ناوەند وۆرکشۆپێکی یاسایی دوو ڕۆژەی بۆ پارێزەران لە پارێزگای سلێمانی ڕێکخست

لە درێژەی چالاکییە بەردەوامەکانی ناوەند بۆ پێشخستنی ئاستی توانستی پارێزەرانی لاو لەمەڕ پرسەکانی پەیوەست بە یاسای نێودەوڵەتی و ئاشنابوون بە سیما بنچینەییەکانی دادگای دادپەروەر و پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی یاسای دژە جیاکاری، لە ڕێکەوتی ٧ و ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە پارێزگای سلێمانی وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی بۆ ١٩ پارێزەر ئەنجام درا.لە دەستپێکی ڕۆژی یەکەمدا، پارێزەران ئاشنای تایبەتمەندییەکانی دادپەروەری تاوانکاری نێودەوڵەتی و لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بوون، بەتایبەت ئەو ڕێکارانەی کە لە هۆبەکانی دادبینیدا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەگیرێنە بەر. کۆی ئەم بابەتانە لەلایەن "د. ئانی پیوس"ەوە لە چوارچێوەی چەند وانەیەکی جیاوازدا پێشکەش کران. پاشان د. محەمەد ڕەشید بەشداربووانی ئاشنا کرد بە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هاوتەریب بە لێکدانەوەی گریمانەیی بۆ چەند کەیسێکی تایبەتمەند لەناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگا تایبەتمەندەکاندا.
لە دەستپێکی ڕۆژی دووەمدا، د. توانا عبدالرحمن پوختە باسێکی پێشکەش کرد لەسەر گرنگیی پرۆژەی یاسای دژە جیاکاری. لە چوارچێوەی باسەکەیدا، سەرجەم هۆیەکانی گرنگیی ئەم یاسایەی بۆ کۆمەڵگای کوردی شیمانە کرد و باسی لەوە کرد کە چۆن دەتوانرێت بە ڕەهەندێکی یاساییەوە بڕوانرێتە ئەو دیاردە جیاکارییانەی کە ڕۆژانە تاکەکان شایەتی رووبەڕوویان دەبنەوە. پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، د. سەرکەوت جەلیل گفتوگۆیەکی کراوەی سەرڕێخست لەگەڵ بەشداربوواندا بەمەبەستی زیاتر دەوڵەمەند کردنی پڕۆژە یاساکە و پێدانی دەرفەت بە بەشداربووان تاکوو بە گۆشەنیگای خۆیان ڕەخنەی یاسایی خۆیان بخەنەڕوو لەسەر یاساکە. ئەوەی شایەنی باسە، بەشداربووان پێشنیاری خۆیان بەو ئاراستەیە گەڵاڵە کرد بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە، کە گرنگە ئاسۆی سازاندنی گفتوگۆ و وەرگرتنی سەرنجەکان زیاتر فراوان بکرێت لەگەڵ یاساناسان. بە گرنگیشەوە ئاماژەیان بەم هەوڵەدا کە چیتر پرۆژە یاساکان قەتیس نابن بە تەنها لەلای ئەو پسپۆڕانەی کە پڕۆژە یاساکان دەنووسن، بەڵکو کردنەوەی دەرگای وتووێژی لەم جۆرە سیمایەکی دروستتر و بەبڕشتتر دەبەخشێتە پڕۆژە یاساکە لە ئەگەری پەسەند کردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.