ناوەندی کوردستان بۆ
یاسای نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی نەرویجی «Stefanos Alliance لە چوارچێوەی پرۆژەی ئازادی ئایین و باوەڕ.
لە ڕێکەوتی ٦ تەممووزی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی- هۆتێل ڕامادا. کۆبوونەوەیەکی گرێدا
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پێکهاتە ئایینییەکان،دادوەر، توێژەرانی ئەکادیمی و یاسایی بەمەبەستی
پێداچوونەوە و خستنە بەر باسی ناوەڕۆکی ڕێبەری نامەیەک لەسەر (ئازادی ئایین و
باوەڕ) بە زمانی کوردی. ئەوەی شایەنی باسە لە چوارچێوەی پرۆژەی ناوبراودا بۆ ماوەی
پتر لە شەش مانگە هەر دوو توێژەر و شارەزا بەڕێزان (د. ئاسۆس براخاس) مامۆستای
زانکۆ، (داستان عەبدولڕەحمان) ڕێکخەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و
کاروباری ئایینی، سەرقاڵی نووسین و ئامادەکردنی ئەم ڕێبەری نامەیەن بە زمانی کوردی
و هاوتاکردنی ناوەڕۆکەکەی بۆ برەودان بە پرسی ئازادی ئایین و باوەڕ لە هەرێمی
کوردستاندا. لە میانەی ئەم کۆبوونەوەیەدا بەشداربووان هەر یەکێکیان لە ئاستی
گۆشەنیگای خۆیەوە سەرنجەکانیان خستە ڕوو هەتاکو ناوەڕۆکی ڕێبەرییەکە زیاتر
دەوڵەمەند بێت و ڕەنگدانەوەی چرکەساتی ئێستا بێت. هەروەتر لەپاڵ مشتومڕەکان لە مەڕ
بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە. تێڕوانین و سەرنجی نوێ خرانە ڕوو لەسەر ڕەوشی
کۆمەڵایەتی و یاسایی پێکهاتەکان بە مەبەستی ڕەچاوکردنی لەناو چالاکییەکانی
پرۆژەکەدا. ئەوەی جێگای بایەخە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا ئەم ڕێبەری نامەیە
دەبێتە هەوێنی ئامادەکردنی پرۆگرامی ئەنجامدانی دوو زنجیرە وۆرکشۆپ بۆ پارێزەران،
نوێنەرانی پێکهاتە ئایینییەکان، چالاکوانان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان لە پارێزگای
سلێمانی و هەولێر، بە مەبەستی ئاشناکردنییان بە بنەماکانی ئازادی ئایین و باوەڕ و
کۆکردنەوەی سەرنج و پێشنیازەکانییان لە بۆتەی ڕاسپاردەی کۆتایی پرۆژە بۆ پەرلەمانی
کوردستان، بە مەبەستی کارکردن لەسەریان بە ئاراستەی ڕەخساندنی زەمینەیەکی ئارام و
لەبار بۆ پرسی ئازادی ئایین و باوەڕ لە هەرێمی کوردستاندا.