سەرەتا چالاکییەکان

نوێترینەکان

ناوەند سێیەمین کۆنفرانسى ساڵانەى خۆى لە پارێزگای هەولێر سازدا

ڕۆژی شەمە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە پارێزگای هەولێر، ناوەند لەژێر درووشمی " دادپەروەریی تاوانى نێودەوڵەتی  لە کوردستان – پتەوكردن و جێبەجێكردنی" سێیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی سازدا. بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتیی و دادوەر و داواکارى گشتیی و ئەكادیمی و چالاكوانانی کۆمەڵی مەدەنی و نوێنەری وەزارەتی پێشەمەرگە و وەزارەتى شەهیدان و پەرلەمانی کوردستان. لە دەستپێکی کۆنفرانسدا ناوەند، تیشکی خستە سەر چنینەوەی خەرمانی کارکردنی ناوەند لە ماوەی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ دا، لە چوارچێوەی پرۆژە کۆکارییەک بۆ برەودان بە دادپەروەری" کە لەلایەن وزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵ، لەڕێگەی (IFA)  پاڵپشتیی دارایی کراوە. ئاماژەی بەوەدا: درێژەدان بەو کۆکارییەی کە ناوەند لەگەڵ هاوبەشەکانی سەرڕێی خستووە بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، گرنگە ببێتە دەستپیکی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەناو دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان کە هاوئاهەنگبێت لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و دادبینی دادپەروەرانە. بۆ ئەم مەبەستەش ناوەند خۆی ئەرکدار دەکات بە پاڵپشتی کردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە ‌‌‌هێنانەدی ڕیفۆرم لەناو میکانیزمی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی نیشتیمانییدا. 
پانێلی یەکەمی کۆنفرانس، تایبەت بوو بە گەنگەشەکردنی پرسەکانی پەیوەست بە دادپەروەریی تاوانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن د.شیراز ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ناوەند بەڕێوە برا. لە میانەی ئەم پانێلەدا، هەریەک لە بەڕێزان: د.محمد ڕەشید، د.ئانی پیوس، د. محمد جەنابی و د.بڕیار بابان سەرنجەکانی خۆیان خستە ڕوو لەسەر پاشخانی سیستەمی دادوەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەیسی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و چۆنێتی بەکارهێنانی بەڵگە لەناو دادگاکاندا. هەروەتر، تیشک خرایە سەر پابەندبوونەکانی عێراق لە چۆنێتیی ناساندنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەناو یاسا کارپێکراوە ناوخۆییەکاندا. هاوتەریب بە باسکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە ڕەچاو بکرێن لە میانەی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پاراستنی مافی قوربانی لەناو دادگاکاندا. بەتایبەت پاش بە کۆتاهاتنی ئەرکی یونیتاد و یۆنامی لە ئێراقدا لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵانگاری و بارودۆخە یاساییانەی کە دێنەپێش.
پانێڵی دووەمی کۆنفرانس، کە لە لەیەن (د.هێڤی حسێن)، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ناوەند بەڕێوە برا. تایبەت بوو بەسکردن لە دوایین ئاڵانگارییەکانی دادگای نێودەوڵەتی و دادگا ناوخۆییەکان لە چۆنێتیی لێپیچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. لە دەستپێکی ئەم پانێڵەدا، (د.سایمۆن مینکس)، بابەتێکی تێروتەسەلی پێشکەش کرد لەسەر بونیادی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و ئەرکی داواکاری گشتی و لایەنە دادوەرییەکان لە دادگاکانی هۆڵندا بۆ لێپیچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. پاشان باسی ئەزموونی خۆی کرد وەک داواکاری گشتی لە کەیسی فرانس ڤان ئانرات، کە دابینکەری سەرەکیی ماددەی کیمیایی بووە بۆ  ڕژێمی پێشووی ئێراق. پاشان، دادوەر جوانە کۆرنەر، دادوەری بە ئەزموون لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگای شاهانەی وێڵز لە ئینگلتەرا، بابەتێکی پێشکەش کرد لەسەر دوایین ئاڵانگارییەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. ئەوەی شایەنی باسە، هەر یەک لە بەڕێزان: (شاکر محمد میرانی)، ئەفسەری یاسایی لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەی هەرێمی کوردستان. ستراتیژی کاکردنی دەستەکەی خستە بەرباس هاوتەربیب بە ئاڵانگاریی و ئەو کۆششانەی کە ئەنجامیان داوە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان بۆ هێنانەدی دادپەروەری تاوانکاری نێودەوڵەتی لەناو دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا.  لەکۆتایی پانێڵەکەشدا، (د.لوما فازیل)، لێکۆڵەری دادوەری و بەرپرسی بەشی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە سەنتەری نیشتیمانی بۆ هاوکاری دادوەری نێودەوڵەتی. ئەرک و ئامانجەکانی سەنتەری نیشتیمانی باسکرد و جەختی کردەوە لە پەرەپێدان بە هەماهەنگییەکان لە ئاستی نیشتیمانییدا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و پەرەپێدان بە ئامرازەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی پەیوەست بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەناو دادگاکانی ئێراق و هەرێمی کوردستاندا.
دوابەدوای هەردوو پانێڵی ناوبراو، دەرفەت درا بە بەشداربوانی کۆنفراس بە خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانیان. پاش گفتوگۆیەکی هەمەلایەن لەنێوان بەشداربووان و پانێلیستەکان، تەواوی سەرنج و ڕاسپاردەکان لەلایەن تیمی ناوەندەوە یادداشت کران.کە دواتر ناوەند لەچوارچێوەی ڕاسپاردەنامەیەکی تایبەت بە کۆنفرانسەوە، نیازمەندە هاوبەشی پێ بکات لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا لە خستەنەسەرپێی و بەرەو ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری کایەی دادپەروەری و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەریی تاوانکاری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا.