سەرەتا ئینفۆگرافیک

جیاکاری

بەندی یەكەمی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ وا دەستپێدەكات:
(مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و یەکسانن لە شکۆ و مافدا. هەمووان خاوەنی ژیریی و ویژدانن، دەبێت لە بەرامبەری یەکتریدا بە گیانی برایەتییەوە ڕەفتار بکەن).
جیاکاری واتە جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای کارکردن و هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و کاردانەوە، جا جیاوازییەکان ڕواڵەتی بن وەک ڕەنگی پێست، یانیش زەینی بن وەک بۆچوونی ئاینی و سیاسی و هی تر. دیارە مرۆڤەکان جیاوازن و هەمووان وەک یەک نین، چ لە ڕواڵەت و چ لە بیرکردنەوەدا، بەڵام ئەو جیاوازییانە دەبێت ڕێک بخرێن و بەڕێوە ببرێن، نەک بکرێنە پاساو بۆ جیاکاری و سزادانی کەسێک یان کۆمەڵێک و زەوتکردنی مافە مرۆیی و بنچینەییەکانیان. جیاکاری لە توندترین دەرکەوتەیدا سەر دەکێشێت بۆ جینۆساید و لە حاڵەتی تریشدا بۆ توندوتیژی لەسەر بنچینەی ڕەنگی پێست، تەمەن، جێندەر، پیشە یان بنەچەی کۆمەڵایەتی.
لە چەند یاسایەکی نێودەوڵەتیدا ئاوڕ لە جیاکاری دراوەتەوە و بەندی یاسایی بۆ تەرخان کراوە. لەوانەش لە یاسای مافەکانی مرۆڤدا، کە لە هەموو جاڕنامە و پەیماننامەکاندا باس کراوە و قەدەغە کراوە و ئەرکی دەوڵەتە جیاکاری نەهێڵێت و سزاش بۆ ئەنجامدەر و برەوپێدەر و زەقکەرەوەی جیاکاری، دابنێت. بەپێی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانیش، دەوڵەت لە کاتی کارەساتدا بۆی نییە خۆی لە ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ مافی ڕاجیاوازیی ئاینی و سیاسی، بدزێتەوە و کارەسات بکاتە پاساو. نابێت دەوڵەت کارەسات بکاتە پاساو بۆ ئەوەی لەسەر بنجینەی بۆچوونی ئاینی، جیاوازیی لە نێوان خەڵکدا بکات. لە یاسای مرۆیی یان یاسای جەنگ و یاسای تاوانیش بە هەمان شێوە، لەوانەش لە پەیماننامەکانی ژنێڤ لە ١٩٤٩ و بنەڕەتنامەی ڕۆمای تایبەت بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە ١٩٩٨ (مادەی ٨، بڕگەی ٢ کە تایبەتە بە تاوانی ئەشکەنجەدان)، مانایەکی تری جیاکاری دەبینرێت، کە بریتییە لە جیاوازینەکردن لە نێوان خەڵک یان ئامانجە مەدەنییەکان و ئامانجە سەربازییەکان لە سەروەختی جەنگدا.
کۆمسیۆنی یاسای نێودەوڵەتی لە ڕەشنووسی بەندەکانی تایبەت بە بەرپرسیارێتیی دەوڵەتاندا لە ٢٠٠١، جیاکاریی نەژادیی شان بە شانی جینۆساید و ئەشکەنجەدان و بەکۆیلەکردن و مافی چارەی خۆ نووسین و تاوانی دژەمرۆڤایەتی، بە بەرزەڕێسا لەقەڵەم داوە؛ واتە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە ئەنجامیان بدات یان بە ئاشکرا لە یاساکانیدا نەرمییان بەرانبەر بنوینێت. پەیماننامەیەکی تایبەتیش بە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری دژی ژنان و دژی کەسانی خاوەن پێویستیی تایبەت، هەیە و هەمان ئەرک دەخەنە ئەستۆی دەوڵەت، هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە نەگەیشتوونەتە ئاستی بەرزەڕێسا.
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا سەرباری ئەوەی لە دەستوور و زۆرێک لە یاساکانیشدا، باسی یەکسانیی هاوڵاتییان کراوە، بەڵام هێشتا جیاکاری دژی ژنان و خەڵکی غەیرە موسوڵمان، بەردەوامە. لەبەر ئەو هۆکارەیە کە ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە پاڵ چەندان پلانی تردا، لە لایەکەوە پرۆژەی نووسینەوەی ڕێبەری تایبەت بە ئازادیی ئاین و باوەڕ، لە لایەکی تریشەوە ئامادەکردنی پێشنیازەیاسایەکی دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری بە هەموو جۆر و شێوەکانییەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بە دەستەوەیە.