ناوەند خولێکی ڕاهێنان بۆ پارێزەران سەبارەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان سازدەدات لە پارێزگای هەولێر:

لە ڕوانگەی ئەو هەوڵانەی کە ناوەند بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسا و زەمینەسازی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەیدات. لە چوارچێوەی "پرۆژەیەکی کۆکار بۆ برەودان بە دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان". خولێکی ڕاهێنانی دوو ڕۆژی لە ڕێکەوتی ١١-١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پارێزەران بۆ ٢٢ پارێزەری کارای پارێزگای هەولێر سازدا. لە چوارچێوەی تەوەرەکانی یەکەم ڕۆژدا، گفتوگۆ دەربارەی قۆناغی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسیارێتی تاوانی تاکەکەسی کرا. هەروەها، پرسەکانی پەیوەست بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و ڕێکارەکانی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ خرانە بەرباس لە لایەن ڕاهێنەران: د.شیراز ئیبراهیم، گابریلا ڕادو، د.گورگن پیترسۆن، د.محمد عەلیوە بەدر. هەروەها، لە دەستپێکی دووەم ڕۆژیشدا، پوختەباسێک سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی یاسایی عێراقیدا پێشکەشکرا لەلایەن د.محمد عەلیوە. پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژی. پارێزەرانی بەشداربوو ئاشناکران بە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژبەمرۆڤایەتی لە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی و دادگا تایبەتمەند و نێودەوڵەتییەکاندا. دوا بابەتیش لەم خولەدا لەلایەن د. سەنار تەها پێشکەش کرا بە ناونیشانی چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لەناو یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا.