دادگای هۆڵەندا لە زانکۆی هەڵەبجە: پردێک بۆ دادپەروەریی نێودەوڵەتی

لە هەوڵێکی نوێدا و بە مەبەستی ئاشناکردنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسای زانکۆی هەڵەبجە بە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبار (حەسنا. ئ)، وەک یەکەمین پەڕاوی هۆڵەندی پەیوەندیدار بەو تاوانانەی کە داعش دەرهەق بە ئێزدییەکان کردی، ناوەندی كورستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی بە هاوبەشیی تۆڕی یاسای ئێزدی و دامەزراوەی نوهانۆڤیچ و ڕاگرایەتیی کۆلێژی یاسا و کارگێڕیی زانکۆی هەڵەبجە، پەخشی ڕاستەوخۆی دانیشتنی دادگایی کەیسی ناوبراوی گواستەوە بۆ خوێندکارانی کۆلێژی یاسا لە ڕێکەوتی ١٦ و ١٧ و ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤.
گرنگیی گواستنەوەی ڕووماڵی ئەم دادگاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بتوانن بە دیدگایەکی فراوانترەوە بڕواننە ئەو لێپێچینەوە دادوەرییانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرپێی دەخەن بەرانبەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان و سزادانی تاوانبارانی داعش و گێڕانەوەی دادپەروەری بۆ قوربانیان. ئەوەی شایەنی باسە، پڕۆسەی دادبینی و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە کەیسی (حەسنا . ئ) کە تۆمەتبارە بە کۆیلەکردنی دوو خانمی ئێزدی و ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە باڵەخانەی دادوەری شیپۆڵ بەڕێوە دەچێت. ناوەند بە هەماهەنگیی تۆڕی یاسای ئێزدی بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نوێ سەبارەت بە پێشکەوتنی کەیسەکە و فەراهەمکردنی زانیارییەکان بە زمانی کوردی.
ناوەند لەپاڵ ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەدا، لە پلانیدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە ئاشنا بکات بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و پێڤاژۆکانی دادبینی لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا، وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی توانستی زانستیی خوێندکاران و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لەناو دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا.