لە
بەردەوامی ئەو ڕێچکەیەی کە ناوەند گرتوویەتیە بەر بۆ ئاشناکردنی خێزانی دادوەری
کوردی بە ڕەهەندەکانی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامادەبوونی
ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی ئەکادیمی، یاسا و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی
مەدەنی، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٥/١٦ سیمینارێکی کراوەی بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوەی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هەڵەبجە و ڕێکخراوی ئازادبوون سازاند بە ناونیشانی
"ڕامانێک لە ڕابردوو و ئاسۆیەک بۆ ئایندە، زەمینەسازی ڕێگرتن لە تاوانە
نێودەوڵەتییەکان".
پاش
خوێندنەوەی وتاری ناوەند، د.شیراز ئیبراهیم کە ڕێکخەری تەوەری باسەکان بوو، پاش
خستنەڕووی هەڵە گشتییەکانی سیمینار و ناساندنی ڕاهێنەران، کورتە باسێکی خستەڕوو
لەسەر گرنگی هاوتەریب بوون لەگەڵ ئەو بیرکردنەوانەی کە ئیمڕۆ هەن لەناو ناوەندە
یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا. هەوڵی سازاندنی سیمینارەکەشی بەو کۆششە نێودەوڵەتیانە
چواند کە دەدرێن لەلایەن خێزانە یاساییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ تان و
پۆکردنی لایەنە یاساییەکانی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بەدیهێنانی
پرسی دادپەروەری ڕاگوزەر بۆ قوربانیان. لە دەستپێکی باسەکاندا، د. گورگن بیترسن،
سەرۆکی گروپی توێژینەوەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی FAU، باسێکی پوختی دەربارەی ململانێکانی
ناگارنۆ-کاراباخ و لێکەوتە یاساییەکانی پێشکەشکرد. پاشان، د.محمد عەلێوا بەدر،
بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی ماستەر لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی
نوورسەمبریا، لە دیدگای یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە ڕاڤەی نیازمەندی جینۆسایدی
کرد لە کەیسی گامبیا دژی میانمار لە دادگای نێودەوڵەتی داد. لە دوای پشوویەکی
کورت، د.سەنار تەها دەروێش، ڕاوێژکاری یاسایی لە لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ICRC، ڕاڤەی سیاسەتی ڕاپێچکردن و جینۆسایدی کوردە
فەیلییەکانی کرد لەلایەن ڕژێمی بەعس. ئەوەی شایەنی باسە، لە پەراوێزی باس و
خواسەکاندا، بەشداربووان سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو لەسەر تەوەری
باسەکان. لە کۆتاییدا هەموان کۆکبوون لەسەر گرنگی هەڵێنجانی دونیابینییەکی یاسایی
سەردەمیانە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بونیادنانی یادەوەری
بونیادنەر بەرامبەر تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی دژبەمرۆڤایەتی، نەوەک
خۆبەقوربانی بینین و ڕوانینێکی خودنەفرەتیانە بۆ تەواوی ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی
کە دەرهەق بە نەتەوەی کورد کراون لە ڕابردوودا، هەتاکو ڕێگری لە دووبارە
ئەنجامدانیان بگیرێت لە ئایندەدا.