دەستەواژەی
"چەکی کۆکوژ و وێرانکەر" بۆ یەکەمین جار لە ١٩٣٧ لە لایەن ویلیەم کۆسمۆ
لانگ (قەشەیەکی ئەنجێلیکانی سکۆتلەندیی)ەوە بەکار هات، بەڵام نە ئەو و نە
خەڵکانی دوای ئەویش، ڕوونیان نەکردەوە کە بە دیاریکراوی مەبەست لەو جۆرە چەکە چییە
و کامە چەک کۆکوژە و وێرانکارە. دەکرێت بڵێین چەکی کۆکوژ، هەموو ئەو چەکانەن کە
زیاد لە کەسێک، زیندەوەرێک، جێیەک یان تەنێک دەکەنە ئامانج و تێکی دەشکێنن، وەک
چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی، ڕادیۆلۆژی و ئەتۆمی. هەر یەک لەو چەکانە گەر بەکار
بهێنرێن، سنووری کاریگەرییەکانیان تاکەکەس تێدەپەڕێنێت و بە جارێک دەیان کەس و
باڵاخانە و زەویی کشتوکاڵی و سروشتی هەم دەکوژن، هەمیش وێرانیان دەکەن و
دەیانشێوێنن. لەبەر ئەوەشە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیماننامە و ڕێکاری تایبەت هەن
بە قەدەغەکردن و کەمکردنەوەی بەگەڕخستنیان. چونکە بەپێی یاسای مرۆیی و یاسای تاوانیش،
دەبێت جۆری چەک و سروشتی ئامانجەکان پێکەوە گونجاو بن؛ چەکی کۆکوژیش هەمیشە لە
سەرووی چاوەڕوانییەوەیە و لە خودی ئامانجەکان گەورەتر و وێرانکەرترە.
بە
گشتی بۆچوون دەربارەی چەکی ئەتۆمی ئەوەیە، کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بە ڕوونی
بەکارهێنانی قەدەغە نەکراوە، وەک ئەوەی پەیماننامەی ڕێگرتن
لە زیاکردنی چەکی ئەتۆمی. لە ١٩٦٨ و هەروەها بۆچوونێکی ڕاوێژکارانەی دادگای
نێودەوڵەتیی داد لە ١٩٩٦دا، باسیان کردووە، بە تایبەت لە حاڵەتی بەرگریکرن لە خود
لە دۆخی تەنگەتاوکەردا، واتە ئەو دۆخەی بوونی دەوڵەتێک دەکەوێتە مەترسییەوە. بەڵام
بەکارهێنانی ئەو چەکە دژی بنەماکانی یاسای مرۆییە، بەو پێیەی دژی بنەمای
جیاکردنەوەی خەڵکی مەدەنییە لە ئامانجە سەربازییەکان. بەڵام دروستکردن، پەرەپێدان،
کۆکردنەوە و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی و ژەهراوی و خنکێنەر، لە چەندان
پەیماننامە و ڕێکاری نێودەوڵەتیدا قەدەغە کراون. چەکی کیمیایی لە لایەن
پەیماننامەی چەکی کیماییەوە لە ١٩٩٣ و چەکی بایۆلۆژییش لە لایەن پەیماننامەی چەکی
بایۆلۆژییەوە لە ١٩٧٢، قەدەغە کراون. بەگوێرەی بۆچوونی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکانی
ئەو دوو پەیماننامەیە، جگە لە بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان، بەرپرسیارێتیی تاکەکەسییش
دەگرنەوە و کەسی تۆمەتبار بە بەکارهێنانیان، سزا دەدرێت.
لە
ئاستی نێودەوڵەتی و لە بنەڕەتنامەی ڕۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی (مادەی ٨،
بڕگەی ٢)دا بەکارهێنانی ژەهر و چەکی ژەهراوی، هەروەها گازی ژەهراوی و خنکێنەر یان
هەر شلەمەنی، مادە یان ئامێرێکی هاوشێوە قەدەغەیە و وەک تاوانی جەنگ لە قەڵەم
دراون. بەڵام جێی سەرنجە کە بنەڕەتنامەکە ڕاستەوخۆ چەکی "کیمیایی" و
"بایۆلۆژی"ی قەدەغە نەکردووە و ناوی نەهێناون. بە بۆچوونی شارەزایان،
حوکمەکانی بنەڕەتنامەکە دەکرێت ئەو جۆرە چەکانەش بگرنەوە، بەڵام وا باشترە هەموار
بکرێتەوە و ڕاستەوخۆ قەدەغەیان بکات. هۆکاری ناونەهێنانی چەکی کیمیایی وبایۆلۆژی بۆ فشاری دەوڵەتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی
دەگەڕێتەوە.
پاش
لێدانی هیرۆشیما و ناگازاکی بە چەکی ئەتۆمی لە کۆتاییەکانی دووەمین جەنگی جیهانی
(ئابی ١٩٤٥) کە تێیدا نزیکەی ١٥٠٠٠٠ کەس و لای زۆریش ٢٣٠٠٠٠ کەس کوژران، چیتر
بەکار نەهێنراوەتەوە. چەکی بایۆلۆژییش، بەو پێیەی کاریگەرییەکانی زۆربەی جار تێکەڵ
بە کاریگەریی فاکتەرە سروشتییەکان دەبن، ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ئاسان نییە و
بە ڕوونی نازانرێت چ کاتێک بەگەڕ خراوە. بەڵام چەکی کیمیایی زۆرتر بەکار هاتووە و
ئاسانتریش دەناسرێتەوە؛ لە یەکەمین جەنگی جیهانییەوە تا دەگاتە جەنگی عێراق و
ئێران، چەندان جار هانای بۆ براوە. شارەکانی هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان و سەردەشتی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٩٨٨دا بەر هێرشی چەکی کیمیایی ڕژێمی بەعس و سەدام کەوتن و
لای کەم ٥٠٠٠ کەسیان لێ کوژرا و هەزارانی تریش بریندار بوون.
جگە لەوەش، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس ووۆچ، لە ماوەی هەڵمەتەکانی
جینۆسایدی ئەنفالدا لە ١٩٨٨، نزیکەی چل جار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە چەکی
کیمیایی دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکار هێنراوە.