سەرەتا ئینفۆگرافیک

ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە

وەک لە پێشەکیی پەیماننامەی دژ بە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانەدا هاتووە، سەلماندنی مافی یەکسان و دانەبڕاوی هەموو مرۆڤەکان، بناغەی ئازادی و دادپەروەری و ئاشتییە لە دنیادا. بەو پێیەی ئەو مافانەش لە کەرامەتی مرۆڤەوە وەرگیراون، دەوڵەتان بەپێی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکیانە کە ڕێزگرتنی جیهانیی بۆ ئەو مافانە مسۆگەر بکەن. 
ئەشکەنجەدان بریتییە لە زیانگەیاندنی جەستەیی یان دەروونی بە کەسێک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، وەک ئەوەی زانیاریی لێ وەربگیرێت، ددان بە تاوانێکدا بنێت، یان وەک سزایەک بۆ کارێک کە پێدەچێت ئەو کەسە کردبێتی، یانیش وەک جۆریک لە جیاکاری دژی کەسەکە. قورسی و بایەخی ئەشکەنجەدان بە جۆرێکە، جگە لە جاڕنامەی گەدوونیی مافەکانی مرۆڤ، لە زۆربەی پەیماننامەکانی مافی مرۆڤیشدا باس کراوە. بەپێی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئەو دەستکراوەییەی دەوڵەت لە کاتی کارەساتی سروشتیدا هەیەتی بۆ ئەوەی هەندێک لە مافەکانی مرۆڤ هەڵپەسێرێت، ئەشکەنجەدان ناگرێتەوە. مافێکە هیچ کەمکردنەوە و خۆلێدزینەوەیەک قبوڵ ناکات. 
 لە عێراق جگە لەوەی دەستوور، هەموو شێوەیەکی ئەشکەنجە و ددانپێدانانی بەزۆری قەدەغە کردووە، لە واقیعدا کێشەیەکی بەرجەستەیە و هەیە. هۆکارەکەش دوو بەشە: لە لایەک دواکەوتوویی تەکنیکی و تەکنۆلۆژی، بە جۆرێک دەزگاکانی دەوڵەت بەبێ لێدان و تۆقاندنی تۆمەتبار و نەیاران، بە هیچ ئەنجامێک ناگەن؛ لە لایەکی تریشەوە زاڵبوونی زیهنییەتی تۆڵەسەندنەوە و گوتاری ڕقاوی بەرامبەر بە گیراوانی سەر بە کۆمەڵەکانی تر. لە هەندێک کەیسدا، وەک کەیسی گیراوانی داعش، ئەشکەنجە تاقە ڕێی بەدەستهێنانی بەڵگە بووە. لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربارەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بۆ ٢٠٢٣، جگە لەو کەیسانە، باسی پێشێلکارییەکانی پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی (بەتایبەت دژی عەرەبی سوننە) لە زیندانەکانی ئەلحوت، ئەلروسافە و ئەلهیلالدا، کە جۆن هەندێک لە زیندانییان بەهۆی ئازاردان و بەدخۆراکی و هەڵکێشانی ددانەوە، گیانیان سپاردووە. 
هەبوونی زیندانی شاراوە، ئاگادارنەکردنەوەی دادوەران لە هەموو وردەکارییەکی کەیسەکان، جیاکاری لە کەیسی تۆمەتباراندا لەسەر بنچینەی نەتەوە و مەزەب و ئاین، یانیش نەبوونی پێناسەیەکی دیار و چەسپاوی یاساکانی عێراق بۆ چەمکی ئەشکەنجەدان، زەقترین کێشەکانن، کە هەندێک جار وا دەکات دادوەران دەسەڵاتێکی فراوانیان لە دیاریکردنی ئەوەدا هەبێت چ کردارێک ئەشکەنجەیە، تا لەوێوە قەدەغە بکرێت.