ناوەند زنجیرە وانەیەکی یاسایی بۆ خوێندکارانی یاسا لە زانکۆی سۆران پێشکەش کرد

لە ڕۆشنایی ئەو زەمینە سازێنراوەی کە ناوەند لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا پاوەجێی کردووە بۆ کاری هاوبەش لە پەروەردەکردنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا بە ئاراستەی زیاتر ئاشنابوون بە یاسای نێودەوڵەتی، ناوەند دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕەنگڕێژکرد بۆ پێشکەشکردنی چەند وانەیەک سەبارەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەر یەک لە زانکۆکانی سۆران و هەڵەبجە. لە میانەی درێژەدان بەم دەستپێشخەرییە، لە ٤-٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە زانکۆی سۆران، خوێندکارانی قۆناغی چواری کۆلێژی یاسا لە چوارچێوەی ئەجێندایەکی دوو ڕۆژیدا ئاشناکران بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و ئەو بەرپرسیارێتییە یاساییانەی کە دەکەونە ئەستۆی دەوڵەتان لەناو یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا. لە سەرەتای ڕۆژی یەکەمدا، سەرۆکی ناوەند (هاوڕێ ئەحمەد) خوێندکارانی ئاشناکرد بە چییەتی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ، بە خستنەبەرباسی چەپکێک لە بابەتی یاسایی ئەو نەتەوە و ئیتنیکانەی کە تاوانی جەنگ و جینۆسایدیان دەرهەق کراوە. پاش ئەم وانەیە، مامۆستای زانکۆی سۆران و ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەرانی ناوەند (حەسەن حسێن) باسی لە بەرپرسیارێتی دەوڵەت کرد لە تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگدا وەک تەواوکەرێک بۆ وانەکەی پێش خۆی. لە کۆتا ڕۆژی پێشکەشکردنی وانەکان لە زانکۆی ناوبراو، پرۆفیسۆر (محمد ڕەشید) بە شێوەی ئۆنلاین وانەیەکی پێشکەشکرد لەسەر گرنگی بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان. دوا وانەش تایبەت بوو بە بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی و ڕەنگدانەوەی ئەم پرسە لە یاسا نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکاندا کە لەلایەن (د. عیباد ڕۆحی)یەوە پێشکەشکرا.

لە کۆتاییدا، ناوەند مەبەستدارە بەوەی کە خوێندکارانی کۆلێژی یاسا زیاتر ئاشنا بکات بە دواین پێشهاتەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بە تایبەت یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی. هەتاکوو ببێتە نەریتێکی پەروەردەیی هەرخۆیی  لەناو خوێندکاراندا کە لە دەرەوەی پرۆگرام و وانەکانی خوێندن، خۆیان ئاشنا بکەن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕوانگەیەکی یاسایی لە ڕێگەیەوە بەدی بهێنن بۆ ئەنجامدانی نوێگەری و چاکسازی لەناو سیستەمی یاسایی و دادوەری نیشتیمانیدا.