سەرەتافەرهەنگ

پاکتاوى ڕەچەڵەکی

Ethnic Cleansing

لە زمانى کوردیدا زۆرجار ئەم چەمکە بە پاکتاوى ڕەگەزى، پاکتاوى نەژادى یان پاکتاوى نەتەوەیی ناویهێنراوە، بەڵام درووسترین چەمک پاکتاوى ڕەچەڵەکییە، چونکە ڕەچەڵەک دەکرێت بە مانای ڕەگەز و نەژاد بێت و دەکرێت بازنەیەکى بچووکتریش بێت لە ڕەگەز و نەژاد، هەروەها زۆرجاریش ئەم چەمکانەش لە برى وشەى جینۆساید بەکاردەهێنێرێت، کە نەک دروست نییە، بەڵکو زۆریش پێچەوانەى مانا و ناوەڕۆکى جینۆسایدە.

ئەم جۆرەى تاوان هەتا ئێستا؛ نە پەیماننامەیەکى لەسەرە، نە پێناسەیەکى جێگیر و تایبەت بە خۆى هەیە. زۆرجار وەک گوزارەیەکى سیاسى بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە ناو گۆڕەپانى یاسای نێودەوڵەتیشدا گفتووگۆى لەسەرکراوە و زیاتر بە ماناى ڕاگواستنى بە کۆمەڵى ڕەچەڵەکێک دێت، دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە دادبینى نێوان بۆسنا و هەرسک بەرانبەر سڕبیا و مۆنینیگرۆ تایبەت بە پەیماننامەى جینۆساید، پێناسى پاکتاوى ڕەچەڵەکى کردووە بە:
"ڕاگواستنى خەڵکانێکى چوونیەک لە ناوچەیەکى جوگرافى دیاریکراودا، لە رێگەى ترساندن و بەکارهێنانى هێزەوە."