ناوەند خوێندنگەیەکی هاوینەی پێنج ڕۆژەی بۆ خوێندکارانی یاسای زانکۆکانی کوردستان ڕێکخست

لە ڕوانگەی ڕێخۆشکردن بۆ زەمینەیەکی نوێگەرانە بۆ خوێندکارانی یاسا لە زانکۆکانی کوردستان، بۆ ئاشنابوون بە ڕەهەندەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پێدراوە نوێیە سەردەمییەکان بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری وەک ئەرکێکی هاوبەشی ئایندەیی و ڕۆشنبیری لەناو خوێندکارانی یاسا لە زانکۆکانی کوردستاندا، هەروەها بۆ ڕێگرتن لەو قەیرانانەی کە پرسی ڕۆژەڤن، ناوەند لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی کۆکاریدا بۆ برەودان بە دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان، کە بە هاوکاری دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لەڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA) جێبەجێی دەکات، لە ڕێکەوتی ٤-٨ی ئابی ٢٠٢٤ خوێندنگەیەکی هاوینەی ڕێکخست لە پارێزگای سلێمانی بۆ ١٦ خوێندکار لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش: زانکۆی سۆران، زانکۆی سەڵاحەدین، زانکۆی سلێمانی و زانکۆی هەڵەبجە.

دەستپێکی یەکەمین ڕۆژ تایبەت بوو بە ئاشناکردنی خوێندکارەکان بە ئامانجە بنەڕەتییەکانی پرۆژەی ناوبراو، ڕۆڵیان لەناو پرۆژەکەدا بەڕێگەی پێشنیارکردنی پرۆژەی بچووک و داڕشتنی ئەو چەشنە بیرۆکانەی کە لە خزمەت کۆمەڵگاکانیاندایە، بە ڕێگەی فەراهەمکردنی پاڵپشتی دارایی لەچوارچێوەی پرۆژەکەدا بۆ ئەو دەستپێشخەرییانەی کە دەتوانن سەرجەم ئەو سیمایانە لە خۆبگرن کە شیاوی پاڵپشتی داراییان بۆ فەراهەم بکرێت. ئەوەی شایەنی ئاماژەیە، لەچوارچێوەی ئەم بەشەی خوێندنگەکەدا، ڕێنوێنی خوێندکارەکان کرا لە ڕۆژانی دواتردا لەلایەن ڕاهێنەری ناوەند (شانیا محمد) هەتاکو بتوانن پرۆژەکانیان بەگوێرەی پێوەرە دیاریکراوەکان ئامادە بکەن. لە وانەی دواتردا، د. محمد ڕەشید خوێندکارەکانی ئاشنا کرد بە ڕەهەندەکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و چۆنێتی ڕەنگدانەوەی لەناو یاسا نێوخۆییەکاندا. لە کۆتایی تەوەری ڕۆژی یەکەمدا، خوێندکارەکان ئاشنا کران بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕەوشی ئێستای ئەم یاسایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێز هۆشیار مستەفا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) لە پارێزگای سلێمانی.

تەوەرەکانی دووەم ڕۆژی خوێندنگە تایبەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بوون. لە دەستپێکدا، بەڕێز دادوەر ڕزگار حەمەئەمین باسێکی لەسەر جێبەجێکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە عێراق و دادگایی سەدام حسێن پێشکەشکرد. پاشان، د. سۆران بەرزنجی، ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند سەبارەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش. کۆتا وانەش لەلایەن د. شیراز ئیبراهیم سەبارەت بە گرنگی بە ناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان پێشکەشکرا. ئەوەی شایەنی باسە، کۆتا چالاکی ڕۆژی دووەم تایبەت بوو بە ڕێکخستنی گەشتێکی زانستی و فێربوون بۆ تەماشاکردنی فیلمی شاردنەوەی دیکتاتۆری ڕژێمی پێشوو (سەدام حسێن) هەتاکو خوێندکارەکان زیاتر ئاشنای ئەو ڕابردووە پڕ لە نەهامەتی و ئازارە ببن کە هاونیشتیمانیان تێیدا ژیاون و دووچاری جەور و ستەم بوون بەدەستی سەرۆکی ئەو ڕژێمەی کە حوکمی ئێراقی کردووە.

دەستپێکی ڕۆژی سێیەم بریتی بوو لە سەردانیکردنی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە. لەمیانەی ئەم سەردانیەدا، خوێندکارەکان ئاشنا بوون بە کرۆکی ستەمکاری ڕژێمی پێشووی عێراق لە ڕێگای بینینی زیندان و ئەو مۆزەخانانەی کە تایبەت بوون بە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کۆچی بەکۆمەڵی کوردان لە ساڵی ١٩٩١دا. پاش ئەم سەردانیە و پشوودانێکی کورت، هەر یەک لە بەڕێزان د. عیباد ڕووحی بابەتێکی لەسەر تاوانی جەنگ پێشکەشکرد، پاشان د. ئاوارە حسێن تیشکی خستە سەر دەسەڵاتی دادوەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، خاتوو بانوو عەبدولرەحمان ئەندامی تیمی یونیتاد باسێکی لەسەر کار و چالاکییەکانی یونیتاد پێشکەشکرد، کۆتا وانەش لەلایەن دادوەر د. سەردار عەزیز سەبارەت بە خەوش و کەموکوڕییەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە جێبەجێکردندا بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشکرا.

لە چوارەم ڕۆژی خوێندنگەکەدا، کە تایبەت بوو بە ئاشناکردنی خوێندکارەکان بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و شاتاوانەکان لە نموونەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی، لە دەستپێکدا بەڕێز هاوڕێ ئەحمەد بابەتێکی لەسەر تاوانی جینۆساید لە یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکان پێشکەشکرد. پاشان مامۆستا محمد ناسیح تیشکی خستە سەر گرنگی یادگە لە ڕوونەدانەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها، مامۆستا دڵشاد حامید دەروێش باسێکی لەسەر مافی کەمینەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێشکەشکرد. پاشان حەسەن جمیل ڕێكخەری هاوپەیمانی قەرەبووكردنەوەی دادپەروەری بابەتێكی لەسەر قەرەبووكردنەوە بۆ تاوانەكانی داعش پێشكەشكرد، کۆتا وانەش تایبەت بوو بە پێگەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە دەستووری عێراقدا کە لەلایەن بەڕێز د. شاهۆ ئەحمەد پێشکەش کرا.

لە کۆتا ڕۆژی خوێندنگە هاوینەیەکەدا، هەڵسەنگاندنی کۆتایی کرا بۆ ئەو پرۆژانەی کە خوێندکارەکان لە چوارچێوەی خوێندنگەکەدا ئامادەیان کردبوو، لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندی ناوەند بە سەرپەرشتی بەڕێز( د. عیباد ڕۆحی). سەرەتا هەر زانکۆیەک پرۆژەکەی خۆی خستەڕوو، پاشان پرۆژەی "هۆشیاری سەبارەت بە ئیکۆساید بەگوێرەی ڕەهەندەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەک پرۆژەی دڵخوازی خوێندکارەکان هەڵبژێردرا بۆ جێبەجێکردن لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەی ناوەنددا. پاش ئەم چالاکییەش، خوێندکارەکان بڕوانامەی بەشداربوونیان پێدرا و بە گرتنی وێنەیەکی بەکۆمەڵ کۆتایی بە خوێندنگە هاوینەیەکە هێنرا بەسەرکەوتوویی.