سەرەتا ئینفۆگرافیک

ئیکۆساید

بە گشتی ئیکۆساید واتە هێرشکردنە سەر ژینگە و پێکهێنەرەکانی، بە مەبەستی لەناوبردن یان زیانگەیاندن پێیان، بە جۆرێک کە چیتر بۆ ژیان و بەردەوامی نەشێن. بۆ یەکەم جار چەمکی ئیکۆساید لە ١٩٧٠ لە سەروەختی جەنگی ئەمەریکا-ڤێتنامدا لە لایەن ئارسەر گالستۆنەوە بەکار هات. لەم ساڵانەی دواییشدا هەردوو چەمکەکە، تاوانی جینۆساید (لەناوبردنی مرۆڤ) و ئیکۆساید (تێکدانی ئیکۆسیستەم)، هەندیک جار پێکەوە دەخرێنە بەرباس. جینۆساید بنچینەیەکی یاسایی تۆکمەتری هەیە و دەمێکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە تاوانێکی مەزن لە قەڵەم دراوە. جگە لە هەر یاسا و ڕێسایەک کە پێوەی پەیوەستن، پەیماننامەی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ١٩٤٨ و بنەڕەتنامەی ڕۆمای تایبەت بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە ١٩٩٨، پێناسە و ڕەگەزەکانی ئەو تاوانەیان ڕێک خستووە و شێوازی وەڵامدانەوە و سزادانی تاوانکارانیشیان ڕوون کردووەتەوە. بەڵام ئیکۆساید بەو شێوەیە نییە. ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ لە بنەڕەتنامەی ڕۆما (مادەی ٨، بڕگەی ٢)دا دەبینرێتەوە، کە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە جێگە و دامەزراوە مەدەنییەکان و ژینگەی سروشتیی ناوچەیەک بە جۆرێک کە پەیوەست بە ئامانجی سەربازییەوە، بەدەر یان ناپێویست بێت. ئەمیان تاوانێکی جەنگە و تایبەت نییە بە پاراستنی خودی ژینگە و ئیکۆسایدەوە. واتە ناکرێت وەک دەقێکی ڕاستەوخۆی تایبەت بە قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی ئیکۆساید، هەژمار بکرێت. لای ناوەندانی ئەکادیمی و شارەزایانی یاسادا، ئیکۆساید بریتییە لە کردارێکی نایاسایی یان هەڕەمەکی بە مەبەستی گەیاندنی زیانێکی درێژمەودا یان بەرفراوان بە ژینگە، بەبێ ئەوەی ببەسترێتەوە بە تاوانی جەنگ و ئامانجی سەربازییەوە. بۆیە هەندێک دەڵێن دەبێت شان بە شانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی شەڕەنگێزی، وەک جۆری پێنجەمی تاوانی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا  بکرێت.
تا ئێستا ژینگە وەک پرسێکی ناوخۆیی دێتە ئەژمار، کە لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتیی دەوڵەتدایە و بەشێکە لە سەروەری. پیکهاتە سروشتییەکان (بۆ نموونە، ڕووبارەکان) ناسنامەی سروشتیی پێویستی خۆیانیان وەرنەگرتووە و وەک پێویست نەپارێزراون. ئەوەشی لە بنەڕەتنامەی ڕۆماوە دەخوێنرێتەوە، پاشکۆیەتیی ژینگەیە بۆ تاوانی جەنگ و ئامانجە سەربازییەکان نەک ئەوەی جۆرێکی سەربەخۆی تاوان بێت. ئەوەش لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئاسەواری کوشندە و وێرانکەری گۆڕانی کەشوهەوا و نەمانی هەمەجۆریی بایۆلۆژی و دیاردە ژینگەییەکانی تر، دەردەکەون، کە لە چەندان لاوە کار دەکەنە سەر زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤ، ئاشتی و ئاسایش، سەقامگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، ئاسایشی خۆراک، کۆچ و ئاوارەبوون و هی تریش.