سەرەتا ئینفۆگرافیک

سزای مەرگ لە یاسای ماف و تاواندا

سزای مەرگ مێژوویەکی دێرینی هەیە. یاساکانی سەردەمی حاموورابی، فەرمانڕەوای بابل لە سەدەی هەژدەی پێش زایندا، یەکەمین یاسا بوون کە سزای مەرگییان لەخۆ گرتبێت. دواتر لە یاساکانی میسر و یۆنان و ڕۆما و گەلانی تریش دەردەکەوێت. سزای مەرگ بە چەند شێوەیەک سەپێنراوە، لەوانەش لەخاچدان، نغرۆکردن، لێدان تا مردن، سووتاندن بە زیندوویی و چەقۆلێدان. دواتریش شێوەی تری وەرگرت، وەک ملپەڕاندن، کوڵاندن و لە دنیای نوێشدا فیشەک پێوەنان. بە تێپەڕینی کات، هەڵواسین (وەک ئەوەی لە عێراقدا هەیە) بوو بە شێوەی باوی لەسێدارەدان. لە سەدەی یازدەی زاینیدا لە بەریتانیا، سزای مەرگ تەنیا ئەو تاوانانەی دەگرتەوە کە لە سەروەختی جەنگدا ئەنجام دەدران. بەڵام زۆری نەخایاند هێنرایەوە و لە قۆناغی دواتردا و لە سایەی حوکمڕانیی هێنریی هەشتەمدا، زیاتر لە ٧٢٠٠٠ کەس مەرگیان بەسەردا سەپێنرا. هەر لەوێ و لە سەدەی هەژدەیەمدا ٢٢٢ تاوان سزاکەیان مەرگ بوو (لەوانەش دزیکردن و بڕینەوەی درەخت). تەنیا لە سەدەی بیستەم و لە سەردەمی گوتاری مافەکاندایە، کە بۆچوون دژی سزای مەرگ دروست دەبێت.

دۆخی سزای لەسێدارەدان لە یاسای نێودەوڵەتیی تاواندا، دابڕاو نییە لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ. جێبەجێکردنی سزاکە لەو دوو یاسا نێودەوڵەتییەدا، هاوشێوەی یاسای ناوخۆیی وڵاتان، لە هەندێک قۆناغدا ڕێگەپێدراو بووە، لە هەندێک تردا نیمچەقەدەغە و لە کۆتا قۆناغی گەشە و هەڵکشانی هەردوو یاساکەشدا، بە تەواوی قەدەغە کراوە. بێگومان قەدەغەکردنی سزاکە، پەیوەستە بە هەڵکشانی باری ئاکاری و بەهایی گەلانەوە، بە تایبەت لە شێوازی مامەڵەکردنی کەسەکان و بینینی تۆمەتباران و ناوەڕۆکی سیستەمی یاساییدا. تا سەروەختی دووەمین جەنگی جیهانی، لە یاسای تاواندا سزای مەرگ ڕێگەپێدراو بوو. حەڤدە لە تاوانبارە یابانی و ئەڵمانییەکانی جەنگەکە لە لایەن هەردوو دادگای سەربازیی تۆکیۆ و نورمبێرگەوە سزای مەرگیان بۆ دەرکرا و پازدەیان لەسێدارە دران. لە یاسای مافەکانی مرۆڤیشدا لە ١٩٦٦ کە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەرچووێنرا، سزای مەرگ قەدەغە نەکرا، تەنیا تایبەت کرا بە تاوانە مەزنەکان. لە ئاستی ناوچەییشدا، بەپێی پەیماننامەی ئەوروپیی مافەکانی مرۆڤ لە ١٩٥٥ سزاکە تایبەتە بە تاوانی گەورەی کاتی جەنگ. بەڵام لە ٢٠٠٢ و لە پرۆتۆکۆلێکی زیادکراوی پەیماننامەی ئەوروپیدا، سزاکە بە تەواوی قەدەغە کرا. لە یاسای تاوانیشدا، هەردوو دادگای تاوانی تایبەت بە ڕواندا و یوگۆسلاڤیا، سزاکەیان نەسەپاندووە و دەسەڵاتی سەپاندنیان نەبووە. لە بنەڕەتنامەی ڕۆمای ١٩٩٨ و دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، سزای مەرگ نەماوە و تەنیا دەسەڵاتی سزای بەندکردن و زیندانیکردنی ماوەدرێژ هەیە.

 بیانووەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای مەرگ، زۆرن. هەندێکیان پەیوەستن بە مافی ژیانەوە، کە دەبێت بەپێی یاسا پارێزراو بێت. هەندێکیشیان پەیوەندییان بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆییەوە هەیە، کە لە کاتی سەپاندنی سزای مەرگدا هەن و زەقن، چونکە ئەوەی دەوڵەت لەگەڵ تاوانباراندا دەیکات، دەچێتە خانەی ئەشکەنجەدان و ئازاردانی دەروونییەوە. ئێستا ١٢٢ دەوڵەت بەتەواوی سزای مەرگیان لابردووە و ٩ دەوڵەت بۆ تاوانە ئاساییەکان لایان بردووە و ٢٣ دەوڵەت حوکمیان تێدا دەردەچێت بەڵام جێبەجێ ناکرێت (کۆی گشتی ١٤٤ دەوڵەت). لە ٥٥ دەوڵەتیش سزاکە ئاسایی جێبەجێ دەکرێت، کە یەکێکیان عێراقە. بەپێی داتاکانی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ لە ٢٠٢٣دا عێراق لە ڕیزبەندیی شەشەمی لیستەکەدایە لە ڕووی ژمارەی سزای سەپێنراوی مەرگەوە پاش هەر یەکە لە چین، ئێران، سعودییە، سۆماڵ و ئەمەریکا. بەڵام هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تاوانەکانی تیرۆریزم جێبەجێی دەکات، ئەگینا بە گشتی، سەرباری هەبوونی سزاکە لە حوکمی دادگاکاندا، لە پراکتیکدا نەماوە. باشترە گەر هەرێم یەکجاری و بەپێی یاسایەک، سزاکە لاببات، چونکە وەک بان کی-موونی سکرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هیچ بەڵگەیەک نییە کە سزای مەرگ لە کەمکردنەوەی ڕێژە و جۆری تاواندا کاریگەر بێت.