سەرەتا ئینفۆگرافیک

توندوتیژیی سێکسی لە سەروەختی جەنگدا

جەنگ دەشێت نێودەوڵەتی بێت (لە نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتردا)، دەشێت نێوخۆییش بێت (لە نێوان دوو هێزی نا-دەوڵەتی، یانیش دەوڵەت و هێزێکی تری چەکداری نەیاردا). لە هەردوو جۆر جەنگەکەشدا، تاوانی جۆراوجۆر دەکرێن، یەک لەوانە توندوتیژیی سێکسی یان جێندەرییە. توندوتیژیی سێکسی، بەگوێرەی دادگای تایبەت بە تاوانی نێودەوڵەتیی لە ڕواندا، بریتییە لە هەر کارێک مۆرکی سێکسیی هەبێت، دژی کەسێک و لە دۆخێکدا کە ڕەزامەندی تێدا نەبێت. هەڵبەت دیاردەکە نوێ نییە، چونکە بە درێژایی مێژوو و لە زۆربەی جەنگەکاندا، توندوتیژی یان تاوانی سێکسی کراون.
لێرەدا چەند خاڵێک شایەنی لێوردبوونەوەن. یەک، مەرج نییە تاوانی سێکسی بۆ حەز یان ئارەزووی سێکسی بێت، بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ نیشاندانی باڵادەستی و کۆنترۆڵە بەسەر قوربانییەکەدا. دوو، زۆربەی جاران تاوانێکی نەبینراوە، لەبەر ئەوەی قوربانییەکان بەهۆی فاکتەری وەک تابوو، عەیبە، حەرام، شەرم یان ترسەوە لێی بێدەنگ دەبن و وەک پێویست نایدەنە بەر باس. سێ، هەندێک جار بۆ مەرامی سیاسی و دوورمەودا بەکار دێت، وەک ئەوەی جۆرێک لە پشێوی یان سەرلێشێوان لە نێوان قوربانییەکاندا بخوڵقێنێت، بەتایبەت گەر تاوانەکە دەرهەقی سەرلەبەری گرووپێک یان ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامانیان بکرێت، کە لەم حاڵەتەشدا زۆر لە تاوانی جینۆساید نزیک دەبێتەوە. چوار، کاتێک دەوترێت جێندەر، بیرمان بۆ توندوتیژی دژی مێینە دەچێت، بەڵام نێرینەکانیش دەگرێتەوە و ئەوانیش دەکرێت قوربانیی تاوانە سێکسییەکان بن. پێنج، توندوتیژیی سێکسی تەنیا لاقەکردن نییە، بەڵکو لاقەکردن شێوەیەکی توندوتیژیی سێکسییە و ئەمەی دواتر لەوە فراوانترە. بەگشتی، تاوانی سێکسی دەشێت تاوانی جەنگ و دەشێت تاوانی دژەمرۆڤایەتییش و دەكرێت تاوانی حینۆسایدیش بێت. بنەڕەتنامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لە مادەی ٧ و ٨دا، هەریەک لە کۆیلایەتیی سێکسی، لەشفرۆشیی زۆرەملێ، سکپڕیی سەپێنراو، نەزۆککردنی بەزۆر، یان هەر شێوەیەکی تری توندوتیژیی سێکسی کە لەو ئاستەدا بێت، قەدەغە کردووە و بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتیی ناساندووە.
ئەوەی سەیرە و مایەی تێڕامانە، پەیماننامەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەتایبەت چوار پەیماننامەکەی ژنێڤ لە ١٩٤٩، ڕاستەوخۆ 'توندوتیژیی سێکسی'یان باس نەکردووە. بەڵکو ناڕاستەوخۆ و ژێرەوانکێ لەخۆیان گرتووە، کاتێک باسی تاوان دژی کەرامەتی مرۆیی و سەلامەتیی جەستەیی دەکەن (هەرچەندە تاوانی لاقەکردن سەرنجی زیاتری پێ دراوە). هەروەها پەیماننامەکانی مافی مرۆڤیش، بە پەیماننامەی مافەکانی ژنیشەوە، ڕاستەوخۆ خۆیان لە قەرەی تاوانە سێکسییەکان نەداوە. جگە لە پەیماننامەی مافەکانی منداڵ، کە هەندێک ڕوونتر دەستدرێژیی سێکسی یان بەكارهێنانی سێکسیی منداڵانی، قەدەغە کردووە. ئەمەش ناکاتە ئەوەی کە بە جۆری تر قەدەغەیان نەکردبێت. یەک لە بنچینە یاساییەکانی قەدەغەکردنی توندوتیژیی سێکسی، قەدەغەکردنی هەر جۆرە ئەشکەنجەدان و مامەڵەیەکی نامرۆیی و کەرامەتشکێنە بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان لە ١٩٨٤. هەروەها چەند بنەمایەکی تری وەک قەدەغەکردنی جیاکاری و کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بۆ لەشفرۆشی، لەگەڵ پاراستنی ژیانی تایبەت، دەبنە بنەما بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژیی سێکسییش.
لە عێراقی سەردەمی سەدامدا، پەلاماردان و گێچەڵی سێکسی وەک ئامرازێکی فشار بۆ سەر نەیارە سیاسییەکان، بەکار هێنراوە. نموونەش وەک ئەوەی لە زیندانەکاندا دژی کەسوکاری پێشمەرگە پیاوەکان دەکرا. هەروەها بەشێک لە تاوانەکانی سەروەختی شاڵاوەکانی ئەنفالیش لە ١٩٨٨، تاوانی سێکسی بوون. نموونەی سەردەمی پاش سەدامیش وەک سووکایەتییە سێکسییەکانی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر زیندانییە پیاوەکانی ئەبو غرێب. دواتر و زۆر گەورەتریش، پەلامار و تاوانەکانی داعش دەرهەقی مێینە ئێزدییەکان لە ٢٠١٤ لە شینگال و دەوروبەری، کە هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی سێکسییان تێدا بوو. سەرباری حوکمەکانی یاسای سزادانی عێراقی و یاساکانی تریش، ئەوەی گرنگە جێکردنەوەی زیاتری بنەما نێودەوڵەتییەکانە لە یاساکان و هەبوونی خواستی ڕاستەقینە بۆ چەسپاندنیان لە واقیعدا.