لە ڕۆشنایی ئەو زەمینە سازێنراوەی کە ناوەند لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا پاوەجێی کردووە بۆ کاری هاوبەش لە پەروەردەکردنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا بە ئاراستەی زیاتر ئاشنابوون بە یاسای نێودەوڵەتی، ناوەند دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕەنگڕێژکرد بۆ پێشکەشکردنی چەند وانەیەک سەبارەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەر یەک لە زانکۆکانی سۆران و هەڵەبجە. دەستپێکی پێشکەشکردنی وانەکان سەرەتا لە زانکۆی هەڵەبجە ئەزموون کرا لە ٢٦-٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤. لە ڕۆژی یەکەمی پێشکەشکردنی وانەکاندا، کە پتر لە شەست خوێندکار ئامادەی بوون، ڕاگری کۆلێژی یاسا و کارگێڕی زانکۆی هەڵەبجە (د. ئاوارە حسێن) باسێکی پوختی پێشکەشکرد لەسەر تاوانی جەنگ و جینۆساید. ئەمەش هاوتەریب بوو بە گێڕانەوەیەکی وردی ئەزموونی ئەو دادگا نێودەوڵەتیانەی کە دامەزراون بۆ لێپێچینەوە لە تاوانبارانی جەنگ و جینۆساید کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەزموونی کردووە لە بۆتەی ئەو دونیابینیە یاساییەی کە یاساناسە نێودەوڵەتییەکان دایانڕشتووە. لە پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، پرۆفیسۆر (محمد ڕەشید) فێرخوازانی ئاشناکرد بە گرنگی بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا. وانەکانی ڕۆژی دووەم تەرخان کرا بۆ زیاتر ئاشنابوون بەو دەروازانەی کە خوێندکاران دەتوانن لە ڕێگەیانەوە زیاتر ئاشنای یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بن. خوێندکاران لەلایەن (د. توانا حسێن)ەوە ڕێنوێنی کران بۆ چۆنێتی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە بڕگەکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بە خستنەبەرباس و شیمانەکردنی چەند کەیسێکی تایبەتمەند کە توانراوە دادپەروەری تێیاندا بەدی بێت. پاشان، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە خاتوو (ژیلە کیانی)، شارەزا لە تۆڕی یاسای ئێزیدی، خوێندکارانی ئامادەبووی ئاشناکرد بە دواین پێشهاتە یاساییەکانی تایبەت بە پەڕاوی لێپێچینەوە لە تاوانبار و ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش (حوسنا ئـ.) لە دادگای تاوانەکانی هۆڵەندا. کۆتا وانەی ئەم ئەزموونەش تایبەت بوو بە باسکردنی بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەس لەلایەن (د. عیباد ڕۆحی)یەوە. ئەوەی شایەنی باسە، لە میانەی ئەم وانەیەدا خوێندکاران بە شێوەیەکی گشتگیر ئاشنای دواین تێڕوانین و گەنگەشە یاساییەکان بوون سەبارەت بە بەرپرسیارێتی تاوانکاری، چ لە ئاستی تاک بێت یاخود دەوڵەت، لەناو دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی و دادگا تایبەتەکاندا.
لە کۆتاییدا، ناوەند مەبەستدارە بەوەی کە خوێندکارانی کۆلێژی یاسا زیاتر ئاشنا بکات بە دواین پێشهاتەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بە تایبەت یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی. هەتاکوو ببێتە نەریتێکی پەروەردەیی هەرخۆیی لەناو خوێندکاراندا کە لە دەرەوەی پرۆگرام و وانەکانی خوێندن، خۆیان ئاشنا بکەن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕوانگەیەکی یاسایی لە ڕێگەیەوە بەدی بهێنن بۆ ئەنجامدانی نوێگەری و چاکسازی لەناو سیستەمی یاسایی و دادوەری نیشتیمانیدا.