سەرەتا چالاکییەکان

ناوەند و زانکۆی سۆران یادداشتنامەی لە یەک تێگەیشتنیان واژۆ کرد

لە دەستپێکی فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بەشداری پێکردنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا لە زانکۆکانی کوردستان، ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نیودەوڵەتیی یادداشتنامەیەکی لە یەک تێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی سۆران واژۆ کرد. بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێزان جێگری سەرۆکی فاکەڵتی یاسا و ڕامیاری (د. سالار سوار ئیسماعیل)، سەرۆکی بەشی یاسا (د. بژار عەبدوڵڵا) و مامۆستا (حەسەن مستەفا)، ئەمەش لەپێناو گەشەپێدان و سازاندنی زەمینەیەکی زانستیی بۆ کردنەوەی دەرگاکان بە ڕووی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا و ئاشنابوونیان بە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتیی، هاوکات ڕێچکەی کارکردنی ئەو سیستەمە و کاریگەرییەکانی لەناو دونیای ئەمڕۆدا، لە میانەی چەسپاندنی بەها گرنگەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی.

ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی «KCIL» لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی کردنەوەی خوولی هاوینە و وۆرکشۆپ، وەرگێڕانی تێکستی یاسایی و بڵاوکردنەوەی وتاری پەیوەندیدار و پڕۆژە  بەم پرسەوە، کار بۆ پەروەردەکردنی پۆلێک لە خوێندکارانی کۆلێژی یاسای زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەتاکوو لە دەرەوەی ئەم سیستەمە فێرکارییەی کە بۆیان ڕەنگڕێژکراوە، بتوانن  سەرچاوەی گرنگ و زانستیی هەمەجۆر سەبارەت بە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتی و چۆنییەتی سوودوەرگرتن لێیان لەناو هەرێمی کوردستاندا، دەست بخەن. هاوتەریب بەم ستراتیژە لە ڕوانین بۆ ئاییندە و ئامادەسازیی زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەنێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کۆلێژەکانی یاسا لەناو زانکۆکانی کوردستاندا. ڕێکخراوی «KCIL» بەنیازی  واژۆکردنی یاداشتنامەی لە یەک تێگەیشتنە لەگەڵ زۆرێک لە زانکۆکانی تری کوردستان. بە تایبەت ئەو زانکۆیانەی کە کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە لە لایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە. هەتاکوو خوێندکارانی کۆلێژی یاسا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە مەودایەکی فراواندا ئاشنای سیستەم و میکانیزمی کارکردنی یاسای نێودەوڵەتی ببن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی کە ڕێکخراوی «KCIL» فەراهەمی دەکات، لە نموونەی وۆرکشۆپ و خوێندنگەی هاوینەیی و چالاکی گەنجانە و پاڵپشتی دەستپێشخەریی گەنجان. ئەمەش بۆ هێنانەدی ئاییندەیەک کە لە ئێستە زیاتر، چەمکی دادپەروەری و مافی مرۆڤ بەگوێرەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان تێیدا بەرز ڕابگیرێت.