ناوەند وۆرکشۆپێکی لەسەر ئازادی ئایین و باوەڕ بۆ پارێزەران لە پارێزگای هەولێر ڕێکخست

بە ئامانجی سازدانی زەمینەیەکی نوێ بۆ ئاشنابوون بە ڕەهەندە نوێیەکانی ئازادی ئایین و باوەڕ لە هەرێمی کوردستان، ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی (KCIL) لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. ئەم چالاکییە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نەرویجی ستیفانوس ئەلایەنس و بە بەشداری شانزە پارێزەری بەئەزموونی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو. بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە لەلایەن بەڕێزان د. ئاسۆس نامیق براخاس (مامۆستای زانکۆ) و دەستان عەلی (بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییەکان و سەرۆکی یەکەی جێندەر لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان) پێشکەشکران.
لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا، بەشداربووان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕاهێنەران توانییان بە چەمکە بنەڕەتییەکانی ئازادی ئایین و باوەڕ ئاشنا ببن و تێگەیشتنێکی نوێ سەبارەت بە پەیوەندی نێوان یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پەرە پێ بدەن. ئەمەش بۆ چەمکی ئازادی ئایین و پاراستنی مافی تاک لە دەربڕینی باوەڕەکانی لە کۆمەڵگادا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. هەروەها، لە چوارچێوەی بابەتەکاندا، ڕاهێنەران لە ڕێگەی چالاکی گرووپییەوە کەشێکی پڕ دیالۆگیان خوڵقاند بۆ زیاتر کارلێککردنی بەشداربووان لەگەڵ کرۆکی بابەتەکە. بەراوردکردنی دۆخی ئازادی ئایین و باوەڕ لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بوو. 
‎لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، بەشداربووان هیوای بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییانەیان خواست بۆ پارێزەران و یاساناسان، تاکوو بتوانن تۆڕێک لە هاوبیرانی خۆیان لە ناو یاساناساندا پێک بهێنن. ئامانجی ئەم تۆڕە ئاسانکاریکردنی کەمپینی داکۆکیکردنی یاساییە بۆ هاوڵاتییانی خاوەن بیروڕای ئایینی جیاواز و دابینکردنی پارێزبەندی یاسایی بۆ ئەو کەیسانەی کە بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕەوە لە دادگاکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی بوونەتەوە.