سەرەتا چالاکییەکان

ناوەند کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم سازدا

بە ئامانجی برەودان بە ڕایەڵەکانی ناوەند لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان. لە ڕێکەوتی ٢ ی تەممووزی ٢٠٢٤، تیمی ناوەند لە میانەی دیدارێکی فەرمییدا بە دیدەی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم ڕێزدار دادوەر (کاوە فەتحی مەعسووم)، دادوەر (سانا سەباح واحید) شاد بوو. لە چوارچێوەی ئەم کۆبوونەوە بەرهەمدارەدا گفتوگۆ کرا لەسەر ڕەوشی دادوەری و کار و چالاکییەکانی داواکاری گشتی هەرێم لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی مافی هاووڵاتییان لەناو دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا. هەروەتر دواین کار و چالاکییەکانی ناوەند بۆ سەرخستنی ڕۆڵی یاسا و سازاندنی زەمینەیەکی بەرهەمدار بۆ ئاشناکردنی دادوەر و داواکارانی گشتی لە هەمبەر ئەرک و مافە گەردوونییەکانی پرۆسەی دادوەری و داواکاری گشتی خرایە بەر باس. ئەوەی شایەنی باسە سەرۆکی ناوەند و تیمی یاوەری تیشکیان خستە سەر دواین پرۆژەی ناوەند (پرۆژە کۆکارییەک بۆ برەودانی دادپەروەری لە هەرێمی کوردستاندا) کە بە هاوبەش جێ بەجێ دەکات لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵ بە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA) کە چەند خول و ڕاهێنانی تایبەتمەند لە خۆ دەگرێت بۆ دادوەر و داواکارانی گشتی لەمەڕ پرسەکانی: ئاشنابوون بە یاسای نێودەوڵەتی، چەسپاندنی ڕەهەندەکانی دادگای دادپەروەرانە، فەراهەمکردنی سەرچاوەی یاسای نوێ بۆ دادوەران لە پرۆسەی داد بینی و چەسپاندنی سەروەری یاسادا. لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم و تیمی یاوەری پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ سەرخستنی ئامانجە لە پێشینەکانی پرۆژەکە دووپات کردەوە، هاوکاری خۆیان نیشاندا لە سەر پێ خستنی تەواوی ئەو هەنگاوانەی کە لە خزمەت پرۆسەی هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەین بۆ سەروەری یاسا و زیادبوونی متمانەی هاووڵاتییان بۆ دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان.