ئازادیی ئایین و باوەڕ، بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە کۆی ماف و ئازادییەکانی تری مرۆڤ. مافەکانی مرۆڤ، وەک ئەوەی لە جاڕنامە و پەیماننامەکاندا جەختی لێ کراوەتەوە، تەواوکەر و دانەبڕاون لە یەکتر. مافەکانی تریش بەبێ ئازادیی باوەڕ، کورت دەهێنن.
لە دەستووری عێراقدا، بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی یاسادانان و وەک ئامرازێکی هەڵسەنگێنەری شەرعییەتی یاساکان، دەستنیشان کراون. سەرباری ئەوەش، دەستوورەکە دانی بە ماف و ئازادیی پێڕەوانی ئایینەکانی تریشدا ناوە و ئازادیی ئایین و پێڕەوکردنی سرووتەکانی، پێ بەخشیون. بەڵام لە واقیعدا و زیاتریش دوای ٢٠٠٣ ڕێژەیەکی زیاتری جیاکاری دژی پێڕەوانی ئاینەکانی تر، بەدی دەکرێت.
دیارترین ئەو گرووپە ئاینییانەی لە عێراقدا ڕوبەڕووی جیاکاری و توندوتیژی بوونەتەوە، مەزەبی سوننە، یەهودییەت، مەسیحییەت و ئێزدیین. ژمارەی مەسیحییەکان پاش ٢٠٠٣ و بەراورد بە پێش ٢٠٠٣، نزیکەی دە هێندە کەمی کردووە. هۆکارەکەش ڕفاندنی بەردەوام و گێچەڵپێکرتن و توندوتیژیی زارەکی و جەستەییە دژیان. ئێزدییەکان بەهۆی پەلاماری داعشەوە زیاتر لە ١٧٠،٠٠٠ کەسیان تا ئێستە ئاوارەن و نزیکەی ٣٠٠٠ کەسیشیان ڕفێنراو و بێسەروشوێنن.
لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا، پەرلەمانی عێراقی یاسای (قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا) دەرکرد. بەپێی یاساکە، تەنانەت گەشتکردنیش بۆ ئیسرائیل، تاوانە و سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی یان کاتییە. جگە لەوە، گرێدانی هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی، ئابووری، سیاسی، ئەمنی، کولتووری و هتد لەگەڵ ئیسرائیل، سزاکەی لەسێدارەدانە. ئەوەش پێش هەر شتێک، دابڕینی جوولەکەکانی عێراقە لە هەر جۆرە پەیوەندی و هاوسۆزییەک لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، وەکچۆن پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەشە کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن. هەروەها تا ئێستە ئایینەکانی کاکەیی، بەهایی و زەردەشتی، لە عێراقدا ددانیان پێدا نەنراوە. بەپێی یاساکانی باری و مەدەنی و باری کەسییش، تەنیا غەیرە موسوڵمان بۆی هەیە ئایینی خۆی بگۆڕێت؛ ژنی موسوڵمان تەنیا بۆی هەیە شوو بە پیاوی موسوڵمان بکات؛ ئەو منداڵانەی دەدۆزرێنەوە و دایبابیان نادیارە، خۆبەخۆ وەک موسوڵمان تۆمار دەکرێن.
بەپێى ماددە ١٨ـى جاڕنامە گەردوونى مافەکانى مرۆڤ و هەمان ماددەى پەیماننامەى نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان، ئازادى ئایین و باوەڕ بریتییە لە:
یەکەم: ئازادى لە بوونى ئایینێک یان نەبوونى هیچ ئایینێک.
دووەم: ئازادى لە پەیڕەوکردنى هەر ئایینێک، یان پەیڕەونەکردنى هیچ ئایینێک.
سێیەم: ئازادى لە گۆرینى ئایندا.
پاراستنى ئەم سێ ئازادییە بارى ناچارى دەوڵەتە ڕێزى بگرێت و فەراهەمى بکات. ئێراق و هەرێمى کوردستانیش، وەک بەشێک لەو پابەندییە نوێودەوڵەتییە، ئەرکیانە ئازادى ئایین و باوەڕ بۆ هەموو هاوڵاتیانیان فەراهەم بکەن.