ناوەند وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی سازدا لەسەر چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ پۆلێک لە دادوەران و داواکارانی گشتی لە پارێزگای هەولێر:

بەمەبەستی زیاتر ئاشناکردنی ئەنجومەنی دادوەری و داواکارانی گشتی هەرێمی کوردستان بە ڕەهەندەکانی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان، لە چوارچێوەی "پرۆژەیەکی کۆکار بۆ برەودان بە دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان"، لە ڕێکەوتی ٩-١٠ ئایاری ٢٠٢٥، ناوەند وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی سازدا بۆ پۆلێک لە دادوەر و داواکارانی گشتی لە پارێزگای هەولێر. لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژدا، پرۆفیسۆر د. محمد ڕەشید بەشداربووانی ئاشنا کرد بە "ڕێبەری ناوەند تایبەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی" و قۆناغەکانی دادبینی لەناو دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا. دوابەدوای ئەم باسە، خاتوو گابرێلا ڕادوو بابەتێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە ڕەهەندە سەردەمییەکانی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. کۆتا وانەی ڕۆژی یەکەمیش تایبەت بوو بە بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی و تاوانکاری هاوبەشەکان (JCE)، لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا (د. گورگن پیترۆسیان) بە هێنانە بەر باسی چەند نموونەیەکی مێژوویی و یاسایی، تەواوی پێڤاژۆکانی دادبینی لە دادگای تایبەتی یۆگۆسلاڤیا و دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕوونکردەوە بۆ دادوەرانی بەشداربوو لە مەڕ چۆنێتی دادبینی لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەس. دەستپێکی تەوەرەکانی ڕۆژی دووەم، د. محمد عەلیوە بەدر باسێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی یاسایی عێراقیدا. دواتر، د. سەنار تەها، سەرنجی بەشداربوانی ڕاکێشا بۆ چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ڕوانینێکی وردبینانە لە چەسپاندنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لە دادبینی کەیسەکانی پەیوەست بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی. دوای پشووی نیوەڕۆ، هاوڕێ ئەحمەد، سەرۆکی ناوەند، بابەتێکی پێشکەشکرد لەسەر ڕۆڵی دادوەرەکان لە پێناسەکردنی تاوانی جینۆساید. کۆتا بابەتیش لەلایەن (د. گورگن پیترۆسیان) پێشکەشکرا بە ناونیشانی لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی. لە سەرەنجامدا دادوەرانی بەشداربوو لە میانەی پەراوێزی باسەکاندا ئاماژەیان بەوەدا کە توانیویانە پێکەوە هەڵێنجانی نوێ بەدی بهێنن لەمەڕ پرسەکانی چۆنێتی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و سەرڕێ خستنی دیدگا و نەریتی دادبینی نوێ لەم ڕووەوە لەناو دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا.