ناوەند وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی بۆ پارێزەران ڕێکخست سەبارەت بە ئازادی ئاین و باوەڕ

لە چوارچێوەی ئەو کۆششانەی کە ناوەند سەر ڕێی خستوون بۆ فەراهەمکردنی زەمینەیەک لەبار بۆ زیاتر بەهێزکردنی پرسی ئازادی ئایین و باوەڕ لە هەرێمی کوردستان. لە ڕێکەوتی ٢٠-٢١ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی ڕێکخست بۆ (٢٠ پارێزەر) لە پارێزگای سلێمانی دەربارەی ئازادی ئاین و باوەڕ. شایەنی باسە کۆ بابەتی دوو ڕۆژی وۆرکشۆپ لەلایەن هەر دوو ڕاهێنەری بەتوانا (داستان عەبدولڕەحمان) و (د. ئاسۆس براخاس) پێشکەشکران لە ژێر ڕۆشنای ڕێبەرێک کە ناوبراوان ئامادەیان کردبوو لەناو «پرۆژەی ئازادی ئاین و باوەڕ لە هەرێمی کوردستان» کە ناوەند بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نەرویجی ستیفانۆس جێبەجێی دەکات. سەربار، ئامانج لە سازدانی ئەم چالاکییە ئاشناکردنی زیاتر ی پارێزەران بوو بە کرۆکی پرسی ئازادی ئاین و باوەڕ ئەو ئاڵنگارییانەی کە بوونیان هەیە لە سنووردارکردنی مافی تاک لە بەرامبەر پرسی ئازادی ئاین و باوەڕ. بابەتەکانی ڕۆژی یەکەم تایبەت بوون بە خستنە بەر باسی ئەو پرسیارانەی کە پەیوەست بوون بەوەی کە ئایا ئازادی ئاین و باوەڕ چی دەبەخشێت بە تاکەکان؟ هاوتەریب بە وەڵام و خستنە ڕووی سەرنجی بەشداربووان، شەش ڕەهەندەکەی ئازادی ئاین و باوەڕ باسی لێوە کرا لەلایەن ڕاهێنەر (داستان عەبدولڕەحمان) ەوە. هەروەتر، (د. ئاسۆس براخاس)، باسی کرد لە پێوەری یاسایی ئازادی ئاین و باوەڕ لەناو بنەما نێودەوڵەتیی و ناوخۆیییەکاندا، لە دووتوێی ئەم بابەتەدا زنجیرەیەک باس و خواس ورووژێنرا هەتاکوو بەشداربووان بتوانن گرێی بدەنەوە بە کاری پارێزەرایەتیان لەناو دادگاکاندا بەتایبەت بۆ ئەو کەیسانەی کە گرێدراون بە پرسی ئازادی ئاین و باوەڕەوە.
لە دەستپێکی چالاکییەکانی ڕۆژی دووەمدا باس و خواست کرا دەربارەی گرنگی ئازادی ئاین و باوەڕ، لێکەوتەکانی سنووردارکردنی لەناو ژینگەی کۆمەڵایەتیدا. لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا بەشداربووان ڕانانێکیان کرد بە شێوەی گروپ بۆ دەستنیشانکردنی دیارترین ئەو فاکتەرانەی کە گرنگی ئەم پرسەیان سنووردار کردووە. پاشان ڕاهێنەر (داستان عەبدولڕەحمان) و ڕاهێنەران شیمانەی تەواوی فاکتەرەکانیان کرد و ڕاسپاردەی خۆیان لەژێر ڕۆشنایی دیالۆگەکان داڕشت. هەروەتر، پێوەرە یاسای ئازادی ئاین و باوەڕ بە گوێرەی بنەما ناوخۆیەکان لەلایەن (د. ئاسۆس براخس) خرایە بەرباس و تێگەیشتنێکی فراوانی بەخشیە بەشداربووان. پاشان لە دوا تەوەری وۆرکشۆپەکە بەشداربووان کران بە چوار گرووپەوە، ڕێنوێنیان پێدرا لەلایەن (د. ئاسۆس براخاس) تاکوو پلانی مەیدانی دابڕێژن بۆ زیاتر برەودان بە پرسی ئازادی ئاین و باوەڕ لەناو کۆمەڵگادا، پاشان نوێنەری هەر گروپیک پلانەکانی خۆیان پێشکەش کرد لە شێوەی پرۆژەی سەربەخۆدا. لە کۆتایدا، دوا سەرنج خرایە ڕوو لەسەر پرۆژەکان و ئاسۆی کارکردکردنیان لە ئایندەدا تاوتوێ کرا. بە گرتنی وێنەی بە کۆمەڵ و پێدانی بڕوانامەی بەشداربوون کۆتایی بە وۆرکشۆپەکە هێنرا بە سەرکەوتووی.