ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی ناوەندێکی ناحکومی، ناسیاسیی، ناحیزبى سەربەخۆی قازانج نەویستە. تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و
بنکۆڵکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان لە هەمبەر مافی پێکهاتەکانی کوردستان و دۆزی
کوردستان، هەروەها پاراستن و پێشخستن و چەسپاندنی بنەما گشتییەکانی مافەکانی مرۆڤ
و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە کوردستان..
ئەم ناوەند بە دیدێکی مرۆییەوە
لە ڕەوت و پرسەکانی یاسای نێودەوڵەتی دەڕوانێت و دەزانێت پەیوەندییەکی پتەو و
حاشاهەڵنەگر لە نێوان بەشێک لە کێشەکانی خەڵکی کوردستان و یاسای نێودەوڵەتیدا
هەیە. دەشزانێت ئاست و ڕێژەی پەیوەندییەکە ئاڵۆز و تێکئاڵاوە.
لە سێ گرنگترین ڕێکەوتنامەى سەدەی بیستەم (سایکس-پیکۆ، سیڤەر، لۆزان)دا سەرباری پێدانی مافی دەنگدان و
هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەوەی دووەمیاندا بە بەشێک لە ناوچە
کوردنشینەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ویلایەتی موسڵی سەردەمی ئیمپراتۆریای عوسمانی،
لەوەی یەکەم و سێیەمیاندا ڕێککەوتنی زلهێزەکانی ئەوکات لە نێوان خۆیاندا و دواتریش
لەگەڵ دەوڵەتی تورکیای میراتگری ئیمپراتۆریای عوسمانیدا بە شێوەیەکی تر و دوور لە
خواستەکانی کورد، کورد کرایەوە بە پاشکۆ و ستاتۆسی کوردستان بەم شێوەیەی ئێستای کە
بەسەر چەندان دەوڵەتدا دابەش کراوە، چەسپێنرا.
لە مێژووی هاوچەرخدا بنەما
گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و یاسای تاوانی
نێودەوڵەتیی لە زۆر شوێنکاتی جیاوازدا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان پێشێل کراون. لە
جینۆساید و شاڵاوی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، هەتا زەبروزەنگ و
لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتیبوون و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژیان،
سڕینەوەی کەلتووری و قەدەغەکردنی زمان و بۆنە نەتەوەییەکان، بێبەشکردن لە ماف و
ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان، ماف و ئازادییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و
کەلتوورییەکان، بۆردومانکردن، سەرهەڵدان و پەلاماری داعش، جینۆسایدی ئێزدییەکان و
تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی بەرامبەر کەمینەکانی تر. ئەمانە و چەندان
هۆکاری تر، وەک پێویستییەکانی چەسپاندنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی
دەربڕین، بەشداریی سیاسی، مافی ژنان و منداڵان و ئازادییەکانی تر لە ناوخۆی
کۆمەڵگەدا، خوازیاری دامەزراندنی ناوەندێکی ئەکادیمیی کوردی-ئەڵمانیی لەم جۆرە
بوون بۆ یاسای نێودەوڵەتی.