان، تیمی ناوەند سەرجەم
سەرنج و تێبینەیەکانیان یاداشتکرد تاکو دواتر ناوەند لەچوارچێوەی ڕاسپاردەنامە
هاوبەشی پێبکات لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە خستەنەسەرپێی و بەرەو ئاراستەی
خزمەتکردنی زیاتری کایەی دادپەروەریی و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی جینۆساید و
تاوانی دژبەمرۆڤایەتی و تاوانى جەنگ لەهەرێمی کوردستاندا.