لە درێژەی کاروچالاکییەکانی
ناوەند بۆ پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی "پرۆژەیەکی کۆکار بۆ برەودان بە
دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان"، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی
پەرلەمانی کوردستان خولێکی دوو ڕۆژەی سازاند لە ڕێکەوتی ٧-٨ ئایاری ٢٠٢٥، بۆ
پەرلەمانتارانی یاسایی و ڕاوێژکارانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە پارێزگای هەولێر.
ئەوەی شایەنی باسە ئەم خولە یەکەمین خولی ئاشناکردنە کە بۆ پەرلەمانتاران لەمەڕ
پرسەکانی یاساسازی و چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. دەستپێکی
خولەکە بە ناساندنێکی گشتگیری ناوەند و ئەرک و چالاکییەکانی لەماوەی ساڵانی
ڕابردوو بۆ پەرلەمان دەستی پێکرد. پاشان، هەر یەکە لە بەڕێزان: د.ئاسۆس براخاس و
د.توانا عەبدولرەحمان، ئەندامانی بۆردی جێبەجێکاری ناوەند، ناساندنیان کرد بۆ
پرۆژە یاسای دژە-جیاکاری و گوتاری ڕەقاوی کە ناوەند نیازمەندە لەڕێگەی هەوڵێکی
هاوبەش لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ پێشکەشی پەرلەمانی بکات. هەروەها لە
چوارچێوەی باس و خواسەکان دەربارەی پرۆژە یاساکە، ڕێکارەکانی دەرچواندنی وەک پرۆژە
یاسا و زەرورەتی هەنووکەیی پرۆژە یاساکە بۆ کۆمەڵی کوردەواری شیمانەکرا. هاوتەریب
بە گفتوگۆ دەربارەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوە و سزادانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان
لە هەرێمی کوردستاندا کە لەلایەن بەڕێز: پرۆفیسۆر د.محمد ڕەشید، ئەندامی بۆردی
جێبەجێکاری ناوەند پێشکەشکرا و تان و پۆی گرنگییەکانی ئەم پرۆژە یاسایە کرا. پاش
نیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش، بەشداربووان ئاشناکران بە گفتوگۆیەک کە د.سەنار تەها،
ئاراستەی دەکرد دەربارەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوە و سزادانی تاوانە
نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا. لە دەستپێکی دووەم ڕۆژی خولەکەدا، د.محمد عەلیوە
بەدر، سەرنجی بەشداربوانی ڕاکێشا بۆ میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و
لێکۆڵینەوەکانی تیمی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی
داعش و هاوکاریکردنی عێراق، ناسراو بە یونیتاد. پاش پشوویەکی کورت، د. گورگن
پیترۆسیان پوختە باسێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر بۆ
لێپێچینەوە لە داعش لە دەوڵەتی سێیەم، هاوتەریب بە باسێک کە لەلایەن خاتوو گابرێلا
ڕادوو پێشکەشکرا لەسەر ئەزموونی دامەزراوە دادوەرییەکانی ئۆکرانیا بۆ لێکۆڵینەوە و
دادگاییکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان. کۆتا بابەتی خولەکەش تایبەت بوو بە گفتوگۆ
دەربارەی ڕێبەری یاساسازی لە هەرێمی کوردستاندا، لەلایەن ئامادەکارانی ڕێبەرنامەکە
بەڕێزان: د.هێڤی حسێن، د.حەسەن حسێن و پرۆفیسۆر محمد ڕەشید. تەواوی ڕێکارەکانی
ئامادەکردنی ڕێبەرنامەکە و ئامرازەکانی بەکارهێنانی لەلایەن ڕاهێنەران
خرایەبەرباس.