لە چوارچێوەی بەردەوامیی "پڕۆژە کۆکارییەک بۆ برەودان بە دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان" کە بە هاوکاریی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لە ڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA)ـوە جێبەجێ دەکرێت، ناوەند وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی بۆ ١٠ دادوەر لە ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتیی هەرێم ڕێکخست. لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، دادوەران ئاشنا کران بە کۆمەڵە باسێک لە لایەن د. ئانی پیوس و د. شیراز ئیبراهیمەوە تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و پرۆسەی دادبینی و پێداچوونەوە لە دادگاکەدا. ئەوەی شایەنی باسە، بەشداربووان لو ڕێگەی سەرنج و گفتوگۆکانیان لەسەر دادگاکە و ئەو کەیسانەی کە لەناو دادگاکانی کوردستان هەن و پەیوەندیدارن بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دەرفەتی زیاتریان بەخشی بە ڕاهێنەران کە زیاتر لە خستنەڕووی باسەکانیان قووڵ ببنەوە و زانیاریی نوێ ببەخشن بە بەشداربووان.
ڕۆژی دووەمی وۆرکشۆپەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای دژەجیاکاری کە لە لایەن د. ئاسۆس براخاسەوە ڕێبەریی گفتوگۆکانی دەکرا. سەرنجی بەشداربووان لەسەر پرۆژە یاساکە بایەخدار بوو بەو پێیەی کە ڕاستەوخۆ گرێیان دەدایەوە بە چۆنێتیی جێبەجێکردنی پرۆژەیاساکە لەناو دادگاکان لە داهاتوودا. کۆتا بابەتی وۆرکشۆپەکە لە لایەن دادوەر د. تەها عومەرەوە پێشکەش کرا و تایبەت بوو بە خستنە بەرباسی ڕێبەرنامەی دادگای دادپەروەرانە لەناو یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا. لە چوارچێوەی ئەم بابەتەشدا، هەر یەک لە دادوەر و داواکارانی گشتیی بەشداربوو بە گرنگییەوە ئاماژەیان بە بنەما گرنگەکانی فەراهەمکردنی دادگای دادپەروەرانە کرد. بە گێڕانەوەی ئەزموونی دادبینی و زیاتر ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادبینیی دادپەروەرانە لەناو دادگاکاندا کۆتایی بە دوو ڕۆژی وۆرکشۆپەکە هێنرا.