لە چوارچێوەی پرۆگرامی دەستپێشخەریی کۆمەڵگە، بە کۆششی پۆلێک
لە لاوانی کارای بەشداربوو لە پارێزگای هەڵەبجە، ڤیدۆیەکیان بەرهەمهێنا سەبارەت بە
چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کینەئامێز و یەکخستنی دەنگەکان بۆ پێکەوەژیانی
کۆمەڵایەتی. ئەم ڤیدۆیە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە فیگوورە دیارەکانی پارێزگاکە
ئامادە کرا، هەر لە تاکی پیشەگەرەوە هەتاکو کەسانی خاوەن بڕیار. ئەوەی شایانی
باسە، دارشتنی تەواوی سیناریۆ و پێڤاژۆکانی تۆمارکردنی ڤیدۆ لەلایەن لاوانی
بەشداربووی پرۆگرامەکەوە ئەنجام درا. پاش بەرهەمهێنانی، ڤیدۆکە لە تەواوی پەیجە
ناسراوەکانی شارەکە نمایش کرا. بەگوێرەی گوتەی بەشداربوانی پرۆگرامەکە، ڤیدۆکە لە
ڕوانگەی زۆربەی هاوڵاتیانەوە بە ئەرێنی پەسند کرا و هیوای بەردەوامیی کاری
هاوشێوەیان بۆ خوازرا. لەم پێوەندییەدا، پرسی بەربڵاوی توندئاژۆیی و گوتاری
کینەئامێز بابەتێکی کۆمەڵایەتیی هەستیارە کە کاریگەریی نەرێنیی بەردەوامی هەیە.
ناوەند لەم سۆنگەیەوە، هەوڵێکی لەم جۆرە بە دەستپێکێکی گرنگ دەزانێت بۆ
فراوانکردنی هۆشیاریی تاک لەمەڕ بەرپەرچدانەوەی ئەم دیاردەیە. هەروەها پاڵپشتی
گەنجان لە خۆئەرکدارکردنیان بۆ دەستپێشخەریی لەم چەشنە دەکات، کە پەیامی وازهێنان
لە کینە و تینی یەکگرتن کاکڵەی سەرەکیی ئەم هەوڵەیە.
پرۆگرامی پاڵپشتی بۆ دەستپێشخەریی کۆمەڵگە، یەکێک لەو هەنگاوە
گرنگانەیە کە ناوەند لە چوارچێوەی "پرۆژەیەکی کۆکار بۆ برەودان بە دادپەروەری
لە هەرێمی کوردستان"دا دەستی پێکردووە. ئەم پرۆژەیە بە هاوکاریی دارایی
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لە ڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (IFA)ـەوە جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی
پرۆگرامەکە پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی توانای بڕیاردانی گەنجانە، تاکو بتوانن لە
ڕوانگەی خۆیانەوە چارەسەر بۆ کێشە هەنووکەییەکانی ناوچە خۆجێیییەکانیان بدۆزنەوە.