سەرەتا چالاکییەکان

بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی یاسا کاری لە پێشینەی هەمووانە بۆ چەسپاندنی بەها لەپێشینەکانی دادپەروەری

لە چوارچێوەی زنجیرە سەردانییەکانی تیمی ناوەند بۆ دامەزراوە یاسای و دادپەروەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە ڕێکەوتی ١ حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە شاری هەولێر و لە میانەی دیدارێکی فەرمیدا بە دیدەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم (دادوەر. عەبدولجەبار عەزیز حەسەن) شادبوون. لە میانەی ئەم دیدارەدا تیشک خرایە سەر کار و چالاکییەکانی ناوەند لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە بۆ دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێم ئەنجامی دابوون لە چوارچێوەی ڕێکخستنی وۆرکشۆپ و ڕێخستنی گەشتی زانستی بۆ دادگای نێودەوڵەتیی و دامەزراوەکانی نەتەوەیەگرتووەکان لە ئەورووپا. هەروەتر، بە شێوەیەکی گشتگیر باس کرا لە پرۆژەی نوێی ناوەند لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە ناونیشانی (کۆ کاری بۆ برەودانی دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان) کە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا ڕێبەرییەک ئامادە دەکرێت لەسەر (دادگای دادپەروەرانە)، ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان و ئاشناکردن بۆ دادوەر و داواکارانی گشتی لەسەر پرسی دادگای دادپەروەرانە، ئاشنابوونی زیاتر بە یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ. بە تایبەت ئەو ڕێککەوتننامانەی کە دەوڵەتی ئێراق پێیانەوە پابەندە. ئەمەش بە ئامانجی زیاتر ڕەنگدانەوەی بڕگە و بنەماکانی لەناو دادگاکانی هەرێمدا. لە چوارچێوەی ئەم باسانەدا گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەکان و سەر ڕێ خستنی پرۆژەی هاوبەش لە ئێستا و ئایندەدا. ئەوەی شایەنی باسە ڕێزدار (دادوەر. عەبدولجەبار عەزیز) بە گرنگییەوە ڕوانییە کار و چالاکییەکانی ناوەند، جەختی لە گرنگی کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان کردەوە لە پاڵپشتییان بۆ کاروانی ستراتیژی ئەنجوومەنی دادوەری لە بەرزڕاگرتنی پرسی دادوەری و ڕۆڵی یاسا لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمدا بەتایبەت لەناو دادگاکاندا. لە کۆتایی دیدارەکەدا تیمی ناوەند سوپاسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەرییان کرد بۆ هەوڵ کۆششەکانیان لە چەسپاندنی بەها لە پێشینەکانی پرسی دادپەروەری، بوونی تێگەیشتن و پاڵپشتیان لە هەوڵەکانی ناوەند، لە سۆنگەی هێنانە کایەی ژینگەیەکی یاسای هاوئاواز بە تێگەیشتنە سەردەمییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و بە ناوخۆی کردنییان لەناو سیستەمی یاسایی نیشتمانیدا.