لە درێژەی ئەو کۆشمەندیانەی کە ناوەند
سەرڕێی خستوون بۆ ئاشناکردنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا لە زانکۆکانی کوردستان بە
بنەماکانی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ٧-٨ نیسانی ٢٠٢٥، لە
کۆلیژی یاسای زانکۆی گەرمیان زنجیرە وانەیەکی یاسای پێشکەشکرد بۆ ٤٠ خوێندکار لە
قۆناغەکانی چوار و پێنج دا. لەسەر پرسی جینۆساید و شیمانەکردنی ڕەهەندەکانی یاسای
تاوانی نێودەوڵەتی و جۆری تاوانە نێودەوڵەتیەکان. هەروەها، پێناساندن کرا بۆ پرۆژە
یاساکانی ناوەند لەوانە: یاسای دژە جیاکاری و گوتاری ڕەقاوی، بەرەنگاربوونەوە و
سزادانی تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، کورتەیەک
دەربارەی تاوانی جینۆساید لەلایەن سەرۆکی ناوەند (هاوڕێ ئەحمەد) پێشکەشکرا. لە
دوتوێی ئەم بابەتەدا تیشکۆی باسەکان لەسەر جۆری ئەو تاوانانە بوون کە بە جینۆساید
پێناسەکراون لەناو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا. هاوتەریب بە چەپکە باسێک
دەربارەی ئەو نەتەوانەی کە جینۆسایدیان دەرهەق ئەنجام دراوە. پاشان، د.ئاوارە
حسێن، ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی هەڵەبجە، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەرانی
ناوەند، بابەتێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی. بەمەبەستی
فراوانکردنی کرۆکی ئەم باسە، (د.ئاوارە حسێن) باسی لە ئەزموون و میراتی یاسایی
دادگاکانی ڕواندا، یوگۆسلافیا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد بۆ خوێندکارانی
بەشداربوو لە چۆنێتی لێپێچینەوە و دادبینی تاوانبارانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
سەربار، ڕۆژی دووەمی وانەکان تایبەت
کرا بە ناساندنی ڕەشنوسی ئەو پرۆژە یاسایانەی کە ناوەند ئامادەی کردوون بۆ
پەرلەمانی کوردستان، هەتاکو خوێندکاران ئاشنای پێڤاژۆکانی پرۆسەی یاساسازی و
ڕیشەناسی گرفتە یاسایەکانی ڕۆژەڤی کۆمەڵ بن. لەم دیدگایەشەوە، د.ئاسۆس براخاس،
مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەرانی ناوەند، خوێندکارانی ئاشناکرد بە
پرۆژە یاسای دژە-جیاکاری و زەرورەتی ئەم پرۆژە یاسایە کرد لە سنوربەندی ئەو
دیاردانەی کە ڕوو لە زیادبوون بە هۆکاری پرسی جیاکاری و زاڵبوونی وتاری کینەئامێز.
پاشان، د.توانا عەبدولرحمان، مامۆستای زانکۆ، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەرانی
ناوەند، خوێندکارانی ئاشناکرد بە پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوە و سزادانی تاوانە
نێودەوڵەتیەکان. ئەوەی شایەنی باسە، بەڕێزیان لە سەرەتادا باسێکی هەمەلایەنی
خستەڕوو لەسەر ئاریشەی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە چوارچێوەی یاسا
نێوخۆیەکاندا. هەروەها ئەو فاکتەرانەی باسکرد کە پاڵنەربوون لە ئامادەکردنی ئەم
پرۆژە یاسایەدا کە بۆشاییەکی گرنگی یاسای پڕدەکاتەوە بۆ یاسای ناوخۆی لە
لێپێچینەوەی تاوانە نێودەوڵەتیەکان کە هاوئاوازە لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە سەردەمیانەی
کە ئیمڕۆ هەیە لەناو یاسای نێودەوڵەتی لە لێپچینەوەی تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا.
هاوتەریب بە دریژەی باسەکەی، تەواوی مادە یاساییەکانی هەردوو پرۆژە یاسای ناوبراو
بۆ خوێندکاران خرانە بەرباس و شیکاری. لەبەرامبەریشدا، بەشێک لە خوێندکارەکان
سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان خستەڕوو لەسەر پرۆژە یاساکان و تۆمارکران لەلایەن تیمی
پرۆژەوە بەمەبەستی زیاتر دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکان.
لە کۆتایشدا ئەوەی شایەنی باسە، ناوەند
خۆی ئەرکدارکردوە بە نەریتشکێنی ئەو کۆششانەی کە پێشتر دراون لە پێشکەشکردنی پرۆژە
یاسا بە پەرلەمانی کوردستان کە زیاتر فۆرمێکی تاک لایەنی یاخود یەک ئاراستەی
نواندوە. ئەمەش بە فەراهەمکردنی دەرفەتی زیاتر لەناو خێزانی دادوەریدا کە
خوێندکارانی کۆلیژی یاسا بەشێکن لێی. بۆ شەن و کەوکردنی پرۆژە یاساکان و
دەوڵەمەندکردنیان بە لێکدانەوە و خستنەرووی سەرنج و پیشنیار بەر لەوەی ئاراستەی
پەرلەمانی کوردستان بکرێت، هەتاکو ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکان لە ئەگەری دەرچواندنیان
وەک یاسایەکی بەرکار ڕەنگدانەوەی ئەو پێڤاژۆ دادوەریانە بێت کە ڕەچاودەکرێت لەناو
دادگاکاندا. دواجار ئەمەش کاریگەری دەبێت لە بەهێزبوونی ڕۆلی یاسا لە ڕیشەکێشکردنی
ئەو قەیرانەکانی ڕۆژەڤ و ئەنجامدانی نوێگەری و چاکسازی لەناو سیستەمی یاسایی و
دادوەری نیشتیمانیدا.