لە بەرواری
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بەڕێز دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی فەخریی ناوەندی
کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی (KCIL)، لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی ئزادی ئەمستەردام،
وتارێکی پێشکەش کرد. دادوەر ڕزگار سەرۆکایەتیی دادگای باڵای ئێراقی کردووە لە
قۆناغی سەرەتایی دادگاییکردنی سەدام حسێن، وتارێکی سەبارەت بە پرۆگرامی تاوان
و ململانێ و تاوانناسی نێودەوڵەتیی بۆ خوێندکارانی ماستەر پێشکەش کرد. لە دانیشتنەکەدا،
زیاد لە ٣٥ خوێندکاری ماستەر و مامۆستایان ئامادەبوون. بابەتێکی بە وردی سەبارەت بە
پرسی دادپەروەری، بەرپرسیارێتی
و چوارچێوەی یاسایی ڕاگوزەرەوە پێشکەش کرد.
دواتر دادوەر ڕزگار، بابەتێکی
دەربارەی ئەزموونی خۆی لە پرۆسەی سەرپەرشتیکردنی یەکێک لە گرنگترین دادگاکانی مێژووی
هاوچەرخدا خستە ڕوو. لەگەڵ باسێکی ورد دەربارەی ئەو ئاستەنگە یاسایی و ڕێوشوێنانەی ڕووبەڕووی دادگای باڵای
ئێراقی بوونەتەوە. پاشان جەختی
لەسەر گرنگیی هاوسەنگیی سیستەمی یاسایی ناوخۆیی لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەکان کردەوە،
بە مەبەستی دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە پەڕاوە هەستیارە سیاسییەکاندا. هەروەها باسی
لە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی کرد لە دادگاکەدا، بەهۆی دەستێوەردان و فشاری دەرەکییەوە.
تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگیانەی دادوەران لە ئێراق ڕووبەڕووی دەبنەوە لە پاراستنی
سەربەخۆیی دادوەری لەنێو ئاژاوە سیاسییەکاندا. تێڕوانینەکانی دادوەر ڕزگار دەرخەری
ئەو ئاڵۆزییانەن کە لە دادگاییکردنی کەسایەتییە پلە باڵاکانی ڕژێمی بەعسدا هەبووە،
سەرەڕای گرنگیی ڕۆڵی دادگا لە پرۆسەی بونیاتنانەوەی ئێراق لە دوای ململانێکاندا.
بەشێکی زۆری
گفتوگۆکان، تیشکیان خستە سەر ئاستەنگییەکانی نێو سیستەمی دادوەری ئێراقی، بە تایبەتی
دادگاییکردنی ئەندامانی داعش. دادوەر ڕزگار ئاماژەی
بەوەدا لە ئێستادا سەرانی داعش بەپێی یاساکانی دژە تیرۆر دادگایی دەکرێن. جەختی لەوەش
کردەوە داعش هەرسێ تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدی ئەنجامداوە. بە
وتەی دادوەر ڕزگار، بە بەڵگەنامەییکردن و دادگاییکردنی ئەو تاوانانە لە چوارچێوەی یاسای
نێودەوڵەتیدا زۆر گرنگە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە و دانانی ڕێگەچارەیەک بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندەیی بەکۆمەڵ لە ئێراق و هەرێمی کوردستاندا.
دانیشتنەکە
بە پرسیار و وەلام کۆتایی هات، کە تێیدا خوێندکاران و مامۆستایان، لایەن جۆراوجۆرەکانی
سیستەمی دادوەری ئێراقییان خستە ڕوو، لەوانە: هاوبەشی لە نێوان یاسا نێوخۆ و
نێودەوڵەتییەکاندا. هەروەها دادوەر ڕزگار باسی لە کاریگەرییە فراوانەکانی دادپەروەری
ڕاگوزەر کرد لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و سەروەریی یاسادا.
ئامانج لە
سەردانەکەی دادوەر ڕزگار، پێشکەشکردنی وتارێکی ئەکادیمی بوو. هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری
و بونیاتنانی پردی تیۆری و پراکتیکی لە یاسای نێودەوڵەتیدا. ڕوانینەکانی سەبارەت بە
سەربەخۆیی دادوەری و ئاستەنگەکانی پاراستنی دادپەروەری لەنێو فشاری سیاسییدا خستە ڕوو.
وەک ئەندامێکی فەخریی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، ئەم بەشداریکردنەی دادوەر
ڕزگار، دەرخەری هەوڵەکانی ناوەندە بۆ
برەودان بە پەروەردە و دیالۆگ لەسەر یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ.