سەرەتا ئینفۆگرافیک

نوێترینەکان

پاکبوونەوە: بنەمای هاوبەشی ئایینەکان

لەناو بەشێکی زۆری ئایینەکانی کوردستاندا- ئیسلام، مەسیحییەت، مەندائی، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائی و یەزیدی، پاکبوونەوە، تەنیا کردەیەکی ڕۆژانەیی و نەریتیی ئاسایی نییە کە باوەڕداران خوویان پێوە گرتبێت، بەڵکە ڕیشەیەکی ئاکاری و ڕۆحیی ئێجگار گرنگی هەیە و بیرهێنانەوەیەکە تاکوو باوەڕداران بەردەوام بگەڕێنەوە سەر ڕێی ئاشتەوایی و دادپەروەریی و خۆیان لە هەر جۆرە بیرۆکەیەکی خراپ و کینەئامێز پاک بکەنەوە.

لە ئیسلامدا، موسڵمانان پێش نوێژ، دەستنوێژ هەڵدەگرن، تێیدا نەک تەنیا جەستە، بەڵکە ڕۆحیشیان پاک دەکەنەوە. دەستنوێژهەڵگرتن، بیرهێنانەوەیەکە تاکوو موسڵمانان، گوێ و زمان و بیرییان بە پاکی و دوور لە هەر کارێکی خراپ ڕابگرن.

لە مەسیحییەتدا، ڕێوڕەسمی تەوفن هەیە کە ئاماژەیە بە لێبوردەیی و لەدایکبوونەوە و پاکبوونەوە لە تاوان، پابەندبوون بە خۆشەویستی، خاکەڕایی و خزمەتی ئەوانی تر و هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە ژیان.

لای مەندائییەکان ئاو پیرۆزە، هەفتانە لە ڕێوەڕەسمێکدا کە پێی دەوترێت (مەسبوتا) باوەڕداران دەچنە ناو ئاوێکی بەخوڕ و پەیوەندیی خۆیان بە ڕووناکی، حەقیقەت و ئاشتەواییەوە نوێ دەکەنەوە.

لە ئایینی یارسانیدا، پاکبوونەوە بابەتێکی جەوهەری و ئاکارییە. ئایینەکە ڕێنوێنی باوەڕدارانی دەکات کە دڵیان لە ڕق، ئیرەیی و درۆ پاک بکەنەوە.

زەردەشتییەکان لەڕێی سرووتی ئاو و ئاگرەوە، پاکبوونەوە دەبەستنەوە بە بەرەنگاریکردنی پشێوی و ئاژاوەوە، جەخت لە بیری چاک، کردەوەی چاک و قسەی چاک دەکەنەوە و بڕوایان وایە لەڕێی ئەم سێ پێکهاتەیەوە، باوەڕداران دەتوانن هاوسەنگی بگەڕێننەوە.

لە ئایینی بەهائیدا، پاکبوونەوە پەیوەستە بە دەستبەرداربوونی مرۆڤ لە خۆپەرستی و ماددەگەراییەوە، تەرخانکرکردنی دڵ و دەروونە بۆ یەکگرتوویی و دادپەروەری.

هەرچی یەزیدییەکانن، پاکبوونەوە لە زۆربەی بۆنە و سرووتە ئایینییەکانیاندا هەیە و لەڕێیەوە، پەیمان و بەڵێنی خۆیان لەگەڵ مەلەک تاوس نوێ دەکەنەوە و دڵنیا دەبنەوە لەوەی کە دڵیان، خاڵییە لە هەر ڕق و ناڕاستی و خراپەیەک.