سەرەتا ئینفۆگرافیک

پاراستنی مافی کرێکاران

بەو پێیەی کار و کرێکار لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا مانادارن، ناکرێت بە ئاسانی لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییە گشتییەکە جیا بکرێنەوە. وەک ئەوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار دەڵێت، هەندێک لە مافەکانی کرێکار، وەک ئازادیی گردبوونەوە، نەبوونی جیاکاری، نەبوونی کاری زۆرەملێ و بەکارهێنانى منداڵان، بەشێکن لە مافە گشتییەکانی مرۆڤ. بەڵام وەک ئەوەی هەندێک ڕێکخراو و کۆمپانیا و سەندیکا بازرگانییەکان کردوویانە، تێگەیشتنێکی جیاوازیان بۆ مافی کرێکار و مافی مرۆڤ، دروست کردووە، کە تەنیا مافە مەدەنی و سیاسییەکان بە مافی مرۆڤ دەزانن و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەخەنە دەرەوە. بەڵام بە گشتی، مافەکانی مرۆڤ بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی مەیسەر نابن. بۆیە باشتر وایە مافەکان بە گشتی، بخرێنە چوارچێوەیەکەوە لەگەڵ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بگونجێن.  

لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، یاسای کار هەن. لە هەرێمی کوردستاندا هەوڵ دراوە بۆشاییە یاساییەکانی نێو یاساکەی عێراق، پڕ بکرێنەوە و یاسایەکی باشتر هەبێت. لە عێراق یاسای خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی کرێکارانیش پەسەند کراوە، کە بەو پێیە کرێکاران بۆیان هەیە هاوشێوەی فەرمانبەری دەوڵەتی و کەرتی گشتی، خانەنشین بن. بەڵام کێشەکە جێبەجێکردن و چەسپاندنی یاساکانە. هەردوو حکومەت نەیانتوانیوە کارێک بکەن، مافەکانی کرێکار لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیی باشتردا جێ بکەنەوە. سەرباری یاساکانیان، کرێکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەدەست هەندێک کێشە و پێشێلکارییەوە دەناڵێنن. 

پێش هەر شتێک، بێکاری و نەبوونی هەلی پێویست بۆ کارکردن بەراورد بە ژمارەیەکی زۆر وزەی کار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان. بەهۆی ئەم خاڵەشەوە، خودی کارمەندان و کرێکاران چاو لە هەندێک لە پێشێلکارییەکان دەپۆشن. لەوانەش پێنەدانی کرێ و دواکەوتن یان کەمکردنەوەی مووچە. زۆری و درێژکردنەوەی کاتی کارکردن و هەندێک جاریش پێنەدانی کرێی کاری زیادە، کە بەپێی یاساکان دەبێت بدرێت. کارکردن لە ڕۆژانی پشووی فەرمیدا، لە کاتێکدا کرێکار مافی پشووی بە مووچەی تەواوەوە هەیە. نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی پێویستی وەک گرێبەست و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، کە زۆرجار کۆمپانیاکان خۆیانی لێ دەدزنەوە و لەو نێوانەشدا مافی کرێکار دەفەوتێت. هەروەها نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی، کە گیانی کرێکار دەپارێزن و ژینگەیەکی لەبارتری کارکردنی بۆ مسۆگەر دەکەن.