سەرەتافەرهەنگ

جینۆساید

Genocide

جینۆساید بە ماناى وێرانکردنى نەتەوەیەک یان نەژادێک دێت، وشەکە لە لێکدراوى وشەى (Genos)ى گریک کە بە ماناى (رەچەڵەک یان تیرە)و وشەى (Cide)ى لاتینی کە بە ماناى (کوشتن) دێت، بەرهەمهاتووە. گەلێک هاوچەشنى و هاوشێوەى ئەم جۆرە وشەیە هەیە، بۆ نموونە؛ Tyranicide (زۆردارکوژى)، Homicide (مرۆڤکوژى)، Infanticide (ساواکوژى)و هتد. ئەم چەمکە بۆ یەکەمجار لە لایەن رەفایل لیمکین بە ڕەچەڵەک جوولەکە لە ساڵى ١٩٤٤ داهێنرا، جینۆساید لەو کاتەوە بووەتە بەشێکى گرنگى یاساى تاوانى نێودەوڵەتى، هەوڵەکانى لیمکین وەهاى کرد هەر لە یەکەم ساڵى دامەزراندنى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەو ڕێکخراوە کار بۆ بە تاوانناساندنى جینۆساید بکات و لە ماوەى کەمتر لە سێ ساڵ لە دواى دامەزراندنى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ساڵى ١٩٤٨ پەیماننامەیەک بۆ قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەربکرێت بە ناوى "پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید" کە یەکێکە لە پەیماننامە سەرەتاییەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و لە ساڵى ١٩٥٢ەوە چووەتە بوارى کارپێکردنەوە.